Skip to Content

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان.. رزگار سەعید

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان.. رزگار سەعید

Closed
by تشرینی دووه‌م 13, 2021 General

سڵاو بەرێز وەزیری ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان

لەباربردنی هەوڵی دڵسۆزانە شکستێکە جیهانی داهێنان لەناودەبات ئەم خەسڵەتە دروست بەختیار سەعید دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو کاتەی کە لەمپەر دەخرێتە بەردەم خەونی بەدیهێنانی کارەکانی، بەواتایەکی دی بەختیار وەک نووسەرێکی دڵسۆز ژیانی تەرخان کردووە بۆ بابەتە هونەریەکان و لەو ڕێگایەوە توانیویەتی پێگەیەکی شارستانی مۆدێرن بۆ شاری سلێمانی بنیاتبنێت، هەر لە کردنەوەی دەیان پیشانگەی تایبەتی و هاوبەش لەسەر ئاستی کوردستان و دەرەوە تا دەگاتە کردنەوەی فیستیڤاڵی هەمەجۆرو چاپکردنی کتێب لەسەر ئەرک و ماندوبونی خۆی ، لێرەدا دەبینین چۆن ئەو ئەرکە سەختەی لەسەر شانی وەزارەتەکەتان سوک کردووە، کەچی بەداخەوە لەبری پاداشتکردن زیندانیان پێ بڕیوە. لەسەر چی ! لەسەر بەخشینەوەی کتێبەکانی خۆی بەسەر کتێبخانەی خوێندنگەکاندا و پەیمانگاو زانکۆکاندا بێ بەرامبەر, تۆ بڵێی بەختیار بەدزیەوە چوبێت کتێبەکانی خۆی بەپەنهانی بەچەند دینارێک فرۆشتبێت و بانگوازی بۆ نەکردبێت؟
ئێوە باشترین داوەرن لەبارەی كارەكانی بەختیار و كاری هەر كەسێكی دیكە لەوەزارەتەكەتاندا، لە كاتێكدا بەختیار سەعید بە یارمەتی خوشك و برا و هاوڕێكانی ئەو چالاكیانەی بەرهەمهێناون.. پێدەچێت ئیرەیی کارێکی کردبێت تا تۆمەتی بێمانای بۆ ببەخشرێتەوەو ئازاری دەروونی بدەن..
بەڕێزم بۆ چاوڕوونی بەڕێزتان کاتێک بەختیار بۆ جاری دووەم کتێبی”ئازاد شەوقی و بەدیع باباجان” لە ئێران بە کوالیتیەکی باش چاپدەکاتەوە لەڕێی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری لاوانەوە لیژنەیەک دروست دەکرێت لە دوو فەرمانبەری دیکەو بە سەیارەی تایبەتی دائیرە کتێبەکان دابەشدەکرێت کە هەندێک لەو جێگایانە پسوڵەی وەرگرتن دەدەن و ئەمانیش دەیهێننەوە بۆ دائیرەو ئێستاش دەڵێن پسوڵەکان وون بوون،ئێستاش دەڵێن بەختیار زیانی بە موڵکی گشتی گەیاندووە،ئەی بۆ لەسەرەتادا باس نەکراو زیانەکان هەژمار نەکرا لەکاتێکدا 20ملیۆن دۆلار بۆ شاری سلێمانی بەناوی شاری ڕۆشنبیریەوە سەرفکرا کەچی نە گالێریەک نە موزەخانەیەک نە سینەماو دەزگایەکی چاپ و وەرگێڕان نە هۆڵێکی گشتی پێ دروست نەکرا ،ئەی بۆ نەمانی ئەو بڕە پارەیە نەبووە جێی پرسیارو شکاتکردن لەکەسانی پەیوەندیدار کە چیان لەو بودجە زەبەلاحە کردووەو چۆن سەرفکراوە؟
پاش چەندین ساڵ بەسەر ئەم ڕوداوە ئێستا دەڵێن بەختیار زیانی بەموڵکی گشتی گەیاندووە، ئەمەش دەریدەخات كە ئیرەیی شەخسیی لە كەیسەكەدا هەیە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری ماڵی دووەمی ڕۆشنبیرانە، زیندانیکردنی ڕۆشنبیر، زیندانیکردنی عەقڵ و لەباربردنی داهێنانەکانیانە، مەهێڵن ئەندێشەکانیان لەچوارچێوە بدرێن و سنوور بۆ بیرکردنەیان دابنرێت، تکایە دەرگای ئەو ماڵە کڵۆم مەکەن، ئێستا خوێنەر لە خوێندنەوەی کتێب تۆراوە، ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاشتکردنەوەی خوێنەرە بە کتێب نەک تێکشانی جیهانەکەی بە بەندکردنی نووسەران و عەقڵیان.

کارو چالاکیەکانی بەختیار سەرچاوەی زۆرێک لە نامەی ماستەرو دکتۆرایە لە پەیمانگەو زانکۆکانی کوردستانن.
ئەو بۆ زانكۆكان، بۆ كوردستانی نوێ، فیستیڤاڵی کاریکاتۆر، فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی، فیستیڤاڵی خۆشنووسی و دانانی 36 وێبگەر بۆ ئەرشیفکردنی هونەرمەندانی کوردستان لەگەڵ چاپکردنی چەندین کتێب بۆ نووسەران، كاری كردووە.
هیوادارم بەڕیزتان بە ئەرکی خۆتان هەڵسن و ئەو تۆمەتانەی بۆی دروستکراوە بەدواداچونی بۆ بکەن لەکاتێکدا بەختیار لە تەمەنی دەساڵیەوە نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدایەو پێویستی بە چاودێریە نەک زیندانکردن.
ئێمە پێشنیارتان پێدەكەین لیژنەیەكی دەستپاك و نییەتپاك لە وەزارەتەكەتان پێكبهێنن تا بەدواداچوون بۆ ئەو كتێبانە بكەن بەختیار بە دیاری بۆ كتێبخانەكانی بردوون، بە دۆزینەوەی ئەو كتێبخانانە و كتێبەكان تیایاندا، ئەستۆپاكی بەختیارتان بۆ ئاشكرا دەبێت و ئەمەش ڕووخسارێكی باش دەداتە وەزارەتی ڕۆشنبیری.


لەگەڵ ڕێزمدا
براتان رزگار سەعید

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish