Skip to Content

خەڵکی هەژارو برسیی لەدۆڵێکی وشک وبرینگدا لێیکەوتوون و دەسەڵاتدارانی غەداریش لەناو دۆڵیی نازو نیعمەتدا!

خەڵکی هەژارو برسیی لەدۆڵێکی وشک وبرینگدا لێیکەوتوون و دەسەڵاتدارانی غەداریش لەناو دۆڵیی نازو نیعمەتدا!

Closed
by ته‌مموز 23, 2020 General


تاهیر عیسا

مشت ومڕو ململانێی نێوان مافیاکان، لەسەر بەشە تاڵانیی و فەرهوودی زیاتر، وەک ململانێیەکی شەریفانە لەپێناویی خەڵک وباشترکردنیی ژیانیی خەڵکدا، بەخەڵکی کوردستان دەفرۆشرێتەوە.

تازە بەتازە، بزووتنەوەی چەواشەکارانەی گۆڕان، بەو ئاکامە گەیشتووە، کە پەڕلەمان بەهۆکاریی ململانێی حیزبیەوە لەکارابوون کەوتووە، وەک ئەوەی تووشی ئەلزەهایمەر بووبێتن و بەفیلم بوونیی سەرۆکی پەڕلەمانی کابینەی پێشوو (یوسف محەمەد) و قفڵکرانیی پەڕلەمان و بازگەی دێگەڵەیان، بیر چووبێتەوە!؟ یان ڕەنگ بێت، هۆکارەکەشیی چوونە تەمەنیی ڕێکخەرەگشتیەکەی بزووتنەوەکەیان( عومەریی سەید عەلی) بێت و دووچاریی ئەم دەردی بیرچوونەوە بووبێت، خۆ ئەگەر ئەمەیان بێت، لەوەدا لێیان ناگیرێت، بەڵام لە وەدا دووچاریی لێگیربوون دەبنەوە، کەلە دەورانی ڕابردووی فریوکاریی وگەوجاندندا زۆر تەئکیدیان لە هێنانە پێشەوەی گەنجاندا دەکرد، لەمانە بگوزەرێن، گرنگ ئەمڕۆکە، هەتا ئەو جێگایەی دەتوانن بڕبکەن، پەڕلەمان و حکوومەتەکەی مەسرورو بۆ ئەوان سەرچاوەی نازو نیعمەت و لەوەڕانەو بەس!
چونکە پێم وانییە، نە خۆیان هێندە نەفام بن، نە خەڵکی کوردستانیش هێندە بە نەفام بزانن، هەروەک لەدوا لێدوانیاندا لەسەر ململانێکانی نێوانیان
فراکسیۆنەکەیان رایگه‌یاند، به‌هۆى ململانێى حیزبییه‌وه‌، ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان هۆکارى په‌کخستن و کارانه‌بوونى په‌رله‌مانه‌.

سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتیىش له‌ په‌رله‌مانى کوردستان شەکریان شکاندو ڕایان گەیاند:” فراکسیۆنى یه‌کێتى و سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌شدارى هیچ دانیشتنێکى په‌رله‌مان ناکه‌ین ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر دۆخى دارایى و موچه‌ نه‌بێت!

ئەمانەش وەک باراشیان هێندە پاک بێت!؟ خەڵکی کوردستان، زیاتر لەسیی ساڵیی فەرمانناڕەوایەتیی مافیانەیان لەپاڵ شەریکە مافیاکەیاندا لەبیرچووبێتەوەو باوەڕ بەدرۆو فرمێسکە تیمساحاویەکانیان بکەن!
مەگەر هەر جەنابیان لەهەردوو کابینەی هەشتی ڕابردوو و ئەمەشیاندا بەشدارییان لەبڕیاردانی یاسای پاشەکەوتیی مووچەو یاسای ئەم دواییەی بەناو چاکسازییاندا بەقرتاندن وبڕینی مووچەی کارمەندو مامۆستاو فەرمانبەراندا نەکرد؟؟ یان هێشتا لەجێگاو ڕێگاو دەورو نەقشیی مافیایەیان لەپاڵ پارتیدا ناڕازیین وخەریکن لەپاڵ هەژاریی وبرسیەتیی خەڵکی هەژاریی کوردستان و ڕژتنی فرمێسکی درۆزنانەدا، ئیمتیازیی زیاتر بپچڕن؟

سەرباریی هەموو ئەمانەش و ئیستیفزازتر لەلێدوانەکانی فڕاکسیۆنەکانی گۆڕان ویەکیەتیی، ئەم ستافەی پارتیی خێڵ و بنەماڵەن، کە هەر لەناوەکانیشیاندا بەپاشگریی هەرە کۆنەپەرستانەیانەوە دیارە، کە لەناو چگۆماوێکی زێراباویدا مەلەدەکەن، هێمن هەورامیی، لەلایەک وەک جێگریی سەرۆکی پەڕلەمان لێدوان دەدات و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکەی ئومێد خۆشناو، لەولاوە لێدوانیی نیگەرانی لە لەکارخرانیی پەڕلەمان دەدات…
هێمن هەورامی، دەڵێت: په‌رله‌مان نه‌ موڵکى پارتى نه‌ ھى یه‌کێتى و نه‌ ھى گۆڕانه‌، په‌رله‌مان ھى ھیچ لایه‌نێکى دیکه‌ نییه‌، بۆیه‌ که‌س ناتوانێت دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان ڕابگرێت!!
هاهاهاها واتە، پەڕلەمان مڵكی کەس نییەو مڵکی گشتییە، بەڵام ئەم مڵکی گشتییە، دوور لە ڕاونەزەریی گشتیی، هەر کاتێک بیانەوێت کێلۆن وقفڵ دەکرێت و هەرکاتێکیش بیانەوێت، بۆ ئیمزایەک، کارا دەکرێتەوە، ئێستاش بۆ هێمن وئومێد زۆر ڕۆشنە، کە پەڕلەمان هەبێت و نەبێت، ئەوان کاریان وەک مافیاگەریەتیی و تاڵانچێتی ماشییە، دەنا بۆ ڕۆژێکیش لەسەر کردنەوەکەشیی دانامێنن و دەی کەنەوە!
سەرباریی هەموو ئەمانەش، لەماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا، پەڕلەمان هەر لەدەورانیی شەڕی ناوخۆو سەرهەڵدانیی دووئیدارەییەوە، هەتا دەورانی ئۆپۆزیسیۆنی گاڵتەجاڕو شەڕە بتڵەئاوو چەپڵەو هەلهەلەکانیانەوە، هەتا بەمڕۆش دەگات، چدەورو نەقشێکی بینیوە لە باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەژارو نەداردا، بەگشتیی، هەر لە یاساکانی پەیوەند بەکارو بیمە کۆمەڵایەتیی وتەندروستیی و بیمەی بێکاران و هەتا دەگات بە باشکردنی دام ودەزگای تەندروستیی و پەروەردەو خوێندن وزانکۆکان وهەتا دەگات بە پەرەدان و گرنگیدان بەدام ودەزگا فەرهەنگیی وهونەریی و ئەدەبیەکان و هەتا بە سێکتەرەکانی ڕێگاو بان و ئاوو ئاوەڕۆو کارەباو ڕۆشنایی ماڵان، دەگات؟؟
لەکام سێکتەردا دەتوانن شانازیی بەمێژووی کۆن وتازەی پەڕلەمانەکەیانەوە بکەن؟ جگە لەوەی هەردەم کەناڵێک بووە بۆ بەیاساییکردنیی دزیی وفزیی وتاڵانچێتیەکانیان بەدەنگی زۆرینەی پەڕلەمانییان لەلایەک و لەولاوەش چەترێک بووە بۆ شاردنەوەی ناکۆکیە قووڵەکانی خوارەوەی خۆیان، کە هەر چوار ساڵ جارێک بە درۆو دەلەسەو تەبلیغاتیی چەوشەکارانەیان لەو هەمووکەناڵ ودام ودەزگا تەبلیغیەی بە داهات وقووتی خەڵک لەدژیی خەڵکدا بۆ فریودانی خەڵک خۆیان، وەگەڕیان خستووەو هەر دەورانەی بەجۆرێک و بەناوێک، خەڵکیان ڕاپێچیی سەر سندووقەکانی دەنگدان کردووەو بەپەنجە مۆریی خەڵکی تەفرەدراوو فرییو خواردووش، شەرعیەتیی نوێنەرایەتی درۆزنانەو ساختەکارانەیان بۆخۆیان بەدەست هێناوەتەوەو ئاشیی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان پەرەپێداوە.

تاهیر عیسا ۲۳.۷.۲۰۲۰

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress