Skip to Content

ئێوارانە.. سەردار جاف

ئێوارانە.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی دووه‌م 24, 2022 General


( ١ )

بۆ ئەزيزێ لە سەوزایی هەڵهات و لە خەزان يەکمان گرت

ئەم ئێوارە شێدارەهەورێ بەری ئاسمانی شين و جوانی لێ تەنيووم. بە سەر دەفری هەناسەتەوە رێ دەکەم، لە سؤراغی نيگاکانتا ترس ئاودامانی گرتووم، ترسێ لە ترسەکەی تۆ ناچێ، فێرت کردم بترسم، لە خۆم لە هەناسەم لە رێگەکردن، ترس لە هەنگاوەکانم، لە ياساغکردنی بيستنی ترپەی دڵت، لەگەڵ ئەوەيش راڕایی دەمخوا، دەترسم بێم و دەرگا ئاسنينەکەت هەر بە کڵۆمدراوی بمێنێتەوە، دەترسم بێم و بە دڵی پڕ ئازارتەوە ئازارم بدەی، دەترسم بێم و ژووانی چاوەنواڕی ئەو هۆگرييەی هەستە شێتانەکەمی نەبێ، دەترسم بێم ئەو بازاڕی هەڕاجييەم لێگران ببێ و ئێوارەم بێ مۆمی ئيشق و دەست لەملانێی سۆز بێ، دەترسم بێم و هەر لە دوور ڕا جێيەک رانەخرا بێ بۆ پشووی دڵە کوتەی دووريم و چاوە رەشەکانم کاڵ کاڵ ببنەوە، دەترسم بێم و وەک رۆژانی ئەوەڵی نامە گۆڕينەوە لێم لا لووت بيت و رێگای گەڕانەوەی خەرەنديم و چەند کاتژمێرێکی تاريکی لە تەک هۆن هۆن فرمێسکە رەشەکانم بە سەر ببەم و تاهەتايە مەيلەکانم بسوتێ و نەبێتە قەقنەس، دەترسم بێم بە دڵێکی سارد و شکاوەوە قاوە تاڵەکەی تەنيایی فڕکەم، ئەم ئولفەتە چييە ناخم لەت لەت دەکا، دەمێک بوو لە سۆراغی جريوەی چۆلەکەيەک بووم بێت ئەويش مينای من ترسا و نەهات، لەوە دەترسم دەستە لەرزيوەکانی لەمسەرەوە ستێرنی ماشێنەکەم پێگرتووە، کە لەوسەرەوە هاتمەوە بڕچێ و لێ بێتەوە، تۆ دەزانی لە يەکەم رۆژەوە چوويە دڵ بوويتە ئەوينێ لە ترۆکی هەنگوينييەوە تووڕت دام، وەلێ هەر خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم .


٢٢ / ١١ / ٢٠٢٢
بادکامبێرگ

Previous
Next
Kurdish