Skip to Content

ئاوابوونی چیڕۆکێک.. شیعری موراد عەلی

ئاوابوونی چیڕۆکێک.. شیعری موراد عەلی

Closed
by ئه‌یلول 24, 2023 General, Poems

کەس گرەوی خۆمی لێنەبردمەوە، تۆ نەبیت.
گرەوی خۆیت لەکەس نەبردەوە، من نەبێت.
کەس پێناسەمی نەدڕاند، تۆ نەبێت.
کەست دروست نەکردەوە دووبارە، من نەبێت.
کەس شەڕی ژیری پێ نەفرۆشتم، تۆ نەبیت.
کەس دۆڕاوێکی گەمژە نەبوو، من نەبم.
تۆ واتکردبێ هیچ چەکێک بە شێنەیی
ئەو شەقامە داگیرم کات.
لە پیریشمدا، گۆچانەکەم پرسیارم لێدەکا
کە بۆچی بە هەموو شار دەیگێرم!
کەچی ناوێرم لێرەوە تێپەڕم.
ئاخر تۆ نەبوویتایە؛
چ شتێک وای دەکرد،
پرسیاری هیچ شتێک، لە هەموو شتێک بکەم؟
تۆ نەبوویتایە چ شتێک وای دەکرد؛
بۆ ماچێکی پڕ ترس بەسەر تەرمی خۆمدا
سەدان میل ببڕم؟
بۆ ژوانێکی بەپەلە و خێرای تێپەڕی سبەی
ژیانی دوێنێم بفرۆشم؟
لە هەنگاوە بێ پساوەکانم بپرسە…
بڵێ چ شتێک هێندەی من هیلاکی کردوون؟
بە چاوەکانم بڵێ دەتگوت درۆ ناکەن!
سەرنجەکانتان لەمن زیاتر بۆ هیچ شۆخێک بوونە؟
لە پاڵگوەکەم بپرسە
ئینجا دەزانی شەوانم پڕ فرمێسک بووە!
بپرسە مەڕۆ… بپرسە.
سەیرێکی دواوە بکە:
بۆ کوێ دەچیت کە لێرە
دڵێک ئاودامانی چارەڕەشییە؟
بۆ کوێ دەچیت کە لێرە
چاوێک چاوەڕێی پەرجووی گەڕانەوەتە؟
بۆکوێ دەچیت کە لێرە لێوێک تینووە؟

کافرێکم، پێویستم بە تۆیە ببیت بە کچ چاکێک؛
لەسەر دەستە بچووکەکانت تەوبە بکەم!
بۆ کوێ دەچیت؟
من عیسام، عیسام، تۆ خاچی من بە!
بمکوژە لە خۆتم بگەوزێنە.
هەرچییەک هەی، هەرچۆنێک دەتەوێ، تەنیا لێرەبە.

ئێوارەیە، وا دەڕۆی خۆرم لێ دیارە.
دەزانم؛ چەند دوورە هێندەیش پیرە!
لێم دیارە، بەزەیی پێمدا دێتەوە
دڵی نایە ئەمڕۆ شەو بێنێ!
شەو، بەڵێ شەو ئەو زەمەنەیە کە:
سەگەکان دڵخۆشترن لە عاشقان،
پشیلەکان هێمنترن لە دڵداران!

