ناونیشانێك بۆ وتارێكی بێ ناونیشان!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له ژماره هه‌فتی گۆڤاری سه‌نگینی (دیوان) دا، ( سه‌عید عه‌بدوڵا) وتارێكی له باره‌ی ڕۆمانی كچانی دووكه‌ڵ و ئاگر، به ناوی(وتارێكی بێ ناونیشان) نووسیوه. خوێنه‌ر كه وتاره‌كه ده‌بینێت، بیری بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه ئه‌مه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه له باره‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وه، كه‌چی كاتێ وتاره‌كه ده‌خوێنێته‌وه، به‌رشتێكی پێچه‌وانه ده‌كه‌وێت و ده‌بینێت كه سێ به‌شی وتاره‌كه‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به‌و ڕۆمانه‌وه نییه و به‌شێكی په‌سندانی خۆیه‌تی و به‌شه‌كه‌ی تریشی، باسكردنه له چه‌ند نووسه‌رێك، كه دوور‌و نزیك په‌یوه‌ندییان به ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌وه نییه. هه‌ڵبه‌ته، من ئه‌و ڕۆمانه‌م نه‌خوێندۆته‌وه، چونكه هێشتا نۆره‌ی خوێنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌یان كتێبی دیكه نه‌هاتووه، بۆیه له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌وه هیچ ناڵێین، ته‌نها له باره‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌رنجه كورت و ڕاگوزه‌رانه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه ئیستێك ده‌كه‌ین، كه گوایا به تێگه‌یشتنی ئه‌و، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كن له ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن و به سه‌ر وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه تێپه‌ڕیون. به‌رله‌وه‌ی باس له‌و سه‌رنجانه بكه‌م، ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، كه وه‌رگێڕی ئه‌و ڕۆمانه، یه‌كێكه له وه‌رگێڕه كارامه و جواننووسه‌كانی ئێمه و منیش پێشتر له باره‌ی وه‌رگێڕانه‌كانییه‌وه، سه‌رنج و دیدگای خۆم خستۆته ڕوو، به‌ڵام نایشارمه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و به ناو ڕه‌خنانه‌ی له كاره‌كانی ئه‌و وه‌رگێڕه ده‌گیرێن ( كه من پێشتریش وه‌ڵامی هه‌ندێكییانم داوه‌ته‌وه) له ڕاستیدا ڕه‌خنه نین، به‌ڵكو تێنه‌گه‌یشته له زمانی وه‌رگێڕان و ڕه‌هه‌ندی واتاییانه‌ی وشه و زمان له كاری وه‌رگێڕاندا. زمانی كوردی، له جۆری ئه‌و زمانانه‌یه، كه ناتوانرێت فۆڕمێكی جێگیریی واتاییانه‌ی پێ بده‌یت و ده‌شێ وشه‌یه‌ك زۆرتر له ڕه‌هه‌ند و مانایه‌كی هه‌بێت، یان میتافۆر بێت بۆ شتێك، بۆیه ده‌بێ هه‌میشه دیوێكی دیكه‌ی واتاییانه‌ی ئه‌و زمانه ببینین، كه دیوێكی ناڕاسته‌وخۆیی واتاییانه و ئاماژه‌ییانه‌ی زمانه، له گوزارشتكردن و ده‌ربڕیندا، ئێستاش دێینه سه‌ر سه‌رنجه‌كانی ئه‌وبه‌ڕێزه، له باره‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌كه‌وه.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( نازانم بۆچی وه‌رگێڕ وشه‌ی باڵیۆزی به‌كار هێناوه، چونكه باڵیۆز ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌تان و بۆ بوارێكی دیاریكراوه، وه‌ك باڵیۆزی ئاشتی، باڵیۆزی په‌نابه‌ران) پرسیار ئه‌وه‌یه، تۆ بڵێی وه‌رگێڕی ئه‌م ڕۆمانه، نه‌زانێت باڵیۆز وشه‌یه‌كی سیاسییه؟ له ڕاستیدا، باڵیۆز لێره‌دا ئاماژه‌یه‌كی سیاسی نییه، به‌ڵكو نرخاندن و پێ‌زانین و پایه‌داركردنی كارێكه كه نموونه‌ییه. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به دیوێكی دیكه‌ی واتاییانه‌ی زمانه‌وه هه‌یه. له زمانی كوردیدا، ده‌یان نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه هه‌ن، ده‌توانم بڵێم ناڕاسته‌و خۆ، ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی واتاییانه به‌ده‌ر له واتا بنه‌ڕه‌تییه‌كانییان ده‌گه‌یه‌نن. بۆ نموونه ده‌گوترێت:(له چاوێ شێری ناگه‌ڕێته‌وه) به‌ڵام ئایا كه‌س هه‌یه له شێر نه‌ترسێت؟ ئایا شێر لێره‌دا هه‌مان ئه‌و شێره‌ی نێو جه‌نگه‌ڵه‌كانه؟ یاخود ده‌گوترێت ( ده‌ڵێی به‌هه‌شته) كه‌س به‌هه‌شتی بینیوه، تا وه‌سفی شوێنێك به به‌هه‌شت بكات؟ یان ده‌گوترێت ( له سه‌ر سه‌رمت داده‌نێم) ئایا ده‌توانین مرۆڤ له سه‌ر سه‌رمان دابنێین؟ بۆیه وشه‌ی باڵیۆز هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نیییه و پتر نرخاندنی كارێكه نه‌ك ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌بێت. دواتر ده‌نووسێت (نوێنه‌رمان هه‌یه و كه‌سیش دانی پێدا نانێت) ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی نووسه‌ر ڕاست بێت، من نازانم ئه‌و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تییه‌ی حكومه‌ت، له ده‌یان وڵاتی دنیادا چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی بۆچی فه‌رمانگه‌یه‌ك هه‌یه به ناوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه؟
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( وشه‌ی دێمنیشای له جیاتی خه‌ڵه‌فان به‌كار هێناوه، ده‌بووایا بنووسێت ئاستی ئاگایی دابه‌زیوه) ئه‌گه‌ر كه‌سێك خه‌ڵه‌فا و واتا تووشی (زه‌هایمه‌ر) بووبێت، ئاگایی ده‌مێنێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه، ئاگاییان به پێی ئاست هه‌ڵبكشێ و دابكشێ ، ئه‌وا دواتر كه ئاگایان به‌رزبووه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه باری ئاساییانه‌ی ژیانی خۆیان و كار و ڕه‌فتارییان زۆر هزرییانه ده‌بێت. بۆ زانیاریی نووسه‌ر، ئه‌وانه‌ی تووشی نه‌خۆشی له بیرچوونه‌وه ده‌بن، ئاگاییان ورده ورده و به خێرایی نامێنێت، چونكه خانه‌كانی مێشك ده‌مرن، بۆیه دابه‌زین و هه‌ستانه‌وه له ئاگایی و مێشكیی مرۆڤێك كه تووشی نه‌خۆشی (خه‌ڵه‌فاوی زه‌هایمه‌ر) بووبێت نییه. ، خۆ مێشك فشاری خوێن نییه، تا به‌رزبێته‌وه و نزم بێته‌وه. تاكو ئێستاش چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. بۆیه كه‌سانی خه‌ڵه‌فاو، ئاگاییان نامێنێت و به نه‌مانیشی، جارێكی تر نایه‌نه‌وه دۆخی ئاسایان، چونكه خانه‌كانی مێشك، تاكه خانه‌ن له له‌شی مرۆڤدا كه مردن، وه‌ك خانه‌كانی دیكه‌ی له‌ش جارێكی تر دروست نابنه‌وه. بۆیه ئه‌و سه‌رنجه‌ی پتر ڕه‌شكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌یه، نه‌ك ڕه‌خنه‌گرتن.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( وه‌رگێر وشه‌ی یه‌خچاڵی بۆ به‌فرگر به‌كار هێناوه كه توركییه و ئێمه وشه‌ی به‌فرگرمان هه‌یه) بێگومان، وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت وشه‌ی ( یه‌خچاڵ) توركییه، به‌ڵام به‌فرگر، هاوواتای یه‌خچاڵ و (سه‌لاجه) نییه بۆ زانیاریی نووسه‌ر، به‌ڵكو له زمانی كوردی، به فرگر له به‌رامبه‌ر وشه‌ی (موجه‌میده) به‌كاردێت، چونكه دیاره ئه‌مه‌یان، له یه‌خچاڵ یه‌كجار ساردتره و به‌فری زۆرتر ده‌گرێت. به پێچه‌وانه‌وه یه‌خچاڵ، به شێكی كه‌می كه (فرێزه‌ره‌كه‌یتی) به فر ده‌گرێت. بۆیه به‌فرگر، هاوتای یه‌خچاڵ نییه، گه‌لێك جار ساردكه‌ره‌وه به‌كاردێت، كه ئه‌مه‌یان به بڕوای من گونجاوتره.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_ ڕسته‌ی ( چونكه گوتی ئه‌و ناتوانێ متمانه به‌و قه‌حپه‌یه بكات) ده‌بوو به‌و جۆره بێت (چونكه ئه‌و ناتوانێ متمانه به‌و قه‌حپه‌یه بكات). بێگومان ئه‌م دوو ڕسته‌یه، له ڕووی ئاماژه‌و لایه‌نی ڕێزمانیشه‌وه جیان له یه‌كتری، چونكه له‌ڕسته‌ی یه‌كه‌م جه‌ختكردنه‌وه له گوتنێك هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی ڕسته‌ی دووه‌م.
وێرای ئه‌مانه‌ش، نووسه‌ری وتاره‌كه، گه‌رچی ڕه‌خنه له زمانی ده‌ربڕین و گوزارشتكردن له ڕۆمانه‌كه ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌و خۆشی له وتاره‌كه‌یدا ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كردووه. بۆ نموونه نووسیویه‌تی:(ئه‌وان له به‌رو پشتدا ئازاریان هه‌یه و نۆ مانگ كۆرپه‌یه‌كییان هه‌ڵگرت) مه‌به‌ستی نووسه‌ری وتاره‌كه له كۆرپه، ئه‌و منداڵه‌یه كه له نێو ڕه‌حم و سگی ژن دایه، به‌ڵام ده‌ربڕینه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر به پێی ده‌بڕینه‌كه‌ی ئه‌و بێت، ئه‌وا كۆرپه‌كه له ئامێز هه‌ڵگیراوه، جگه له‌مه‌ش (كۆرپه‌كان) دروستتره، چونكه ژنه‌كان كۆنه! له شوێنێكی دیكه‌ش نووسیویه‌تی:( سه‌ربار له ژێر بار گرانتره) ئه‌م ئیدیۆمه كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر به كاردێت به‌و شێوه‌یه‌یه ( سه‌ربار له بن بارگرانتره) واتا سه‌ربار و بن باره‌كه، له سه‌ر پشتی وڵاغه‌كه‌یه (باره‌به‌ره‌كان) ئه‌گه‌ر به پێی ده‌ربرینه‌كه‌ی نووسه‌ربێت، لێره‌دا (سه‌ربار و بن بار) هه‌یه و ژێره‌وه، واتا ژێره‌وه‌ی باره‌كه هه‌مووی. خۆ زمان‌زان و كه‌سانی پێشوو له خۆوه نه‌یانگووتووه (بن بار) ئه‌م ورده‌كارییانه، زۆرجار ده‌بنه هۆكاری گۆڕینی ماناكانی زمان و ده‌ربڕین، كه ده‌شێ واتایه‌كی تر و ئاماژه‌یه‌كی تر بگه‌یه‌نن. دواجار ده‌ڵێم خۆزگه نووسه‌ری وتاره‌كه، هه‌ر سه‌دو شه‌ست و سێ هه‌ڵه‌كه‌ی بڵاو ده‌كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران به‌رچاو ڕوونییان زیاتر بێت و بزانن ڕه‌خنه‌كان چین!
ئه‌م بابه‌ته له ژماره(9) ی گۆڤاری دیوان، شوباتی 2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه.