Skip to Content

بە هاناوەچوون بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران!.. نووسینی: عەبدولڕەحمان گەورکی

بە هاناوەچوون بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران!.. نووسینی: عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by شوبات 1, 2023 General, Opinion

ئاوڕدانەوەیەک لە پڕۆژەی (کۆلۆنیالیزم و کۆنەپەرستان) دژ بە راپەڕینی خەڵکی ئێران!

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران، سازشتکارانی رۆژئاوایی وەخۆکەوتوون لە سەر ‌هێڵی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، “کوڕەکەی شای دیکتاتۆری پێشوو” بخەنە سەر کورسی “وەکالەت(!)” بۆ خەڵکی ئێران، هەتا رێگە خۆش بکەن بۆ سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا. میدیای (فارسی زمان)ی سەر بەو سیاسەتە قێزەونەشیان چالاک کردووە، بۆ پێشخستن و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی بڵێن خەڵکی ئێران جگە لە (دیکتاتۆرییەت) هیچ بژاردەیەکیتریان لەبەردەمدا نییە!

دامەزرێنەران و پشتیوانانی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆری لە یەکێتیی ئەورووپا، هەر بەمەوە نەوەستاون و لە کردەوەیەکی بێشەرمانەدا، رێگریان کرد لە ناوزەدکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەم یەکێتییەدا، کە دژ بە خواستی زۆرینەی هەرەزۆری ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپایە. پێش ئەمەش شاهیدی لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووین لە پێوەند لەگەڵ راپەڕینی سەراسەریی خەڵکی ئێراندا کە وتی: “ئێرانییەکان خوازیاری چاکسازین لە وڵاتەکەیاندا، نەک رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری(!)”

دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆر و، دووریش نیە لە چاوەڕوانی کە دیمەنە سەرنجڕاکێشترەکانیتریشی بێتە بەر چاو!، پێش هەموو شتێک ئاماژەن بۆ بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینی خەڵکی ئێران و سەرکەوتنی بەسەر دەسەڵاتدا و نیشانەی نزیکبوونەوەی رووخاندنی ئەم دەسەڵاتەیە. بۆیە سەرهەڵدانی دیاردەی (وەکالەتخوازی بۆ کوڕی شا) و، “هەنگاوە سازشتکارانی ئەوروپی” دوو رووی پڕۆژەیەکی “کۆنەپەرستی-کۆلۆنیالیزم”ن لە دژی خەڵکی ئێران و بۆ بەردەوامیدان بە “دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا.

لە کولتوری سازشتکاراندا “بەرژەوەندخوازی” جێگرەوەیەکی باشە بۆ “شەرەف” و “دادپەروەری” و “مافەکانی مرۆڤ”. هەر بەم هۆیەشەوەیە بە ئاسانی چاوپۆشی لە تاوانەکانی “تیرۆر” و (بانکەوانی تیرۆریزم لە جیهاندا) دەکەن و سوپای پاسدارانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بە “تیرۆریست” نازانن. چون لەم کولتۆرەدا و لە روانگەی ئەوانەوە بڤەیە!

بۆ هەموو لایەک روونە کە سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆر” زۆر زیانبەخش و قێزەونانەیە و دژی شارستانیەتی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. چونکە بە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەوڵ دەدات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە جووڵە و پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون بخات. دژایەتیکردن و رێگریکردن لە ناوزەدکردنی سوپای پاسدارانی لە لیستی تیرۆر لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، سازان لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە کە شەرعیەتی جەماوەریی نییە و هەر بەو سوپای پاسدارانە، هەموو خاکی ئێران (هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش)ی خەڵتانی خوێن کردووە. بێ هۆ نییە کە دەسەلاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە وەک (بانکەوانی گەورەی تیرۆر لە جیهان) و (گرنگترین هۆکاری نائەمنی) لە ناوچەکە و جیهاندا ناسراوە.

ڕێگریکردن لە ناوزەدکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەکێتیی ئەورووپا، نەک هەر قێزەونانەیە، بەڵکو دژی پرۆسەی شارستانییەت و مرۆڤایەتی و بیروڕای گشتییە لە جیهان و بەتایبەتی خەڵکی ئەوروپادا و دەبێتە هۆی هاندانی دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران بۆ توندوتیژی و خوێنڕشتنی زیاتر. ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا ئەوە دەردەخات کە پشتیوانیکردنی زارەکی دەوڵەتانی ئەوروپا لە راپەڕینی خەڵکی ئێران، “فریودەرانە” و، وەستانیان لە تەنیشت خەڵکی ئێران “رواڵەتی” و، گەڕاندنەوەی ناوزەدکردنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست بۆ دادگا “قێزەونانە” و هەڵەیە. چونکە لە زۆر نموونەیتردا، ئەم یەکێتییە و ئەم دەوڵەتانە بەبێ ئەوەی روو لە دادگا بکەن و بڕیار بۆ دادگا جێبهێڵن، ئەمجۆرە ناوزەدکردنانەیان لە دژی “ئۆپۆزیسیۆنی ئێران”ی ئەنجام داوە و بە پێچەوانەوە، ئەوە دادگاکانی ئەوروپا و رۆژئاوا بوون کە بەرانبەر بە سازان و سات و سەودای دەوڵەتانی ئەوروپایی لەگەل دیکتاتۆری ئێران، (داد)یان هەڵبژارد و ئەو دەوڵەتانەیان ناچار کرد ملکەچی یاسا بن و ناوزەدکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بسڕنەوە!

ئەوەی کە شەرمەزاربوونی یەکێتی ئەوروپا و رەهەندەکانی زیاتر دەردەخات، “هاوکاتبوونی پێچەوانە”ی ئەو هەنگاوەیانە لەگەڵ راپەڕینی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەلاتی ئایینی لە ئێران و هەروەها هاوکاتبوونیەتی لەگەڵ پڕۆژەی (کۆنەپەرستان) و (کۆلۆنیالیزم) بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی ئێران لە رووخاندن. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆر رازی نەبوون و رازی نابن، لەدەرەوەی ئێرانیش خەڵکی ئێران بە “پشتیوانیکردنی زارەکی” و “سەرکۆنەکردنی رواڵەتی و بێ کردەیی دیکتاتۆری ئێران” و “سزادانی دڵۆپ بە دڵۆپ”ی ئەم دەسەڵاتە فریو نادرێن و بە کەمتر لە ناوزەدکردن و هەڵوەشاندنەوە و لە ناوبردنی تەواوەتی سوپای پاسداران و وەزارەتى بەدناوى ئیتڵاعات و هەموو داو و دەزگاکانی دەسەلاتی خوێنڕێژى ویلایەتی فەقیهی رازی نابن!

ئەزموونەکانی گەل بە درێژایی مێژوو ئەو راستییە دەسەلمێنن کە خەڵک بەسەر دیکتاتۆرییەتدا سەردەکەون و دیکتاتۆرەکانیش فڕێ دەدرێنە زبڵدانی مێژووەوە. چارەنووسی ئەو کەس و لایەنانەی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆر)یان کردۆتە پیشەی خۆیان یان خزمەتکردن بە دیکتاتۆر، زۆر بە ئازار دەبێت! یەکەم دەرەنجامی ئەو هەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە سازشتکاران لە (شۆڕش) و (گۆڕانکاری) لە ئێران دەترسن. چونکە ئەوان لە مانەوەی دیکتاتۆرییەتدا بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و لە سەرهەڵدان و سەقامگیربوونی ئازادی و دیموکراسی لە ئێران، سیاسەتی خۆیان بە مردوویی دەبیننەوە.

شارەزایانی سیاسی و کۆڕ و کۆمەلە کارناسەکانی پێوەندیدار بە کار و باری ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە رێژەیەی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە کارنامەی رەشی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێران، خوازیاری ناوزەدکردنی سوپای پاسدارانن لە لیستی تیرۆر و و نەهێشتنەوەی ئەو هێزە تیرۆریستییە. خانمی مریەم رەجەوی لەم پێوەندییەدا رایگەیاند: “تاوان لە ئێران کەمتر هەیە کە سەرچاوەکەی سوپای پاسداران نەبێت. تا ئێستا لە ناوچەکەدا هیچ شەڕخوازی و تاوانێکی گەورەی تیرۆریستی رووی نەداوە کە پاسداران هۆکاری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نەبن”.

دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران دەیەوێت وا نیشان بدات کە “بەدیلێکی دیموکراتی” لە گۆڕەپانی راپەرینی گەلدا بوونی نییە و “ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە” بە مانای گەڕانەوەیە بۆ “دیکتاتۆرییەتی حەمەرەزاشای پەهلەوی” یان “بشێوی و ئەنارشی” لە ئێران و ناوچەکە. بەڵام راستییەکانی گۆڕەپانەکە بە توندی ئەم فرت و فێڵ و چەواشەکارییەی دیکتاتۆرییەت رەتدەکاتەوە. یەکگرتوویی خەڵک و ئیرادەی پتەویان بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا، هەروەک بەردەوامبوونیان لە راپەڕین بە گرژی، بۆ ماوەی چەندین مانگ، بەڵگەیە لەسەر ئەو راستییە کە ئەم راپەڕینە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، خاوەنی رێبەرایەتی و رێکخستنە و مەبەستدارە و، سازشتکارانی رۆژئاوایی بێهودە هەوڵی یارەمەتیدانی دیکتاتۆرییەت لە ئێران دەدەن.

کۆتایی

نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish