Skip to Content

کات هێشتا ماوە بۆ پێکێ شیعر … کاوە عوسمان عومەر

کات هێشتا ماوە بۆ پێکێ شیعر … کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ته‌مموز 17, 2020 General, Poems

لەگەڵ ئاگردانە کە..
چیتر مەدوێ…
خەلووز و کڵپەی خوێنە.. ونبوون،،،
دڵێکی سپیش لە ئاگردان…
هێواش ئەسوتێ، ،
و درەنگیش دائەرمکێ..
……….
ساتە کان دێن و ئەچن،
گەرچی نادیارن…
وەک ئەو پەرەسێلکانەی بارانیان هێنا،،
بەسەر ئێوارەیەکی وشک و بێ نمە،،،،
گەڵای حەزە بابردوەکانیش،،،
مێژووی ڕۆشتنی تۆیان لەسەر نوسرا..
بیابانی نێوان وەرزەکان،،،
هەنگاوە بیرچوەکان..
خانویەکیش لە تەما،،،
وەک هەورێک شەپۆل بدا،،،
لە زەریای قورمزی ….
ئاسمانێک لە بیروەریا،،،
بەفری سەر کلیلی پیانۆی ڕۆشتنیشت، ،،
لێوێکی وشک، دوو لاقی ماندوو،،،
ژوورێک وەک بەلەم ،،،
لە زەریای تاریکی بیرکردنتا…
شەپۆل ئەدا،،،
جلی پاک و ڕژاو،،
جەستەی زەردی لاواز و شێتانەی پایزیش، ،،
سەمایەکی بێهودەیەتی..
لە هەیوانێکی پڕ سەمەرە،،،
بەڵام سامناک…
……………
نێوان چوون و بیرچونەوەت،،
.. دوای تۆ….،،
وەرزێکی شپرزە و توڕە و وەڕسە، ،،
بە ئاسمانی سوور، و زەمینی ڕەش..
نەگەیشتنی تەنانەت چرپەیەکیشت..
شتەکان ئەوەندەی تر قورس ئەکات..
پەنجەرەیەکیش بەسەر بیرچونەوەدا ،،،
خۆی واڵاکردوە….
تا کەشتیە سەرگەردانەکانی،،،
نێو باهۆزە کانی کات،،،
بە ژوورە چۆڵەکەدا تێپەڕکات..
بایەک یاساو ڕیتمی…
هاتن و ڕۆشتنی شکاندوە،،،
وەک خاوەن ماڵ هەڵسوکەوتی کرد، ،
پەڕە نوسراوەکان ،،،
پەرشو بڵاوی سەر پیانۆ کۆنەکەی کرد،،،
گۆرانیەک لە بارەی پێکێکی تر ،،
ژوانێکی تر، بیرکردنێک ، ،،
کاسێک سەرابی ڕژاوە،،
لە ژێر داربیەکی بیر کراو،،
ئەو ووشانەشی هەر نەوتران، ..
کۆم کردنەوە و لە ناو میترۆکەدا ،،،
کەسێکی نەناسراو،،،
دۆزیوە….
………………….

گەرچی هیچی ترت لا گرنگ نیە،،
خۆ هێشتا کات ماوە بۆ پێکێکی تر…
برینی ڕۆژەکانیش،،
بە پەنجەرەکەوە،،،
گوڵی ئەو وشانەیان نوسسی…..
کە هەرگیز نامرن،،،
………………
جێ پێی گۆرانی ڕۆشتنێک..
لە دارستانێک،،،
تەنها لە شەوا ئەبریسکێتەوە،،
وەک فرمێکێسک،،،،
پێش خۆکوشتنی بروسکەیەک،،
بۆ گوڵدانێک لە حەزی گوڵ …
و لە ڕۆژیشا،
میترۆکان جانتایەک،،
لە نوسین دەربارەی مەلە ونەکانی کۆچی تۆی…
تیا بەجێما،،
هەر کەس بینیەوە…
با بە ئەدرەسی دڵێکی پچڕاو،
لە کەنارێک …
یان بۆ
یادەوەری کەسێک،،
بێ ڕوخساربینێرتەوە ،
……………..

پێی وتم..
تەنها تەمە ڕوخسارت،،،
وشەکانیشت پرۆشەن ،،
بەدەم بادەی بێهودەیی..
دۆزینەوەی ڕوخساری یەکتری هێندە ستەمە،،
بۆیە سەبرم نیە..
لە دامرکانی خەڵوزەکانی ڕۆشتەنەکانت..
ئاگردانیش،،،
خۆشیی ئەهات….
بە شنەی بایەک لە ڕۆژهەڵاتەوە،،
بەڵام خۆ هییچ چانسێک نیە ،،،
شەپۆلەکان لە جانتاکان هەڵگرین،،
کوا میترۆکانیش جێی دڵی نامۆی ….
تیا ئەبێتەوە،،،
نوسینی لەسەر لەپی گەڵایەکیش،،،
گەر بشتگاتێ..
شەپۆلەکان هێڵەکانیان کوژاندەوەتەوە..
وتت سەرسەخت مەبە..
بە ماندویەتی..
گەمەی ئەشق نابرێتەوە،
………………
بۆیە بە گریانێکی پڕ تاسەوە،،
سەرت لەسەر سنگی دارسنەوبرێک دانا،،،
تا تێرمەست بییت..
بە بینینی پەڕی برینداری…
شەپۆل بردووی …
ئەو گوڵانەی،،،
بە نەشتەری دەستی تەرزەیەکی دڕندە،،،
گیانیان سپارد…
…………..
لە کۆچا، هەر چرپەی تەنیایەک..
خەونێکە بە نەخشەی ئازار،،،
پۆرترەیتێکە…..
بە دیواری ڕابردووی شارێکی نغرۆ،،،
وەک گوڵەبەرۆژەیەکی وون…..
بەدوای خۆرا…
لە بیانا…
بە دواتا لە سۆراخم،،،
حەسرەتی سووتانیش بۆ..
ئەو دارستانانەی ،،،
لەگەڵ ڕۆشتنا….
سەری خۆیان هەڵگرت،،
ئە و ڕوبارەش…
تا نیوەی ڕێگەی چارەنوسیش….
لەگەڵ هەنگا وەکانمان…
پێی هەڵگرت،،
هەرکە بینی ،،
لە خوێنی قورمزی ڕژاوی خۆرێکا،،،
دوو ر کەوتمەوە،،،
لەسەر شانم تێر تێر گریا .
………..
دوو دڵی لە ڕووی خۆم،،،
لە ڕووی تۆ،،،
شەبەنگی بەیانیەکیش بە ڕووما،،،،
لە ئازارا بەستبووی…
سەرمای کاتی وشکهەڵاتوو، ،،
زەنگی گەیشتنی یەکەم کەشتی بەیانیەک،،،
بەندەرێک، تاک تاک…
تەمە مرۆڤ و مرۆڤە تەمی..
لە سەرابی شارەوە پێ ئەگاتێ….
چرپەی تەزیوی با،،،
دوامکەوتوە، واز ناهێنێ…
وەک ئەوەی لە شەقامێک لە تەنیاییدا….
پێم بڵێ،، ئەی گەڕیدە..
شەختەی کانی هەڵقوڵاوی …
ڕۆژێکی تری چاوەڕوانییت پیرۆز بێ،

…………..
لە بەر نەبوونی ڕوخسارت،،،،
لە ڕاستی و ناڕاستی….
مەلە سەرهەڵگرتوەکان،،،
لە و ڕۆژنامانەی لە کۆشکی.
سەرەڕێی دوورەوڵاتێ..
بەر دیدەم کەوتم ، چاوم گێڕا..
گەیشتوومەتە باوەڕی تەواو،،،
کە من هەرگیز ناتدۆزمەوە، ،،
گەرچی…
ژوورێک لە نوسین،،،
لە درەنگی گەیشتن..
لە مێژووی ببیرچونەوەدا،،،
خەوتوە،،،
نازی بایەکی روخسار زەردیش،،،
وەک خێوی وەرزە تەنیاکان،،
لە هەیوانەکە دێت و ئەچێ..
چۆلەکەیەک،،،
دەزووی کراسی ئێوارەی ڕاکێشایە…
هێلانەی قەڵایەک لە ئازار و کات،
………….
کە دەرگای کۆچم ،
بەسەر دەربەندی هەتاوێک ،،،
لە گەوهەری ڕژاوی ساتە ئەبەدیەکان ….
داخست،،،
شار وەک ئاگردانەکە،
سارد و سڕ،،،
بێ خەڵووز و گەشانەوەی حەز،،،
سوتماکتر بوو لە سوتماک..
…………….
ئەو وشانەی ئەبریسکانەوە،،،،
لە بالیەی مانگێکی زومرد پۆشا،،،
ئەبوایە….
لە سەر کەنار بەیەکمان بوتایە،،
بەڵام تۆ هەر وتت…
هییچ کاتی ترم نیە، لەم بەرزەخە…
پەلەمە،،،
لە گەیشتن بە هەورێک ، ،،
بۆنی دوا گوڵاوی پایزی لێبێ..
ناتوانم بۆ گۆرانیەکیش….
چاوی خوێنی شیعری لێبتکێ،،،
لات بمێنمەوە، ،،
تەنانەت ناتوانم پرسەی یەک شەپۆلیش ….
بۆ مەرگی نەورەسە کانت ساز کەم،،،
چما پارچە ڕۆحێکت بەمەوە.

کاوە عوسمان عومەر : شیعر

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish