وتارێکی جەمال نەبەز بە ئەڵمانی لەبارەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا
جەمال نەبەز کەسێکی فرەبەهرە بوو، لە یەککاتدا «مێژوونووس، ئەدیب، سیاسەتمەدار، زماننزان، وەرگێڕ، مامۆستای زانکۆ» جگە لە زمانی کوردی کۆمەڵێک زمانی بیانیی دەزانی، ئەمەش هاوکاری باشی کردبوو، تاوەکو دونیابینی و رۆشنبیری خۆی فراوانتر بکات. لە هەمووشی گرنگتر زیاتر خزمەتی گەلی کورد بکات بەتایبەتی لەڕووی ناساندنی کەلتوری کوردی بە وڵاتانی جیهان لەپێش هەموویانەوە گەلانی عەرەبی و ئەڵمانی، چونکە کۆمەڵێک کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەی گرنگی بەم دوو زمانە نووسیوە.
لە ماوەی پێشوودا لە سلێمانی سەردانی «رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز»م کرد، لەراستیدا بوونی ئەم بنکەیەش، خۆی لە خۆیدا خزمەتێکی گەورەیە بە ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بەگشتی و ئەدەبیاتی مامۆستا جەمال نەبەز بەتایبەتی. بەداخەوە ئێمە زۆر کەم گرنگییمان بە هێشتنەوەی توراسی مامۆستایانی پێشوومانداوە بەتایبەتی لە بواری ئەدەبیی و فەرهەنگیدا، لەکاتێدا زۆر لە وڵاتانی جیهان، لەپاش مردنی نووسەر و هونەرمەندان، بنکەیەک یان ماڵی نووسەرەکە وەکو مۆزەخانەیەک دەهێڵنەوە، بۆئەوەی لەلایەکەوە نەوەی نوێ رێز لە مامۆستایانی پێش خۆی بگرن، لەلایەکی تریشەوە پارێزگاری لە کەلتوری خۆیان بکەن و بە جیهانی بناسێنن. هەربۆیە ئەم هەوڵەی ئەو بەرێزانەی رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز، مایەی دەستخۆشی لێکردنە.
لەوێ کاک دەوەن مەعروف بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی مامۆستای جەمالی پێ پیشاندام، لەوانە کتێبەکانی مامۆستا بە زمانی ئەڵمانی و عەرەبی، جگە لە کۆمەڵێک وتار بە زمانی ئەڵمانی، کە هەر هەموویان تەوەری سەرەکییان گەلی کوردستانە. یەکێکیش لەو وتارانەی کە بووە مایەی سەرنجم، وتارێکی مامۆستا جەمالە کە لە ساڵی 1972 واتە پێش 52 ساڵ، لە گۆڤارێکی زانستیی ئەڵمانی، لە بارەی ئەستێرەنناس و کەسایەتیی ناوداری کورد « شێخ حەسەنی گڵە زەردە» یە.
وتارەکە بەناونیشانی:( Ein kurdisches Mond-Observatorium aus neuerer Zeit، روانگەیەکی کوردی بۆ بینینی مانگ لەسەردەمی نوێدا) کە لە گۆڤار( خۆرهەڵاتنناسی ئەڵمانی)دا بڵاوکراوەتەوە. لە وتارەکەدا جەمال نەبەز باسی کەسایەتی شێخ حەسەنی گڵە زەدەردە دەکات و دەڵێت: ئەو ئەسترۆناوێکی» ئەستێرەنناس « کورد بووە لە ناوەڕاستی سەدەی 18 دا ژیاوە، کۆمەڵێک کتێبی گرنگی نووسیوە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عیراقەوە سووتێنراون.
لەلایەکی ترەوە باسی ئەو داهێنان و کارە گرنگانە دەکات کە ئەم ئەستێرەنناسە کوردە کردووەیەتی، هەروەها باسی ئەو بورجە دەکات کە شێخ حەسەن دروستیکردووەو دەڵێت: ئەو بورجێکی ستوونی لەسەر شاخی گڵەزەردە دروستکردووە، کە لە بەرد و گڵ دروستکراوە.
پاشان باسی شاخی گڵە زەردە دەکات، گرنگی و پێگەی ئەم شاخە باس دەکات، کە دەکەوێتە نزێک شاری سلێمانییەوە.
بە گشتی ناساندنی ئەم کەسایەتییە کوردیە بە گەلی ئەڵمانیا، کە لە بواری زانستیدا داهێنانی کردووە، خزمەتێکی گەورەیە. لە داهاتوودا هەوڵ دەدەم تەواوی ئەو وتارەو وتارەکانی تریشی، لەگەڵ چەند کتێبێکی کە بە ئەڵمانی نووسیویەتی، وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی، ئەمەش پڕۆژەیەکی رێکخراوی رۆشنبیری جەمال نەبەزە لە سلێمانی، هیوادارم بتوانم بە ئەنجامی بگەیەنم.