Skip to Content

سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌دی به‌عسی و سیخورێ ئه‌مریكی مرد … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌دی به‌عسی و سیخورێ ئه‌مریكی مرد … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Closed
by ته‌مموز 23, 2020 General

سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌دی به‌عسی و سیخورێ ئه‌مریكی مرد
ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
له‌ 20ـ7ـ2020 له‌ زیندانی ئه‌لحوت له‌ ناسرییه‌ سۆڵتان هاشم ئەحمەد وەزیری بەرگری پێشووی عێراق مردو ئه‌م وه‌زیره‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌مین پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵی كردو به‌شداربوویه‌كی ئه‌كتیڤ بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوان و شان به‌ شانی دیكتاتۆری فاشییست سه‌دام حوسه‌ێن وه‌ستاو سه‌دام به‌ قیزه‌وه‌نترین شێوازو سته‌مكاراننه‌و به‌ سه‌ركوتكردنی خوێناوی خه‌ڵك و ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی له‌ناو ئه‌بردو زۆر رقی له‌ كوردو هه‌موو پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌براكانی عێراق بوو مۆركی فاشییه‌ت به‌ زه‌قی له‌ ره‌گه‌زپه‌رستی و شۆڤه‌نیستی دوژمنكارانه‌ی دیار بوو بۆ تواندنه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ پێناو نه‌ته‌وه‌یه‌كدا.‌
ریك فرانكۆنا Rick Frankona سیخوری CIA و لێكۆله‌ری سیاسی له‌ تۆری NBC ی ئه‌مریكایی ئه‌ڵێت له‌ رێی سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی ئاژانسی هه‌واڵگیری ناوه‌ندی ئه‌مریكا جه‌نه‌راڵ سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د وه‌زیری به‌رگری پێشووی عێراق له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌دام حوسه‌ێن ناسیوه وبه‌ ئاشكرا وتی : ‌ وه‌زیری به‌رگری به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش هاوكاری كرد له‌ ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ی رۆخانی رژێمی سه‌دام حوسه‌ێن و، شایانی ئاماژه‌یه‌ له‌ ئازاری / مارس 1991 سوڵتان هاشم جێگری سه‌ركرده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی سوپای عێراق بووه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی سوپاكه‌ی له‌ گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ نۆرمان شوارزكۆف norman schwarzkopf واژووكردووه‌.
سه‌دام حوسه‌ێن و تاقمه‌كه‌ی تاوانبارن به‌ گرتنی هاوڵاتیان و ئازاردانیان و كوشتنیان و ره‌وانه‌كردنیان بۆ گۆره‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و، ئه‌و كه‌سانه‌ هاوكار بوون به‌رزان ئه‌لتكریتی ، عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدو سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌دو ئه‌مانه‌ دران به‌ دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سزای خۆیان وه‌ربگرن به‌ڵام ته‌نها هه‌ر ئه‌و دوو سێ ناوه‌ نییه‌ به‌ڵكو له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و گه‌ل لیستێكی دوورودرێژ ناوی ژماره‌یه‌كی زۆری تیادایه‌ تاوانی وه‌حشیانه‌یان ئه‌نجامداوه‌و له‌وانه‌ ناوی وه‌زیری به‌رگری سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د له‌ پێش هه‌موو ناوه‌كانه‌.
بێشك گه‌لی كوردستان تامه‌زرۆی ئاشتی و ئازادییه‌و هه‌میشه‌ شۆرشگێرانی هۆرره‌كان و قوربانیانی كوشتن و برین وچه‌وساندنه‌وه‌ی له‌ عێراقدا له‌ بیره‌و، هه‌روا خوێرێژه‌كانی له‌ بیره‌ كه‌ كوردستانیان سووتاندو هاوڵاتییه‌ بێتاوانه‌كانییان كوشت و، ده‌سه‌ڵاتی خوێرێژی رژێمی سه‌دام حوسه‌ێن درندانه‌ له‌ گه‌ڵ عێراقییه‌كان به‌ گشتی و كورد به‌تایبه‌تی ره‌فتاری كردووه‌و، ئه‌و جانه‌وه‌رو درندانه‌ ئاگری تووره‌یی و رق و كینه‌یان دژ به‌ تێكۆشه‌رانی عێراق وكورد به‌كارهێناوه‌ و، هه‌موو لایه‌ك پرۆسه‌كانی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ و دێزی له‌ بیره‌و، ئه‌زانن هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سوپای عێراق گوندو خانووی جوتیارانی رووخاندوه‌و له‌ گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختی كردوون و ماڵ وسامانیان براوه‌و و زیاتر له‌ چوار هه‌زار گوندی كوردستانیان سووتاندوه‌و، هه‌رچی هاوڵاتییه‌ به‌ منداڵ و ژن و پیرو په‌ككه‌وته گیراون و هه‌زاران خێزان بێسه‌رو شوێن كراون و، ئه‌و هێزانه‌ توانیویانه‌‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و كه‌سانه‌ كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌ دۆزه‌خی ئه‌نفال قووتاریان بێت بگرن و، هه‌موو لایه‌كیش شه‌هیدانیان له‌ بیره‌ كه‌ به‌خوێنی پاكیان خاكی كوردستانیان نه‌خشاند.
له‌ رۆژی گرتنی سوڵتان هاشم له‌لایه‌ن هێزی ئه‌مریكاوه‌ له‌ ساڵی 2003 تا رۆژی مردنی له‌ رۆژی 19/7/2020 ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌عسییه‌كان وتاقمی ئه‌لعروبه‌ داوایان كرد سوڵتان هاشم ئازاد بكرێت له‌وانه‌ : جێگره‌كانی سه‌رۆك كۆمار : تارق ئه‌لمه‌شهه‌دانی هه‌ڵاتوو، ئه‌یاد عه‌لاوی و ئوسامه‌ ئه‌لنوجه‌یفی و، سه‌رۆكه‌كانی په‌رله‌مان : سلیم ئه‌لجبوری و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌ڵبوسی و ژماره‌یه‌كی تریش وه‌ك : ساڵح موتڵه‌گ و رافع ئه‌لعیساوی هه‌ڵاتوو به‌ڵام هه‌رهه‌موویان دۆران و سوڵتان هاشم ئازاد نه‌كراو له‌ زیندان مرد.
گه‌لی كوردستان له‌ بیریانه‌ تاوانبار سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د برۆسكه‌ی بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ی قاره‌مانی شوڤه‌نیسته‌ عه‌ره‌به‌كان و دوژمنانی گه‌لی كوردستان ناردو، كوردى به‌ داوێنپیس و به ‌كرێگیراوی ئێران ناوزه‌د كردو وتی :
( پشت به‌ خوای گه‌وره‌ توانیمان هێزه‌كانی چه‌ته‌كان و دوژمن له‌ ناوچه‌كانی : دۆڵی جافایه‌تی ، سه‌رگه‌ڵو، به‌رگه‌ڵو، چوخماخ، هه‌ڵه‌دن، یاخسه‌مه‌ر، زێوه‌. كانی توو قزله‌ر) و، ناوچه‌ و په‌رزایه‌كانی تر ده‌ر بكه‌ێن و، له‌ویش به‌ڵێنی نوێ كرده‌وه ‌كه‌ به‌رده‌وام ئه‌بێت و، هه‌رچی سه‌رلێشێواوه‌ مه‌به‌ستی هاوڵاتیانی كورده‌ له‌ ناو ئه‌بات و له‌ درێژه‌ی برۆسكه‌كه‌یدا وتی : به‌ڵێنتان پێ ئه‌ده‌ێن به‌رده‌وام ئه‌بین و سه‌ری ئه‌م تاقمه‌ سه‌رلێشێواوه‌ ئه‌كوتین تاوه‌كو بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ رێی راست و، له‌ خوارووی پروسكه‌كه‌ واژووی كرد : لیوا روكن سوڵتان هاشم فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفال.
لێردا به‌و درندانه‌ ئه‌ڵێن :كوشتنی (8000) هه‌شت هه‌زار بارزانی و، (182) سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار هاوڵاتی له‌ گه‌لی كوردستان تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌، تاوانی قركردنی خه‌ڵكه‌ ( جینۆساید) ه‌، تاوانێكی ئاسایی نییه‌ وه‌ك دزینی ئۆتۆمبێلێك یان ده‌مه‌ قاڵه‌ی دوو نه‌فه‌رو یه‌كێكیان بریندار بێت ، ئه‌وه‌ قركردنی به‌كۆمه‌ڵه‌.
.ئه‌یاد عه‌لاوی زۆر كه‌ره‌ت باسی ئازادكردنی سوڵتان هاشم كردووه‌ بۆ نموونه‌ له‌ 3/11/2015 وتی : سوڵتان هاشم ده‌ستی به‌ خوێنی عێراقییه‌كان سور نه‌بووه‌. عه‌لاوی له‌ په‌یامێكی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ڵێت : زۆر كه‌ره‌ت باسی ئازاد كردنی سوڵتان هاشمان كردووه‌و دووا كه‌ره‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكاییه‌تییه‌كه‌ بوو.
سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق و نوێنه‌ر له‌ په‌رله‌مان ئه‌یاد عه‌لاوی نامه‌ی نارد بۆ : جۆرج بۆش وسه‌رۆكی حكومه‌تی ئه‌و كات نوری ئه‌لمالكی و داوای كرد بریاری له‌ سێداره‌دانی وه‌زیری به‌رگری پێشووتری عێراق سوڵتان هاشم رابگرن و هاوكات دادگای به‌رزی عێراق بریاری دابوو له‌ سێداره‌ بدرێت و، عه‌لاوی نووسیبووی تكایه‌ نامه‌كه‌م به‌هه‌ند وه‌ربگرن و بریاری له‌ سێداره‌دانی رابگێرێت چونكه‌ پیاوێكی پیشه‌ییه‌. له‌ رۆژی مردنه‌كه‌ی عه‌لاوی ئه‌ڵێت / سوڵتان هاشم پیاوێكی پێشه‌یی و پاك بوو !.
پێش هه‌موو شتێك بۆ وه‌بیرخستنه‌وه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ دایكبووی ساڵی 1945 و ئه‌ندامی جزبی به‌عس و قوتابییه‌كی ته‌مه‌ڵ بوو به‌ فه‌رمانی سه‌ره‌وه‌ كۆلیجی پزیشكی ته‌واو كردووه‌ و، له‌لایه‌ن حزبی به‌عس نیردراوه‌ بۆ بریتانیا به‌ مه‌به‌ستی سیخوری له‌ سه‌ر قوتابیان و ره‌وه‌ندی كوردی و، به‌ نهێنیش په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ له‌ گه‌ڵ تاقمێكی هه‌واڵگێری سه‌دام وله‌ لایه‌كی تره‌وه‌ په‌یوندی به‌ ده‌زگای هه‌واڵگێری ئه‌مریكاوه‌ هه‌بووه‌، له‌ گه‌ڵ راگه‌یاندنی شه‌ر دژ به‌ سه‌دام له‌ گه‌ڵ هێزی ئه‌مریكا گه‌راوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق و، به‌ پێی خواستی حاكمی عه‌سكه‌ری ئه‌مریكا پۆل برێمه‌ر بووه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران.
كاتێك بۆ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران دژ به‌ خواستی هاوڵاتیان كاریكردو زۆر له‌ ئه‌فسه‌رو فه‌رمانبه‌ره‌ به‌عسییه‌كانی گه‌رانده‌وه‌ بۆ ناو سوپاو دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نیییكان و به‌وكاره‌ش عێراقی دووچاری گیروگرفت و كێشه‌ كرده‌وه‌و به‌عسییه‌كان به‌ لێشاو گه‌رانه‌وه‌ بۆ كاروباری پێشوویان له‌ كاتی رژێمی سه‌دام حوسه‌ێن و، به‌و كرده‌وه‌یه‌ش رێیان بۆ توندره‌وو بكوژان خۆش كرد. سه‌باره‌ت به‌ فیدرالییه‌ت ئه‌یاد عه‌لاوی ئه‌ڵێت : ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر زاری من سه‌باره‌ت به‌ فیدرالییه‌ت بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ درۆیه‌ و بازدانه‌ به‌ سه‌ر راستییه‌كاندا. ئه‌یاد عه‌لاوی نامه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی وڵاتانی عه‌رب و دونیا كردو داوایكرد به‌عسییه‌كان له‌ زیندان رزگارو ئازاد بكرێن و، زۆربه‌ی ئه‌و به‌عسییانه‌ ده‌ستیان به‌ كوشتن و خوێنی هاوڵاتیان به‌ تایبه‌تی كورد سوره‌.
به‌رامبه‌ر به‌م هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكارانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكی كورسی په‌رست، ئاماده‌یه‌ (كه‌رامه‌تی) خۆی بفۆۆشێت هه‌موو جۆره‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی ئه‌كات و، خه‌ڵك پرسیار ئه‌كات و ئه‌ڵێن : بۆچی ئه‌یاد عه‌لاوی به‌رگری له‌ قوربانیانی سیاسه‌ته‌كه‌ی سه‌دامی تاوانبار نه‌كرد؟ بۆ به‌رگری له‌ ئه‌نفاكراوان وله‌ ناوبردنی { كورده‌ فه‌یلییه‌كان} ورشتنی كه‌ره‌سته‌ی كیمیاوی و گاز به‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كرد ؟ بۆ دژ به‌ به‌عسیكردن ونه‌عریب نه‌وه‌ستا. .
ناوی ئه‌یاد عه‌لاوی و كاركردنی له‌ گه‌ڵ داموده‌زگاكانی هه‌واڵگیری سه‌دام و پاشان هه‌واڵگیری ئه‌مریكا جێی شه‌رمه‌زاری و ریسواییه‌و، ئه‌یاد عه‌لاوی تا ماوه‌ وه‌ك كاسه‌لێسێك ئه‌مێنێته‌وه‌
له‌ كۆتاییدا ئه‌یاد عه‌لاوی به‌رامبه‌ر وته‌كانی چی ئه‌ڵێت : ده‌ستی به‌ خوێنی عێراقییه‌كان سور نه‌بووه‌ ، چونكه‌ پیاوێكی پیشه‌ییه‌ ، پیاوێكی پیشه‌یی و پاكه‌.
22/7/2020

Previous
Next
Kurdish