Skip to Content

ئیگۆو تیۆری دەروونشیکاریی فرۆید:  … و: عیماد گەنجی

ئیگۆو تیۆری دەروونشیکاریی فرۆید: … و: عیماد گەنجی

Closed
by حوزه‌یران 6, 2017 General, Opinion

تیۆری دەروونشیکاریی فرۆید لە چەند چەمکێک پێکدێت، دیارترینیان چەمکی کەسایەتییە؛ فرۆید وایدەبینێت: کە دەزگای دەروونیی مرۆڤ بە شێوەیەکی گریمانەیی لەم بەشانەی خوارەوە پێکدێت:
1- ئەو ” id”، ئەم بەشە زۆرجاریش بە نزمە من ناو دەبرێت.
2- بەرزەمن super- ego
3- من ego
چەمکێکی تریش بریتییە لە هەست و نەست و پێش هەست؛ بۆ تێگەیشتنی تیۆرەکەی، فرۆید ئەم وێنە شیکارییەی خوارەوەی داناوە.

یەکەم: ئەو ” id”:
کۆنترین بەشی ئەم دەزگایەیە لای فرۆید، کانگەی وزە زیندوو و دەروونییەکانە، کە لەدایکبوونەوە مرۆڤ هەڵگریەتیی، لە هەموو ئەو جێگیرانە پێکدێت لە پێکهاتەی جەستەدا هەن، هەموو “ئارەزوو/ غریزة” و پاڵنەرە خۆڕسکە سێکسیی و شەڕەنگێزییەکان دەگرێتە خۆی، ئەوەش وێنەیەکی سەرەتایی کەسێتییە، پێش ئەوەی ڕەوشت پێدان و بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگە بیگرێتەوە. نزمە من کۆگەی تواناو وزەی ئارەزووە خۆڕسکەکانە، لایەنێکی نەستیی قووڵە، لە نێوان ئەم و جیهانی ڕیاڵدا هیچ پێکەوە بەستنێکی ڕاستەوخۆ نییە، ناکەسیی و نائیرادییە، لەبەرئەوە دوورە لە پێوەرو بەها کۆمەڵایەتییەکان، هیچ لەبارەی لۆژیکەوە نازانێت، پرەنسیپی ” چێژ” و : ئازار” باڵیان کێشاوە بەسەر چالاکییەکانیدا، پەلەیەتی بۆ تێرکردنی پاڵنەرەکانی بە هەر شێوەو بە هەر نرخێک بێت.

دووەم: بەرزە من super- ego:
کۆگەی نمونەباڵا و ڕەوشت و ویژدان و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و نەریت و چاکەو خێرو دادو ماف و حەڵاڵەکانە. وەک دەسەڵاتێکی ناوەکیی یان سانسۆرێکی دەروونیی وایە، تا ئەندازەیەکی زۆر نەستییە، لەگەڵ گەشەکردنی تاکدا گەشە دەکات، لەژێر کاریگەرێتیی دایک و باوکدایە لە گەشەکردنیدا، یان ئەوانی کە شوێنی دایک و باوکیان گرتووەتەوە، وەک بەخێوکەرو کەسایەتییە خۆشەویستەکانی ژیانی گشتیی، هەروەک بە زیادبوونی ڕۆشنبیریی تاک و شارەزاییەکانی لە کۆمەڵگەدا ڕێک دەکەوێتەوەو هۆشمەند دەبێت. بەرزەمن کار لەسەر ڕێکخستنی ID و ڕاگرتنی دەکات لە تێربوونی ئەو پاڵنەرانەی کۆمەڵگە بە هەڵەو یاساغی دەزانێت. ئەمەش لە ڕێگەی من EGO وە.

سێیەم: من EGO:
سەنتەری هەست و درککردنی هەستی دەرەکیی و ناوەکیی و پرۆسە ئەقڵگەرییەکانە، سەرپەرشتیاری دەزگای جوڵاوی ئیرادییە، EGO پارێزگاریی لە کەسێتیی دەکات و کار لەسەر گونجاندنی دەکات لەگەڵ ژینگەی خۆیدا، پێگەیینی ئەخوڵقێنێ و چارەسەری ململانێکانی نێوان داواکانی ID و بەرزەمن و واقیع دەکات. EGO دوو لایەنی هەیە، هەست و نەست. دوو ڕوخساریشی هەیە، ڕوویەکیان بەسەر پاڵنەرە خۆڕسکەکان و ئارەزووکانی ID دا دەڕوانێت و ئەوی تریشیان لە ڕێگەی هەستەکانەوە بەسەر جیهانی دەرەکییدا دەڕوانێت. ئەرکی EGO پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان داواکانی ID و ڕەوشی دەرەکیدا، فرۆید وەک بزوێنەرێکی جێبەجێکاری کەسێتیی تەماشای دەکات، EGO لە ڕۆشنایی پرەنسیپی واقیعدا کار دەکات و لە پێناوی پاراستن و بەدیهێنانی بەهای تاک و گونجاندنی کۆمەڵاتیدا دەجوڵێت. EGO لە ڕێگەی شارەزایی پەروەردەییەوە گەشە دەکات، ئەو شارەزاییەی کە تاک لە منداڵییەوە بۆ پێگەیشتنی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتیی – وەک هۆڵ وێڵندزی دەڵێت- کە وەک پێکهاتەیەکی بایالۆژیی زیندووی کەسێتیی بڕوانینە ID و EGO ش وەک پێکهاتەی دەروونیی و بەرزەمنیش وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی.

فرۆید وایدەبینێت کە: دەزگەی دەروونیی پێویستە هاوسەنگ بێت، بۆ ئەوەی ژیان بە هاوسەنگیی بڕوات؛ لەبەرئەوە EGO هەوڵدەدات چارەسەری ململانێی نێوان ID و بەرزەمن بکات، گەر سەرکەوتوو بوو ئەوا کەسێکی ئاساییەو گەر شکستیشی هێنا ئەوا نەخۆشییەکانی ” نیرۆسیی/ عصاب” دەردەکەوێت.
چوارەم: هەست consciousness :
ناوچەی ئاگایی تەواو و پەیوەندییە بە جیهانی دەرەوە، تەنها بەشی ڕووکەشی دەزگەی دەروونییە.
پێنجەم: نەست unconsciousness:
بە پێی تیۆرەکەی فرۆید زوربەی دەزگەی دەروونییە، هەرچییەک شاراوە بێت لەوێدایە، بەڵام کراوەو بەردەست نییە، زەحمەتە بانگ بکرێت، لەبەرئەوەی هێزەکانی چەپاندن بەرهەڵستیی دەکەن.

شەشەم: پێش هەست preconsciousness:
فرۆید بەوەی دیاریکردووە، کە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە شاراوەن و لە هەستدا نیین، بەڵام کراوەن و بە ئاسانیی ئەگەنەوە بە هەست، وەک ئاخاوتن و یادەوەریی و ناسیاوەکان.

موقع الالوکة/ الأنا ونظرية فرويد في التحليل النفسي- أ. عائشة الحکمي- ٢٦/ ٥/ ٢٠٠٩.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish