Skip to Content

ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 16, 2021 General, Poems

تا دێت لە خۆم دوور ئەکەومەوە و
وەک تاقگەیەکی زیوین
ئەڕژێمەوە نێو خەیاڵەکانمەوە
بە پەنجەی خەناویی مانگ
دڵی شەقامەکانی تەنهایی ئەژەنم
بە پێنووسی گومان
وێنەی شێتییەکانم ئەکێشم
بە خوێنی مۆمە یاقووتییەکانی
نێو خەونە زڕاوەکانم
ژنێک لە رووناکی ئەدۆزمەوە
ژنێک لە دووری دوورەوە
بۆ گۆرانییە خەفەتبارەکانم
سەمای ئەوین ئەکات و
لە نزیکی نزیکەوە
دەست بەسەر عەرشی دڵما ئەگرێ
لە رۆژە فرمێسکاوییەکانم ئەڕوانێ و
لە شەوە بێدەنگەکانم ورد ئەبێتەوە
کتێبەکانی غوربەتم ئەخوێنێتەوە
لە قووڵایی هەستیدا ئەمشارێتەوە
ئەو چاوەڕێمە
لە شارێکی کەساسدا لە ئامێزی بگرم
پێک پێک فرمێسکەکانی بخۆمەوە
رازی ناو پێکەنینەکانی بدۆزمەوە و
بیکەمە زاخاوێک بۆ سەر لێوە
وشکهەڵاتووەکانی شیعرم
ژنێک لە چیاکانی خەیاڵمەوە
وەک شیرینترین کانیاو هەڵدەقوڵێ
هەمیشە نامەم بۆ ئەنووسێ
نامەکانی بۆنی نێرگزیان لێدێ
وشەکانی ئاورینگیان لێ ئەڕژێ
بە کامێرای چاوە خومارییەکەی
وێنەم ئەگرێ و
ئەیخاتە نێو ئەلبومی دڵییەوە
لەسەر هەر وێنەیەکیشم
بە خەتێکی ئاڵتوونی ئەنووسێ
تۆیت جەنەراڵی عیشقی من
لە دووری دوورەوە
وەک سوێسکەیەکی ماندوو دێت
لەسەر چەمی شیعرەکانم
تینوێتی سەفەری دەشکێنێ و
بۆ ئەبەد لەنێوان هەردوو لەپی
شیعر و سۆزمدا هێلانە ئەکات
منیش هەموو رۆژێک
بیری دەهێنمەوە هەموو تەمەنم
لەسەر باڵەکانی ئەو داناوە و
بۆ کوێ بفڕێت منیش لەوێم
هەموو شەوێک
چیرۆکی جێمانی خۆمی بۆ ئەگێڕمەوە
لەو پۆلە قەرەجەی
نیشتمانیان کردە نێو جانتایەکی سەفەر و
لە مەملەکەتی سەهۆڵدا
هێمن هێمن بەسەر بێکەسی خۆیاندا توانەوە
ئەو پەرییە رۆژهەڵاتییە
بە گوێیەکانمدا دەچرپێنێ
نیگەران مەبە، بە خامۆشبوونی چرایەک
لەنێو رۆحی هەلا هەلاتدا
ئیدی خۆر گەرمی و تیشکت بۆ دەهاوێژێ
دەست ئەخاتە سەر دڵم و
ترپەکانی ئەژمێرێ
بە دەنگێکی شمشاڵئاسا دەڵێت
بێزار مەبە لە داڵەکانی غوربەت
پەرییەک لە رۆژهەڵاتەوە
سروودی وەتەنت بۆ ئەچڕێ و
رەنگی نیشتمان دەخاتە
رۆژە بێ رەنگەکانی مەنفاتەوە
لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم و
ئەڵێم ئاه خودایە
ئەم ژنە گێلاسییە چۆن منی دۆزییەوە؟
چۆن وا خێرا هات و
شیلەی گوڵی عەشقی کرۆژتم؟
چۆن توانی بە لێوی تەڕی خەیاڵ
فلووتی تەنهاییەکانم بژەنێ؟
چۆن توانی بە نەرمە نیگا
بە عەشقی خۆیەوە لە خاچم بدا؟
منێک نە کوخێکم هەیە بۆ گۆرانی
نە کەنارێک بۆ لەنگەر
نە شەقامێک بۆ پیاسەی ئێواران
چۆن ئەم پەروانە ئاگرییە
بە چارەنووسی خۆمەوە بپێچم؟
ئەو رازی ناو دڵمی خوێندەوە
وەک شنەبایەک
سینگی پڕ پشکۆی فێنک کردمەوە
بێ ئەوەی هیچ بڵێ،
تەنیا بە نیگایەکی قووڵ و بێدەنگ
هەزار و یەک وشەی درکاند
ئاگرێکی لە ناخمدا کردەوە
بارانی بانگ کرد
گۆرانی فرمێسکمان بۆ بڵێت و
لە ژێر گەڵای زەردبووی تەمەندا
رەنگی سەوزی ژیان
بخاتەوە نێو چاوەکانمان
رەشەبای بانگ کرد
چیتر خۆڵی غوربەت نەخاتە
نێو نیگا شەرمنەکانمانەوە
بەفری قایل کرد
بەسەر دڵماندا نەبارێ و
نەبێتە پارچەیەک سەهۆڵ
شەوەکانی بێدار کردەوە
کاتێک من فرمێسکی تێدا دەڕژم
بە باران بڵێت نابێ ببارێت
ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە
پڕ پڕ لە شەپۆلی هەست و
ماندوو لە دووریی و دڵشکان
بە وێنەی گوڵێکی دڵتەنگ
لەناو ئینجانەی غەریبیدا
تامەزرۆی باخچەکانی عەشق و
باخەکانی شیعرم ببوو
هەروەک ئەستێرەیەکی رووخۆش
یان نەسیمێکی رۆژهەڵاتی
چاوی حەزی بڕیبووە
ماچێک لە ژێر دار پرتەقاڵی ئەویندا
وەک تریفەیەکی سەرخۆش
یان ئاورینگێکی دڵ تەڕ
چاوی ئارەزووی بڕیبووە
باوەشێک لە نیشتمانی عەشقدا
ژنێک لە رووناکی ئەدۆزمەوە
ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە

Previous
Next
Kurdish