Skip to Content

چیرۆک\ چووی؟.. نەوزاد بەندی

چیرۆک\ چووی؟.. نەوزاد بەندی

Closed
by تشرینی دووه‌م 24, 2022 General


نازانم چەند ڕۆژ بوو ڕیشی نەتاشی بوو ، بەڵام کە دەستی بە ڕوخساریا هێنا ، وەک ئەوەی لەپی دەستی بە دڕک و داڵێکی وشکا هێنابێ ، وابوو ..
تاقەتی نەبوو هەستێ بۆ بەردەم ئاوێنەکە ، مۆبایلەکەی خستە سەر کامێرا ، کامێرای پێشەوە ، ڕوخساری خۆی بینی ، ڕیشی ماش و برنجی وەک بەفری ساڵێکی نەهات ، بە ناڕێک و پێکیی پێستیان دا پۆشیبوو ..ڕەنگی سپی زاڵ بوو ..
چووە سەر مەسنجەر و .. نووسی : ( چووی ؟ )
ئەو وشەیەی بۆ هەموو هاوڕێکانی نارد ..
پاش ماوەیەک ، لە کاتێکدا دوو دڵ بوو لەوەی ئایا هەستێت جلەکانی بکا بە جلی ماڵەوە یان هەر بە چاکەت وکراس و بۆینباخەکەیەوە بمێنێتەوە ..نەیدەزانی لە کەیەوە وای لێهاتووە کە بەیانی پۆشاکی دەرەوە ئەپۆشێ ، هەتا شەوێکی درەنگ هەر بەو جۆرە ئەمێنێتەوە ، لە کاتێکدا زۆربەی ڕۆژەکانیش ناچێتە دەرەوە و .. هەر لە ماڵەوە ، لەسەر کورسی براندی چلیک ، پاڵی لێ دەداتەوە …ڕۆژێک بە بەهانەی کورتبوونەوەی ڕۆژ و .. ڕۆژێک بە بەهانەی بایکۆت و خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و .. ڕۆژێ لە داخی ئەو خەڵکە دەبەنگە ، هەر لەماڵەوە ئەمایەوە …
ئا هەر لەو کاتەدا کۆمەڵێ وەڵامی هاوڕێکانی بۆ هات :
ــ جا شوێن ماوە بۆی بچم ؟
ــ چوون چیە و نەچوون چیە ؟ جیاوازییان چیە ؟
ــخەریکە بڵێم ناچم ..بۆ هیچ شوێنێ ناچم .
ــهەمیشە بە دەست بەتاڵیی دێمەوە .
ــلە هەموو چوونەکانما پەشیمانییم چنییەوە ، هەر بۆیە زۆر لە چوون ئەترسم .
ـــ سەری سەعات NRT و RUDAW باسی هەموو شتێک ئەکەن ، پێویست ناکا بچم ..
ــقەڵەباڵغییە .. قەڵەباڵغییەکی چۆڵ ، وات لێ ئەکەن تەنیایی زیاتر ئازارت بدات ..

خستیەوە سەر کامێرا .. کامێرای پێشەوە .. ئەو زیپکەیە چییە لەسەر لوتی پەیدا بووە !!؟ .. زومی کرد ، زیپکەیەکی سپی ، لەگەڵ ئەوەی بیستبووی هەندێ پزیشکی زۆر شارەزا وتبوویان نابێ دەستکاری زیپکەکانی لووت بکرێ ، چونکە ئەو ناوچەیە هەستەوەرە و .. ڕەنگە بەکتریایەک بچێتە ژوورەوە و هەتا پەردەکانی مێشک ڕانەوەستێ و کێشەیەک دروست بکا ..
لەگەڵ ئەوەیشدا بە دوو پەنجە ، ڕاست و چەپی لە زیپکەکە گرت و زۆری بۆ هێنا .. هەتا تەقاندی ..شلەیەکی سپی هاتەدەر ..بوو بە زەرد ..بوو بەخوێن ..سەری لوتی شین هەڵگەڕا ..هەتا فریای کلێنکسێک کەوت ، سەری لووتی بە گشتی شین و سوور بۆوە ..
ئیشێکی قۆڕم کرد .. وای لەبەرخۆیەوە ووت ، لە هەمان کاتدا گوێی لە پرخەی خێزانەکەی بوو ، بەم دوای نیوەڕۆیه لە ژووری نوستنەوە دەنگی بۆردمانەکانی لووتی دێت .. لووت وا نەبێ بۆچی باشە ؟ هەر سەرت خستە سەر سەرین ، فڕۆکەکانی هەستێنێ هەرچوارلا پرخە باران بکا ..
لە مەسنجەرەوە وەڵامی تری لە هاوڕێکانیەوە بۆ هات :
ــئەوانەی چوون چییان هێنایەوە هەتا منیش بچم ؟
ــووڵاتەکە ڕاوەستاوە ، هەمووی وەک زەڕنە قوتە دەمی داپچڕیوە بە سەرۆک وەزیرانیشەوە ، ئیتر بۆ کوێ ئەڕۆی ؟
ــئەوانەی تا ئەوروپایش ڕۆیشتوون ، بە نیازن بێنەوە ، کۆمەڵگای داخراو ، چوون تیایدا ئازاری ویژدان دروست ئەکا وەک ئەوەی کەمئەندامێک به زۆر لەسەر کورسیەکەی هەڵیسێنیتەوە ..
ــمن چووم و هاتیشمەوە ، پارە و بەنزین و زۆر شتی ترم خەرج کرد ، بەڵام نەگەیشتمە هیچ ، وەک ڕێگایەک لە بیابان دەست پێ بکا و لە بیابانیش کۆتایی بێ .
ــگەمژەییە ..
ــبۆم دەرکەوتووە زیندانێکی نیمچە گەورەیە ، سیاسی و دەوڵەمەندەکان وەک پاسەوانی زیندانەکه دێن و دەچن ، لە جیاتی ئێمەیش ئەگەڕێن .. فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ .. لە پانێڵ و کۆبوونەوە جیهانیەکان بە جلی زۆر گرانبەهاوە ووتار دەدەن و چەپڵە و خەڵات وەردەگرن .. مناڵەکانیشیان کۆمپانیای زۆر گەورەیان هەیه و هەر کوێیەک خۆش بێ لە دنیادا ئەڕۆن ، ئیتر ئێمە بۆچی بجوڵێینەوە ؟ باشتر وایە نەجوڵێین ، ئەو دوو دینارەیش با بۆخۆیان لە گیرفانمانا بخەون نەک ئێران و تورکیا هێرش بکەن و ..موچە دیسان ڕاوەستێتەوە ..
ــلەوە زیاتر خۆم ناخەڵەتێنم .
ــمن خوا دەستم دا بچم ، ناگەڕێمەوە .. ناگەڕێمەوە ئەگەر ئەوێ تا ئێره ئاڵتونم بۆ بڕێژن .
ــپرسیارێکی قۆڕە .
ــله کەیەوە فێری نووسین بووی ؟ مەنگۆل .
ــمن تاقەتی زۆر شتم نەماوە ..
ــهەفتەیەکە توشی کۆرونا بووم ، ئۆکسجینم دابەزیوە ، ئاوا هەواڵم ئەپرسی ؟
ــحەزم لە هاوڕێیەتی تۆ نییە ، بۆچی نامەم بۆ ئەنێری ؟
ــئەگەر بۆ شۆڕش و وێرانکردنی هەموو شتێکە ، من ئامادەم ..
ــسوێندم خواردووە وەڵامی هیچ پرسیارێ نادەمەوە ..
ــهەفتەیەکە گەیشتوومەتە یۆنان ، ئێرە بەهەشت نیە ، بەڵام دڵنیام لەوەی لە دۆزەخ هەڵهاتووم ..
ــکارەبا کوژا ………
ــپرسیارێکی جوانە ، بەڵام بۆ هەر کوێ بچم ئەبێ بێمەوە ، ئیتر بۆچی ؟؟
ــواز لەوە بێنە ، کۆمان بکەرەوە با شانە سەرەتاییەکان دروست بکەینەوە ، ئەم وەزعە ڕۆژ به ڕۆژ خراپ ئەبێ .
ــلە هەموو شتێ نائومێدم ، لە چەند و چونی خۆکوشتنام ..
ــناتوانم لەگەڵ تۆدا بچم ، ئەگینا حەز ئەکەم ، لە کافیتریایەک نەختێ قسە بکەین و دوو چا بخۆینەوە .
ــخۆت ئەزانی من هەموو دوای نیوەڕۆیەک لە چایخانەم و دۆمینەی چوار قۆڵیی ئەکەین ، تۆیش حەز ئەکەی وەرە ..لە خزمەتتداین .
ــواز لەم پرسیارانە بێنە ، وەک کانت شێت ئەبی ، دوای حەوت ساڵ بیرکردنەوە جا بڕیاری دا داوای دەستی خۆشەویستەکەی بکا ، سەیر ئەکا شووی کردووە و دوو مناڵیشی هەیە ..!
ــهەر لەسەر کەمعەقڵیەکانت بەردەوامیت ؟ قەپۆز !
ـــ ……
ــ ……
پرخەیەکی تریش لە ژووری دانیشتن بەرز بۆوە و .. تێکەڵاوی پرخەی ژووری نوستن بوو ..وەک گۆرانیەکی دوو قۆڵیی لێ هات ، دوو گۆرانیبێژ له ژێر ئاودا بیچڕن .

Previous
Next
Kurdish