Skip to Content

فلاشباک لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-25- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-25- ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی دووه‌م 9, 2021 General, Opinion


بەشی بیست و پێنج

ئەمڕۆ هەروەک دوێنێ یان وەک کۆی رۆژەکانی تری ژیانم، قەوانەکە دووبارە بووەوە، پرۆسێسەکە بەمشێوەیەیە: نان خواردن، خوێندنەوە، خواردنەوە، موجامەلەی درۆ، خەوتن. ئەمە شریتی ژیانی ئێمەیە و هەمیشە بەم جۆرە دەخولێتەوە و لەناکاو دەپچڕێت. وای نابینم هیچ حیکمەتێک لەم سوڕەی ژیانی مرۆڤ هەبێت، چەند حیکمەت لە بوون و ژیانی قالۆنچەیەکدا هەیە، هەر ئەوەندەش لە ژیانی مرۆڤدا حیکمەت هەیە. ژیان بێ بەهایە و لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی هیچە. رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر باوەڕم بەهێز ئەبێ بە هیچێتی بوون، بە هچێتی مرۆڤ. بە هیچێتی ژیان، هەموو شتێک لە هیچەوە هاتووە و ئەبێتەوە بە هیچ. سەرەتا هیچ هەبووە و کۆتایش هەر هیچە.
من بڕوام بەوە هێناوە، ژیان هیچە، لەگەڵ ئەوەش دەبینم، لەم ژیانە هیچەدا مرۆڤ کۆت و بەند دەکرێت و ناهێڵن لەززەت لە هیچێتی ژیان وەربگرێت. هەر لەم روانگەوە دژی چەوساندنەوەی چینایەتی و رۆحی قازانجخوازیی سەرمایە دەوەستمەوە، ئەگەرنا لەوە بەدەر ئەو گووتارە سواوەی چەپەکانی ئەم وڵاتە لە ژاوەژاوێک بەولاوە چیتر نییە لەلای من. ئێستا عاشقم، عاشقیش بوونەوەرێکی تایبەتە، سەری دنیای بە پووش لە خۆی گرتووە.
بڕوام وایە ئەو دێڕەی “ئۆریانا ڤالاچی” لە رۆمانی “نامە بۆ ئەو کۆرپەیەی هەرگیز لە دایک نەبوو” زۆر راستە کە دەڵێ “گەر هەقیقەتت دەوێ من تا ئێستا نازانم مەبەست لە خۆشەویستی چییە؟ لای من خۆشەویستی فێڵ و تەڵەکەیە بۆ ئارامکردنەوە و گەوچکردنی خەڵک داهێنراوە”. ئەو منی خۆش دەوێت، منیش ئەوم خۆش دەوێ، ئیدی هەردووکمان درۆ بۆ یەکتر دەکەین!! ناخی تووڕەی خۆمان لەبەرچاوی یەکتر هێمن نیشان دەدەین، ئاخر هەر کات لە یەک دادەبڕێین، دەگەڕێینەوە بۆ ناو دنیاکەی خۆمان، کەواتە عەشق پێشەنگایەتیمان ناکات، بەڵکو درۆ دەکەین بە مەبەستی ئەوەی یەکتری رازی بکەین.
پیاوی کورد هەمیشە بە چاوی داگیرکردنەوە سەیری ژن دەکات، هەموو هەستێکی پیسی زیۆسانەیان هەیە. ئاخر بەپێی میتۆلۆجی گریکی ئافرۆدیتی خواوەندی جوانی کە هەمیشە جێگەی تموحی زیۆس بوو، بەڵام بەو رازی نەدەبوو، زیۆسی دڵتەڕ تووشی کابرایەکی قووموور و ناشرینی کرد و ناچاری کرد شووی پێ بکات. ئەدی هەموو پیاوێکی کورد نایەوێت ئەو ژنەی بۆ خۆی نییە، تووشی ناهەمواریی ببێتەوە؟. بێگوومان بەڵێ و هەزار جار بەڵێ. ئەو پیاوەی ئەم بۆچوونە رەت بکاتەوە لە بری جارێ هەزار جار درۆ ئەکات.
بەهەرحاڵ من عاشقم و خۆم لەو پێناوەدا تواندۆتەوە، وەلێ چاوەڕوانی هیچ ئاکامێکی گەش ناکەم. ئەمڕۆش لە ناو نامەیەک ئەم شیعرەی “کەژاڵ”*ی ئازیزم بۆ دلبەر ناردبوو:
من لە یەک کاتدا خاوەنی سێ دڵدارم
یەک نین، دوو نین، سێ دانەن، سێ گرێکانم
نەرسیس و
تاناتۆس و
ئیرۆس
ئەو راستییەم لای شەماڵ وت
لێم بوو بە رەشەبا.

1-3-2000
سلێمانی – سەهۆڵەکە
ستیڤان شەمزینی

*مەبەست لە شیعرێکی هاوڕێی خۆشەویستم “کەژاڵ ئەحمەد”ە لە کۆمەڵە شیعری “بەندەری بەرمۆدا”.

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 85-88 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish