Skip to Content

ڕاستگۆیی لە یاداشتنامەی تێکۆشەرێکی چەپدا.. گۆران هەڵەبجەیی

ڕاستگۆیی لە یاداشتنامەی تێکۆشەرێکی چەپدا.. گۆران هەڵەبجەیی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 24, 2022 General, Literature

یەکێک لە ئارەزوەکانم پەیوەست بەخوێندنەوەوە، یاداشتنامەیە، لەهەر شوێنێک یاداشتنامەم کەمەرکێشم بکات خوێندومنەوە.

لەنێو بابەتی یاداشتنامەدا پتر ئارەزووم لەوجۆرەیە کە کەسانی سیاسی بەئەزموون، پێشمەرگەی سەرقاڵی جەنگی پارتیزانی، تێکۆشەرانی ڕۆژانی خەباتی نهێنی و قارەمانە خۆڕاگرەکانی بەندیخانە بەدناوەکانی بەعس نووسیویانەتەوە.

گرنگی ئەم جۆرە یاداشتانە لەوەدایە کە وێرای[ گێڕانەوەیە دەربارەی خود ]، هاوکات تیشک خستنە لەسەر بەشێک یا قۆناغێک لە دیرۆکی خەباتی نەتەوەیەک بە سلبی و ئیجابیاتیەوە، بەسەرکەوتن و شکستیەوە، بەجۆرێک خوێنەر دەتوانت لە { کڵاوڕۆژنەی} ئەو جۆرە نووسینانەوە ئاشنایەتیەکی باش و پڕ بایەخ سەبارەت بە زۆر شتی نەبیسراو و نەزانراو بزانێت.

سەرکەوتووترین یاداشت یا بیرەوەری لەوەدایە کە هەموو چەمکەکانی خەبات لەخۆ بگرێت و بەسەلیقەوە بەیەکەوە ئەڵقە ئەڵقە وەک زنجیرێک بەیەکەوەیان ببەسترێن.

جا هاوڕێ و هاوشاریم بەهادین حاجی بەکر ناسراو بە { ریبوار عارف}، لە کتێبەکەیدا بەنێوی [دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە]، ئەو کارەی کردوە کە ئاماژەم پێداوە . قۆناغەکانی کاری ریکخستن لە هەڵەبجەو سلیمانی بەنهێنی، پێشمەرگایەتی، قۆناغی خۆڕاگری ڕۆژە سەختەکانی زیندانەکانی بەعس، پاشان دووبارە پێشمەرگایەتی، لەنێو ئەو قۆناغەشدا سەرهەڵدانی ناکۆکی فیکری و تەخوینکردنی لەلایەن هەڤاڵانیە ودواجار ناچاربوون بەسەنگەر گواستنەوە بۆلای حیزبێک کەتاڕادەیەک تینوەتی فکری شکاندوە.

پێناسەیەک بۆ کتێبەکە

بەر لەخوێندنەوەی یادەوەریەکانی هاوڕێ بەها، بە ناونیشانی کتێبەکەدا خوێنەر وادێت بەخەیاڵیدا کە کتێبەکە تایبەتە بە قۆناغی زیندانی و گێڕانەوەی ئەزموونی تاڵ و پڕ ئازارو ئەشکەنجەی خۆی لەوێدا، بەڵام لەڕاستیدا وانیە، وەک ئاماژەم پێدا کتێبەکە گشتگیرە و زۆر لایەنی ژیانی خودی خۆی تێدا یاداشت کردوە، کەپتر سیاسەت و چەرمەسەریەکانی دەگرێتەوە.

گەرەکمە ئەوەبێژم کە کتێبی سەرکەوتوو ئیدی لەهەر بوارێکدابێت، ئەو کتێبەیە کە بەشەوق و زەوقەوە بیخوێنیتەوە پەلەتبێت لەوەی کە لاپەڕەکانی ئەودیو چیمان پێدەڵێن، جا ئەم کتێبەی هاوڕێ بەهادین لەوجۆرەیە کە خوێنەر بەئەستەم دەنواتیت دەستبەرداری بێت.

لەهەندێک وێزگەدا دەمێک نووسەر کەوتوەتە ڕەوشێکی مەترسیدارەوە، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا دەربازی دەبێت یا دەرگای دۆزەخی بە روودا دەکرێتەوە، لەوکاتانەدا بەشبەحاڵی خۆم لێدانی دڵم خێراتربووە، وام چاوەڕێ کردوە کە دووچاری کێشەی گەورەبووبێت، چونکە نەهامەتی و دەردی سەری کورد هێندە زۆرە هەر ئەوەشم بۆ هاوەڕێ بەها چاوەڕێ کردوە.

کتێبەکەی هاوڕێ بەها نزیکەی [٣٥٠] لاپەڕە لەخۆ دەگرێت، چاپێکی جوان و نایابە، لەچەندین بەش پێکهاتووە کە لە سەردەمی منداڵیەوە دەست پێدەگات، دوابەشیش سەفەر کردنیەتی لەتورکیاوە بۆ فینلاند وەک پەنابەرێکی سیاسی، ئەوجا سەردانی باشوور و کێشمەکێشی ئەو سەردانەی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیدا.
لەڕاستیدا گەر کەسێک بخوازێت لەڕووی شرۆڤەو ناساندنەوە هەق بە کتێبەکە بدات ،گەرەکە قسە لەسەر هەموو وێستگەو قۆناغ و بەشەکانی کتێبەکە بکات، چونکە هەموو وێستگەکان گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام لەڕووی واقیعەوە ئەو کارە بڕێک زەحمەتە، چونکە ئەودەمە زۆر درێژ دەبێتەوە و پێویستی بە نامیلکەیەک دەبێت نەک چەند لاپەڕەیەک.

جا بۆیە ئەز هەوڵدەدەم ئەو خاڵانەی بەلامەوە گرنگ و زۆر سەرنجڕاکێشن تیشکیان بخەمەسەر.

لەڕووی زمان و داڕشتنەوە ،وەستایانە کاری لەم بەرهەمەدا کردووە، پەیڤ و بڕگەی جوانی خۆماڵی لە سەرەتاوە تا کۆتایی بوونیان هەیە، هەوڵی داوە خۆی بەدوور بگرێت لەدەستەواژەی سواو و کلاسیک، جا ئەمەش تەڕاییەکی بە یاداشتنامە بەخشیوە.

ئاوارەبوون
ئاوارەبوون و رووکردنە ئیران و ژیانی کەمپەکان دەروازە لەرووی خۆناسینەوەیدا دەکانەوە، وەک هەرزەکارێک هاوکاری بابی دەکات لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیاندا، ئەویش بەفرۆشتنی تەلی حاجەت شتن و هەندێک جاریش پاقلاوە و پرتەقال.

چالاکی شانۆیی وەک دەسپێک
زۆربەی مێردمنداڵ و گەنجانی هەڵەبجە گەر ئیمکانیەت هەبووبێت لە بوارە چالاکیەکاندا خۆیان بینیوەتەوە، وەک وەرزش، شانۆ، موزیک و بواری ئەدەبی، جا هاوڕێ بەهاش خولیای شانۆی هەبووەو لەوێدا تواناکانی خۆی بەرجەستە کردوە، هەر لەوێشەوە خۆی کردوە بە دەروازەی سیاسەتدا.

دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ
گەڕانەوە بۆ هەڵەبجەو دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ، ئەمەش یەکێکە لەوێستگە یەکاڵاکەرەوەکانی ئایندەی سیاسی هاوڕێ بەها .
بەهۆی چەوساندنەوە و فشارو زەبروزەنگی بەعسەوە، هەستی نەتەوایەتی هاوکات چینایەتی لەکن هاوڕێ بەها چەکەرە دەکات، بۆ نمونە بەباوکی دەڵێت بۆ کرێکارێک ناگریت ئاوڕشێنی خانوە نوێکە بکات؟ من ناخوازم مافی کرێکارێک بخۆم، هەر لەو سەردەمەدا پەیوەست دەبێت بە یەکێک لە حەڵقەکانی کۆمەڵەی مارکسی نێو شار.

یەکەم ئەزموونی زیندانی
گرتنی لەلایەن ئەمنەوە بەڕێکەوت لە چایخانەکەی مام علی لە سلیمانی یەکەم ئەزموونی دەبێت هەم لەبەندیخانەو هەم لەگەڵ ڕەفتاری فاشیانەی بەعسدا. ڕاستە زۆر نەمایەوە بەڵام پەندو وانەی بۆ ئایندە لێوەرگرت، ئەوەی سەیرە لای کەس باسی نەکردو خۆی نەکردە پاڵەوان.

سەرەتایەک بۆ ناڕەزایی
یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ ئەقڵیەتی باوی شۆڕشگێڕە بێ ئەزموونەکاندا ئەو دەمەبوو کە کەسێک لەبەرپرسانی شار کە بڕیارێکی بەپەلەی بۆ هاتبوو بۆ کووشتنی چەند ئافرەتێک، گوایە ئەمانە زانیاری دەدەنە بەعسیەکان. هاوڕێ بەها بەم بڕیارە تووشی شۆک دەبێت، هەر بۆیەش ئەوکارە ڕەتدەکاتەوە ، هاوکات کەسانی دیکەی هۆشیار هەمان ڕایان دەبێت، بۆیە لێی پاشگەزدەبنەوە.

ڕووکردنە شاخ
قۆناغی پێشمەرگایەتیش بۆخۆی وەرچەرخانێکی نوێیە لەڕێڕەوی خەباتی هاوڕێ بەهادا. گەنجێک بە باوەشێک ئومێد و بەگیانێکی ڕۆمانسی شۆڕشگێڕانەو پڕچەک بەهزرێکی چەپ کە لەو دەمەدا لەترۆپکدا بووە، چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان. مەخابن زۆر نابات وێنە جوانەکەی زهنی دەربارەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان کاڵ دەبێتەوە، دەبینێت ئەو شۆڕشە تژیە لە کەمووکووڕی، ئاستەنگی، کاری دزێو ،ناکۆکی و ململانێی نادروست لەنێو شۆڕشگێڕاندا. لێ بەهۆی ئومێد بە چاکبوونی ڕەوشەکە وزاڵبوون بەسەر تەنگەشەو کێشەکاندا، لەوش گرنگتر وەک ئیلتزامێکی ئەخلاقی و مەبدەئی بەردەوام بووە لە تێکۆشان و لەچەندین نەبەردیدا بەشداری هەبووە.

دەستگیرکردنی لەهەڵەبجە
دەمێک لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگەیدا، بەمەبەستی سەردانی خێزانەکانیان هاتبوونە شار، لەلایەن جاشەکانی ڕەشەی ساڵحەوە دەستگیر دەکرێن. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ کردنەوەی چەند لاپەڕەیەکی پڕ لەئازارو ئەشکەنجە کە وەک شانۆیەکی درێژ هەر ڕۆژەی مەشهەدێکی لێ نمایش دەکرا.

قۆناغە گرنگەکە
ئەم بەشە یاخود ئەم قۆناغە کە هاوکات ناونیشانی کتێبەکەیشە، پانتاییەکی زۆری لە یاداشتنامەکەدا داگیرکردوە، لەمەدا هاوڕێ بەها مافی خۆیەتی و چاکی کردوە چونکە ئەم بەشە هێندە سەخت و دژوارو پڕ تراژیدیایە، نەدەکرا سەرپێی باسی بکات، بەڵکو گەرەک بوو هەر ڕۆژێک لە ڕۆژانی ئەو دۆزەخە هەڵوەێستەیەکی لەسەر بکات و لە هەموو گۆشەکانیەوە پێناسەیەکی شایستەو پڕ پڕاوپڕی بۆ بکات، کە بەڕای من هاوڕێ بەها لەمەدا سەرکەوتووبووە.

هەموومان خوێندومانتەوە یا بیستوومانە کە زیندانیە سیاسیەکان یا پێشمەرگەی بەدیلگیراو بەچ شێوازێکی وەحشیانە لەلایەن جەلادەکانی بەعسەوە ئەشکەنجەدراون و چ خۆڕاگریەکیان نیشانداوە، ئەوەش دەزانین کە زۆرن ئەوانەی قارەمانانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخشی.

بۆیە لەم ڕوانگەوە دەڵێم گەر کەسێک بۆ تەنها ڕۆژێکیش بەر ئەشکەنجەی بەعس کەوتبێت و نهێنی نەدرکاندبێت، ئەوە پاڵەوانێکە بۆخۆی، جا هاوڕێ بەهاش وەک زۆرێک لەو زیندانیە ئەشکەنجەدراوانە بەو پرۆسە بەدناوەدا گوزەری کردوە. دەمێک مرۆڤ ئەو بڕگانە دەخوێنێتەوە کە تایبەتن بە ئەشکەنجە، مچوورک بەجەستەیدا دێت، هاوکات سەرسام دەبێت بە خۆڕاگری و هێزو وزەی هاوڕێ بەها. بیهێننەبەرچاوی خۆتان کەسێک لەبەرگەرمای پلە لەسەروو چلەوە هەڵواسن، بۆی نەبێت بجوڵێت، سەرباری ئەمەش شیلە بکەن بەسەریداو مێرومەگەز تێبدەن، بەڵام ئەو خۆڕاگر دەبێت و ئەشکەنجەدەران شەرمەزار دەکات.
لەگەڵ هەموو خۆڕاگریەکیدا لەپاڵ ئەو گشت ئەشکەنجەشدا هێشتا بەلەسێدارا حوکمی دەدەن.

دەمێک هەستی ئینسانی دەبزوێت
هاوڕێ بەها لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەزۆر وردە ڕووداو داوە کە لە ژیانی تایبەتیی و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا ڕوویانداوە، ئەمەش نووسینەکە یاخود یاداشتنامەکەی زەنگین کردوە، جا ناکرێت لێرەدا هەموویان یاداشت بکەم، بۆیە بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەدوو حالەتی گرنگ بدەم کە لە دەمی بەندی و ئەشکەنجەدانیدا ڕووینداوە.

کاتێک کە بۆ یەکەم جار لە ئەمنەکەی سلیمانی دەگیرێت ، یەکیک لە ئەمنەکان بەجۆرێک دەست دەخاتە سەرشانی کە بەها هەست بە دلنیایی و ئارامیەکی گەوەرە دەکات، بەتایبەت لەکاتێکدا پێیدەڵێت ( بۆ واتیکچووی هیچ نیە؟) ئەم دوو ووشەیە بۆ ئەو لەوکاتەدا دنیایەک دلنەوایی کردن بوو، بۆیە وەک خۆی دەلێت ئێستەشی لەگەلدا بێت تێنەگەشم کە چۆنە لەناو دەزگا حکومییەکانیشدا کەسانێکی ئاوا شەرافەتمەند هەن؟ کە لەراستیدا ئەم جۆرەکەسانە کەمنین بەلام ژیان پالَیان پێوەدەنێت کەخۆیان لەو شوێنانەدا ببیننەوە.

دووهەم جار ئەوکاتە دەبێت، کە هاوڕێ بەها لەتەک پێشمەرگەیەکی هاوڕێیدا لە هەڵەبجە یەخسیر دەکرێن، دەیانبەن بۆ دائیرەی ئەمن، لەوێ جۆرەها ئەشکەنجەیان دەدەن، بەڵام هەردووکیان خۆڕاگردەبن و هیچ نادرکێنن. لە پشوی نێوان دوو جەولەی ئەشکەنجەدا هاوڕێ بەها بەیەکێک لە ئەمنەکان دەڵێت پێویستم بە سەرئاو هەیە، ئەویش ڕەزامەندی دەردەبڕێ، بەڵام کێشەکە لەوەدا هێندە کێبڵ دراوە بە بنپێیدا ناتوانێت لەسەر پێکانی بڕوات، ئەویش واتە ئەمنەکە پێشنیاری بۆ دەکات کە لەسەر لاپێ بڕوات ، هاوکات دەچێتە ژێر باڵی و ئامۆژگاریشی دەکات کە خۆڕاگربێت ،ئەم رۆژە سەختانە تەواو دەبیت.

ئەم دووحاڵەتە ئەوەمان پێدەڵێت لەناخی مرۆڤدا هەردەم دوو جۆر هەست دوو جۆر ڕەفتار هەن، [ئینسانی و شەڕانگێز] ئەم دوولایەنە بەردەوام لە ململانێدان ، لەکۆتایدا لایەنێک زاڵ دەبێت بەسەر لایەنەکەی تردا.خۆشبەختانە لایەنی ئینسانی و میهرەبانی پتر زاڵە بەسەر مرۆڤدا . ئەو دوو نمونەیە ئەوەمان پێدەڵێت ئەو کەسانەی لەگەڵ ڕژێمە دیکاتۆرو چەوسێنەرەکاندا کاردەکەن ئەوانەش لەکۆتایدا مرۆڤن و هەموو کات ناتوانن هەستە ئینسانیەکە بشارنەوە.

لە چاوەڕێی سێدارەوە بۆ تەخوین
دوای ئەوەی لەدەمی دانووستاندی نێوان یەکیەتی و بەعسدا [١٩٨٣] بەندکراوەکانی سەربە یەکێتی بەر بڕیاری لێبووردن دەکەون، هاوڕێ بەهاش یەکێک دەبێت لەوانە. پاش ئەوەی دانووستان شکست دێنێت ئیدی شەڕدەست پێدەکاتەوە، هاوڕێ دەیتوانی لەشار بمێنێتەوەو واز لەسیاسەت بهێنێت و ژیانێکی ئارام و ئاسودە هەڵبژێرێت، بەڵام مەخابن ئەو دیسان ڕێگەی خەباتی هەڵبژاردوە، بۆ دووەمجار چەکی کردەوە شان.

زۆری نەبرد بۆی دەرکەوت ئەوشۆڕشەی ئەم ئامادەبوو لەپێناویدا پەتی سێدارە بکاتە ملی، ئەوە نیە کە چاوەڕێی دەکرد، هەستدەکات زۆر خراپتربووە بەبەراورد لەپێش گرتنی.

بۆی ڕوونبووتەوە کە ئەو چرایەی بۆ ڕووناکردنەوەی ڕێگایەک هەڵیگرتبوو ئەو ڕێگایە نیە، دەبینێت نە لەڕووی فکر نە لە ڕووی ئامانج نە لەڕووی ڕەفتارەوە هەرگیز لەگەڵ قەناعەتی ئەودا یەکناگرنەوە و بگرە زۆریش دژبە قەناعەتی ئەون.

ئەو خەوی بە شۆڕشێک و بزافێکەوە دەبینی کە هەڵگرانی مەشخەڵەکەی کەسانێکبن پەیڕەوکەری شۆڕشگێڕترین ڕێبازی فکریبن، ئەویش فکری {مارکسیە}، ئارەزووی دەکرد پڕچەکبن بە ئەزموونی شۆڕشگێڕی، خوازیاربوو ڕەفتاری ڕۆژانەیان چ لەنێو یەکداو چ لەگەڵ خەڵکی دیکەدا ڕەنگدانەوەی خەسڵەتی شۆڕشگێڕانەدابێت.

بەهۆی ئەو ڕەوشە نا سەغڵەمەوە کە لەنێو شۆڕشدا لەئارادابوو، هاوکات بەهۆی ڕەخنەو تێبینی بەردەوامی لەسیاسەتی چەوتی کاری پێشمەرگایەتی، ئیدی زوومی {چاودێری} و هاوکات تاڕادەیەکیش ناپاکی دەخرێتەسەر، هێدی هێدی ناڕەحەتی دەکەن، جێگەی پێلێژ دەکەن، تۆمەتی [ئاش]ی دەدەنە پاڵ کە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە لەهاوسۆزیەک بەولاو قەناعەتی بەوانیش نەبووە.
کاردەگاتە تەخوین کردنی بەئاشکرا، ئەمەش تۆمەتێکی مەترسیداربووە لەوسەردەمەدا، لەئەنجامدا لەپاداشتی ئەو گشت تێکۆشانەیدا بەندی دەکەن.
پەیوەست بەم بڕگەیەوە، دەمێک هاوڕێ بەها لەگەڵ یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەدا دەکەونە گفتووگۆ سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی،کابرای سەرکردە تا ڕادەیەک بەزمانێکی بازاڕی هەڕەشە ئامێز لەگەڵ هاوڕێ بەها دەدوێت، یەکێک لە پێشمەرگەکان ڕوودەکاتە فەرماندەکەو پێی دەڵێت[ئایا دەزانیت ئەو هاوڕێیە لە سێدارەی بەعس ڕزگاری بووە؟] ئەویش بەسوکایەتیەکەوە دەڵێت { جا چیە}؟

بیهێنە بەرچاوی خۆت کەسێک جوانترین ساڵانی تەمەنی خۆی لەپێناوی شۆڕشێکدا بەسەربردبێت، خەباتی نهێنی ناوشار، پێشمەرگایەتی بەدەردەسەری و ناڕەحەتیەکانیەوە، بەندیخانە بە ئەشکەنجەو ئازارە جەستەیی و دەروونیەکانیەوە، چاوەڕێکردنی لەسێدارەدان بەورە بەرزیەوە، کەچی تەنها بەهۆی جیاوازی لە بیروبۆچووندا، یابەهۆی ڕەخنەگرتن لە شێوازی ئاراستەکردنی { شۆڕشدا}،بێن زەربێکی گەورە بەسەر هەموو ئەمانەدا بهێنن وسفری بکەن، ئیدی ئەمە ناودەنێێت چی؟
مەخابن زۆرێک لە بزافە سیاسی و شۆڕشەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ئەم ڕەفتارە ناشیرینە پەیڕەو دەکەن.

تۆ تا لەتەکیاندایت شۆڕشگێڕ، دڵسۆز، ئازاوبەجەرگ، خۆڕاگر، پاک، گوێڕایەڵ و چی و چیت، لێ هەر هێندە لەسەر کارە دزێو وسیاسەتە چەوتەکانی سەران وڕابەرانی جڵەو گرتووی ئەو حیزبە یا ئەو شۆڕشە ڕەخنەت گرت یا تێبینیتدا، ئیدی تۆ ڕوخاو، لادەر، بودەڵە، ترسنۆک ،ناپاک و چەندین تۆمەتی تر دەدەنە پاڵت.
ئەوەی لەگەڵ هاوڕێ بەها کرا پەیڕەوکردنی هەمان ئەقڵیەت وهەمان کەلتوورە کە ئاماژەم پێداوە.

گواستنەوەی سەنگەر
پاش بەسەربردنی ماوەیەک لە بەندیخانەی هاوخەباتاندا، هاوڕێ بەها ئازاد دەکرێت، بەڵام هیچ بڕواو ئیمانێکی بەو بزافە نامێنێت و ناخوازێت لەگەڵیاندا درێژە بەخەبات بدات. بۆیە بەدووی بزافێکدا دەگەڕێت کە وەک کەسێکی چەپی شۆڕشگێڕ، وەک مارکسیەک تینوێتی بشکێنێت، ئەوەش لە کۆمەڵەی ئێراندا خویدەبینێتەوە.

لەوێ بۆی دەردەکەوێت ژیان، سیاسەت، پەروەردە، دیسپلین بەمانای هەقیقی لای ئەوانە، دەرک دەکات شۆڕش لەوێ تام و بۆن و پێگەی جیاوازی هەیە لەوەی کە لەڕابردوودا دیبووی، دەبینێت جیاوازی نێوان سەرکردە یا ڕابەر ئیدی سیاسی بێت یا سەربازی لەگەڵ پێشمەرگەو ئەندامانی خوارەوە هیچ واتاو گرنگیەکی نیە، بەڵکو تێکۆشان و بەرخورد سەنگی مەحەکە. لەوێ بەمەلموسی هەستی پێکرد کە ئەم بزافە بە تیئۆری و پراکتیک پەیڕەوی هزری مارکسی دەکات، نەک وەک شۆڕشەکەی باشوور کە بۆ لەخشتە بردنی گەنج ئەو درووشمەیان بەرزکردبووەوە و پاشانیش هەرخۆیان خنکاندیان.

ماڵئاوایی لە کۆمەڵەو گرتنەبەری ڕێگەی هەندەران
بەهۆی فشاری بەعسەوە بۆسەر کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە نابێت کوردی عێراقی لە ڕێزەکانیاندا هەبن، بۆیە کۆمەڵە ناچار دەبیت بەوەی کە دواین بریار بدات لەوبارەوە ،ئەوەبوو کە مەکتەنی سیاسی حیزب بریاری ناردنە دەرەوەی هەموو ئەو کەسانەی دا کە عیراقین و لە ریزەکانی کۆمەلەو حزبی کۆمۆنیستدان،بۆیە ئەوانیش پێکەوە وەک گروپیک ڕوودەکەنە هەندەران.

ئەم ڕێگەیە چەندین مانگی خیایاندوە، پڕبووە لە موجازەفەو مەترسی و گرتنی لەلایەن جەندرمەو حەرەس سنوور و مانەوەیان لەزێوێ لای پارتی وەک دەستبەسەر، پاشان بێڕەوشتی پارتی لەبری هاوکاریان بۆگەشتن بەهەندەران تەسلیمکردنیان بە ئیتڵاعات، لەوێش پاش بەندکردنیان بۆ چەند ڕۆژ تەسلیم کردنیان بەکەمپی جەهرووم لە ژیرچاودێریدا.
لە کەمپی جەهرووم زۆر نامێننەوە و بڕیاردەدەن بەزووترین کات لەوێ دەرچن، ئەویش بەهۆی بوونی خۆفرۆشێکەوە لەکەمپەکەدا کە پێشتر لە ریزەکانی کۆمەلەدا بووە، ئەمانی ناسیوەتەوە و ئیخباری کردون.

گەشتن بە تورکیا ،سەفەر بۆ فینلاند
دوای ئەوەی بە هەر زەحمەتیەک بێت و بێ شارەزایی ،دیسان ڕێگەی سنووری تورکیا دەگرنەبەر، بەکۆمەڵک گوندو شاخ و شوێنی دژوارو پڕمەترسیدا گوزەردەکەن، لەم ڕێگە پڕ موجازەفەیەدا قیبلەنمایان تەنها ئەستێرە بووە.

پاش چەند هەفتەیەک و بڕینی چەندین کم بە پێ و بەبرسیەتی و ماندوویی دەگەنە باژێڕی وان لە باکوور، لەوێ بەڕێکەوتیکی زۆرسەیر هەمان ئەو کەسە دەبیننەوە کە لەسەرەتای هاتنە تورکیاوە وەک قاچاحچیەک هاوکاریانی کردوون. لە باژێڕی {وان} بە خێرایی پەیوەندیان کردوە بەکەسانیکەوە کە چالاکەوانی کۆمەلە دەبن لە ئەنقەرە، لەوێ هەر لەڕێگەی هاوڕێیانی کۆمەڵەوە ئاسنانکاریان بۆ دەکریت بۆ خۆناساندن بە نووسینگەی کۆمیسیۆنی پەنابەران و دۆسیەیان بۆ دەکەنەوە.
خۆشبەختانە زۆر ناخایەنێت لەلایەن فینلەنداوە وەردەگیرێن.
بەمجۆرە هاوڕێ بەها لەفینلەندە قۆناغێکی نوێ لەخەبات و لەژیان دەست پێدەکات کە تا ئێستاش درێژەی هەیە.

دەرئەنجام
ئەو مرۆڤانەی کە یاداشتنامە یا بیرەوەرژیەکانی خۆیان لەدووتوێی کتێبدا دەنووسنەوە، ئیدی هەرچیبن، پێویستە ڕەچاوی خاڵێکی گرنگ بکەن، ئەویش ڕاستگۆییە.
ڕاستگۆیی متمانە دەبەخشێتە خوێنەر و هاوکات سوود بەخشە بۆ نووسەریش، ڕاستگۆیی یانی دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە پیاهەڵدانی ناپێویست، لە باسکردنی ڕووداوەکان بە ناواقیعیانە، تاوانبارکردنی کەسان بەبێ بەڵگە، خۆبەپاڵەوان کردن.

بەشبەحاڵی خۆم لەکاتی خوێندنەوەی یاداشتنامەی هەندێک لەو کەسایەتیانەدا بەتایبەتی {کوردەکان}، تێبینم کردوە کە لەهەندێک شوێن و بڕگەدا ڕاستگۆییان نەپاراستوە، دیارە ئەمەش لەنرخ و بەهاو مەسداقیەتی ئەو یاداشتنامانەی کەم کردوەتەوە.

سەبارەت بە یاداشتنامە یاخود یادەوەریەکانی هاوڕێ بەها[ دەنگپک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە]، خوێنەر هەست بەڕاستگۆیی دەکات، هەست ناکات لەشوێنێکدا زیاد لەپێویست ستایشی خۆی کردبێت، بەزمانێکی سادەو دوور لە گەورەکردنی شتەکان موخاتەبەی خوێنەردەکات، هەوڵی بەقارەمانکردنی خۆی نەداوە،ئەوەی لە ڕێڕەوی خەباتیدا ڕوویداوە، بێزیادوکەم ئەوەی تۆمار کردوە. هەرئەم ڕاستگۆیەیشە بووەتە خاڵی جوان و پرشنگداری کتێبەکەی.

بە هیوای سەرفرازی بۆ هاوڕێ و هاوشاری و هاوڕێبازم، هاوڕێ بەها [بەهادین حاجی بەکر دارتاش]

Previous
Next
Kurdish