بۆ کوێ دەچیت؟ کە من خەریکە
ژوان لێم دەبێت بە زەڵکاوی خەونەکانم!
بۆ کوێ دەچیت؟
نامەیەکم لەگەڵ خۆمدا بۆ هێناوی.
لاپەڕەیەکی گەورە گەورەیە بەحاڵ
چەند وشەیەکم پێوە لکاندووە.
تا بیسەلمێنم هێندەش بێ دەسەڵات نیم
نەتوانم شتێکت بۆ بنووسم!
هێندەیش گەمژە نیم، نەزانم بنووسم!
تۆ لە هەموو نەوەکانی حەوا باشتری.
تۆ لە خۆم پتر دەمناسیت.
تۆ لە نزیکەکانم نزیکتریت.
تۆ لە هیواکانم، لێوڕێژتری لە هیوام.
تۆ لە خەونەکانم زیاتریت.
تۆ لە پیرۆزییەکانم پیرۆزتریت.
جوانتریت
لە
گشت
بوونەوەران.
دڵم خێراتر لێدەدا لە هەر کاتێک پتر.
لەو کاتەشا لە پەسلانم، دەفتەری
کردەوەکانم وەردەگرمەوە!
ئەوکات نازانم دەستی چەپە یان ڕاست.
ئێستایش نازانم
تۆ بەتەمایت بڕۆیت، یان شۆخییەکی کاتییە!
بیرم ناچێت کە سەرت خستە سەر شانی ڕاستم:
دڵم پێی وتم
لای چەپی سینگت تەسکە و
بارگەم بۆ لای ڕاست دەگوێزمەوە!
ئەی تەڵای من، باکت بە لۆمە نەبێت.
تۆ لێرە بە، شەڕی گشت دنیام پێ بسپێرە
لەپشت جەنگاوەران، ژنێکی باش نییە:
خۆشەویستی هەیە، عەشق هەیە، جوانی هەیە.
من جەنگاوەربووم لە شەڕ و نەفرەت و درۆ و خیانەت و جەنگ و خوێنخواردن
ڕامکرد لە وڵاتێک.
کورد
ستان
هاتووم لە وڵاتی سنگت پەنابەرم.
هەردوو مەمکت دوو شاخی بەرزن.
دۆڵنشینم مافی پەنابەریم هەیە؟
لە وڵاتە ڕەسەنەکەم باڵای تۆ نەخشەی وڵاتمە!
تۆ سەرکردە و فەرمانڕەوایەکی
خاس بە، تکا دەکەم، ڕاوم دەنێی بۆ کوێ؟
عاشق جگە لە مەعشوق کەس شک دەبات؟
شاعیر جگە لە باڵای دڵبەر هیچ ئارامگایەک،
شک دەبات؟
جگە لەو ماڵەی خودا لەسەر سنگت بۆی دروستکردووم ماڵی ترم نییە!
من کرێکارێکی دەست و پێ سپیم.
ساڵانێک ڕامکرد بەدوای: نان، ئاو، ئازادی.
وەگیرم نەکەوت.
بەشکستەوە گەڕاومەتەوە یەکەم لانکەم
باوەشت: یەکەم لانکەی ئەڤینم.
یەکەم لانکەی ژوانم.
یەکەم ترپەی خێرای دڵم.
یەکەم چرکەی خۆناسینم.
یەکەم چرکەی ڕامووسانم.
ئەرێ هۆ خوێی برینم: خاتوو زینم،
هۆ ئازیزترین بێویژدان!
هۆ دایکی خەیاڵی منداڵەکانم!
هۆ ئەو خوێنەگەرمەی لە مناڵیمەوە خەونمی!
هۆ ئەو کەسەی ژیانم ئاوەژوو دەکەی!
هۆ ئەو کەسەی لە زیندانیش بم دڵخۆشم دەکەی.
هۆ ئەو کەسەی لە شادی دەمگریێنی.
هۆ ئەو گوڵەی شاعیرێک دەهەژێنیت.
گوێت لێم نییە؟ بۆ سەیرێکی دواوە ناکەیت؟

تۆ ڕووبارێکی قوم قوم دەمخنکێنیت!
تۆ کانییەکیت، پڕیت لە سەرچاوەکانی کوشتنم!
شیعرەکان لە کلاسیکەوە تا ئەمڕۆ
ڕاهێنانی بێتۆییم پێدەکەن!
هەمووی باسی: نەهاتن، ڕۆشتن، عەزابەکانی عەشق، شەوانی غوربەت، نازانم چی چی چی، دەکەن!
نازانن کە دەزانم درۆ دەکەن!
هەموو شاعیران درۆ دەکەن!
هەموویان خەیاڵپڵاون.
هەموویان پشت بە ئیلهام و درۆ و خەیاڵ دەبەستن.
هەموویان سەرلێشێوانن.
هەموویان درۆ دەکەن درۆ…
شاعیرێک تۆی نەناسیبێت، بە چ ڕوویەکەوە:
شیعر بۆ جوانان دەنووسێت؟!
کاتی ئەفسانە گێرانەوەکان تۆ نەببوویت.
چیرۆک دروستکەران نازانن تۆ کێی!
درۆ نەبێت چ شتێک پێنووسیان تیژ دەکاتەوە؟
تۆ نەبی چ ژنێک پێنووس خوێناوی دەکات؟
تۆ نەبی چ ژنێک خوێ بەسەر تێنووس دادەڕژێنێ؟
کەس هێندەی تۆ ئاڵۆزی دەخاتە ژیانی کەسێکی تر؟
کەس هێندەی تۆ کەسی تر فێری گریان دەکات؟
کەس هێندەی تۆ لۆچ دروست دەکات،
لەسەر ڕوخساری گەنج؟
دەمگوت ساڵانێک بوو پیر بووم، ساڵێکە گەنجم.
تەمەنت بۆ گەڕاندمەوە!
دەتەوێ پیریشم لێبستێنیتەوە،
بە ڕۆشتن هەر ئاوا بم، تا ئاوابوون؟
هەر چاوەڕوان بم؟
نەتگوت هەموو ناخۆشییەک خۆشی لە دوایە؟
ڕۆشتنیش گەڕانەوە؟
تۆ لە قسەکانت پەژیوان نابیت
من دڵنیام! دڵنیام
تۆ بەقەد یوسف ڕاستگۆی.
تۆ لە زولەیخاش عاشقتری!
تۆ هێندەی مەریەم پاکبووی.
چی کردیتی بەو کەسەی ئێستات؟
ئەگەر دەتزانی بێباکیت چ خیانەتێکە
لەو هەموو جوانییەتی دەکەی؛
دەگەڕایتەوە دیسان
لەسەر کورسییەکەی بەرامبەرم
تێر تێر سەیرت دەکردم!
بۆ هەمیشە دەستت دەگرتم!
تامردن بۆنت دەکردم!
ئەگەر دەتزانی ڕوخانی ڕۆشتن ڕوشێنەرە،
ئەگەر دەتزانی مانەوەت مان لە نەمانم دەگرێ،
هەرگیز وەڵامی هیچ پرسیارێکت جێنەدەهێشت
لە تاقیکردنەوەی ئەڤین.
پێش دیدارت کۆمەڵێک پرسیار و قسەم ئامادەکرد.
پرسیاری گرنگ بەسوود نازانم چیتریش! پرسیار دەربارەی:
کتێب و شیعر و فەلسەفە و
ماتماتیک و نازانم چیتریش!
پرسیار دەربارەی ژیان و مردن و خۆشەویستی
عەشق و خۆت و منداڵیت و نازانم چیتریش!
کە لەو دەرگا ئاسنینە شینەی کافێکە دەرکەوتیت:
زمانێکی لاڵ، جەستەیەکی وشک،
نیگایەکی هێمن، چاوێکی هیلاک
بیرم لە مەرگی خۆم پتر بۆ هیچ نەچوو!

ئەمە بوو عەشق و تراژیدییەکانی؟
ئەوە بوو مەرگ و ناخۆشییەکانی؟
هێندە بوو لەدەستدان و ئازارەکانی؟
بیرکردنت بیرم لەبیر دەباتەوە!
لەدەستدانت، دەستم پێ لەدەست دەدات.
ئەی ئۆقیانووسە ڕەشەکەی من.
پێنووسێکی بچکۆڵەم هەیە،
کاتی خۆی ناوی منت لەسەری هەڵکۆڵیبوو.
ئێستایش لامە، لەوکاتەوە دەگەمە هەر شوێنێک
ناوی خۆم و خۆت ناوی خۆت و خۆم،
دەنووسم:
لەسەر ئەو مێزەیش وام کردووە.
ئێستا بە بێبەزەییانە جێیدەهێڵیت.
حەزدەکا بشکێت، لەوەش بێباکیت؟

گوێچکەکانم تینوون، دەنگت ڕووبارە.
دووری مەخەرەوە
قاچەکانم ڕێبواری هەمان ڕێگەی هاتنتن.
درەختی پرسیاری شەقامیان
لەسەر مەهەژێنە بە جێهێشتن.

ئێستایش کە ڕۆشتوویت
هەرچەند دوورتر کەویتەوە
عەترەکەت زیاتر بەرەو ناخم دێت.
تۆبڵێیت بۆ جیاکردنەوەت لە ڕۆحم
چەند سەدەم بوێت؟
دابڕان هیچ فێری کەس ناکات! شیوەن نەبێت!
تەنیایی کەس فێری هیچ ناکات! گریان نەبێت!
وتت تینووی زانستم، ڕۆشتن هیچت فێرناکات، تلانەوە نەبێ، لەدەست ویژدانت!
وا بڕیار بوو پێکەوەبوونمان
حیکایەتێکی درێژبێت
کۆتاییەکەی مردنی کەسێکمان بێت.
بۆچی بە زیندوویی خاڵی کۆتایی
بەچاوما دەچەقێنیت؟

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish