Skip to Content

مەترسیەکانی میلیشیایی چەکدارى و خێڵگەری لە هەرێمی کوردستان و عیراق.. مژدە محمد ابڕاهیم

مەترسیەکانی میلیشیایی چەکدارى و خێڵگەری لە هەرێمی کوردستان و عیراق.. مژدە محمد ابڕاهیم

Closed
by تەممووز 31, 2025 General

میرنشینە کوردییەکان بەشێکی گرنگی مێژووی کوردستانن کە لەماوەی سەدەکانی ڕابردوودا بوونەتە ناوەندی دەسەڵات و کولتووری کوردی. ئەم میرنشینانە زۆربەیان لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی عوسمانیەکان دا بوونیان هەبووەو هەریەکەیان ڕۆڵی دیاریان هەبووە لە پاراستنی ناسنامەی کوردی و بەرەوپێشبردنی کولتوورو سیساسەتی کوردستان. مێژووی سەرهەڵدانی میرنشینە کوردیەکان دەگەرێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر و لە یەکێک لە کۆنترین میرنشینە کوردیەکان { میرنشینی حەسنەوی ٩٤١ / ١٠١٤ ز } کە لە شاری جیبەل دامەزراو هەریەک لە شارەزوور و شارەکانی مهاباد و کرماشان و هەمەدانی لەخۆ گرتووە و میرنشینەکانی تری وەکو میرنشینی { شەدادی، مەروانی، ئەیووبی ، بابان ، ئەردەلان، بۆتان، سۆران و بادینان } هەریەکەیان ڕۆڵی کاریگەری خۆیان هەبوو لەڕوی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانەوە لە کوردستان و ناوچەکەدا .
وەلی ئەم میرنشینانە هەریەکەیان لەلایەن دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی یەوە پاڵپشی دەکران و لە دژی میرنشینە کوردیەکانی تردا هان دەدران و بەکاردەهێنران لەپێناو لاوازکردن و توانەوەی ناسنامەی کوردی و پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کوردی، کە ئامانج و خەونی تەواوی دوژمنانی کورد ئەو پەرتەوازەییەبووە تا کار گەیشتە دابەشکردن کوردستانی گەورە بەسەر هەر چوار وڵاتی عیراق، ئێران، تورکیا و سوریا، وە یەکترقبوڵ نەکردنی میرە کوردیەکان و خۆبەگەورەزانینان هۆکاری لێک دوورکەوتنەوەی نێوان هۆز و میرە کوردیەکان و شکستی یان بوو لەبەردەم سوپای دوژمندا.
ئەگەر لە کۆندا بوونی خێڵ و عەشیرەت زەروریەت بووبێ ئەوا لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵگەی جیهانی و کرانەوەی دونیاو پێشکەوتنی سەردەم بوونی خێڵ و عەشیرەت و هۆز و گروپی چەکدار زیانیان زیاتر بە گەلی کورد گەیاندووەو بوونەتە هۆکاری پاشەکشەو بەرەو دواوە گەڕانەوەی کورد و پێشێل کردنی یاسا و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕووی کۆمڵایەتییەوە کەئەمەش زیانی زۆری لەخاوەن ماف داوە چەندین پێشێلکاری و کاری کوشتن و هەڕەشەکردن مافی خاوەن ماف خواردراوە لەڕابردووداو ئێستاش بەردەوامی هەیە. لەڕۆژگاری ئێستادا عەشیرەت و خێڵ لەلایەن دەسەڵاتەوە پڕ چەک دەکرێن و لە هەرکاتێکدابێت ئەتوانن لەسودی خۆیان بەکاریان بهێنن و تەنانەت بوونەتە هۆکاری ملکەچکردنی گەنجان و هاوڵاتیان بۆ پابەندبوون بە لایەنێکی سیاسی دیاری کراوەوەو تاوەکو لەکاتی دەنگدان دەنگیان بخەنە پاڵ لایەنێکی دەسەڵات کە ئەو خێڵانەش ئێستا لەژێر سایەی یەکێتی و پارتی دا دەیان و سەدان تاوانی ناڕەواو نابەجێ ئەنجام دەدەن و حساب بۆ یاسا ناکەن.
مانەوەی هەر گروپ و هێزێک هەر لە کۆنەوە پابەندبووە بە بەهێزی لایەنی چەکداری و سەربازی ئەو لایەنانە هەر بۆیەشە ئەم گروپ و خێڵە عەشایەریانە خۆیان پرچەک دەکرد لەپێناو پاراستنی خۆیانو بنەماڵەو بەرژەوەندییەکانیان. تەواوی ئەو خێڵ و عەشرەتانەی ئێستا لە کوردستان و عیراق حوکمی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن لەلایەن هێزە سیاسیەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هەر تاوانێکی کوشتن و زەوتکردنی مافی کەسێکی بێ دەسەڵات لەلایەن ئەو خێڵ و گروپانەوە ئەنجام دەدرێ و هەرگیز حساب بۆ دادگاکان ناکەن و هێزەکانی پۆلیسیش دەسەڵاتیان بەسەریاندا نیە.
پڕچەککردنی گروپ و میلیشیاو خێڵەکان لەلایەن یەکێتی و پارتیەوەو بەکارهێنانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایەو پێگەیەکی بەهێزیان پێداون و کۆمەڵگەی کوردیان گەڕاندۆتەوە بۆ سەردەمی دەرەبەگایەتی و چەندین کاری گێرەشێوینی دەبینین ڕۆژانە لەلایەن ئەو خێڵە عەشایەریانەوە ئەنجام دەدرێن بێ ئەوەی حساب بۆ یاسا و حوکمەت بکەن، لە دواین کاری ئەو خێڵانەش بەرەنگاربوونەوەی عەشیرەتی هەرکی بوو بەڕووی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر کە تێیدا دوو هاوڵاتی بوونە قوربانی و چەندین چەکی قوڕس و جۆراوجۆر بەکارهات، واتە تەنها عەشیرەتێک ڕووبەڕووی حوکمەت بۆوە، گەورەکردنی خێڵ و عەشیرەتەکان و پڕچەککردنیان لەپێناو بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی حیزبەکانی دەسەڵات کاریگەری و کارەساتی گەورە لەدوای خۆیان جێ دەهێڵن.
زۆربونی گروپی میلیشیای وعەشاریەری لە عیراق و کوردستان و بڵاوکردنەوەی وینەو ڤیدیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و نمایشکردنی کاروانی ئۆتۆمبیلەکانیان بە چەندین جۆری چەکی بچوک و گەورەوە زیادی کردووە کە ژیانی هاوڵاتیانیان وێران کردووەو ئەمەش کاریگەری دەرونی نەرێنی زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووەو کەس لە ئەمنیەتی خۆی دڵنیا نیەو هەموو تاکێک ناچارکراوە پەنا ببات بۆ کڕینی چەکی بێ مۆڵەت و حوکمەت و هێزە ئەمنیەکانیش ڕۆڵیان زۆر لاوازە لە ئاست ئەو هێزو گروپە چەکداریانەو هیچ حسابێک بۆ یاساو دادگاکا ناکەن، بە پاڵپشتی حزبی خۆیان لە سەرو یاساو دادگاکان دەبیننەوەو کەس ناتوانێ بەرپەچیان بداتەوە.


مژدە محمد ابڕاهیم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress