Skip to Content

بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا- 74.. شەماڵ بارەوانی

بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا- 74.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئاب 12, 2023 General


74

کۆمەڵی ئیسلامی بوون، کە زانییان من یەکگرتووم، نەیانبردم بۆ عەمرە

لە بەشی پێشوو باسی دێی(قەڵاسنجێی خواروو)م کرد. لەم بەشەدا باسی دێی(قەڵاسنجێی سەروو) دەکەم.

بیرمە لە فەقێیاتی، ڕۆژێک لە دێی(قەڵاسنجێی سەروو)ی بناری سەفین و دەڤەری خۆشناوان، هەینییەکی لەجێی فەقێ(سەرکەوت) کە ئێستا مەلایە لای ڕەواندز، ڕویشتم وتارم بۆدان.

کەشەکە بوهاربوو و خەڵکی یەکپارچە لەو دەشت و دەرە بڵاوببوونەوە. بابەتی وتارەکەی من شتێکی تربوو، کە ئەو خەڵکەم بینی(بەپێی قەناعەت و تێگەیشتنی ئەوسام، بێشەرعییانە هاتوونەتە دەر و تێکەڵاون) یەکسەر لەسەر مینبەر بابەتەکەم گۆڕی و دابەزیمە سەر سەیرانکەرەکان. ئاگر لە دەمم دەباری و هیچم لە حاڵ نەهێشتنەوە. کورد گوتەنی: هەمووم شوشتنەوە.

ئامادەبووانی مزگەوت و وتارەکە زۆرینەی ئەو خەڵکەبوون کە بۆ گەشت و سەیران هاتبوون.

ژووری مزگەوت و حەوشەی مزگەوت جممەی دەهات و جێگا نەبوو پێیدا بڕۆیت و دەتگوت ڕۆژی حەشرە.

لەسەر مینبەر ئاگر لەدەمم دەباری و لاسایی مەلا و وتارەئاگرینییەکانم دەکردەوە و زۆر تووڕە وتارم بۆ دان و هەرچی بەسەر زمانم داهات نەمگەڕاندەوە و گوتم: بەو ڕۆژە پیرۆزەی نە شەرم و نە هیچ، کچ و ژنەکانی خۆیان کابۆ لەپێ کردووە و هێناویانەتە ئەو دەشت و دەرە و عەرزیان کردووە تا خەڵک سەیری بکات. بێغیرەتینە، دێنە مزگەوتیش!

پەیامبەر دەفەرموێ: کوللوکوم ڕاعی، وەکوللوکوم مەسئوولون عەن ڕەعییەتیهی). کوا ئیمان و ئیسلام و ڕەعییەت؟ کوا حەیا و غیرەت؟ وەلڵاهی ئەوەی کچی خۆی لەو دەشت و دەرە بەرەلڵاکردووە با نێتە مزگەوت و یەک نوێژ و تاعەتی قبووڵ نییە.

کە وتار تەواوبوو خەڵکی پۆل پۆل دەهاتن و تەوقەیان لەگەڵ دەکردم و پێدەکەنین و دەیانگوت: وەلڵا مامۆستا هیچی لە حاڵ نەهیشتینەوە و کردینی بە پەڕۆی بێنوێژ.

پیاوێک تەمەنی نزیکی پەنجاساڵ دەبوو، بەتووڕەیی و گرژ و مۆنییەوە مۆڕەی لێ گرتم. منداڵێکی پارچەلەشی لەگەڵدابوو، گوتی: بڕۆ کوڕەکەم با بڕۆین، ئەو کاکە مەلا بچووکە ئابڕووی لێ بردین. پیاوەکە وای گوت و خێرا بە بەردەمم ڕەتبوو.

دوایی موختاری دێ، تێلی بۆ فەقێ سەرکەوت کردبوو و گلەیی کردبوو و گوتبووی: کاکە ئەو فەقێ توندڕۆیە چییە ناردووتە؟ فەقێ حەیای خەڵکی برد و هیچی بۆ نەهێشتنەوە.

ئەو ڕۆژە لەبەردەم مزگەوتەکە، سێ پیاو کە یەکە و ڕیشێکی ئیسلامییانەی بۆی بەردابووەوە و زۆر بەگەرمی تەوقەیان لەگەڵ کردم و گوتیان وەلڵاهی قسەی مامۆستایە. ئەو گەشت و سەیرانەی ئێمە زۆر ناشەرعییە. داوای ژمارەی تەلەفۆنیان کرد و وێم دان و هەر لەوێ بەهۆی ئەو وتارە ئاگرینەم، بەڵێنیان پێدام کە گەشتێکی عەمرەم پێ بکەن.

گوتیان کۆمپانیای گەشتکردن و بردنی خەڵکمان بۆ حەج و عەمرە هەیه. ئەو سێ پیاوە خەڵکی ئاسکی کەڵەک(کەڵەکی داسنیان)بوون.

هاتمەوە، لە حوجرە لە کەیفان وەختابوو باڵ بگرم و بفڕم و دەمگوت: لەکۆتاییدا ئاواتەکەم هاتەدی و دەڕۆمە گەشتی عەمرە و زیارەتی ڕەسوولەلڵا. هەواڵی چوونم بۆ عەمرە لەناوهەموو فەقێکان بڵاوبووەوە. تێلم بۆ ماڵەوە کرد و گوتم: دەڕۆمە عەمرە.

دوای ماوەیەکی کورت، ڕۆژێک دانەیەک لەو سێ پیاوەی کە گوتم بەڵێنی گەشتێکی عەمرەیان پێدام، تێلی بۆ کردم و گوتی: مامۆستا بۆ نانی ئێوارە میوانی ئێمەیت. منیش لە حوجرەی محەمەدییە دوای عەسرەکە لە هەولێر بەرەو کەڵەک بەڕێ کەوتم و لەڕێگا بیرم دەکردەوە و دەمگوت: بەخوا پێدەچێت لەو یەک دوو ڕۆژەی بڕۆین. وای کە دڵخۆشبووم و لە خۆشییان پێدەکەنینم و لەژێر لێوەوە بەخۆمم دەگوت: خۆم فڕێدەم کورە؟ هاهاها. ئاش لە خەیاڵەک و ئاشەوان لە خەیاڵەکی.

ئێوارە نانمان خوارد و دەستمان بە قسە و گفتوگۆکرد و هەرپێیان هەڵدەدام و دەیانگوت: بەڕاسی لەوڕۆژە هەرباسی ئەو وتارە بەقووەتەی تۆ دەکەین.

سەری زمان و بنی زمانیان عەلی باپیربوو. مامۆسا عەلی باپیر وای گوت. مامۆسا عەلی باپیر وا دەڵێت. مامۆستا عەلی باپیر وای پێ باشه. مامۆسا عەلی باپیر خودای لەخەون بینی. مامۆسا عەلی باپیر وا و وا…

لەژێرلێوەوە گوتم: ئای لەوە! خۆ ئەوانە کۆمەڵی ئیسلامین.

منیش دەستم پێ کرد: مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەددین وەهای گوت. مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەددین وا دەڵێ. مامۆستا سەڵاحەدین دەفڕێت و مامۆستاسەڵاحەدین بەهائەددین خەونێکی زۆر بەقووەتری لەوەی مامۆستا عەلی باپیری بینیوە. مامۆستا سەڵاحەدین وا چوو و مامۆستا سەڵاحەدین وا هاتەوە.

دیقەتم دا، زۆر بە نابەدڵی و شێوازێکی نامۆ سەیرم دەکەن و قسەکانی من تەواو میزاج و جەوی تێکدان.

لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوانە کۆمەڵن و منیش یەکگرتوو. بەخوا بڕواناکەم ئەو ئیشە(گەشتی چوونە عومرەیە)م سەربگرێت.

دواتر هەرواش دەرچوو، کە زانییان من یەکگرتووم و ئەوان زۆر هەڵە حاڵی بوونە لەو وتارەی ئەو ڕۆژەی دێی قەڵاسنجێ، کە وایان زانیوە من کۆمەڵ یان هەواداری کۆمەڵم.

چیدیکە تێلیان بۆ نەکردمەوە و بەو شێوەیه پەشیمان بوونەوە و بەڵێنیان شکاند و نەیانبردم بۆ عومرە.

تۆڵەی ئەو وتارە ئاگرین و هێرشە ناڕەوا و نائەقڵانییەی کردمە سەر ئەو خەڵکە داماوەم لێ بووەوە. فەقێکان له حوجرە لێیان پرسیم ئەرێ ئەو عەمرەیە چی لێهات؟ پێم گوتن: ئەوانە دەرچوو کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیرین و نەیانبردم. گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیاندا قاقا.

دایکمیش(ڕۆحی شاد) پێی دەگوتم: کوڕم، پاتو نەتگۆت دەچمە عەمرەی؟ کەنگی دەچی؟ دەمگوت: دایە هەتا ڕێک بکەوێت. هاهاها.

شەماڵ بارەوانی

Previous
Next
Kurdish