چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا … بەشی دووەم و کۆتایی… هەڵۆ بەرزنجەیی
چەند پەیڤێکی پێویست:
ئەم چاوپێکەوتنە، بۆیەکمجار بەر لە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤاری خوێندکاری کورد دا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤاری ناوبراو،بەهۆی کەم دەرامەتییەوە بە تیراژێکی کەم دەردەچوو و بڵاودەکرایەوە. لەم سۆنگەیەوە باوەڕم وایە بەشێکی زۆری خوێنەری کورد و بگرە دۆستانی کاک کوردۆش چاویان پێنەکەوتووە. بۆ یادی ئەم ساڵی کۆچی دوایی گیانی پاک و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و خزمەتی وشەی کوردیی هاوبیر کوردۆ ( ١٩٥٠ ـ ٢٠١٦)، بەچاکم زانی جارێکی تر بێ هەڵە و کەمووکوڕی تایپی بکەمەوە و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.
چاوپێکەوتنەکە تێروتەسەلە و لەگەلێ ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە و تیشکێکی هەمەلایەن دەخاتە سەر کۆمەڵێ بابەت و باسی جۆراوجۆر.
هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/١٢/٢٠١٨ بەرلین
١٠ – ھونەری وەرگێڕان ھونەرێکی بەرز و زەحمەتە. بەڕێزتان بەوەرگێڕانی سەرکەوتووانەی کۆمەڵێک بەرھەم، کتێبخانەی ژیکەڵەی کوردیتان دەوڵەمەند کردووە. دەمانەوێت بزانین ئەو مەرجانەی پێویستە لە وەرگێڕاندا ھەبن چین؟ چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ چ ڕێچکەیەک لە وەرگێڕاندا دەگرنە بەر؟.
بەڵێ راستە، وەرگێران کارێکی ھەروا ئاسان نییە، وەک ھەندەک تێیگەیشتوون، بەڵکە ھونەرێکی بەرز و کارێکی زەحمەتە، چونکە تۆ تەواو ئازاد نییت لە دەربڕیندا، بەڵکە پێبەندی دەقێکیت و ناتوانیت لێی دوورکەوییەوە و بە ئازادیی گوزارە لە ھەستی خۆت بکەیت.
بەبڕوای من مەرجی یەکەم بۆ وەرگێڕان توانا و مەیل و ئارەزوویەکی ئاشقانەیە، کە بەھەوڵی بەردەوام و بێ پسانەوە، بەخۆڕاھێنان، گەشە و شکۆفە دەکات و تیفتیفە دەدرێ. لەتەک ئەوەدا، زانینی تەواوی ھەردوو زمانەکە و پەیبردن بەگشت کەلێن و قوژبنەکانیان و شارەزاییەکی قووڵ لەبواری ئیدیۆم وقسەی نەستەق و پەندی پێشینانیاندا، یەکێکە لە مەرج و پێویستییە ھەرە گرنگەکان، دەنا وەرگێڕ دەکەوێتە ھەڵەی زۆر زەق و خەوشدارەوە و چێژ و پێز لە دەقەکە دەبڕێت و گەلەکجار واتاشی دەشێوێنێت.
بە قەناعەتی من ، زمان نیوەی نووسینە، بۆیە زۆر گرنگە وەرگێڕ بە زمانێکی ڕەوان و پاراو، دەقەکە وەرگێڕێت، زمانێکی شیرینی وا، کە سەرنجی خوێنەر ڕاکێشێت و بۆ خوێندنەوەی پەلکێشی کات. زمانێک بێت، خوێنەروا ھەست بکات کە ئەودەقە لە بنچینەدا ھەر بەو زمانە نوسراوە.
ھەرجار کە « داغستانی من » دەخوێنمەوە، لەبەرخۆوە دەڵێم ئەمەیان گوڵی دیوی یەکەمی فەرشەکەیە. لەخۆوە بیرم بۆ وەی دەچێت کە لە پێشدا مامۆستای ھێژا و بەھرەمەند ، کاکە عەزیز گەردی وەریگێڕابێت، ئەوجا ڕەسووڵی حەمزەتۆف نووسیبێتی. من لەو باوەڕەدام گەر حەمزاتۆف خۆی کورد بایە و بە کوردی نووسیبای، ھێندە شیرین و پڕچێژ بۆی دانەدەڕێژدرا.
ئەفسانەی چیای ئاگرین و قەڵای دمدم و شاکارەکانی دیکەی مامۆستای ھێژا شوکور مستەفا و سیاحەتنامەکەی مامۆستای دلۆڤان سەعید ناکام و شەرەفنامەکەی رەوانشاد ھەژاری موکریانی و گەلەک شاکاری دیکەمان ھەن سەرتۆپ و نموونەی ھەرەبەرزی وەرگێڕانی بەپێز وپڕچێژ و سەرکەوتووی کوردیین و کتێبخانەی قشتەڵەی ھەژارانەمان، بەوانەوە ئاوەدانن و دەبێت ھەموو خاوەن ویژدانێک شانازییان پێوە بکات.
بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، کە دەفەرموون : چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ دەبێت ڕەپ وڕاست بڵێم: من بابەتەکە ھەڵنابژێرم، بەڵکە بابەتەکە خۆی خۆی دەسەپێنێت و ھەڵمدەپێچێت بیکەمە کوردیی. ھەرچی بەھەر زمانێک دەخوێنمەوە و سوود و چێژێکی لێوەرگرم، حەزدەکەم دەمودەست تەرجەمەیکەم، تا خوێنەری تینوو و تامەزرۆی کوردیش لەو چێژ و خۆشییە بێبەش نەبێت.
شارەزایانی بواری ھونەری وەرگێڕان، چوار شێواز دەستنیشان دەکەن:
١- وەرگێڕانی وشە بە وشە
٢- وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە
٣- وەرگێڕانی دەقاودەق
٤- وەرگێڕانی واتا بە واتا
من لە کاری وەرگێڕانمدا ھەمیشە ھەوڵمداوە شێوازی واتا بە واتا بگرمە بەر، یانی مەبەستمە کرۆک و جەوھەری دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم و بەپەرۆشەوەم بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان، بەزمانی نووسین، نەک قسەکردن، نێوەڕۆکی دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم. ئیدی تا چەند سەرکەوتووم و چەندە ئامانجم پێکاوە، بڕیارێکە خوێنەران و مێژوو دەیدەن.
١١- وەک نووسەرێکی خۆماندووکەر و پشت بەستوو بە چەندین سەرچاوەی جیھانیی ، بەچەند بەرھەمێک بەرپەرچی مارکسێتی و چەپی کورد دەدەنەوە، ئەمەش بۆتە مایەی دابڕانی لەقەبی ئەنتی مارکسی بەسەرتان دا.تا کوێ لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا یەکدەگرنەوە؟
وشەی ئەنتی لەزمانی کوردیدا واتایەکی دزێوی پێبڕاوە، زێتر بەواتای دوژمنایەتی لێکدەدرێتەوە نەک دژایەتی کە مانای راستەقینەی خۆیەتی ئەوەش داھێنانێکی مارکسیانەی کوردانەیە تا دژەکانیانی پێ بەچەترسێن و دەمکوتکرێن و کەس پڕکێشی ئەوەنەکات ڕەخنە لەو بیر و بزووتنەووە پیرۆزە بگرێت. دەنا دژایەتی بەقەڵەم و دەم لە سنووری ململانێیەکی ئیدیۆلۆژیی ڕەوا و ڕاستگۆیانەدا مەترسی و زیانی بۆ پەزەکانی کەس نییە تەنھا بۆ ئەوانە نەبێت کە گووتنی ڕاستی و پەردەھەڵماڵین لەسەر درۆ و دەلەسە ماڵیان کاولدەکرێت.
ئەوان دەیانویست گشت لە گشتمان بەھبەھ بۆ پاشایەکی لندۆزەری ڕووت و قووت بکەین و بڵێین نامەخوا کە پۆشتە و پەرداخە و ئای کەجلکەکانی شیک و جوانە! من بۆخۆم لە کتێبی ئاشی چی و باراشی چی؟ دا کە لە وەرامی گوتارێکی کاک بەھادین نووری دا نووسیومە ئاشکرا و ڕەپ و ڕەوان گوتوومە: دژم؛ وەلێ دوژمن نییم. بەڵێ دژی گشت جۆرە دیکتاتۆرێتی و ملھوڕی و بێدادیی و خوێنڕێژیی و چاوگەی درۆ و دەلەسەیەکم من گەر لەسەر نووسین و گوتارەکانم لەقەبی ئەنتی مارکسیم پێوە بلکێنن ئەوا بەشەرەفێکی گەورەی دەزانم و وەک میدالیای سەرسنگ و بەرۆکی (کۆنە جەنگاوەران)ی دەبینم ئەوانەی عارەب بە المحاربین القدما نێویان دەبات.
ھەر لە ڕاستیشدا کراوینەتە جەنگاوەری کۆن ئەوەتا ئێستا مارکسپەرستەکانی کورد حەپولکی ئێمەمانان نادەن ئەوەی دە پازدە ساڵێک لەمەوبەر ئێمە دەمانگووت و پێی تاوانباردەکراین و لەسەری نەفرەتمان لێدەکرا تازەبەتازە بەخیرێ خۆیان ھەستدەکەن کەزۆربەی ڕاست بووە و کەمیشمان گووتووە. یانی مەودای جوداوازی و بڕکردنی بیرمان لایەنی کەم دەپازدەساڵێکە بۆیە ھەڵپەیانە بەپەلە تۆڵەی دەپازەساڵ تەمەن و بیری قەتیسماو و جەڕاویان بکەنەوە ئەوەتا ئەوڕۆ بەتەنکە شەرمێکەوە کۆنە گوتەکانی ئێمە دەجوونەوە و بەنرخی نوێش پێمان دەفرۆشنەوە.
جگەلەوە ئەگەر ئێمە تەنھا ئەنتی مارکسی بین ئەوا ئەوان خۆیان ئەنتی ھەموو چشتێکن ئەنتی چین و ئەنتی دین و ئەنتی پاک و ئەنتی چاک و ئەنتی بیر و ئەنتی ژیر و ھەتا گەلەکجار ئەنتی خۆشیانن.
لەبەرئەوە دەربەستی ئەو جۆرە ناوونەتۆرانە نیم و بەڵکە شانازییشی پێوە دەکەم کە بەر لە دەپازەدەساڵ وەک ئەورۆی ئەمان بیرمکردۆتەوە وێراویشمە زار بکەمەوە و چی بەڕاست دەزانم بیڵێم.
١٢- گەر شەڕی سارد بە سەرکەوتنی بلۆکی خۆرھەڵات کۆتایی ھاتبا، چارەنووسی مرۆڤایەتی بە چ ئاقارێکی دیکەدا ڕەوتی دەکرد؟
ئەگەری پرسیارەکەتان ،پەندەکەم دێنێتەوە یاد کە دەڵێت : “ئەگەر پوورم ڕدێنی هەبا، پێمدەگوت خاڵە”. هیچ کات و لە هیچ ڕوویەکەوە ، هەتا لە چڵەپۆپەی هێز و دەسەڵاتیشیاندا،هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە بەو شێواز و هەست و نەست و هۆشە سیاسی و بارە ئابوورییەوە داتەپیو و دواکەوتوو و شێواوەوە،لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتان، هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بێنن. بیر و بزووتنەوەکە لە مێژ بوو پایدۆستی لە بنەما ئیدیۆلۆژییەکانی خۆی کرد بوو، دەمێک بوو پشتیوانیی و پشتیگیریی جەماوەری لەدەست دابوو، تەنها سەری نێزە و زنجیری زرێپۆش ئەو کۆسیستێمەیان ڕاگیکردبوو. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەبوونی تەنها بلۆکێک لەو دوو بلۆکە، خۆی لە خۆیدا شکستی و زیانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، چونکە ترسی باڵادەستیی و فریشککەوتن و نەسڵەمینەوە و نەپرینگانەوە لە دەستدرێژی و ناخونەک و چاوزیتکردنەوە، زاڵە.
جگەلەوە، بانگاشەی وڵاتانی خۆرئاوا کە هەوڵی بەرقەرارکردنی سیستەمێکی نوێ و پاراستنی مافی مرۆڤ و دەستبەرکردنی ئازادیی میللەتان دەدەن، گشت لە گشتی درۆن، درۆیەکی پەتیی هەرزەخەڵەتێن، دەنا کێ دەستی گرتوون و بۆ هێشتا لەسەر داروپەردووی سیستێمە کۆنە بەدفەڕەکە هەڵکورماون و پارێزگاریی لە دەیان ڕژێمی کۆنەپەرستی، ڕەگەزپەرستی پیاوکوژی دنیا دەکەن و ڕۆژانە چاو لە صەدان و هەزاران تاوانیان دەقوچێنن و پینەوپەڕۆی دەلاقەی عەیبەشیان دەکەن. لێرە قسە نەستەقەکەی (ڕۆزفلت)م دێتەوە یاد، کە ئەوڕۆکەش پڕاوپڕ دەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی بەرژەوەنپەرستی ئەوروپادا ڕێکاوڕێک دەگونجێت. لە (ڕۆزفلت)دەپرسن:” بۆچ ئێوە پشتگیریی ئەو دیکتاتۆرە خوێنخۆرانەی ئەمەریکای خواروو دەکەن؟ ئەوانە هەموو کوڕی صەگن”. بەدەم قاقاوە دەڵێت:” ڕاستە، دەزانین کوڕی صەگن، بەڵام کوڕی صەگی خۆمانن”. دیارە هەتا ئێستەش هەر دڕندەیەک بەرژەوەندییان بپارێزێت، ئەوان بە ماڵی خۆیان و کوڕی صەگی خۆیانی دەزانن و بەوپەڕی تواناوە پشتیدەگرن.
هەڵبەت بلۆکی خۆرهەڵات بەو تەمەنە کورتەی خۆشییەوە، زەبری کوشندەی بە سەرجەمی بیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جیهان گەیاند و جەزرەبەیەکی خراپی دا. چونکە درۆ و دەسبڕیی دەگەڵ کردن، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی هەڵیدەسووڕاندن. بەڵێنی قەبە و دوورەدەست و پاشەڕۆژێکی ڕووناک و بەختیاری پێدەدان.
چاک بوو لە شەڕی سارد دا گلا و سەرەنگرێ بوو، دەنا لە بریتی تاقە ((ستالین))ێک، (ماو)ێک و (پۆلپۆت)ێک و (چاوچیسکۆ)یەک و (خواجە)یەک و… هتد، دەیان دڕندەی دیکە، دەیان خوێنڕێژی دیکەمان دەبوو، چنگۆڵەیان لە کڕکڕاگەی مرۆڤایەتی گیردەکرد و گشت بیرێکی ئازاد و گشتدەنگێکی ئازادیان، هەر بەنێوی ئازادییەوە، یاساغ دەکرد. هەموو دنیا دەبووە (ک.گ.ب) یەکی گەورە، دەبووە (شتازی)یەکی گەورەتر دەبووە(سێکۆریتاتێکی)مەزنتر.
١٣ـ بەدوای قوڵبوونەوەیەکی باش و سەرقاڵییەکی درێژخایەن لە ئەدەب و دراساتی ڕەخنەگر لە مارکسێتی ، ئێستا بە ناو چەپی کورد لە کوێی وێڵی و وێڵبووندا دەبینن؟
جارێ بەرلەوەی وەرامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم ئەوەتان عەرزبکەم کە زاراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ و گشت ئەو قسە پڕباق و بریقانە لەسایەی سەری مارکسپەرستەکانەوە، هێندە سووک و چرووک و بێتام و بێڕەونەق بوون، کە بە بیستنیان مرۆ لەشی دادەهێزرێت و نێویانی لا دەبێزرێت، چونکە تاوان بەرامبەر بەو زاراوانە کراوان و هێند سووکایەتییان پێکراوە، کەڵکیان لێبڕڕاوە و پووکێنراونەتەوە، قەت لە جێی خۆیاندا بەکارنەهێنراون و بە نای ناهەق پێچەوانەکراونەتەوە، کراونەتە خەسڵەتی شتێک کە بۆی ناشێن و دەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن.
مارکسیستی کورد ئەگەر وا زوو تێبگەن، فلیمەکە کۆتایی هات و بیرەکە ئاشبەتاڵی لێکرد، ئیدی مانای وایە نە مارکسین و نە کوردیشن. ئەوەتا ئەوەی ڕووس و دەوڵەتانی خولگەی، بەو هەموو ساڵانەی دەستەڵاتییان، بەو توانا مرۆڤی و سیاسی و ئابووری و سوپایی و ئیعلامییە زۆر و زەوەندەی بەردەستییانەوە، بۆیان نەچووەسەر و لە ژێریدا پسان و بۆڕیانخوارد، بەخێرێ بەنیازی ئەمان بۆیان هەستێننەوە و باری کەچیان بۆ ڕاستکەنەوە. مارکسپەرستی کورد، جاران بەو هەموو پشتوپەنا ماددی و مەعنەوییەیەوە، نەیانتوانی هیچ بە هیچ بکەن، ئێستەکە وەک زەڕنەقووتەی بێ باب و داک وان، دەبێت چییان لەدەست بێت و چییان پێبکرێت و چییان پێ بگۆڕدرێت؟ ئەوانەی هێشتا لەسەر ئەو بیرە ماون و توندڕەویی دەکەن، دیارە هەرزەکاری سیاسین و پەند لە هیچ نسکۆ و نەهامەتییەک وەرناگرن.
١٤ـ ماوەیەکی زۆر خۆتان لە ڕیزی پارت و ڕێکخراوی نەتەوەییدا دیوەتەوە و سەرپەرشتی کاروبارتان کردووە،ئەو ئەزموون و سەردەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مادامێکی پرسیارەکە پەیوەندی بە خۆم و دەور و ڕۆڵی خۆمەوە هەیە، حەز دەکەم بەوە دەست پێبکەم کە بۆ خۆم هەر بە هەژدەساڵی هەوای سیاسەت لە کەللەی دام و لەو دەورووبەرەی تەمەنی هەرزەکاریمدا تێکەڵی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان بووم و دەگەڵیان تێهەڵچووم. لەوەبەر هەر لەخۆوە، بەسۆز بووبوومە کۆمەنیست، بێ ئەوەی بزانم کۆمۆنیستی چییە، خۆم بە کۆمۆنیست دەزانی. بەوەی چاک بوو کۆمۆنیستان پێیان نەزانیم و زوو دەستیان پێمدا نەگەیشتوو و دەستەمۆیان نەکردم، دەنا لەدەست دەچووم. یەکێتی قوتابیانی کوردستان، یەکەم قوتابخانە و فێرگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییم بوو، تێیدا فێری نیشتمانپەروەریی و خۆناسین و کوردناسین بووم. کاتێک بوومە ئەندامی پارت، هێشتا ڕەش و سپی سیاسەتم لێک هەڵنەدەبوارد، لێ هەستم دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر هۆشم بەبەردا دێتەوە و تا دێت لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتمدا هێورتر دەبم و کوردانەتر بیردەکەمەوە و بەرەو پێشکەوتن دەڕۆم.
پاشان دیتم ئاسۆی تاکتیک و ستراتیژ و ڕێباز و ڕێڕەوی سیاسی پارتی، جێگەی خەون و خەیاڵ و ئاواتە قاچاغ و قەدەغە و تامەزرۆ و بەرزەفڕەکانی منی تێدا نابێتەوە و خەریکن باڵی بیرم بکەن و هێدی هێدی کەوییمکەن. جارجارە لێرە لەوێ بە چپەوە، باسی تارماییەکی سەیرم بەنێوی (کاژیک)ەوە دەبیست، وەک شابازی چاوئەندازی، چاکنیازی فەنتازییەکانی من دەینواند. بە هەزار دەردیسەری و ئەمسەروئەوسەر دەروازەی سست و سەرکڵۆمکراوی تارماییم دۆزییەوە و قەدەرێکی چاک کوتام. ڕۆحیان کردم بە ئاو، تا بەخاوەخاو کردیانەوە. کە دەروازە قڵیشاو شەبەقی کزە ڕووناکی دڕیدا بە تاریکی، پیرە تارمایی، تراویلکە دەرچوو. ساڵانێکی زۆر هەردوکلامان (ئێمەش و کاژیکیش)خۆمان تەفرە دەدا، ئەو بە گوریشمە و نازێکەوە خۆی وا نیشان دەدا، کە گوایە حیزبە، ئێمەش گێل گێل بەدیار ئەو مەلۆتکە هەر بە مردوویی لەدایکبوەوە، هەڵتروشکابووین و وامان پێشان دەدا، کە گوایە ئەندامین.
دەبێت لێرەدا ڕاستییەک بۆ مێژوو و بۆ وەچەکانی داهاتوو تۆمار بکەم، بە بڕوا و باوەڕی من، بوونی کاژیک بەو شێوە سڕ و سست و شل و پەیت و بێ جووڵە و چالاکییە، بوونی ئەو مەلۆتکەیەی هەر بە مردوویی لە دایک بوو و کەس دڵی نەیهێنا، یاخود نەیپەرژا بینێژێت، مەزنترین کۆسپ و گەورەترین تەگەرەبوو لەسەرەڕێی بیر و بزوتنەوەی نەتەوەییانەی کورد دا. توندترین زەبر و گەورەتریبن سەکتەی لەو بیر و ڕێبازە وەشاند و نیوسەدە لە گۆی خست و دوای خست و سڕی کرد و هێز و پێزی لەبەربڕی، چونکە بوونی ئەو تارمایی و داهۆڵە، مانەوەی ئەو توێکڵە بێ نێوەڕۆکە، ڕێگەی ئەوەی بەسەوە بیر و بزوتنەوەیەکی نەتەوەییانەی ڕاستەقینەی کامڵ و خەمڵیی بێتە کایەوە و سەرپێی خۆی کەوێت و جڵەوی کارەکە بگرێتە دەستی خۆی. ئەوەی هەبوو، خەیاڵێکی ڕۆمانسییانە و فەنتازی بێباج و بێنیازی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر بوو، کە مخابن هەرگیزاو هەرگیز بۆیان نەکرایە واقیع. لە دایکبوون و نێونان و مردنی مەلۆتکەکە، لەیەک کاتدا بوون، پێکەڵپێکی یەکبوون.
لە دۆنادۆنەکەی کاژیک و پاسۆکیشدا، هەرچی خەسڵەتی بەدو بێکەڵکی کاژیک هەبوون، گشت لە گشتیان زانە هەناوی پاسۆکەوە و هەر لە سەرەتاوە ئەویش بە شەپڵەلێدراوی زایەندرا. جگەلەوە، ڕاستتان دەوێت من سیما و خەسڵەتی بیرێکی نەتەوەیی کوردیی کامڵ و خەمڵیو نابینم. بیر و بزووتنەوەیەک بە چوار بەیان و سێ نامیلکە و دوو دروشمی زەقی کۆپییکراو، ناگاتە قۆناغی کەماڵ و ناتوانێت لاف و گەزافی قەبە و لەسەنگی خۆی قورستر لێبدات. ماکی یەکەمی شکست و لانەوازیی و لاوازیی ئەو ڕێبازە، کەمتوانایی و بەتەنگەوەنەهاتن و خۆخڵافاندن و خۆخەڵەتاندنی ڕێبەران و کادێران و ڕێونکەرانی خۆیەتی، دەنا هەرچی شت هەیە لە کوردستاندا ڕەواجی نەدەبوو، تەنها بیری نەتەوەیی نەبێت. هەتا جاشێتیش بەبرەو بووە، چونکە کاری بۆ کراوە. ئەوانەی تاوانی نوشوتی و بێ برەوی و کەم ڕەواجیی بیرەکەیان، بە شانی کەسان و دەستەوتاقمی دیکەدا دەسوون و قسورەخۆیی و قسرەزاتییەکە فەرامۆش دەکەن،ناڕاست و دوور لە واقیعن و هەمدیسان خۆ و جەماوەر فریودەدەنەوە.
تەجرەبەی من لە ڕیزی بیر و بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا، ئەزموونێکی تاڵ و نوچدان و نوشوستییەکی گەورەیە و هەست دەکەم ڕەنج بەبابووین و قەت قەت واقیعانە بیرمان نەکردۆتەوە و وەک پێویست کارمان بۆ بیرەکە نەکردووە، بەڵکە هەر خەریکی قسەی قەبە و سەوز و سوور و بێ باج بووین.
١٥ ـ نووسەرێکی بێگانە پێناسەی خۆی لە هەندەران ئاوها دەکات:” من درەختێکم لق و پۆپ و گەڵام شین بووە، وەلێ ڕەگ و ڕیشەم بەم خاکەوە نییە”.تۆش ساڵانێکی زۆرە پەڕیدەی هەندەران بوویت،تاراوگە بۆ تۆ چ دەبەخشێت و چ کاریگەرییەکی لەسەرت هەیە؟.
ئاڵمان لەو ڕووەوە ووشەیەکی جوانیان هەیە، دەڵێن(entwurzelt) واتە ڕیشەکێشکراوە. ئەو درەختەی ڕیشەکێش دەکرێت، ناتوانێت لەسەر تاوێری دەربەدەری ڕەگ و ڕیشە داکوتێتەوە و بەرز هەڵچێت. من هەمیشە خۆم بە ئاوارە و نامۆ و مێوان زانیوە و خەونم بەو ڕۆژەوە دیتووە کە بتوانم بگەڕێمەوە ئامێزی زێدی ئازیزم. قینت لەهەرکەس بوو، نزا و تووکی لێ بکە، پازدە، بیست ساڵ لە مەفتەنی خۆی دوور کەوێتەوە و بە ئاوارەیی بژێت. گرنگترین شتانێک کە لە پەڕیدەیی هەندەران و دەربەدەریم فێربووبم، ئەوەیە: نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆمم لە جاران زێتر و تا ڕادەی پەرستن خۆش بوێت. خوێندنم تەواو کردووە و بڕێک زانست و شتی نوێ فێربووم، کە بۆ خۆم و ڕەنگە بۆ نەتەوەکەشم سوودبەخش بن. زمانێکی جیهانیی گرنگ فێربووم، بەباشی پێی دەخوێنمەوە و لەتەک بڕێک نووسینی خۆمدا، هەندەک بەرهەمی دانسقەم پێ تەرجەمە کردووە.
١٦ـ هیچ بیرەوەری و یادگارێکی ڕۆحیت لەگەڵ یادی شەهیدانی وەک کاکە فەتاح ئاغا و فەرهاد خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و کاکە جەلالی حاجی حسین و مولازم کەریم و کاک ئازاد مستەفادا هەیە،بتهەژێنن و بۆمان بگێڕیتەوە؟.
زامتان هێنامەوە سوێ و بەچەند کڵافەیەک ژان. دڵتان شەتەک دام. ئەو شەهیدە سەروەرانە بڕێکیان مامۆستا و برای گەورە و زێدە ئازیزم بوون، هەندێکیشیان هاوتەمەن و هاوڕێی گیانی بە گیانیم بوون، یادیان هەمیشە بە خێر و پڕ فەڕ بێت و ڕەوانی پاکیان شاد. لەگەڵ هەر هەموویان دا کۆمەڵێک یادگاری شیرینم هەن، کە گەش گەش لە بیر و هەستمدا دەچرسکێنەوە. گەر لەگەڵ هەر یەکێکیان دا یادگارێکی خۆم بگێڕمەوە، ڕەنگە باسەکە هێجگار درێژە بکێشێت و خوێنەر وەڕس بکات.
شەهیدان کاکە فەتاح مامۆستا و برای گەورە و ئازیزی هەموومان بوو، بۆیە یادگارێکی شیرین لەو ساتە خۆشانەی لە خزمەتی ئەو کەڵە مێرەدا بردوومەتە سەر، دەکەمە باقەبێنەیەک و لە بریتی گشت یادگارەکان دەیگێڕمەوە.
کاکە فەتاح لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییدا مامۆستای زمانی کوردیم بوو، یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە خۆشەویست و سەرکەوتووەکان. بە پێشمەرگایەتیش لە هێزی خەبات هەر براگەورە و سەروەرم بوو. قەت داوایەکم لێ نەکردووە بۆی جێبەجێ نەکردبم. هەتا دڵ دەخوازێت میهرەبان و قسەخۆش بوو. ئێوارەیەک لە مەریوانەوە حەمە فرێری شۆفێری نارد بە دووی من و کاکە برایمی حەمە عەلی دا. ترساین هەڵەیەک ، سەرپێچییەکمان کرد بێت. کە گەشتینە خزمەتی، فەرمووی: تاکەی؟ بۆچ داوای پشوویەک، ئیجازەیەک ناکەن؟ عەرزمان کرد: قوربان ئێمە پێشمەرگەین، ئیجازەی چی؟ فەرمووی: چاکە، دە ئەمشەو ناهێڵم بڕۆنەوە، میوانی منن. شەو پێکڕا نانمان خوارد و یەک دوو بیرەشمان پێکەوە خواردەوە. هەر لەوێش لە ماڵی خۆیان نواندینی. بەیانی زوو زوو وەخەبەری هێناین. فەرمووی هەڵسن بچنە ئەو مزگەوتەی ئەوبەر دەست و دەموچاوتان بشۆن و زوو وەرنەوە، گیپەم بۆ کردوون. ئێمەش لە خۆشی گیپە ڕامان کرد، بە پەلە دەستودەموچاومان پشیلەشۆر کرد. کە گەڕاینەوە، سینییەکی گەورەیان هێنا، کەدایان نا، یەک دوو ژێرپیاڵەی گچکە ماستی لەسەر بوون. کاکە فەتاح (یادی بەخێر و ڕەوانی شاد) پێکەنی و فەرمووی : ئەوە گیپەی پێشمەرگەیە.
١٧ـ باری ئێستای بزووتنەوەی خوێندکاریی و پیشەیی کورد چۆن دەبینن؟
بەداخەوە، هێشتا بزووتنەوەیەکی کوتکوتی شەق و پەقکراوی لاواز دەبینم، کە ناتوانم بە بزووتنەوەی خوێندکاران و پیشەیی نێویان بەرم و بڕوا ناکەم خزمەتی چاوەڕوان کراویان پێهەڵسووڕێت، چونکە لە بریتی ئەوەی باڵوێز و نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە کەساسەکەیان بن، بوونەتە چەند کەوڵسوورێکی بەر لەشکر و برغوویەک لە ئامێری خوێناویی و ژەنگاویی شەڕی چەپەڵی کوردکوژیی حیزبەکانیان و ئارمانجی سەرەکیی لە بیرکراوە و شتەکان لنگەوقووچ کەوتوونەوە.
١٨ـ لە تاقیکردنەوەی تاراوگەتانەوە چ پێشنیازێک بۆ خوێنەران دەکەن، لە بارێکدا وەک ئاگادارین وا بۆ چەند ساڵێک دەچێت هەوڵی گەڕانەوەی هێجگاریی بۆ وڵات دەدەن؟.
پێشنیاز و تکام لە گشت کوردێک ئەوەیە کە لەو هەل و دەرفەتەی ئەوروپایان سوود وەرگرن، هیچ نەبێت کەمەکێک لە ئەزموونی دێموکراسێتی و ئازایی و ئازادیی بیری ئەوروپا فێر ببن و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دا پێڕەویی بکەن و خۆیان لەو تەنگەتیلکەیی و تاقم تاقمێنە و پەرتپەرتی و لەتلەتییە دوورەپەرێز بگرن و نەبنە بەشێک لێی. بە بڕوای من، ئێمە بە هەڵە و لنگەوقووچ لە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی گەیشتووین، پێمان وایە شۆڕشگێڕ کەسێکە کە دەکوژێت، خوێندەڕێژێت، لەش دەنێژێت، لێ لە ڕاستیدا شۆڕشگێڕیی هەڵوێستە، ڕەفتار و ئامڕاز و ئامانجە، مەبەستە. شۆڕشگێڕ ئەو کەسەیە کە بارێکی کەچ و خراپ ڕاست دەکاتەوە و گۆڕانکارییەکی بنەرەتیی و بنجیی چاکی تێدا ئەنجام دەدات. بۆیە بەلای منەوە شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەر لە هەر شت، لە خۆیدا و ئەوجا لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریی چاک دەهێنێتە دی. ئەو کەسە شۆڕشگێڕە کە ڕاستگۆیانە و ئازایانە پێ لە هەڵە و پەڵەی خۆی دەنێت، ڕێز لە ڕاوبۆچوونی بەرامبەرەکەی دەگرێت و ئەوەی ڕاستە لێی دەسەلمێنێت. بەهیوام گشت کوردێک تا ئەو مەودایە و بەو پێ و دانگە شۆڕشگێڕ بێت.
١٩ ـ خوێندکاری کورد چۆن دەبینن؟
چیتان لێ بشارمەوە، ناڵێم خراپە، یا خوادانەکردە بێسوودە، بوونی چاکە و ئەویش دەنگێکە و جارجارە دەچریکێنێت، لێ ڕاستتانم دەوێت ئەوە نییە کە بە ئاواتی دەخوازم. جگەلەوە نێو و نێوەڕۆک و شێواز و مەبەستی لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن و جووت نایەنەوە و هاوتا ناوێستنەوە. گۆڤارەکە نە خوێندکار دەریدەکات، نە گوتاری خوێندکارانەی تێدایە و نە پێوەندیی بە خوێندکارانەوە هەیە، کەچی نێویشی (خوێندکاری کورد) ە. من لەسەر وەختێکدا ژیاندمەوە و مەخابن نێوی (خوێندکاری کورد)م لێنایەوە. کە خۆم خوێندکار بووم و زۆربەی هەرە زۆری گوتارەکانی خۆم دەمنووسین. لێ ئەو دەمەش هەر بە بیر و بزووتنەوەی خوێندکارانەی کورد تا ڕادەیەکی زۆر نامۆ و نابەڵەد بوو. من تکا و پێشنیاز دەکەم نێوەکەی بگۆڕن بە نێوێکی شیاوتر و گونجاوتر، بۆ نموونە (پەیک) یاخود(پەیام) جوان و لەبارن، یەکێکیان هەبژێرن. هەوڵیش بدەن لە بابەت و نێوەڕۆکدا کەمێک ڕەنگینتر و دەوڵەمەندتر کرێت. دیارە بەشێکی ئەو ئەرکە شانی خۆشم دەگرێتەوە، هەق وایە جارجارە کۆمەکێکتان بکەم.
٢٠ـ بار و زروفی ئێستای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کام داهاتووتان بۆ لەبەرچاو گرتووە؟.
بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان ئەنارخیستانەیە،وڵاتی فرەکوێخایە و گشتیان پێکڕا پەندە کوردییەکە پەیڕەو دەکەن کە دەڵێت:” ئۆخەی ئۆخەی،هەرکەس بۆ خۆی”. یاسا و داب و نەریت هەڵگیراون و ترس و دڵەڕاوکە و برسێتی و خەم و دزیی و جەردەیی و بەرتیل خواردن زاڵن. کەس لە گیان و ماڵ و سەر و سامان و ژیانی خۆی دڵنیا نییە. دەبێت ئا لەو حاڵ و بارەدا چاوەڕوانی چ داهاتوویەک بکەم. ئەوەی لە کوردستانێکی نیمچە ئازاد و چکێک وابەستەدا دەکرێت، لە هەر وڵاتێکی صەدان ساڵەی پێشکەوتووشدا کرابا، لە مێژبوو بووبووە وێرانە و ئاساری بەسەر پاتارییەوە نەمابوو.
پەشێو گوتەنی، وەرە ئەو برسێتی و دوژمنایەتی و چەکە زۆرە ببەرە وڵاتێکی پێشکەتووی وەک سویسرا و سوێدەوە،جا پاش ساڵێک حاڵی میللەتەکانیان دەبینیینەوە. گیان بەوەیە لە کوردستانی ئەوڕۆدا، خەڵکە بە حورمەتە کوردپەروەرەکە، نەبوو و برسییە، دەنا گەر پێچەوانەی ئەوە بایە، وەزعەکە هێجگار شپرزەتر دەبوو. ئالەو بارودۆخەدا، دەبێت چاوەڕوانی چ پاشەڕۆژێک بکەین؟
بە دڵنیاییەوە دەڵێم: گەر بەزوویی ڕێونکەرانی بزووتنەوەی ماڵوێرانکەری کورد، تیماری دەروونی نەخۆش و پەستی خۆیان نەکەن و کۆتایی هێجگارەکی بە شەڕی خۆکوژی نەهێنن و چارەسەرێک پەیدا نەکەن،یانی حوکمی مردنی میللەتەکە لەو کوتە وێرانەدا، پەنجەمۆرە دەکەن. هەرچیش بەسەر میللەتەکە بێت، تەنها و تەنها دوو گوڕنەتەڵەکە لێیبەرپرسیارن و مێژوو بواری هیچ پاکانەیەکیان نادات.
٢١ـ بۆ یادی صەدساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی چ بەرنامە و پێشنیازێکتان هەیە؟
بۆ خۆم بەرنامە و نەخشەی فرەم هەن و توانای کەم،تایبەت نەداریی و دەست کورتییەکە پشتی من، یاخود پشتی من و زۆرکەسی دیکەشی شکاندووە. بەڵام
گیان بەوەیە هیوا و ئاواتی پەتیی و هەناسەی سارد هەڵکێشان، پووڵی تێناچێت و دەتوانم بەکامی دڵ و بێ ترس و دەستەلەرزە، دەزوو بۆ کۆلارەی خەیاڵ و ئاواتی بەرزەفڕم بەرهەڵدا بکەم. ئاواتم ئەوەیە گشت توانا بەهرەدار و گەشەکان یەکخرێن و کۆتایی بەو کوتکوتی و پەرتپەتییە بهێندرێت و بە گشت لایەک هەفتەنامەیەکی سەربەخۆی ڕێک و پێک و گۆڤارێکی مانگانەی بە پیتی پڕ سوود، سەر بکەن بە گشت ماڵە کوردێکی پەڕیدەی دەستی تەڕییدەکان و تینووی وشەی پیرۆز و بە پێزی کوردیدا.
*************************************
سەرچاوە: گۆڤاری خوێندکاری کوردی، ڕێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کوردە لە ئەوروپا ـ سۆکسە، ژمارە ٢٤ـ٢٥ ی گەڵاڕێزانی ٢٦٠٩/١٩٩٧
بۆ زیاتر شارەزابوون لە کەسایەتی کاک کوردۆ و کار و بەرهەمەکانی خوێنەر دەتوانێ تەماشای ئەم لینکەی خاورەوە بکات. بابەتێکی بەندەیە بەناوی
Gesendet mit der GMX Mail App