Skip to Content

زەمینەسازی ئەنجامدانی تاوان،نەریتی فاشیزم لە( محمد)ەوە تا ئەردۆغان.. مەحمود عەبدوڵڵا

زەمینەسازی ئەنجامدانی تاوان،نەریتی فاشیزم لە( محمد)ەوە تا ئەردۆغان.. مەحمود عەبدوڵڵا

Closed
by كانونی دووه‌م 20, 2021 General, Opinion

هەموو ئایدیۆلۆژیا فاشیستییەکان ،سەرەتا بۆ ئەنجامدانی تاوان پڕوپاگەندە یەک بڵاو دەکەنەوە ،کە دواتر پاساودەری تاوانەکەبێت ،لانیکەم لای زۆرینەی ساویلکە و نەزان .
بۆئەوەی ڕەوایەتی بەتاوان بدرێت ،دەبێت پیلانێک هەبێت کە وابکات قوربانیەکان وەک جەللاد دابندرێن، نەک هەر ئەوە ،بەڵکو وادابندرێت کە خودا تۆڵەیان لێدەکاتەوە،لەبەرئەوەی ئەوان پێشتر کارێکیان کردوە کە خودای نیگەرانکردوە،یان دڕندایەتییەکیان ئەنجامداوە.وەک زەمینەسازیش لەڕێی تۆمەتێکەوە،یان گەورەکردنی ڕەفتارێکی قوربانیەکان لەڕادەبەدەر .ئەم نەریتە بەدرێژایی مێژووی فاشیەکان تەکتیکێکی بەهێزبوە بەسەرخستنی فاشیزم .
چونکە بەدرێژایی مێژوو،تێنەگەیشتن، هاندەرێکی باشی فاشیزم بووە. کەسانێک کە ئەقڵێکی سەرەتاییان هەیە ،باوەڕیان بەخواڕافیات هەیە بە ئاسانی دەبنە ئامرازی دەست فاشیستەکان.
زۆر جار تۆمەتی دواکەوتویی گروپێک ،نەتەوەیەک دەکرێتە پاساوی ئەنجامدانی تاوان و جینۆساید و کوشتار! وەک ئەوەی کوشتاری بەکۆمەڵ خۆی لەخۆیدا لوتکەیی دواکەوتوویی و دڕندەیی و بەربەریەت نەبێت.هەروەک لەسەردەمی پێغەمبەری عەرەب کە لەڕێگەی ئەو تەکتیکە،یان نەریتە فاشیستیە ،ئەو وەهمەی خستە سەری عەرەبی ساویلکە ،کە خودا ڕێگە بە کوشتاری ئەوانەدەدات کە نایناسن،یان ئەوانەی کە نەفامن بە قەولی ئەڵڵای محمد،یان ئەوانەی کە پەیمانێکیان شکاندووە،لەکاتێکدا ئەونەفامانە داهێنەری زۆرێک لەنەریتەکانی ئیسلامن ، لەکاتێکدا ئەوجوانەی پەیمانیان شکاند،هەمان ئەوانەبون محمدیان سەرخست.بەڵام محمد بەهێزبوبو ئیدی لێبوردنی نەما،هێز لێبوردن ناناسێت. یان وەک دەڵێن حیزب تابەهێزتربێت لێبوردنی کەمدەبێت. دزینی بەها گەلێکی سەردەمی نەفامی دەرخەری ئەوڕاستییەن، کە ئیسلام وەک هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تری فاشیسی هەوڵیداوە قوربانی بکاتە جەللاد.
تۆمەت و ناوزڕاندنی قوربانیەکان بەر لەوەی ببنە قوربانی،بەرلەوەی کردەی فاشیستی ئەنجامبدرێت،ئامادەکردنی زیهنیەتی عەوام بۆئەوەی کاردانەوەی نەبێت نەریتێکی فاشیستەکانە.
تەکتیکێکی هەمیشەیی دەسەڵاتە زۆردارو فراوانخوازەکانە،زۆر جار قوربانی دەکەوێتە داوی جەللاد و بەدەستی خۆی ڕێگە خۆش دەکات بۆ تۆمەتبارکردنی . ئەگەر چی هیچ کات ئەوتاوانەی ئەنجام دەدرێت،”تاوانی قوربانیەکە”وەک زەمینەسازی، ئەوەندە قەبارەی گەورە نییە، یان بۆفاشیستەکان بەرگری لەقوربانیەکە ئامانج نیە،بەڵکو ئامرازە . خودی جەلادەکان، ڕۆژانە تاوانی لەوشێوەیە ئەنجامدەدەن،نەک ئەوە ئەوانەی شیوەن بۆ قوربانیەکە دەکەن خۆیان لەشوێنی دیکە ،بەرامبەر خەڵکیتر هەمان کار ئەنجام دادەن. گرفتەکە لەوێدایە کە میدیا ئەوەندە قوربانیەکە گەورەدەکات بەڕاددەیەک کاردەکاتە سەرهەست و سۆزی خەڵک کە ئیدی عەقڵ و بیرکردنەوە لەئارادا نامێنێت ،بەشێوەیەک کار لەسەر سایکۆلۆژیای خەڵک دەکرێت کە دواجار پیلانی دواتر ،ئەوتاوانەی جەلاد ئەنجامی دەدات هاوتا دەکرێت لەگەڵ هەمان تاوان کە خودی قوربانیەکانی دوەم جار ئەنجامیانداوە .
یەک کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە دەکرێت بەڕادەیەک کە تەواوی گروپێک تاوانبار دەکرێت،کێشەی بیر کردنەوەی مێگەلی ئەوەیە کەباوەڕی بە سزادانی بەکۆمەڵ هەیە ،ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ جینۆسایدو کوشتار. لەسەردەمی محمدی پەیامبەری عەرەب،لەسەردەمی هیتلەر ، لەسەردەمی “داعش ئاکەپە پارتی، ئەوز ەمینەسازیە بۆ جینۆساید و کۆمەڵکوژی گروپە بچوکترەکان کراوە .تاوانبارکردنی گروپێکی ئەتنی،دینی ..وتاد.هەموکات ئەوتەکتیکە هەبوە،تۆمەتبارکردنی جولەکە و ئێزیدی هەروەها لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر ئەرمەنیەکان ئەم پیلانە ئەنجامدراوە و.
وەک چۆن کاتیخۆی بەڵگەنامەیەکی ساختە ،نیشانیدا کە جولەکەکان ،،دەیانەوێت دەست بەسەر مرۆڤایەتیدا بگرن،کەدواجار ئەم بەڵگە نامە ساختە بەکۆمەڵکوژی جولەکەکان کۆتایهات!
لێرەدا دەمەوێت خوێنەر بگەڕێنمەوە بۆ ،ڕابردویەکی نزیک،بۆلای کەیسی دوعا، بێگومان دوعا قوربانیە،غەدرێکی گەورەی لێکرا،بە دڕندانەترین شێوە کوژرا.بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ کوشتنی دوعا ڕوداوێکی عەفەوی بو،یان کوشتنی دوعا بەرنامە بۆداڕێژراوبو،ئاخۆ دزگا هەواڵگریەکان چ ڕۆڵێکیان هەبوو ؟ئاخۆ گروپێکی دواکەوتو بەنهێنی ژن دەکوژن،یاخود بەبەرچاوی خەڵکەوە ؟بۆچی دوعا وێنەی گیرا و ڤیدیۆی کوشتنەکەی تۆمارکرا؟
کوشتنی دوعا ،پیلانێک بو ،کە دەبوو ڕویدابوایە،ڕێکەوت نەبو،دەستی هەواڵگری تورکیاو پارتی تێدابو،بەڵام خەڵکی ساویلکە ناپرسێت ،گەلۆ ئەی ئاسایش چی دەکات،چۆن بنەماڵەیەک،عەشیرەتێک بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە تاوانێکی ئاوا ئەنجامدەدات؟ بۆچی وێنەی دەگیرێت و بڵاو دەکرێتەوە؟ بۆچی دوعا تەسلیمی ئێزیدیەکان کرایەوە؟
بۆیە دەبوایە ئەوە بزانرێت کە پارتی لەکەسێتی دوعادا هەمان خیانەتی ئەنجامدا ،کە لە ۳ی ئاب ئەنجام درا. یەکەم جار خیانەت لە ئێزیدیەکانکرا،لەکەیسی دوعادا،کوشتنی دوعا زەمینەسازیبو،بۆ کۆمەڵکوژی.هەر چۆنێک بێت،کوڕێکی موسڵمان دەچێت ،گوایە ئاشقی کچێک دەبێت ،کە ئێزیدییە،ئێستا بۆ گومان نەکەین،ئەمە ئەشقێکی هەواڵگرییە.
قوربانیە کانی پیلانگێڕیەکەی ئاکە پە ،پارتی ،لەوانەیە دەزگای هەواڵگری عیڕاقیش بەشداربێت ، هەرچۆنێک بێت، ڕوداوێکی بەمشێوەیە ڕێکدەخرێت ،زەمینەسازی ئەنجامدەدرێت.تا دوعا بەبەرچاوی خەڵکەوە بکوژرێت. چونکە ئەم بابەتانە لای کەسانی خێڵەکی دەشاردرێتەوە ،نەک بەبەرچاوی خەڵکەوە.بەڵام بۆئەوەی موسڵمانی ساویلکە بتۆقێنن، خۆیان لەجێگەی دوعا دابنێن،بۆئەوەی پێیانبوترێت ئەو یەزیدیانە دەسەڵاتیان هەبێت،هەمان شت بەسەر بەسەر تۆی موسڵمان دێنن کە بەسەر دوعایان هێنا.
ئێمە بینیمان کە ڕایگشتی لەسەر کارەساتی شەنگال ،لەئاستێکی نزم دابو. ئەو جینۆسایدە بەسانایی تێپەڕی،ویژدانی موسڵمانانی نەجوڵاند،بەڵکو فرمێسکی تیمساحیان بۆدوعا دەڕشت.لەوکاتەدا جاشفیکریەکانی ئیسلام ،ئاماژەیان بە کوشتنی دوعادەکرد،تاسەرنج لەسەر تاوان و جینۆسایدی شەنگال لابدەن.بانگخوازەکان ئاماژەیان بە کوشتنی دوعا دەکرد،بەڵام موسڵمانی گەلحۆ ،نەیپرسی ئەمە چ ویژدان و اخلاقێکە،،بۆچی کوشتنی دوعامان بیردەخەنەوە،بۆمەگەر ڕۆژانە هەر کورد نییە،ژن دەکوژێ،کەوایە دەبێت ئێمەش ڕوبەڕوی کارەسات و جینۆسایدێک ببینەوە.بەڵام ئەگەر هێزت هەبێت ،کوا خودا تۆڵەت لێدەکاتەوە. سەدانساڵە تورک کۆمەڵکوژی میللەتان دەکات،بەڵام خوایەک نییە تۆڵەیان لێبکاتەوەو هەربەهێز دەبن.فرمێسکی موسڵمانان بۆ دوعا نەبو،بۆخۆیان بو،بۆ ئایدیۆلۆژیاکەیان بو،بۆ ئەو فاشیزمە کپکراوەیە کە لەسەریاندا.
ئەولۆژیکەی عوسمانیەکان لەمێشکی موسڵمانان جێکرایەوە”ئەوەی دەیانەوێت بەسەرت بێنن،بەسەریان بێنە”ئەمە بەرگرییە لەئەقڵ و حەقیقەت، نەک شتیتر،من دەمەوێت بڵێم ،گریمان کەیسی دوعا بەم شێوەیە نییە،،بەڵام ئەوەی هەیە و ڕاستییە،ئامادەیی ئەو زیهنیەتە فاشیستیەیەکە لەسەری موسڵماناندا،ئەو هەڵچونەگەمژانەیەیە کە لەدەرونیاندا قوڵپ دەدات.ئەویش ئەوەیە خودا دێت بەدەستی پیسترین و چەپەڵترین هێز،تۆڵەی خۆی لە ئێزیدی دەکاتەوە.ئای چ گەلحۆییەکە!
چۆڵکردنی شەنگال و بەرگری نەکردن لە خەڵکی شەنگال،پێشتر زەمینەسازی بۆکراوە. سەرەتا دەزگای هەواڵگری میت نەخشە و پیلانی زەمینەسازی ئەنجامدانی تاوان دەداتە پارتی ا،پارتیش جێبەجێی دەکات.
دوعا بەشێوازێکی دڕندانە دەکوژرێت، بەڵام لێرەشدا جەللادی سەرەکی هەر ئاکەپە و پارتین .بەڵام لەڕێگەی ئەو ڕەفتارە ناشیرینە سۆزی خەڵک دەجوڵێت بۆ دوعا،لەهەمانکاتدا ڕقێک بەرامبەر ئێزیدیەکان سەرهەڵدەدات،جارێک وەک ئەوەی کەدوعا موسڵمانە و موسڵمانان خۆ لەجێگەی ئەودادەنێن،هەست دەکەن ئەمستەمە لەوان کراوە،هەتا دورتر دەڕۆن وەهمی ئەوەیان دەچێتە مێشکەوە کە ئەوگروپە ڕقی خۆیان لەکەسێتی دوعادا بەموسڵمانان دەڕێژن!
کاتێک تاوانی نامرۆڤانەی شەنگال ئەنجامدرا، ڕاستەوخۆ لەجیاتی ورژانی هەستی سۆزداری بۆ ئێزیدیەکان،دوعا وەک قوربانی دێتەوەیاد.یان وەبیر دەخرێتەوە. ڕەوایەتی دانی ناڕاستەوخۆ بە و تاوانە لەلایەن هەندێ بانگخواز،ئەوە ڕون دەکاتەوە کە کوشتنی تراژیدیانەی دوعا،ڕوداوێکی ڕێکەوت نەبو،نەخشەسازی بۆکرابو.هەربۆیە ئەکتەرەکان ،ئەوانەی بەرگریان لەدوعا دەکرد بەناڕاستەوخۆ لایەنگری بۆ تاوانی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان دەردەبڕن. بۆنمونە عەبدالواحید یەکێک بو لەوانەی بۆشاردنەوەی تاوانی ئەکەپە پارتی داعش، وێنەی کوشتنی تراژیدیانەی دوعای دەهێنایەوەیاد،فرمێسکی تیمساحی دەڕشت .بۆشاردنەوەی تراژیدیایەکی نوێ،تراژیدیایەکی کۆنی دێنایەو ە یادی عەوام،عەوامێک کەسەر لەهیچ ڕوداوێک درناکات جگە لەڕواڵەت هیچ نابینێت.
ئەمە پاساو نییە بۆ کوشتنی دوعا،بەڵکو بەرگریکردنە لەدوعا،ئاشکراکردنی ئەکتەرە ڕاستەقینەکانی کوشتنی دوعایە . بەڵام هێشتا تراژیدیای دوعا بەشی شاردنەوەی تاوان و خیانەتی ئاکە پە پارتی، بەرامبەر ئێزیدیەکانی نەدەکرد،دەبوایە تۆمەتی تریش بدرێتە پاڵیان. لەوکاتەدا کە ئێزیدیەکان ئەو کارەساتەیان بەسەردێت،هەر هێمایەک بەهەر تایبەتمەندیەکی ئەوگروپە پاساو هێنانەوەیە بۆتاوانەکە! بەتایبەت لەسەرزاری موسڵمانەکان ڕەوایەتی ئەدرا بە و تاوانە لەڕێگای بیرخستنەوەی تایبەتمەندیە جیاوازەکانی ئەوگروپە ئاینییە .داخراون،خۆیان ناشۆن،پیسن،شەیتان پەرستن یان ڕێز لەشەیتان دەگرن،هەموو ئەم شتانە هەندێکیان وەک تۆمەت و هەندێکیش تەنها جیاوازی کلتوریە،بەڵام لەوکاتەدا ئاماژەیان پێدەکرا بۆچی؟ بۆ کەمکردنەوەی قورسایی تاوانەکە، بۆ بەلاڕێدابردن و سەرنج خستنە سەرشتێکیتر،و گوماناویکردن و ..تا هیچ کاردانەوەیەک نەبێت بەرامبەر پارتی. واتا بیرخستنەوەی دوعا ،کەرکردن بو،کەرکردن واتا لادانی سەرنجی خەڵک لەسەرشتێک کە پێویستە،بۆشتێک کە پێویست نییە.
هەمو ئەوەی بەرامبەر ئێزیدیەکان دەوترا بۆ شاردنەوە و لادانی سەرنجبو لەسەر کارەساتی شەنگال .

کۆمەڵگای خێڵەکی و دواکەوتو، خوڕافی باوەڕی بە بەرپرسیاریەتی کەسی نیە،باوەڕی بە بەرپرسیاریەتی گروپ هەیە،چونکە ئەقڵیەتی ئەوکۆمەڵگایانە مێگەلییە. بۆنمونە بنەماڵەیەک تاوانێک ئەنجام دەدات ،دەبێت تەواوی گروپێک سزابدرێن کە سەر بە یەک ئایدیۆلۆژیان.ئەوەش زهنیەتی خێڵەکی محمد و ئاینی ئیسلامە کە باوەڕی بە سزادانی بەکۆمەڵ هەیە،بەرپرسیاریەتی تاوانیش دەخاتە سەرکۆمەڵ،تەڕوپوش پێکەوە دەسوتێنێت .نەک بۆ گەورەکان بەڵکو لەو سزایانە ژن و مناڵیش بەرپرس دەکرێت،بەتایبەت مناڵ کە بەهیچ پێوەرێکی اخلاقی و قانونی وئەقڵانی بەرپرس نابێت لە و ڕوداوانەی لە کۆمەڵەکەیدا ڕودەدەن. بەڵام زهنیەتی دینیەکان وەهایە خوڕافیی و فاشیستانەیە و کراوەیە بۆ قبوڵکردنی کردەی فاشیستانە بەرامبەر گروپە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆی.

لەکاتێکدا بە پێوەری دونیای پێشکەوتو،کۆمەڵگا ئیسلامیەکان دواکەوتو،کۆنەپەرست و داخراون،بە پێوەری خۆیان بێت هەموو کۆمەڵکوژیەک ڕێپێدراوە لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتو،تا ئیتر کۆمەڵگای موسڵمانیش فەتحبکرێت و بێتە ناو دونیای ئەقڵانیەت و مۆدێرن بن!بەڵام بانگخوازە مێشک داعشییەکانی ئیسلامی ئاماژەیان بەو تایبەتمەندیانە دەکرد کە بەناڕاستەوخۆ بۆ لادانی سەرنج بو لەسەر ئەوتاوانە گەورەیە .بێ گومان موسڵمانەکان چەندین جار تاوانی لەم شێوەیان ئەنجامداوە بەرامبەر ئێزیدیەکان و مێژوو ژمارەی فەرمانەکانی تۆمارکردووە،۳ۍ ئاب دواین فەرمان بو کە لەسەردەستی دوهێزی ئیسلامی داعش ئاکەپە بەهاوکاری پارتی بەکرێگیراوی تورک ئەنجامدرا .خودی مسعود بارزانیش لەناو پارتی بەرپرسی یەکەمە لەوتاوانە.‌ چونکە بارزانی بۆ ئەوەی پیلانەکە سەربگرێت بەڵێن دەدات پیانپارێزێت بۆ ئەوەی هیچ هەوڵێکی هەڵاتن و بەرگریش نەدەن. بۆیە پارتی و خودی بارزانی وەک چۆن پیلانی کوشتنی دوعایان داڕشت و ڕێگایان بۆ ئەنجامدانی خۆشکرد،دواتر بەرامبەر تەواوی کۆمەڵگای ئێزیدی هەمان شتیانکرد..ئەگەر بەلۆژیکی موسڵمانان بێت،دەبێت موسڵمانان هەمویان فڕێبدرێنە دەریاوە،چونکە دواکەوتون،وەک سارتەر وتبوی فەڕەنسا وەک مەیمونێکی پێشکەوتو مامەڵە لەگەڵ جەزائیریەکان کردووە.

داعش پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەبو.بەئاشکرا هاوکاری دەکردن،ڕۆژنامەکان باسیان لە کۆبونەوەی مسعود دەکرد لە ئەردەن،هەمو ئەمانە پێمان دەڵێت :دەزگا هەواڵگریەکان سایکۆلۆژیای موسڵمانانیان خوێندۆتەوە،،پارتی دەزانێت کوشتنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان تێدەپەڕێت. بۆیە ئەگەر ڕۆژێک دادگایەک هەبێت،دەبێ هەموو ئەوانە دادگایی بکرێن،کە هەوڵیاندەدا سەرنجی خەڵک لەسەر کارەساتەکە لابدەن. ئەردۆغان خۆی وەک خەلیفەی ئیسلامی ناساند وهەوڵی فەتحکردنی دەوروبەری ئەدا،لێرەدا دەبو دواین سوڵتان و خەلیفەی ئیسلام بەناڕاستەوخۆ دواین فەرمان بەسەر ئێزیدیەکانی ئێزدان بێنێت. ئەمڕۆ هەرکەس سێرچێک بکات تێدەگات ئێمە لەناو چ ئەقڵێکی فاشیستی دادەژین،سەیری ئەو پۆستانەبکەن کە لەسەر ئێزیدیەکان دەکرێت،لەوێدا دەبینن،چ گەلحۆیی و گێلییەک لەئارادایە. باوەڕداری نەزان و گەلحۆ،ناپرسێت تاوانی ئەوانە چییە کە لەسەردەمی دوعا هێشتا لەدایک نەبون؟! دەوترێت باوەڕداران بۆچونەکانی خۆیان دەپەرستن،ئەوەش زۆرواقیعیە،هەموو گەمژەو گەلحۆکان وا ئەزانن خوداش وەک ئەوان بیردەکاتەوە،حاشا ئەم زبڵە،ئەقڵی خودا نییە.

مرۆڤی شارستانی لەوە تێدەگات ،لەڕووی یاسایی،کە بنەمای ئەقڵانی هەیە، گروپێک تاوانبار ناکرێت،ئیللا ئەوانەنەبێت لە ئەنجامدانی تاوانەکە بەشدارن.لەوە بترازێ ئەقڵی فاشیستی و خوڕافی و فەتحە.
ئەو موسڵمانانەی پاساو بۆ کوشتاری جولەکەکانی مەدینە دێننەوە،هەر ئەوانەن فرمێسک بۆ دوعا دەڕێژن،و پاساو بۆ داعش دێننەوە، چرپە چرپێک لە ژێر لێوەوە دێت و پێیان دەڵێت:داعش ئیسلامی ڕاستەقینەیە.بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لاوازین،دەبێ بێدەنگ بین.ئەگەر داعش سەرکەوت ئەوا ئێمە چیمان دەوێت ، دەبین ە پۆلیسی ئەخلاق، وشەلاقچی و تاڵانچی.ئەمەیە دووڕویی …
ئەم بانگخوازە گەلحۆیانە،ئەو مرۆڤە مێژوییانە،پێمان ناڵێن تاوانی هیندیە سورەکان چیبو،ئەرمەن،جولەکە، ،کوردەکانی دەرسیم، هەڵەبجەییەکان و…وادیارە پیاوانی خودا لەمێژودا دەبێت هەر لەسەر شێوەی ستالین و بەغدادی و هیتلەرو ئەردۆغان دەرکەون.


مەحمود عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish