مه‌مه‌دی كورد یان مه‌مه‌دی نامۆ؟!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
نه‌یارانی كورد به درێژایی مێژوو، له پاڵ چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جینۆساید‌كردن و داگیركردنی خاك ونیشتمانی ئێمه، هه‌وڵی شێواندن و بێ به‌هاكردنی فه‌رهه‌نگ و كولتووری نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی ئێمه‌شیان داوه. كه به‌شێكه له ڕابردوو، له مێژوومان. ئه‌گه‌رئه‌وان نه‌یانتوانیبێت كورد له‌و ڕێگه‌یه‌وه بسڕنه‌وه، ئه‌وا مه‌به‌ستیان بووه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی دواكه‌وتوو، نه‌زان، بێ ئاگا له دنیا، بێ مێژوو و فه‌رهه‌نگ، پێناسه بكه‌ن. لاپه‌ڕه‌ی مێژووی نه‌یاره‌كانی كوردیش به تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردی‌یان به سه‌ردابه‌شكراوه، پڕن له‌و وێنانه. ئه‌ركی ئێمه‌یه ئه‌و وێنانه له ڕه‌گه‌وه بسڕینه‌وه و كورد وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه نیشانی ئه‌وانی تری بده‌ین. نه‌ك به چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك كتێب ئه‌وه‌نده‌ی ترئه‌و مێژووه ناشرینه‌ی دوژمنان ده‌یانه‌وێت، تۆختر بكه‌ینه‌وه. كه هه‌ر ئه‌مه‌شه ئامانجی هه‌میشه‌یی نه‌یاره‌كانمان.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی هه‌وڵێكه بۆ به كه‌م نیشاندانی كورد‌و لێدان له بیركردنه‌وه و تێڕوانین و ڕه‌هه‌ندی مرۆییانه‌ی، كتێبی (مه‌مه‌دی كورد)ه كه (عه‌بدوڵا عه‌بدوڵا) ناوێك له ئینگلیزییه‌وه وه‌ریگێڕاوه. ئه‌م كتێبه چیڕۆكی كوردێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ناوی(مه‌مه‌د)ه. مه‌مه‌د كوری كارخانه، دوای ئه‌وه‌ی كارخانی باوكی ده‌مرێت ، مه‌مه‌د چونكه تاقانه‌یه و باوكی ته‌نها ئه‌و منداڵه‌ی هه‌بووه، ئیدی سه‌روه‌ت و میراتێكی زۆری له‌لایه‌ن باوكییه‌وه بۆ جێده‌مێنێت، وه‌لێ ساویلكه‌یی و دڵكراوه‌یی و ده‌ستخه‌ڕۆكردنی له‌لایه‌ن هاوڕێكانییه‌وه و نه‌زانینی خۆی به تایبه‌تی كه هێشتا گه‌نجه، مه‌مه‌د دێنه‌وه سه‌ر ساجی عه‌لی و هه‌رچی سه‌رمایه‌ی هه‌یه، له پێناو هاوڕێكانیدا سه‌رفی ده‌كات و ئه‌وانیش دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانن مه‌مه‌د ڕووت و ڕه‌جال بووه، ئیدی پشتی تێ ده‌كه‌ن و گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن و ڕێگه ناده‌ن لای ده‌واری ئه‌وانیش بمێنێته‌وه. سه‌ره‌نجام مه‌مه‌د هه‌ست به دۆڕان و شكانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات و مه‌مله‌كه‌تی باوكی جێدێڵێت و له ڕێگه‌ی كۆچكردنیدا بۆ مه‌مله‌كه‌تێكی تر، دوره تولملوك ده‌ناسێت و ده‌بنه هاوژینی یه‌كتر.
پاشان له كۆچكردنه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌چیته مه‌مله‌كه‌تی پاشا گولنارو پاشاش ته‌ماحی ده‌چێته ژنه‌كه‌ی و له‌و پێناوه‌دا مه‌مه‌د ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین كاری مه‌حاڵ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام هه‌موو جارێك له ڕێی جادوو، دێ‌و و درنج و ئه‌فسانه‌وه، مه‌مه‌د ده‌مێنێته‌وه. تا سه‌ره‌نجام گولنار پاشا له نێو ده‌چێت و ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو خێڵ و عه‌شیره‌ته ده‌وار نشینه‌كه‌ی خۆی له بیاباندا و وه‌ك پاشایه‌ك خۆی ده‌ناسێنێته‌وه. ئه‌مه چیڕۆكی ژیانی مه‌مه‌د بوو به كورتی. بێگومان له په‌راوێزی ئه‌و چیڕۆكه‌وه، هه‌روه‌ها خاسیه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سییه‌كانی مه‌مه‌ده‌وه، ده‌شێ خوێنه‌وه‌یه‌كی دیكه بۆ كاره‌كته‌ری مه‌مه‌د بكه‌ین. له‌و چیڕۆكه‌دا (مه‌مه‌دی كورد) وه‌ك كاره‌كته‌رێكی گێل، نه‌زان و ترسنۆك، بووده‌ڵه و په‌رپوت ده‌ناسرێت. به ڕاده‌یه‌ك كه كورده‌كان كه به چه‌ندین خاسیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی جوان و به‌رز ده‌ناسرێنه‌وه، له‌و چیڕۆكه‌دا به پێچه‌وانه‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش ئاساییه. چونكه كاتێ نه‌یاره‌كه‌ت باست ده‌كات، یان مێژووێكی پڕ له چه‌واشه و شێوێنراوت بۆ ده‌نووسێته‌وه، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێك بكه‌یت. به تایبه‌تیش كه چیڕۆكی مه‌مه‌د مێژوونووسێكی عه‌ره‌ب ده‌یگێڕێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه نووسراوه.
بۆیه به تێگه‌یشتنی من، ئه‌م چیڕۆكه به هیچ شێوه‌یه‌ك چیڕۆكێك نییه باسی كوردێك بكات و ڕه‌نگه ئه‌مه دروست كراوی ده‌ستی وه‌رگێڕه‌كه خۆی بێت، به تایبه‌تیش كه دوور و نزیك ئاماژه‌ی به سه‌رچاوه‌ی ئۆرگیناڵی چیڕۆكه‌كه به زمانی ئینگلیزی نه‌داوه، بۆ ئه‌وه‌ی له په‌راوێزییه‌وه خوێنه‌ر به‌راوردی یه‌كترییان بكات. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، فه‌زای ئه‌م چیڕۆكه نه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و میللییه‌وه، نه له ڕووی شوێن و ڕووداو و كاره‌كته‌ره‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك له فه‌زای ئه‌ده‌بی چیڕۆكێك یان ئه‌فسانه‌یه‌كی كوردی ناچێت. ناوی كاره‌كته‌ره‌كان كه ( دوره‌تولملوك، نوز هه‌توزه‌مان، به‌درولمه‌ها، فیده‌س، عه‌بدنار، حه‌سه‌ن پاشا، زیراژان) ناوی نامۆن به چیڕۆكی كوردی و سه‌رگوزشته‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌ر زاره‌كی كوردی. ڕه‌نگه ناوی كاره‌كته‌ره‌كه‌ش هه‌ر مه‌مه‌د نه‌بێت، به‌ڵكو وه‌رگێری كتێبه‌كه ئه‌و ناوه‌ی دانابێت. هاوكات مه‌مه‌د له خێڵێكی بیابان نشینه و به وشتر كۆچه‌ری ده‌كه‌ن.
هه‌مووشمان ده‌زانین كورد به‌و ژینگه و به‌و جۆره ئاژه‌ڵه نامۆیه و ته‌نانه‌ت زۆر جار بۆخۆشی ده‌گوترێت:( وشترو چیایان نه‌گوتووه). به گشتی فه‌زای چیڕۆكه‌كه، فه‌زایه‌كی نا كوردانه‌یه و نه ڕووداوه‌كان، نه شوێن و كاره‌كته‌ر و تیمه‌ی چیڕۆكه‌كه، یه‌كناگرنه‌وه له‌گه‌ڵ كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی. ئه‌گه‌رچی مه‌مه‌د له چیڕۆكه‌كه‌دا وه‌ك قاره‌مانێك نیشان ده‌ده‌رێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و لێهاتوویی و ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تییه‌ی مه‌مه‌د، هی خۆی نییه وه‌ك كاره‌كته‌رێكی كورد، به‌ڵكو جادووی هه‌ر سێ ژنه‌كه‌ی و دێوه‌كانه ڕێنوێنی ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش جه‌خت كردنه‌وه‌یه له‌و وه‌سفه مێژووه پڕ له چه‌واشه‌یه‌ی كه كورد وه‌ك ئه‌فسانه و جنۆكه و بوونێكی خه‌یاڵی نیشان ده‌دات. واتا به گشتی مه‌مه‌د كاره‌كته‌رێك نییه نموونه‌ی كوردێكی ئازا، له خۆبردوو، هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌و خاسییه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه كوردیان پێ ده‌ناسرێته‌وه بێت. بگره له زۆر شوێنی چیڕۆكه‌كه‌دا، مه‌مه‌د ده‌كرێته پاساوێك بۆ لێدان له كورد. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كه چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك له چیڕۆكه‌كه‌دا هه‌یه وه‌ك::_
- لا12 -نووسیویه‌تی:(بوو به بیست و دووساڵ ته‌نها ده‌واره شڕه‌كه‌ی مابووه‌وه) به‌ڵام له لاپه‌ڕه(15)دا، دوای ئه‌وه‌ی مه‌مه‌د پیره‌مێرده‌كه ده‌بینێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوێژی ڕۆیشتنی پێ بكات، پیره‌مێرده‌كه پێی ده‌ڵێت:(تۆ بیست ساڵیت، چۆن له خۆته‌وه سه‌ر به وڵاتێكی دیكه‌دا ده‌كه‌یت). لێره‌دا، ته‌مه‌نی مه‌مه‌د له بری ئه‌وه‌ی زیاد بكات، كه‌میكردووه.
- لا 14 نووسیویه‌تی:_(مه‌مه‌د هه‌ستێكی ناخۆش به‌رۆكی گرتبوو، شوانه‌كان جنێویان پێ ده‌دا، ئه‌ویش زۆر به خۆیدا شكایه‌وه و دونیای له‌به‌ر چاو كه‌وت). واتا كوردێكی ترسنۆك بووه.
- لا 16_نووسیویه‌تی:_(خوا هه‌ڵناگرێت ئه‌م كوردانه، خه‌ڵكێكی دڵپاك وساویلكه‌ن). واتا هیچ نازانن و زوو هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنرێن.
- لا17 نووسیویه‌تی:(مه‌مه‌د وای ده‌زانی خه‌ون ده‌خورێت و ده‌خورێته‌وه). ئه‌م وه‌سفه بۆ مه‌مه‌د، ئه‌و په‌ڕی نه‌نگی و شكاندنه‌وه‌یه. چونكه هه‌ر كه‌سێك كه‌مێك شاره‌زایی له مێژوو هه‌بێت، ده‌زانێت كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی كورده‌كان، له مانای خه‌ون و لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان به‌له‌د نین!.
- لا28_نووسیویه‌تی:_( جل‌و به‌رگی كۆنیش ڕه‌نگ و ڕووی گه‌چڵاندووه) گه‌چڵاندن بۆ ڕه‌نگ و ڕوو نابێت. لێره‌دا به‌مانای تێكچوون به كارهاتووه، به‌ڵام ده‌م و چاوی مرۆڤ ناگه‌چڵێنرێت.
- لا38-( دوای ئه‌وه‌ی دوره‌تولملوك سنگ و به‌رۆكی خۆی بۆ مه‌مه‌د واڵا ده‌كات، هێشتا نازانێ مه‌مه‌د كێیه و ناوی چییه، چونكه وه‌ك پیاوێك خۆی پێ ناساندووه. كه‌چی پێی ده‌ڵێت مه‌مه‌د وامه‌كه) نازانم چۆن زانی ناوی مه‌مه‌ده؟!.
- لا 74-نووسیویه‌تی:_( تووكی باڵنده) بێگومان باڵنده په‌ڕی هه‌یه، نه‌ك تووك، چونكه تووك بۆ شیرده‌ره‌كانه!.
- لا87-نووسیویه‌تی:_(ئێواره‌ی هه‌ردوو ڕۆژی سی و نۆیه‌مین و كۆتایی). لێره‌دا، مه‌به‌ست له چله‌مین ڕۆژه‌كه‌یه، به‌ڵام سی‌و نۆیه‌مین و كۆتایی مانای وایه، ته‌نها سی و نۆ ڕۆژ بووه. له كاتێكدا مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه‌یه، كه چل ڕۆژ مۆڵه‌ت به مه‌مه‌د دراوه.
- لا88 (دوای ئه‌وه‌ی دێوه‌كه هه‌فتا هه‌زار ڕوحی كارامه بانگ ده‌كات و كاریان پێ ده‌سپێرێت، بۆ دروست كردنی كۆشكێك له زێڕو زیو بۆ مه‌مه‌د، ده هه‌زاریان زێڕو زیوه‌كه دێنن، ده هه‌زاریان بناغه‌ی كۆشك دا ئه‌نێن، ده هه‌زاریان پرده‌كه دروست ده‌كه‌ن، ده هه‌زاریان به دنیا بڵاو ده‌بنه‌وه) بێگومان ئه‌مه ده‌كاته (چل هه‌زار) ، سی هه‌زار دێوه‌كه‌ی تر ونن، وه‌رگێڕو نووسه‌ری به ناو ئه‌و چیڕۆكه‌ش پێمان ناڵێن كاریان چبوو؟
- لا 91 نووسیویه‌تی:_(تانجییان خسته سه‌ر سه‌ری مه‌مه‌د) تانج، هه‌ڵه‌یه تاج دروسته. چونكه تانج به مانای بازی سه‌ر مل دێت و پله‌به‌ندییه‌كی سه‌ربازییه. له كورده‌واریدا كه‌س ناڵێت تانجییان له سه‌ر نا، به‌ڵكو ده‌ڵێن تاجیان له سه‌ر نا.
- لا116:_(دوای ئه‌وه‌ی مه‌مه‌د، زێدی خۆی جێدێڵێت و چه‌ند ساڵێك دوور ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته پاشا، جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو خێڵه‌كه‌ی) به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهات و گۆڕانكارییانه‌ی له ژیانی مه‌مه‌د هاتوونه‌ته ئاراوه، ته‌نها شه‌ش ساڵًییان به سه‌ردا تێپه‌ڕیوه. كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه و پارادۆكسێكی زه‌مه‌نی گه‌وره‌یه له چیڕۆكه‌كه‌دا.
- لا 120 (په‌یكه‌كه ده‌ڵێت به هه‌موو ژیانی خۆم، مرۆڤی وا ساده و ساكاری وه‌ك مه‌مه‌دم نه‌بینیوه) وه‌سفه‌كه دیاره و پێویست به شرۆڤه‌كردن ناكات.دواجار ده‌ڵێم، كایه‌ی وه‌رگێڕان له نێو ئێمه‌دا، پێویستی به ڕێكخستن و به یاساییكردن و به هونه‌ریكردن هه‌یه. ناكرێت هه‌ر كه‌سێك چی مه‌به‌ست بوو، به ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵیبژێرێت و وه‌ریبگێڕێت، به بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ئه‌وه بكات كه ئاخۆ ئه‌م به‌رهه‌مه، چه‌ند خزمه‌ت به خوێنه‌رو كولتوور‌و فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌كات. وه‌رگێڕان پرۆسه‌یه‌كی قورس و به‌رپرسیاریه‌تییه، زۆر له‌وه گه‌وره‌ترو مانادارتره، كه‌سانێك بۆ خۆ ده‌رخستن و ناو ده‌ركردن، پێیه‌وه سه‌رقاڵبن. كتێبه‌كه‌ش گه‌رچی سێ كه‌س پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانییان بۆ كردووه، وه‌لێ هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌ن.
- په‌راوێز: مه‌مه‌دی كورد، نووسینی: چارلزوێڵز، وه‌رگێڕانی: عه‌بدوڵاعه‌بدوڵا، بڵاوكردنه‌وه‌ی:كتێبخانه‌ی ئه‌حمه‌دی خانێ_سۆران 2020.
• ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره (3412) ڕۆژی 1/2/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه..