ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی قه‌زافی به زمانی كوردی… فازیل شەوڕۆ
قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌سێتیی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، هه‌روه‌ك ئه‌وه وایه، له گه‌ڵ هاوڕێیه‌كت له كه‌نار گۆمێكی قول و مه‌نگ دانیشتبی و باسی جیهانی ژێر ئه‌و گۆمه‌ی بۆ بكه‌ی كه هیچ كامتان بناوتان به‌ناویدا لێنه‌دا بێ. قه‌زافی پیاوی خاوه‌ن هه‌زار خه‌ون بوو، به‌ڵام خه‌ونی به‌ده‌ر له عاله‌می وڵاته‌كه‌ی خۆی، بۆیه ئه‌و هه‌میشه وه‌ك مرۆڤێكی نامۆ و غه‌ریب، له چاوی دۆست و ئه‌غیار سه‌یر ده‌كرا. قه‌زافی ئه‌و سه‌ركرده‌بوو كه ده‌وروپشته‌كه‌ی، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، له زمانه‌كه‌ی ئه‌و حاڵی نه‌بوون! ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم ستایشی ئه‌و (قاره‌مانه یان دیكتاتۆره) نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی داته‌كاندنی ته‌پۆتۆزی ڕۆژگار و قه‌ده‌ر و ده‌سته‌كانه له‌سه‌ر ڕووی ته‌پۆتۆزایویی ئه‌و(مه‌سیحه یان شه‌یتانه). ئه‌و كه‌سێكی ڕۆشنبیر و به‌ئاگای جیهانی ئایین و فه‌لسه‌فه و مێژوو بوو. قورئانی پیرۆزی له به‌رگه و بۆ به‌رگ ئه‌زبه‌ر بوو. جارێك كه (موزه‌فه‌ر نه‌واب)ی شاعیری عیراقی، له حزووری ئه‌ودا شیعر ده‌خوێنته‌وه و(قه‌زافی) قامتێك ڕه‌خنه له كۆبه‌رهه‌مه‌كانی ده‌گرێ، ئه‌و گه‌شكه‌ده‌یگرێ و ده‌ڵێ تا ئێستا ڕه‌خنگره عیراقییه‌كان سەرنجی وا وردیان له شیعره‌كانی من نه‌داوه، جا بۆ زانیاریتان له‌و كۆڕه‌دا (موزه‌فه‌ر نه‌واب) قه‌سیده به‌ناوبانگه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه، كه جنێو به هه‌موو پاشا و مه‌لیك و حاکم وکانی عه‌ره‌ب ده‌دا و ناونیشانی قه‌سیده‌كه( یا اولاد الگحبه) یه.
(قه‌زافی) خاوه‌ن (10) كتێبی چاپكراوه، بابەتەکانیان فكری و سیاسی و ئەدەبی و چیڕۆكی كورتن. چیرۆكه‌كان باشتر هزر و بیروباوه‌ڕی ئه‌و پیاوه نمایشده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی كه من له چیرۆكه‌كانیم هه‌ڵهێنجاوه ئه‌وه‌یه: چونكه قه‌زافی كوڕی بادیه و بیابانه، حه‌زده‌كات یان خه‌ون ده‌بینی، كه خه‌ڵك بۆ گوند و لادێ و باوه‌ش سروشت بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌و حه‌ز به ژیانی خاكی و ساده و ساكار ده‌كا. زۆر له ژیانی شارستانییه‌تی سه‌رده‌م په‌سته و خه‌می پێده‌خوا. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه سه‌رزه‌وی به‌ره‌و بۆگه‌ن بوون و گه‌نده‌ڵ بوون ده‌چێ، بۆیه ته‌مه‌نا ده‌كات بتوانی سه‌رزه‌وی به‌جێبهێڵێ یان ئه‌وانه‌ی له ئاسمانن بێنه خواره‌وه و ببنه فریادڕه‌س!
بێگومان ئه‌و جگه له‌م (10) كتێبه، خاوه‌ن سه‌دان وتار و گوتاری دیكه‌یە. ئه‌وه‌ی كه كڕۆكی باسه‌كه‌ی ئێمه‌یه، ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه په‌یوه‌ست به كورد. ئه‌و له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ماڵپه‌ڕیكی له ئێنته‌رنێت هه‌بوو به ناوی (قذافي يتحدث)، له‌سه‌ره‌تا هه‌ر به زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی بوو، دواتر به چه‌ندان زمانی دیكه‌ش بابه‌ته‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه. دوو خاڵی گرنگ له به‌شه كوردییه‌كه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه سه‌رنجی ڕاكێشام: خاڵی یه‌كه‌م: (قه‌زافی) دوو وتاری تایبه‌تی بۆ كورد نووسی و له‌وێ بڵاوی كرده‌وه، ئه‌و له هه‌ر دوو وتاره‌كه ڕووی ده‌می له كورده‌كانی كوردستانی باشوور بوو. وتاری یه‌كه‌می، دوای ڕاپه‌ڕینی (1991) بوو. تێیدا نمایشێكی مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان ده‌كات له سه‌رده‌می شێخ سه‌عیدی نه‌مره‌وه تا ڕۆژی ڕاپه‌ڕین. به كوردی و كرمانجی، پێیان ده‌ڵێ شانازی به ده‌سكه‌وته‌كانتانه‌وه مه‌كه‌ن، چونكه له سه‌رده‌می نوری سه‌عید ئێوه خاوه‌ی سێ هێنده ئمتیازات و ده‌ستكه‌وت بوون له عیراق.. ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن فرۆشتنی خو‌ێنی شه‌هیده‌كانتانه. وتاری دووه‌می، ڕێك له گه‌ڵ كه‌وتنه خواره‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌ددام بوو له گۆڕه‌پانی ئه‌نده‌لووس(2003). ئه‌م وتاره‌ی به زمانێكی زۆر توند، زۆر توڕه ، زۆر پڕ گله‌یی نووسیوه، ناونیشانی وتاره‌كه‌ی، په‌ندێكی میسری بوو، كه به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به كوردی دەبێتە: (جا دیسان کوردەکان دەستیان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو!)
(قه‌زافی) له‌م وتاره‌دا خۆی به‌برا گه‌وره داده‌نێ وتكا و ڕجا له سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌كات، كه ئه‌م هه‌له زێڕینه له قیس خۆیان نه‌ده‌ن، تا زووە ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردی خۆیان ڕابگه‌ێنن، ده‌نا تا سه‌ده‌یه‌كی دیكه ئه‌م هه‌له بۆ كورد هه‌ڵناكه‌وێته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێ، ئێوه بۆچی ئه‌م ڕووباره خوێنه‌ی ڕۆڵه‌كانی خۆتان به‌خشی؟ بۆچی ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات و نكبه‌تییه‌تان به‌سه‌ر خۆتان هێنا؟ بۆ ئه‌وه نه‌بووه تا ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بن؟ بۆ ئه‌وه نه‌بووه تا دوژمنه‌كه‌تان لاواز بكه‌ن و چۆكی پێدابده‌ن؟ ئێ! ئه‌وه به‌غدا ڕوخا… سه‌ددام نه‌ما… خۆتان هێز و ده‌سه‌ڵاتن. پێم ناڵێن چاوه‌ڕوانی چی ده‌كه‌ن!
وه‌ك بڵێێ ئه‌و پیاوه له ناودڵێ سه‌ركرده‌كانی كورده بووه ، بۆیه زۆر لێیان نائومێده و پێشبینی ئه‌وه ده‌كات، كه ئه‌وان ئه‌و بریاره‌یان نه‌بێ كه ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه ڕابگه‌ێنن ( ده‌كرێ ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر یاداشته‌كانی برێمه‌ركه حاكمی عیراق بوو، جا ده‌زانن كه بۆچوونه‌كانی قه‌زافی و بریمه‌ر، له‌مه‌ڕ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چه‌ند لێك نزیكن و چه‌ند زیره‌كانه كه‌سێتیی ئێمه‌یان خوێندبۆوه.) بۆیه (قه‌زافی) ئەو ناونیشانەشی بۆ وتاره‌كه‌ی هەڵبژاردووە. پێشبینییه‌كه‌شی ڕاست ده‌رچوو، ئه‌وه (2022) وە سه‌ربه‌خۆ نیین.
خاڵی دووه‌م، كه له‌و ماڵپه‌ره‌ی (قه‌زافی) جێگه‌ی هه‌وڵوه‌سته‌یه، زمانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌یه. كه به‌شێوه‌زاری سۆرانی (موكریانی) ده‌نووسرا. لێره‌ش دوو (پنت) قسه هه‌ڵده‌گرێ. یه‌كه‌م: كێ به‌م كوردییه پاراو جوان وبه‌پێزه ئه‌و بابه‌تانه‌ی داڕشتۆته‌وه؟ ئه‌و كه‌سه وا پێده‌چێ قه‌ڵه‌مێكی به‌توانا بێ. ته‌نانه‌ت په‌نده‌كانی عه‌ره‌بیشی گۆڕیوه بۆ په‌ندی كوردی كه هه‌مان واتا و ئاماژه ده‌ده‌ن. پنتی دووه‌م: ئایا (قه‌زافی) ڕاوێژپێكرای كوردی هه‌بووه، ده‌نا چۆن ئه‌و هه‌موو زانیارییه ورده‌ی ده‌رباره‌ی كورد زانیووه؟ ئه‌و له وتاری یه‌كه‌می دا ، باسی به‌ڕیز (عه‌زیز محه‌مه‌دی) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی ده‌كات، هه‌ر ده‌ڵێی له ده‌شتی قه‌راج نان و پێوازی لەگه‌ڵ خواردووه، كێ ئه‌و زانیارییه تایبه‌تیانه‌ی گه‌یاندۆته سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌كو (ئەو)؟ ئه‌مانه بۆمن جێگه‌ی پرسیارن.
ئەمەش، دەقی یەکێک لە بابەتەکانە کە لە ماڵپەڕەکەی قەزافی بڵاوکراوەتەوە:
(جا دیسان کوردەکان دەستیان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو!)
بە قەڵەمی: موعەمەڕ قەزافی
(لە وڵاتی میسردا، وا بە کەسێک دەڵێن کە دەدۆڕێت.
وا کوردەکانیش دۆڕان و دەستییان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو.
باشە، دەستکەوتی کوردەکان چی بوو لە گڕیبەستەکەیاندا لەگەڵ عێراق؟ هیچ! تەنها لە ئامێزیگرتنی سەربازانی داگیرکەر و ماچ و مرچی ڕوومەتی داگیرکەرە نوێیەکان و تاوانبارکردنییان بە خیانەی مەزن و خۆهەڵواسینیان بە داگیرکەر.
بەڵام بارودۆخی کوردەکان هیچ نەگۆڕا، بەڵکو دژووارتر و ناخۆشتر بوو، هەرنەبێ لە ڕووی ڕووخسار و ئەدگاردا خراپتربوون.
ئێمە واپێشبینیمان دەکرد، لەو هەل و مەرجە مێژووییە دڕاماتیکییەدا، کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هەڵکەوتووە، بۆ خۆیان دەیقۆزنەوە ــ وەک چۆن جوولەکەکان ساتەوەختی ڕووخانی بەڕلین و شکانی دەوڵەتانی میحوەر و سەرکەوتنی هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی دووەمی جیهانیدایان قۆزتەوە، کوردانیش ئیعلانی ئەو دەوڵەتە کوردییە دەکەن کە خەون و هیوای لە مێژینەی ئوممەی کوردیی چەوساوە و لەتلەتکراوە. هیچ، هیچیان نەکرد، هەر وەک ڕەعییە لەو دەوڵەتانە مانەوە کە لێبوون. کوا چی نوێتان وەدەستهێنا؟ دەستکەوتان چی بوو؟ هیچ! کوردەکە، هەر هاووڵاتییە نمرە دووەکە و سێیەکەی جارانە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەند دا.
گاڵتەتان پێدەکەن، کە هۆشیار زێباریتان بۆ دەکەنە وەزیری دەرەوەی عێراقی ئێستا. سەرهەنگ نورەدین محەمەد و ئەحمەد بابان سەرۆک وەزیران بوون، هەردووکیان کورد بوون، تەنانەت وەزیری ئەشغال و ڕێگاوبان و ناوخۆ و داد و دارایی و بەرگریش کوردبوون. سەرۆکایەتیی ئەڕکانی سوپای عیراقی هەر سێکیان کورد بوون: فەریق بەکر سدقی و فەریق حوسێن فەوزی و فەریق ئەمین زەکی. ڕێژەی فەرمانبەران لە دەوڵەتی عێراقیدا (٢٥٪) و لە ناوچە کوردنشینەکاندا (٩١٪) بوون. ئەوان لە گوند و شارەدێ و ناحییە و قەزا و پارێزگاکاندا ئەنجومەنی خۆیان هەبوو.
هەردوو زمان، کوردی و عەرەبی، زمانی فەرمی بوون لە هێندێ پارێزگادا، وەکو پارێزگای سلێمانی. زمانی خوێندن بوون لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوندەی لە دەڤەرە کوردییەکاندا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، زمانی عەرەبی زمانی دووەم بوو بۆ کوردەکان.
پێشبینی دەکرا لەو ڕووداوە مەترسیدارەی ناوچەکەدا، لە نێو چرەدوکەڵی ئەو تەقینەوە گەورەیەدا، دەوڵەتی کوردی لە دایک ببێت و کوردان لە چەوسانە و کۆت و سندم و کووشتن و بڕین ڕزگاربکات، کە بە درێژایی مێژوو تاڵای مەرگەساتی دەنۆشن.
دەبێ دیسان، بگەڕێنەوە بۆ سەردولکە بە ئازارەکان: بەختی کوردان، هەر بەختی حەسرەت و ئاخ هەڵکێشان و لەدەستدانی دەرفەتیی مێژووییە، سەرەڕای شوڕشەکان و قوربانییەکان و ڕاپەڕینەکان.
چی نوێی هاتە کایەوە؟ کوردەکان هەر هاوونیشتیمانی عێراقین وەکو جاری جاران. کەواتە، کورد قازانجی چی کرد لەو ئاهەنگەی لەدایکبوونی عێراق، کە وڵاتەکەی کاول و وێران کرد؟ لەمەش پتر، کورد، هەر ئەوانەن کە لە عێراقن؟ یان ئەو زۆرینەشن کە لە دەرەوەی عیراق دەژین؟ چۆن، بە چ حەقێک ئێوە دەتوانن بیار لە چارەنووسی زۆرینەی کوردی دەرەوەی عێراق بدەن، بە پشتبەستن بە کەمینەی ناخۆ؟
ئاخۆ، کێن ئەوانەی بازرگانی بە خو‌ێنی قەزیە پیرۆزەکەی کوردان دەکەن؟ کێن ئەوانەی خو‌ێنی هەزارن شەهیدی کورد نۆش دەکەن؟ باشە، دەستکەوتی فرۆشیار و کڕیار چییە؟!
ئەمە بەری خو‌ێنی گەشی ڕژاوی کوردکانە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی عەبدوڵڵا نەهری و بەدرخان و بۆتان و نەقشبەندی و شەهابەدین و شیخ سەعید و شکاک و حەفید و ئیحسان نووری و ئەحمەد بارزانی و ڕەزا و مستەفا بارزانی؟!
ئەگەر ئێمە، لە چرکەساتێکی مێژووییدابین، لەم ئان و ساتەدا و بانگەشەیی ئازادیی گەلانی ژێردەستە بکەین، ئەوا قەت هیچ گەلێک، لە هیچ شوێنێک نییە لە گەلی کورد چەوساوەتر و ژیردەستەتر. گەلێک نییە لە کوردان مەزڵومتر. ئەو ڕییاکارییە چییە لە مەسەلەی چارەنووسەکاندا؟ بۆ هەمووان پشتی ئوممەی کوردی ناگرنن؟ بۆ ئیعلانی سەربەخۆی و یەکێتیی وان ناکەن و شمشێری جەور و ستەمیان لەسەر گەردن هەڵناگرن؟ جێی تیدایە با ببنە دراوسێ و برای شیریی ئوممەی عەرەبی و فارسی و تورکی، بۆ نابێ؟!
کێ کوردی هەڵخەڵەتاند؟ کێ مامەڵەی بە قەزیەکەیانەوە کرد؟ کێ ئەوانی فرۆشـت؟)
فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن
——————————————————————
تێبینی:
موزەفەر نەوابی شاعیری عیراقی ( ١٩٣٤- ٢٠٢٢)، دوای ئەوە بەشار ئەسەد، لە دیمەشق دەریدەکا، دەچێتە لێبیا، لە ساڵانی (١٩٧٨ – ١٩٩٠)، قەزافی خزمەتێکی زۆری دەکا و پاسەوان و جێگە و گوزەرانی باشی بۆ دابین دەکات و پەساپۆڕتی لیبیی پێشکێش دەکا
ئەوەی خوێتەوە، بڕگەیەکە لە کتێبی(آوێنپییەکانم لە جەماهیرییەی لمدا ١٩٩٤ ــ ٢٠٠٥) بیرەوەری ، فازیل شەوڕۆ