
بەکورتی33: چیەتیی چييە چييە؟….ئەی چییە چی نییە؟.. ئازاد حەمە
چی، یاخود چییە سیخناخ و پڕە لە سۆراغ و گەڕان بەدوای زانیین. بەدحاڵیبوونیش لە گوزارەی چیەتیی چییە، یان چییەی شتێک ئەو پرسە گرنگە دەکوژێت سەبارەت بە چییەیەک دەکرێت. وەکی تریش، بەڵگەمەندی دەوێت چییەکان جوان وەڵامبدەینەوە و چیەتیی چییەکانیش ڕاڤەبکەین. بۆ ئەوانەش، کە لە چییە تێناگەن پرسیارێکی دژوارتر، ناسانتر ڕووبەروویاندەبێتەوە، کە بەم جۆرەیە: چیەتیی چییە چییە؟
بۆ نزیکبوونەوە لە جەوهەری باسەکە، دەپرسین ئەوە چییەwhat is that؟ ئەی پاش زانینی ئەوە چییە چی روودەدات؟ باشە هەردەم چییەیەکک لێرە و لەوێ بوونی نییە؟ چیەتیی شتێک لە کوێوەدێت؟ لە هەموو زمانەکاندا ئەوە چییە هەر ئەوە چییەیە؟ باشە ئەوە چییە دەربڕێنێکی پرسیاریی نییە بۆ گەیشتن بە زانین؟ ئەی خودی چییە چییە؟ یان چییە چی نییە؟
ئەمە چییەWhat is this؟ پرسیارە و وەڵامی دەوێت؛ واتە پرسیارە لەسەر چیەتیی شتێک. ئەم شتە دەکرێت شارێک بێت یان مێرولەیەک. چییە دەربڕینێکی لێکۆڵینەوەئاسایە، پرسیارێکە لە ڕەچەڵەک یان ناسنامە، جەوهەر و سروشتی شتێک، کە لەوێڕا بەهای شتەکەش دەخرێتە ژێرپرسیارەوە. کەوابێت، کە دەڵێین ئەمە چییە؟واتە نیازخوازین زانینمان لەسەر ئەو شتە دەستبکەوێت، کە ئاماژەی بۆدەکەین. لەسەر ئەو بناغەیە، کاتێک تێناگەین ئەو شتە چییە؟ ئیدی پرسیاری چیەتیی شتەکە لامان گرنگ دەبێت. لەبەرئەوەی شت هەیە و مرۆڤ هیچ زانینێکی لەسەری شتەکە نییە بۆیە پرسیاری (ئەوە چییە؟) دروستدەبێت.
دوبارە دەپرسیینەوە: چییە چییە؟ چییە کۆڵەکەی پرسیارە، ئەو پرسیارەی لە ڕیشە و بنەچە یان ناخ و ماهیەتی شتێک دەکۆڵێتەوە. چییە بەرەو هەم و هەمیشمان دەبات. بۆنموونە حیزب چییە؟ دەشێت هەم ئۆرگانێک بێت بۆ هۆشیارکردنەوە و رێكخستنی تاکەکانی کۆمەڵگا هەمیش ناوەندێک بێت بۆ زۆرداریی و کەڵەگایی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا. لەم حالەتدا پرسیار لەسەر چیەتیی حزب دەشێت نەفرەتلێکراو بێت، شوێنێک بێت بۆ بێدەنگکردن و چەوسانەوە.
کەوابێت کاتێک دەڵێین ئەوە چییە؟ هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە دەخوازین شتێک بزانین، کە هێشتا نەمانزانیوە. بۆنموونە: کورد چییە؟ بۆ کەسێک ئەوە پرسیارە کە نازانێت کورد چییە؟ بۆ کەسێک، کە نەتەوەپەرست بێت بە دەنگێكی زوڵاڵەوە لێڕەدا دەتوانێت بڵێت: کورد نەتەوەیەکی دێرینی ناوچەکەیە.
وێڕای ئەوەی گوترا، لە گەرووی گشت یەکێکماندا چییەک (و چیەتییەک)هەیە، کە زۆر کات وەک نەفرەتێک بەکاردەبرێت. زۆرکاتیش سهرسوڕمانئامێزانە دەپرسین ئەوە چییە؟هەر ئەم پرسیارە بیرکردنەوەی مەنگیش دەجوڵێنێت. وەکیتریش، قسە لە چیەتیی شتێک ڕەگی هێجگار قووڵە و دەمانباتەوە بەرەو دیرۆک، بەرەو شوێنە تاریک و ناکۆتاکان. دەمانبات بەرەو ئەو شوێنەی پڕ پڕە لە بڤە و یاساغیی. هۆکارەکەش زۆر بەڕاشکاوی ئەوەیە، کە چیەتیی شت پرسیارە لە ڕیشە و شوناسی شتێک.
لە وەڵامدانەوەی چییە چییە زۆرجار دەکەوینە ناو هەوراز و نشێوی قسەکردنەوە. لەبەرئەوەی گەلێکجار وەڵامەکان سەبارەت بە چییە چییە، گومان و دوودڵی دروستدەکەن، ئەمە وادەکات لە زۆر دەرگا بدەین تا وەڵامێکی گونجاو بەدەستدێنین.
سەرباریئەوە، وەڵامی پرسیاری ئەوە چییە؟یان خودی چییە چییە؟ هیوای لەسەر هەڵدەچنرێت، بۆیە پێویستمان بە تێگەیشتنە لە چیەتیی ئەو شتەی پرسیاری لەبارەوەدەکەین. بێهۆشینییە، کە دەپرسین ئەوە چییە؟ گەر بەسەرسوڕمانیشەوە بپرسین ئەوە چییە؟بە وەڵامیتر و قسەی دیکە دەگەین.
سەرئەنجام دەڵێیین:ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردی دەبێت بەردەوام بپرسین:ئەوە چییە؟رۆژانە دیاردەکان، رووداوەکان ناچارماندەکەن لە چیەتیی شتەکان بپرسین و بکۆڵینەوە. زۆر زۆرن ئەو شتانەی نازانیین چیین. گەندەڵی چییە؟ قڕکردنی نەتەوە چییە؟ خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگەی گەندەڵ چییە؟ سێکسی رەوشتیی چییە؟ روناکبیری داوەشەو چییە؟ و……هتد.
وەکیتر،ئەوەش دەڵێین: کۆمەڵەگەی نوێی کوردی لەناو سەراب(تراویلکە)دا کاتەکانی بەسەردەبات. ئەمە وایلێدەکات پرسیاری(ئەمە چییە؟)ی لا سانابێت، زوو و بەردەوام بێ گوێدانە مانا و ناواخن بپرسێت: ئەمە چییە؟ لەبەرئەوەی چییە هەڵقووڵاوی ناو خودی سەرابەکەیە بۆیە هیچی نە لە پرسیارەکە و نە لە وەڵامەکەشی لادروستنابێت. تەنها بە کۆششی بێوچان بۆهاتنەدەرەوە لەم سەرابە چییەکانی ئێمە کەمدەکەنەوە و مانای خۆشیان وەردەگرن. ئەو دەمە ئیتر چیەتیی چییە بۆ ئەو کەسەی دەپرسێت، دەبێتە دەڕبڕینێکی پرسیارئامێزانەی هزریی، چونکە دەزانێت بۆ دەپرسێت ئەوە چییە؟یان چییە چییە؟
بەواتایەکیتر، پاش هاتنەدەرەوە لە سەراب(تراویلکە)پرسیار لەسەر چیەتیی شت بەئەندازەی جیهان مەزن دەبینێت، هەمیشەش پرسیارەکە بۆ ئەو لە ترۆپکدایە و گەڕان بەدوای ڕەچەڵەکی شت دەیگەێنێتە شوێنێکی دیکە و جێگایەکی تازە، کە لەوێندەرێ زانیین لەسەر شتەکان بەردەستدەکەون.
کۆتا گوتنمان لەسەر چیەتیی چییە چییە؟ئەوەیە، کە چییە چی نییە؟ ئەمە ئەو کاتە تێیدەگەین، کە ئەوە دەستنیشانکەین،کە نەمانزانیووە چییە. لێرەدا دەبێت دانبەوەدابنێێن،کە هەردەم پاڵنەرێک لە پشت چییەیێکەوە هەیە. لێ چییەکان تاوتۆیکردنیان دەوێت. پرسی گرنگ چییەی گرنگ دروستدەکات. سەرباری ئەوە، ئەمە چییە؟ یان ئەو شتە چییە؟ پرسیارە لە چیەتیی شتێک،کە پێیئاشنانیین. شتێک، کە نەناسراوە و نادیارە. بەهۆی ئەم پرسیارەوە لە شت تێدەگەین، لەوەش تێدەگەین، کە چییە چی دەگرێتەوە و چیش ناگرێتەوە. ئەوەی لە دەرەوەی چییەدایە هیچ نییە و هێشتا شایانی ئەوە نییە لەبارەیەوە پرسیار دروستکەین. بۆیە قسە لە چیەتیی شت پێویستە، ئەگەرنا ئێستا مرۆڤایەتی زۆر شتی نەدەزانی. من تێناگەم بۆیە دەپرسم ئەمە چییە؟….
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی