Skip to Content

ساڕێژکردن.. کەنعان مدحەت

ساڕێژکردن.. کەنعان مدحەت

Closed
by حوزه‌یران 17, 2021 General, Poems

بۆزڕە هاوەڵە (بەقسە) ئەکادیمییەکانی زانکۆی گەرمیانم

ئەو خەرمانە نائارامی و ئازار پێ گەیاندنانەی
بە مەبەست قەڵا پێ چۆڵکردن و
بەندە بە دەستدانم
وا لەسەر مێزی پشووی هاوینا
راخستووە و
سەرقاڵی پێداچوونەوە و
ساڕێژکردنی ئەندامە هەوکراوەکان و
لێبوردنی یەکجارەکی و
رێکخستنی سەرلەنوێی پەزڵی پەیڕەو و
پەیوەندییە مرۆییەکانمم..
ئەوانەی هەرس کران
درێژایی زێرابیان پەڕاند و
توان و
شوێن پێشیان سڕایەوە
وانەی هەرس نەکراون
بێ بەزەیی
بێ ماندووبوون
وەک خۆ کاوێژکردنی سێبەر هەر
بە دوومەوەن

چەندم هەوڵدا فانوسەکەی سوقراتیان بۆ هەڵکەم
بۆ ئەوانەی لە ڕۆژیشدا
غەرقی کوێرە شەوگاری کەلارن
چیتر دەستبەرداری تروسکە نەبن
تەنانەت لە ئاسۆش پاڕامەوە
بە سەرپێیشبێ لە سەردانتان پێ نەبڕێتەوە
بەڵام چی لە ئاگربەستی بێهودەی ژین و مەرگ
کە جگە لە چاوەڕوانی و خەم…
هیچیتریان لێ ناکەوێتەوە

بە کەسێ جریوەی ئەستێرە دەخوێنرێتەوە
خودی لە نەوەی ئاسمان بێت
کەسێ دەتوانێ شاباڵ دەربێنێ
خۆی لە توخمی پەپوولە کەوتبی و
فێرە هەڵفڕینبێت..
تیری تاڵە لاوانەوەی
لە قورگی زۆڵەوە ئاراستەکراو
ناخی شاخی چوون هەڵگوردی پێ ناپێکرێ
لە بەتاڵی هەوادا هەر بە نەزۆکی بەردەبێتەوە

مردن قەت بە ئەزموونا تێنەپەڕیوە
هەر بۆیە زیندووە لە مردوو بێ گیانترەکان
لە بەهاکانم بەدەر و
لە یادگارییەکانما
ون و
زڕن….

ئەو خەرمانە نائارامی و ئازار پێ گەیاندنانەی
بە مەبەست قەڵا پێ چۆڵکردن و
کەسایەتی بە دەستدانم
وا لەسەر مێزی پشووی هاوینا
راخستووە و
سەرقاڵی پێداچوونەوە و
ساڕێژکردنی ئەندامە هەوکراوەکان و
رێکخستنی سەرلەنوێی پەزڵی پەیڕەو و
لێبوردن و
پەیوەندییە مرۆییەکانمم
پەیوەندییە مرۆییەکان..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish