Skip to Content

ئاوەکە سوێرە …  عارف کوردە

ئاوەکە سوێرە … عارف کوردە

Closed
by ئه‌یلول 17, 2018 General, Poems

” گولەیان پێوە مەنێین..
ئاوەکە سوێرە..
لەکاتی شوشتندا..
برینەکانیان دەبرژێنێتەوە”
نینۆکەکانتان درێژن
چنجوڕک لە گوڵەکان مەدەن
با پەڕەکانیان هەڵنەوەرن و
چاوەگەشەکانیان نەژاکێن
دەریاکان لێخن مەکەن
ماسیەکان نابینادەبن و
لەترسانا زەندەقیان دەچێ و
گەراکانیان لەبار دەبەن
تاوەکو لەچارەرەشی بە دووربن..
بە دوای شیعرەکانی
سەیاب دا دەگەڕین و
شیعر.. شیعرو، پیت بە پیت
کۆیان دەکەنەوەو
لەگەڵ فوئاد سالم
گۆرانی مەشکورە دەڵێنەوەو
دەگەڕێنەوە سەر پردی موسەیب و
دەست دەخەنە نێو دەستی غەزالی و
یەک دوو پێچ چۆپی دەگێرن
چۆپی مەرگی ستەمکاران
لەهەریسە بێزار بوونەو
ڕشانەوەیان دێ..!
یادی میربەدەکان دەکەنەوە
دەیانەوێ هۆڵی شانۆکان کراوەبێت و
شانۆگەری..
” گولەیان پێوە مەنێین..
ئاوەکە سوێرە..
لەکاتی شوشتندا..
برینەکانیان دەبرژێنێتەوە”
نمایش بکرێ و
میوانەکان ببن بە ئەکتەرو
بخزێنە ناو ئاوەکەوە
مەلە بکەن و
سواری شەپۆلەکان ببن
بەگژ کەنارەکاندا بچنەوەو
گۆلاوە خوێیەکان بشۆنەوە
چیدی.. برینەکان نەبرژێنەوە.

عارف کوردە

تێبینی: ئەوەی ناو کەوانەکە وەرگیراوە

Previous
Next
Kurdish