Skip to Content

کەریم کابان،،،قوربانیی کۆمەڵگایی چینایەتیە!.. عبدالرحمن محمد

کەریم کابان،،،قوربانیی کۆمەڵگایی چینایەتیە!.. عبدالرحمن محمد

Closed
by January 19, 2021 General

نرخ، بەها، لکاووە بە هەموو شتو مەکەکان و مرۆڤەکان و و نیشتمانەکان و جوگرافیا جیاوازەکان و بگرە کیشوەرەکان و تا دەگاتە ئایین و ئایدۆلۆجیاکان. هەموو کاڵایەک یا مەتریالێک کە بەرجەستەیە و دەبینرێت و لە ژیانماندا مامەڵەی لە گەڵدا دەکەین، نرخ و بەهایەکی هەیە ،جا کەم بێت یا زیاد، ئایینەکانیش هەروەها، بەهایان بەرز و نزم دەکات لە گەڵ کات و شوێندا. بۆیە کە تەماشایی دەورووبەرت دەکەیت و هەست بە جیاوازی و ڕۆڵ و دەور و نەخشی شتە جیاوازەکان دەکەیت، سەرت سوووڕ نەمێنێت لەو جیاوازیانە لە نرخ و پایەی کۆمەڵایەتیان
نرخی شت و مەکەکان دەزانین تا ڕادەیەک ، کە جیاوازیەکانیان لە چیەوە سەرچاووەی گرتووە و بۆ یەکێکیان گرانە و ئەوی تر هەرزان! بۆ نموونە؛ نرخی پارچەیەک ئەڵماس بە بەراورد لە گەڵ پارچەیەک ئاسن، ئەڵماسەکە لە قوڵایەکی زیاتر دەردەهێنرێت و کات و تێچووەکەی زیاترە لە پارچەیەک ئاسن کە دەتوانیت لە چیاکانی پێنجوێن دەری بهێنیت بە ئاسانتر و تێچوویەکی کەمتر، هەروەها کۆمەڵیک فاکتەری تر هەیە لە داواکاری خەڵک و زەوقی کەسەکان. یا کڵاشێکی هەورامی، کە تێچووی ئەو کاتەی کە لە دروستکردنیدا زیاترە لە پێڵاویکی لاستیک کە لە کارگەیەکدا بەرهەم دەهێنرێت، خۆتان دەزانن، کاری زیاتر یەکسانە بە کرێ یا هەقدەستی زیاتر، ئەمەش دەچێتە سەر نرخی ئەو شت ومەکانە، کە لە کۆتاییدا دەبێت، بە کارهێنەرەکە بیدات. بۆ ئاینەکانیش هەروایە، دەبینین، هەزاران کەس لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکانەووە دێن و دەبنەە مەسیحی بۆ وەرگرتنی وەڵام و خۆگونجاندن لە کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا، ئەمەش بەرامبەر زمانەتێک و ڕەفاهییەتێکی ماددی لە بیمەی تەندروستی و بێکاری و کاری گونجاو و دەیان دەستکەوتی تر، کەواتە هەموو شتەکان، لە هەواوە بگرە تا دانیشتنی سەر ڕووباریک نرخەکەی جیاوازە، کە دەچیت بۆ ئەحمەو ئاوا، هەواکەی جیاوازە لە گەڵ هەوا و کەشی کەرکوووکدا، کەواتە ئەو هەموو ماندووبوون و کرێی ئۆتۆمبێل و کرێی مانەوەیە لە هاوینەهەواریک، نرخێک بەهایەکی هەیە، کەواتە تۆ ئەگەر پارەت نەبوو، ناتوانی چێژ لە جوانی و دیمەن و هەوای سازگاری ئەو نیشتیمانەش ببینی کە ئامادەیی خوێن و گیانی خۆتی لە پێناودا ببەخشیت. بۆ نمووونە من خۆم تا لە عێراق بووم، نە توانیم گەلی عەلی بەگ ببینم ،نە ئەحمەو ئاوا نە باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، کەواتە باشم کردووە کە کۆمۆنیستم و نەتەوەپەرست نیم!
نامەوێت بچینە سەر بابەتی ئابووری ، بابەتەکەمان لە سەر ئەو کێشمەکێش و هەرایەیە کە ماوەیەکە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرامبەر کچە میدیاکارێک کە گوایە بێڕێزی بە هونەرمەند کەریم کابان کردووە، ئایا ئەم کچە میدیاکارە داهێنەری ئەو ناوە یا ناتۆرەیەیە بە هونەرمەند؟ ئایا کەریم کابان یەکەم هونەرمەندە کە ناوی دەنێن بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتووچۆووە یا گواستنەوەووە؟ ئایا کۆمەڵگا کێشەی لەووە گەورەتری تیادا نیە، کە ئەوەندە خەڵکی لە دەوری ئەم کێشەیە کۆبوونەتەەوە؟ ئایا ناڕەزایەتی و کۆبونەووەی کۆمەڵێک هونەرمەند دژی ئەم میدیاکارە بۆ؟ لە کاتێکدا کۆمەڵگا کێشەی کوشتنی ژنانی تیادایە! کێشەی مووچەی تێدایە! کێشەی ڕێگا و بانی تێدایە١ کێشەی هێرشی ووڵاتانی دراوسێی تێدایە بۆ سەر کوردستان! کێشەی منداڵان و کەرتی پەروەردە و خوێندنی تێدایە! کێشەی ئەمنیەتی تیادایە! ئەمانە بە جێی خۆی، با بزانین واقعیەتی کۆمەڵگا چی دەڵیت؛
لە سەرەووە، کەمێک باسی بەها و نرخمان کرد، جیاوازی نێوان کۆمەڵێکیمان باس کرد، بەڵام بەها ونرخی مرۆڤەکانمان هەڵگرت بۆ ئێستا، ئێمە کۆمۆنیستەکان، هەموو شتەکان وەک یەک نابینین، دەچینە قوڵایترەووە، تا بە ڕووکەش دیاردەکان نەببینین و هەڵیانسەنگێنین، بۆ نموونە، ئایا ئەگەر هونەرمەند کەریم کابان، بچوێنرایە یا بەروارد بکرایە یا ناوی لێبنرایە، مارسیدیس، لێگزی، بیئێم، لەمبەرگینی، کە تیایاندایە بە ملیۆنان دۆلارن، هەمان هەڵوێستیان دەبوو بنەماڵەکەیان؟ یاخود بۆ ناسری ڕەزازی لە سەر ناولێنانی مەرزیە بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهاووە، دەنگی لێووە نایات و ڕەخنە ناگرێت ؟ ئایا بۆچی وەنەوشەو خێزانی وەنەوشە تا ئێستا نەهاتونەتە دەنگ، یا مۆدێل و بەها ونرخی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کچەکەیان ناوی پێوەنراووە، گران بەها و دێنێتی؟ تەنها وەڵامی کچە هونەرمەندی میسری لەیلا عەلوی کە ئەوێش کورد ئۆتۆمبێلێکی خستبووە ناویەووە نەبێت، کە دەڵێن گوتبووی( میللەتێک تا ئێستا خاوەنی سەربەخۆیی نەبێت ، هیچیان لێ ناگیرێت) ناوناتۆرە لە کاڵچەری کوردیدا هەر هەبووە، بەڵام ئێستا لە گەڵ گۆڕانکاریە ئابووریانەدا و زەق بوونەووەی قڵشتە چینایەتیەکەدا، بەراورد بە شتە هەرزان بەها و گرانبەهاکان دەکەن، ئێمە نازانین، پێ دەچێت خەڵک هەبێت، نازناوی ئەڵماسی لێنرابێت و هەندێکیش تەنەکە! بۆیە زۆر جار دەبیستین و گوێمان لێ بووە، دەڵێن، فڵان نووسەر زێڕە زێڕ! فڵان هونەرمەند توحفەیە! کچی فڵان کەس بە کێشی خۆی زێڕ دێنێت! دەست ڕەنگینە، یا بازنی ئاڵتونینی لە دەستدایە!
هەر ئەو بەها و نرخەیە، هەزاران مەحمودی کردووە بە خولە! هەزاران ڕەحمانی کردووە بە ڕەحە! هەزاران فاتمی کردووە بە فاتە! هەزاران کارزانی کردووە بە کارە! هەر تەماشایی کۆمەڵیک بەرپرسی خۆمان بکە، پێشتر ناویان هەر ئەم ئەحە و خولە و حەمە و ڕەحە بوون، ئێستا پێشگر و پاشگری کاک و مام و مامۆستا و خان و شێخ و بەگیان لێنراووە، کەواتە، ئەووە وەستاوەتە سەر پێگە کۆمەڵایەتیەکت، کە لە سەرمایەداری وکۆمەڵگای چینایەتیدا بە دەسەڵاتی پارە و ماڵ وموڵکەکەت دەستنیشان دەکرێت و بانگدەکرێیت، بۆیە ئەو هەموو داهات و پارەیە شەڕی لە سەر دەکرێت، تا بە ناو و شەخسیەتی خۆتەووە بانگ بکرێیت و کەرامەتت نەڕوشێنرێت و لەو ئازارە ڕۆحیانە بە دوور بیت. بۆیە لە دنیایەکی بێ چیندا، کە پارە و سەروەت ڕۆڵی نەما، ئەو کاتە بەها و نرخی مرۆڤەکان بە توانا و لێهاتوویان دەخەمڵێنرێت نەوەکوو گیرفانیان!
جاری واش هەیە هەندێک شت لە ستاندارد یا قاعیدە دەردەچن، عەرەب قسەیەکی هەیە دەڵیت( تسقط الاداب بین الاحباب)، کۆمەڵێک ئاداب و ڕێز لە نێوان خۆشەویستەکاندا نامێنێت! لەم شارەی من لێی دەژێم، کە بانگی یەکتری دەکەن، دەڵێن( مراوی چۆنی) بەڵام ئەمە کاڵچەری ئەم شارەیە! بۆیە ڕاستە بەها و نرخی ئەو ماتۆڕە سێ ویلانە، کە ناوی هونەرمەند کەریم کابانی لێنراووە، من نازانم بناغەکەی چیە، بەڵام دەزانم، نرخ و بەهاکەی هەرزانە و بە مرۆڤی هەژاریش دەکڕدرێت و زیاتر هەژاران بە کاری دێنن، من خۆم بم، فەخری پێووە دەکەم، کە ناوم بە ئامێرێکەووە بنرێت کە هەژاران و دەستکورتەکانی کۆمەڵگا بە کاری بهێنن، چونکە ئەوان زیاتر لە دەوڵەمەندەکان ڕێز و قەدری بۆ دادەنێن و چاودێری دەکەن.
مامۆستا و هونەرمەند، کەریم کابان، موڵکو سەرووەتی هەژاران و عاشقانی کورد بوو، بۆیە ئەمان دەیانەوێت، ناوەکەی بزر نەبێت و هەموو ڕۆژێک لە سەر زمانی هەزاران زەحمەتکێش و ڕەنجەدەری بازاڕەکانی کوردستاندا بێت، خۆزگە منیش ئەو پێگەیەم هەبوایە، کۆلارەیەکیان بە ناومەووە بنایە و بیان گوتایە(ئەوە مەلا ڕەحمان فڕێ).

عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

azzady22@gmail.com 18/01/2021

Previous
Next