Skip to Content

ڤالانتاین تێکوشانە، تێکوشانیش عەشقە.. بەرەڤان

ڤالانتاین تێکوشانە، تێکوشانیش عەشقە.. بەرەڤان

Closed
by شوبات 14, 2021 General

عەشق لەم جڤاتەدا، کە شووناسمان گەیشتووتە خاڵی کۆتایی، ڕوو لە سەرکەوتنەکانی چیا دەکات. ئەگەر پێناسەیەکی کوردانە بە عەشق بدەین ئەوەیە لەگەڵ هەر هەنگاوێکی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی خۆی و بەرخودانێکی ڕۆحیی دژی فاشیزم و دژی کۆنەخوازیی، خۆی لە جانی ژیاندا، بەرجەستە دەکات. بە مانایەکی تر، عەشق بەرجەستەکردنی ژیانە لە جەستەیەکی وندا. عەشق سەرکەوتن نییە، بەڵکو سەرکەوتن عەشقە. ئازادیی عەشقە. عەشق لە پێناو هیچ شتێکدا نییە، بەڵکو دەبێت کۆی ڕێکخستن، سیاسەت، شۆڕش و شەڕەف لە پێناو عەشقدا بن. عەشق ئامراز نییە بەڵکو ئامانجە.
ئەم عەشقە چۆن بەدیدێت؟ لە کێدا بەرجەستە دەبێت؟ کێ عاشقە؟
کەسێک لە هەموو ڕوویەکەوە داڕووخاو بێ ناتوانێ عاشق بێت، عەلی عاشقەکان بە گۆشەگیری و بەبێ تێکوشان عاشق نین، جەنگاوەر نمونەی هەرە بەرزی عاشقە، بەڵام خودی عەشق نییە، عەشق لە دوای سەرکەوتن و ئازادیی بەدیدێت. عەشق بوونی نییە تا ئازادیی بوونی نەبێ، ئێمە پێویستە جەنگاوەری ئازادیی و بەرخودان بین، تا بۆنی عەشقمان لێبێت، کاتێک بووینە جەنگاوەر لە عەشق نزیک دەبین، کە سەرکەوتنمان تۆمار کرد و ئازادیمان بەدەستهێنا، ئەوکات عاشقین.
لەم ڕوانگەیەوە، کورد دەبێ خۆی لە ڕۆژی ڤالانتایندا گێل بکات، چونکە عەشق لە ناو نەریت و مللەتێکی شووناس وندا، بوونی نییە. گوڵە سوورەکان با پێشکێشی ڕۆحە نەبەزیوەکانی چیای گارە، بکەین.
گوڵفرۆشەکان بۆنی خیانەتیان لێدێ، سەنیاڕەکان گوڵەکان زەرد دەکەن. گوڵ لە ژینگەیەکی وادا، جوان نابێ. لێرەدا کە هەموو مێژوو خیانەتە و هەموو پەیوەندییەک خیانەتە، گرێبەستی خۆشەویستی ترسناکترین گرێبەست بێت، عەشق لە دایک نابێت.
لەم دۆخەدا، بکوژی ڕاستەقینەی عەشق هاوسەرگیرییە. لەبەرئەوەی تۆ نەک لە ڕووی نەتەوە و جوگرافیاوە ئازاد نیت، بەڵکو ئازادییە تاکییەکان و بەرتەسکەکانیشت نییە، ژن و مێردیش لەگەڵ یەکتر ئازاد نین، هیچ سەرکەوتنێکت نییە، پێویستیمان بە ڕۆحێکی جەنگاوەریی تا سەر ئێسقان لەخۆ بردوو هەیە. بە هاوسەربوونت، شتێکی نوێ ناخولقێنی، ئازادیش ناخولقێنی، کەوایە عەشقیش نابێ.
کە جەنگاوەر نەبووی و ئیڕادەی هێزت نەبوو، ناتوانی لەگەڵ هاوسەرەکەت بوونێکی سەرنجکێش و لەخۆت جەنگاوەرتر بخوڵقێنی، بەڵکو بەڵایەکی تر بۆ کورد دەخوڵقێنی.
هاوکێشەکە بەمجۆرەیە: بەرخودان تێکوشانە، کە تێکوشان بووە سەرکەوتن، سەرکەوتنیش بووە ئازادی، ئازادیش دەبێتە عەشق. جەنگاوەر ئەم هاوکێشەیە لە ژیاندا بەرجەستە دەکات و لە ناو شۆڕشدا نەمری دەکات.
کەسێک جەنگاوەربوونی خۆی و ئازادبوونی خۆی و سەرکەوتنی خۆی، بسەلمێنێ، پێیدەڵێین عاشقی و پیرۆزە!

بەرەڤان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish