Skip to Content

لابردنی نێوانی نێوان کۆمەڵ و کۆمەڵگاو گۆڕینی بەدادگەریی، چی دەگەیەنێت!؟.. تاهیر عیسا

لابردنی نێوانی نێوان کۆمەڵ و کۆمەڵگاو گۆڕینی بەدادگەریی، چی دەگەیەنێت!؟.. تاهیر عیسا

Closed
by ئازار 1, 2021 General, Opinion

عەلی باپیرو کۆمەڵەکەی، دواجار دانیان نا بەوەی ئەوان لەدۆڵێک و کۆمەڵگاش لەدۆڵێکی دیکەدان!
هەر ئەو ڕەوتە سیاسیەی دەورانێک داعشئاسا، جیهادو تێکۆشانی خۆیان لەتەرجومەکردنی دەقەکانی قوڕئان و فەرمودەکانی پەیامبەرەکەیانەوە بەرجەستەدەکردو دەبینیەوەو هەڕەشەی سوتاندن و لەناو بردنی تەڕو وشکی کۆمەڵگای کوردستانیان بەیەکەوە دەکردو تەواوی ئەو حیزب و ڕێکخراوە نا ئیسلامیانەی ئەمڕۆکە لە پەڕلەماندا چلە ئاستی عێڕاق و چلە ئاستی کوردستاندا لەگەڵیان هاوبەش و شەریکی پاراستنی سیستەمێکی سیاسیی ئابووری کۆمەڵایەتیی چەوسێنەرانەن، بە تاغوت و کافرو مولحیدو لەخوا هەڵگەڕاوە دەزانی!
کردەوەگەلی تیرۆریستیانەو وەحشیگەریانەی وەک هەڵڕشتنی تێزاب بەقاچی ژنانی بەقەولی خۆیان سفورو هۆهۆکێشان لەناو کوچەو کۆڵان و شوێنەگشتیەکان بەدژیانداو تەقاندنەوە و سوتاندنی لەنگە فرۆشەکان و هەڕەشەو پەلامار و کوشتنی کەسانی چەپ وکۆمۆنیست و دواتریش شەڕی یەکیەتی و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی، هەمان کارێک بوو، کە ئەوان پێش لە هاتنی داعش و ئەبو بەکر بەغدادی تاقییان کردەوەو تێیدا سەرکەوتوو نەبوون!

بەڵام ئەمڕۆ، ئەم ڕەوتە سیاسیە ئیسلامیە دوای ئەوەی نەلە ڕێگای توند ئاژۆییەکانیەوەو نە لەڕێگای خەباتی پڵۆڕالیزم و پەڕلەمانیەوە بە ئاکامەکان و مەرامەکانی ناگات، پێ لەو ڕاستیە دەنێت، کە لەنێوان کۆمەڵگای کوردستان و ئیسلام و ئیسلامگەراییدا، کێوێک لەجیاوازی و نێوان هەیەو لە ڕێگای کۆنگرەکەیانەوە، بۆ جارێکی دیکەو چەواشەکردنی کۆمەڵگای ناڕازی کوردستان و بۆ سواربوونی ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەی لە کوردستاندا هەیە، دوای ئەوەی بارەگاکانیان هاوشانی پارتی و یەکیەتی ولایەنەکانی دیکە لەخۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی برسیی وناڕازیدا کرانە قەرەبرووت و قوڕئانەکەشیان فریای خۆی نەکەوتو کرایە خۆڵەمێش، ئیسلام وەک پاشگر لادەبات و دادگەری دەخاتە شوێنی هەتا بتوانێت لەوڕێگایەوە کەمێک لەو ڕقەی کۆمەڵگای ناڕازی لەبەرامبەریان کەمکاتەوەو بەجۆرێکی دیکە کۆمەڵگا چەواشەبکەن، هەتا بەمەرامی گەیشتن بەو جۆرە لەحوکمڕانیەی خەونی پێوە دەبینن، لەڕێگای دیموکڕاسیەتی بۆرژوازیی ڕۆژئاوایی و پەڕلەمانیەوە، کە لەگەڵ بنەما ئایدیۆلۆجیەکانیاندا ناکۆک وناکۆک بوو، ئەردۆغان ئاساو حیزبەکەی، بە ئامانجەکانی بگات.
ئەوان بەپێی لێدوانەکانیان، لەگێژاوێکی سیاسیی قوڵدا دەژین، لەلایەک عەلی باپیر، ڕو بەکۆمەڵگادا دەڵێت نێوانێکمان لەنێوان خۆمان و کۆمەڵگادا لابرد، بۆ دڵدانەوەی موریدو لایەنگرەکانیشی دەڵێت ئێمە بۆیە “ئیسلام”مان وەک پاشگر بە دادگەری گۆڕی، لەبەرئەوەی ئیسلام خۆی دادگەرە، بەڵام دوای نزیکەی سێ دەیە لەململانێی سیاسیان لەناوکۆمەڵگای کوردستاندا، نەیانتوانی دادگەری بوونی ئیسلامی، نەلەخۆیان و نە لە ئیسلامدا، نیشانی کۆمەڵگا بدەن و ناچارن ئەمڕۆ وشەی ئیسلامی وەک پاشگرێکی بێزراو لە خۆیان داببڕن!
سەرباری ئەوەی دادگەری، وشەو چەمکێکی زۆر لاستیکی و هەویریەو هەرکەس و لایەنێک لە کۆنەپەرسترین و شۆڤێنیترینیان هەتا لیبڕاڵترین وچەپترینیان پێداگریی لەسەر دەکات و هەریەکەو بەجۆرێک تەفسیرو لێکدانەوەی لەسەر دەکات .
تەنانەت لایەنهایەکی وەک پارتی و یەکیەتیش، کە ڕۆژ نییە لەسایەی پڕاکتیکی فەرمانڕەوایەتیاندا دادگەریی ژێر پێنەنرێت و سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش پێشێل نەکرێت، کە چی خۆیان زۆر پێداگریی لەسەر ئەم چەمکەو دادخوازیی خۆیان دەکەن.
عەلی باپیرو ڕەوتەکەی، ئەگەر بیتوانیایە، دادگەری ودادپەروەری ئیسلام لەدیدی گشتیدا بچەسپێنێت، هەرگیز ئەمڕۆ ناچار نەدەبوون ئەم نێوانەی کە بەقەولی خۆیان لەنێوان خۆیان و کۆمەڵگادا، بووە بەلەمپەری چوونە پێشەوەیان، لایبەرن !
ئەو لەلایەکی دیکە دەیەوێت بۆ شاردنەوەی ئەو ئەزمەیەی چ وەک ئیسلام و چوەک ڕەوتە سیاسییە ئیسلامیەکان کە بەهرە لە بنەما ئایدیۆلۆجیەکانی ئیسلام، وەک قوڕئان و فەرمودەی پەیامهێنەکەیان وەردەگرن، بە موریدو لایەنگرانیان بڵێن، لابردنی ناوی ئەمیرو ئیسلامی وەک پاشگر مەرجی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقە، کە لەڕاستیدا خۆی هەتا ئێستاش وەک پەڕلەمانتاری بەشداربوی ڕابردوی یەکێ لەخولەکانی پەرلەمانی عێڕاق، موچەیەکی مفت وەک خانەنشین کە وەک ئەمیری ئەوسای کۆمەڵ بەشداریی تێدا کرد، دوور لەدادگەریی وعەدالەتی کۆمەڵایەتی، هەتا ئێستاش دەڕژێتە‌ گیرفانیەوە!
عەدالەتێک کە عەلی باپیرو ڕەوتەکەی ئەمڕۆکە دەیانەوێت پڕوپاگەندەی بۆبکەن، ئەگەر لەلایەک دەیانەوێت بڵێن، ئێمە لەناوەرۆکدا هەر ئیسلامین و عەدالەت و ئیسلام دوو چەمکی لێک دانەبڕاون، زۆر دوورە لەڕاستییەوە.
بەڵام بەهۆکاری ئەوەی دین وەک ئایدیایەک، مارکس وتەنی، ئاھو ناڵەی بوونەوەرێکی زوڵملێکراوە لە دونیایەکی بێبەزەییانەدا، دڵی دونیایەکی بێدڵ و گیانی دونیایەکی بێگیانیشە“ هەر بۆیە تەواوی ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرە بۆرژوازیەکان، لەناو جەرگەی هەل ومەرجی سەخت ودژواری ژیانی ئینسانی مەحڕوم و مەزوڵمدا، پارێزگاری لە دینەکان وخوڕافاتەکانیان دەکرێت و وەک فەرهەنگ و سەرخانی سیاسیی کۆمەڵگا بۆ پارێزگاری لە ژێر خانی چەوسێنەرانەیان کەڵکی لێوەردەگیرێت وپەرە یان پێدەدرێت، هەتا ئینسانەکان لەجیاتی ئەوەی بۆ بەختەوەریی و ئاسودەیی ژیانیی واقیعیان خەبات و تێکۆشان بکەن، خۆیان بەژیانی ئەبەدی دوای مەرگ بسپێرن و لەوێدا لە ڕوباری شیرو کافورو شەڕاب و کۆشک وتەلاری ڕەنگاو ڕەنگی بەهەشتی دواییدا بەهرەمەند ببن.
هەر بۆیە لەناو جەرگەی ئەم هەل ومەرجە پڕ لەکێشمە کێش و ناکۆکەی ئەمڕۆدا، دین ئاسانتر لەهەر فکرو ڕێبازو فەلسەفەیەکی تر، دەتوانێت لەناو زەینی ئینسانی بەدبەخت و مەحڕوم و داماودا جێگا بگرێت و وەک کەسێکی تلیاکخواردو کراو لە خۆشخەیاڵیەکی درۆزنادا کە ڕێگای ژیانی واقیعیانەی لێ ونکرابێت، بهێڵدرێتەوە.
هەربۆیە عەلی باپیر و ڕەوتەکەی، لەلایەک وەک هەر پارتێکی دیکەی قەومیی بۆرژوازیی کوردی، دەیەوێت لەسەر خەرمانەی ئەم خوڕافاتیە دینیە، کۆمەڵگا لە سەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە ئاسایی و ڕوکەشییە دینیە باوە ناسیاسیانەدا، ڕابگرێت و هەر بەو چەکی تریاکەوە بکەوێتە ململانێی ناو پڕۆسەی پلۆڕالیزمەوە و هەتا ڕادەی نوێنەرایەتی کردنی مەیلی قەومگەراییش، وەک بزووتنەوەیەکی هەلپەرست بەمەبەستی گەیشتن بەدەسەڵات.
دەنا لەڕاستیدا، بنەما ئەرسەدۆکسیەکانی قوڕئان و فەرمودەکانیی لەگەڵ چەمکی عەدالەت بەمانای خواستی ئینسانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازیی سەردەم، تاسەر ئێسقان ناکۆکە.
هەر ئەو عەلی باپیرەی ئەمڕۆ ناوی کۆمەڵەکەی بەدادگەری گۆڕیوە، لەچاو موریدە داماوەکانیدا لەوپەڕی ڕیفاهو خۆشگوزەرانیدا دەژیت، بێگومان هەر ئێستا بەسەدان لە موریدە داماوەکانی بەهۆکاری هەژاریی و نەداری و بێکاریی نەیانتوانیوە لەژیانی هاوسەرگیری بەهرەمەندبن، کەچی جەنابی هەر بەپێی ئایەتی سێ لەسوڕەتی نیساء:- وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَىٰ فَانكِحُوا مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاءِ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ ۖ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَلَّا تَعُولُوا، بەهرەمەندە لە فرەژنیی، کە بەپێی دادگەریی دنیای ئەمڕۆ، ئەوپەڕی نادادیی و پێچەوانەی مافە سەرەتاییەکانی جێندەری ژنانەو، وەک پیاو سالارێک ئەو لەبەرامبەریاندا پەیڕەوی لێدەکات،… کەمانای ئایەتەکە بەم جۆرەیە:– ئەگەر ترستان لەوەیە لەکاتی هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی هەتیو و بێباوک(هەتیو بەکەسێک دەوترێت کە لەخوار تەمەنی باڵغ بووندا بێت و باوکی لەدەستدا بێت، واتە نانئاوەری لەدەستدابێت، نان ئاوەر لەئیسلامدا، باوکە ) واتە لێرەدا (هاوسەرگیری لەگەڵ مناڵانی خوار تەمەنی عوزر شۆردا ، لەئیسلامدا شەرعەن وەنەصەن ڕەوایە، کەواتە جەنابی عەلی باپیر کوانێ عەدالەت؟؟) ئەوا دەتوانن ژنی تر بهێنن، واتە دوو دوو یان سێ سێ یان چوار چوار، بەڵام چۆن؟؟ ئەگەر،،..توانیتان لەبەینیاندا داپەروەربن، واتە، خودا لەسەر زات و خوڵق وتەبیعەتیی عەبدەکەی خۆی نائاگایەو نەیتوانیوە لەوە تێبگات کە مرۆڤ ناتوانێت لەم مەسەلەیەدا داپەروەربێت، لەکاتێکدا، محەمەدی پێغەمبەر، خۆی داپەروەر نەبووەو عایشەی لەهەموویان خۆشتر ویستووەو هەمیشەش بەهۆی نادادپەروەریەکەی کێشەو مشت ومڕ لەنێوان ژنەکانیدا بووە) ئەگەریش ترستان هەبوو لەوەی نەتوانن دادگەربن لەنێوانیاندا، ئەوا تەنها یەک ژن، یان کۆیلەو کەنیزەکەکان بهێنن،،، لێرەدا کۆیلەو کەنیزەک لەڕوی ماف و ئازادییەوە وەک مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و هیچ مەرجێکیش بۆ ویست و ئارەزو و حەزیان لەبەرچاو نەگیراوە…؟؟ کەواتە دادپەروەریی لێرەدا چمانایەک دەگەیەنێت؟؟
قوڕئان و فەرمودەکانی محەمەدی ئیسلام، پڕیەتی لەم بێعەدالەتیەی کە لەبەرامبەر ژناندا کراوە.
نسائکم حرث لکم فاتوا حرثکم انی شئتم ،،،البقرة ۲۲۳…ژنەکانتان کێڵگەن چۆنتان دەوێت ئاوا بیان کێڵن، واتە ژن لە پەیوەندی سێکسیی ئیسلام و تێگەیشتنی خودای ئیسلامدا، بای نووکی دەرزیش مافی موماڕەسەو دەربڕینی حەزو تاقیکردنەوەی حەزەکانی لەبەرامبەر هاوسەرەکەیدا نییەو ئەو تەنها بووکەڵە شوشەیەکەو ئالەتی تێرکردنی ئارەزووی ئاژەڵیانەی پیاوەکەیەتی و هیچی تر!؟
الرجال قوامون علی النساء…النساء ۳٤…واتە پیاوان بەسەر ژناندا باڵادەستن .

وەهەروەها، لە ڕودانی تاوانێکدا، ئەگەر بینەرانی تاوانەکە بۆ ئەوەی وەک بەڵگەی مەحکەمە لەبەر چاو بگیرێت و بەڕێکەوت پیاوو ژنێک‌ ڕوداوەکە ببینن، ئەوا شاهیدیدانی ژنەکە بۆ مەحکەمەی ئیسلامی بە پاساوی ژن بوونی وەک کەسێک لەبەرچاو ناگیرێت و هیچ ئیعتیباری نابێت، چونکە لەناو شەرعی خودا دا ژن لەتە (نیوە)مرۆڤێکە نەک مرۆڤێکی تەواو! لەبەشکردنی سەرمایەو میراتی باوکیشدا، کچان نیوەی براکانیان میرات دەگرن!
ئەی دادگەری ئیسلامی عەلی باپیر لەسەر مەسەلەی دادگایی کردنی کەسێک کە لەسەر دزینی چەند درهەمێک دەستی دەبڕدرێتەوە و هەتا مردن ئەو کەسە کەم ئەندام دەکرێت و هەموو ژیانی دەبێت لەو پەڕی سەختی و دژواریدا بباتە سەر، بەپێوانەی تەرازووی کام دادگای ئەمڕۆ دەتواندرێت ناوبنرێت دادپەروەری، جەناب؟
وَاللَّهُ فَضَّلَ بَعْضَكُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ فِي الرِّزْقِ ۚ فَمَا الَّذِينَ فُضِّلُوا بِرَادِّي رِزْقِهِمْ عَلَىٰ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَهُمْ فِيهِ سَوَاءٌ ۚ أَفَبِنِعْمَةِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ (71) کە دەڵێت خودا فەزڵی هەندێکی داوە لەڕزق و ڕۆزیی و سروەت و ساماندا بەسەر هەندێکی تردا….واتە لێرەدا خودای عەلی باپیر خۆی شەرعیەت بەو جیاوازیی چینایەتیەی کۆمەڵگای مرۆیی ئەمڕۆدەدات …کە لەتەرازووی عەدالەتخوازیی بەشەریەتی مەحڕوومی ئەمڕۆدا سەرچاوەی سەرجەم نەهامەتی و کێشەو گیرو گرفتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەمڕۆیە!؟
یان، کۆمەڵکوژیی وکوشت و بڕو دەرکردن وتاڵانی مێژووی بەربەڕیانەی ئیسلام، لەبەرامبەر هۆزەکانی بەنو قوڕیزەو بەنو قەینقاع و بەنو نەزیڕو بەکەنیزەککردنی ژنەکانیان و دواتریش فەتحەکانی ئیسلام وداگیرکاری وڵاتانی ترو دزینی خێرو بێرو تاڵانکارییان، ناو دەنێیت عەدالەت؟؟
یان،..یان،.. یان،..و دەیان و… سەدان بەڵگەی تر کە مەگەر تەنها لە فەرهەنگی بەڕبەڕیەتی هێزە
وەحشیگەریەکانی دیکەی مێژوویی کۆن و تازەدا جێگایان ببێتەوە، پێمان ناڵێن کام عەدالەت؟
بەڵام دواجار خۆشتان پێتان لەو ڕاستیە ناوەو لەکۆنگرەکەتاندا پاشگریی ئەم هەموو قێزەونیەتان لەخۆتان داماڵی، کە داعش، زۆر بە شەفافیی نیشانی کۆمەڵگای ئینسانیدا و لەماوەیەکی کەمدا هەموو مێژووی ڕاستەقینەی محەمەدو سەحابەو خەلافەتی لەخۆیدا نمایش کرد و ئێوەشی وەک نموونەیەکی ئەو بەڕبەڕیەتە بە پاشگریی ئیسلامەوە لە گومانی خەڵکی کوردستاندا، زیاتر بەدگومان کرد .
بەڵام دەتانەوێت، لەڕێگایەکی دیکەوە کە بۆ ئێوە گرنگ گەیشتنە بەو مەنزڵەی کە پارێزگاری کردن و هێشتنەوەی هەمان هەل و مەرجی چەوسێنەرانەی ئەمڕۆ و سیستەمەکەیەتی کە لەسایەیدا، جەنابت لە ژیانێکی فیرعەون ئاساییدا دەیگوزەرێنیت و بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانیش، نەبوونی و بێکاری و بێمووچەیی و گرانیە، هەر وەک بەڕاشکاویش ڕاتگەیاند کە دژی سیستەم و ئەزموونی تاڵانکاریی هەرێمی کوردستان نین، بێشک بزانە ئەزمەی داهاتوتان زۆر خراپتر لەمڕۆ نە بە هیچ پاشگرو نە بەهیچ پێشگرێکی دیکە نەبەزیادکردنی ونەبەلابردنی، لەم گێژاوەی تێیکەوتوون جگە لە زبڵدانی مێژوو هیچیتر فریاتان ناکەوێت.

تاهیر عیسا
1/03/2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish