ده‌مامك.. به‌ختیار محه‌مه‌د
ڕاستی تاڵه، زۆر تاڵه؛ بۆیه خه‌ڵك لێی ده‌ترسێن و لێی هه‌ڵدێن. ڕاستی شمشێره، ده‌مامك و درۆ له‌ت له‌ت ده‌كا. ئێمه‌ش (له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كاندا) چونكه ناتوانین به بێ ده‌مامك و به بێ درۆ بین، بۆیه لێی د‌ه‌ترسێین و له‌به‌ری هه‌ڵدێین.
به قسه خۆشه و ئاسانه باسی ڕاستی بكه‌یت و بڵێی ڕاستی و ڕاستگۆیی وه‌هان و وه‌ها نین و به شان و باڵیاندا هه‌ڵبده‌ی؛ به‌ڵام به كردار ڕاستگۆبین، ئه‌وا شتێكی یه‌كجار سه‌خته: شمشێره‌كه‌یه، كه ده‌مامكه ئه‌ستووره‌كه‌ت له‌ت له‌ت ده‌كا و ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆت بۆ به ده‌رده‌خا. ئایا تۆ ده‌توانی خۆت بیت و ئه‌و ده‌مامكه ئه‌ستووره له‌مێژینه و كۆنینه‌یه له خۆت دابماڵی، كه هه‌ر له منداڵییه‌وه كۆمه‌ڵگه بۆی دروست كردووی و له ڕوخساری كردووی و كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌تی پێ شاردووه‌ته‌وه؟
ئه‌م ده‌مامكه به چه‌مكه فرۆیدییه‌كه‌ی بریتییه له منی باڵا و له به‌ها و داب و نه‌ریتی باوی كۆمه‌ڵگه، كه پێمان ده‌ڵێ ئێمه خۆمان نه‌بین، به‌ڵكو ئه‌وانی دیكه بین. ڕاستییه‌كه‌ی ئێمه هه‌م ده‌بێ خۆمان بین و هه‌م ئه‌وانی دیكه‌ش بین. ئازادی و ڕاستگۆیی من به‌ندن به‌م هاوكێشه‌یه‌وه: هاوكێشه‌ی داننان به ئازادی و به ڕێزگرتنه‌وه. من ڕێزی تۆ ده‌گرم و ئازادیت ده‌پارێزم، تۆش هه‌مان شت له‌گه‌ڵ مندا بكه؛ ئه‌مه (ئه‌م هاوكێشه ئاسانه – قورسه) به‌خته‌وه‌ری به هه‌موومان ده‌به‌خشێ. ئه‌وساكه‌ش پێویست ناكا، كه ئێمه شت له یه‌كدی بشارینه‌وه و درۆ له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا بكه‌ین و ده‌مامك بۆ یه‌ك به‌كار بهێنین و له ده‌ركه‌وتنی كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان بترسێین. له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی، كه ئازادی (ئازادییه‌كانی) تێدا به‌رقه‌رار نییه، ده‌مامكه‌كانیش زۆر ده‌بن و ڕاستی و ڕاستگۆییش ئه‌سته‌م و ده‌گمه‌ن ده‌بن؛ ئه‌مه (ئه‌م دیارده‌یه، دیارده‌ی دووڕوویی و ده‌مامكداریی) هه‌موو ئاستێكی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه: سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، كارگێڕی، ڕۆشنبیریی… تاد.
به‌ختیار محه‌مه‌د