Skip to Content

مەرگی قوتابخانە, ئازادی مرۆڤ.. وەرگێڕان و ئامادەكردن: عیسا بۆتانی

مەرگی قوتابخانە, ئازادی مرۆڤ.. وەرگێڕان و ئامادەكردن: عیسا بۆتانی

Closed
by ئازار 1, 2021 General

ژان ژاك رۆسۆ؛ یەكەم كەس بووە كە بانگەشەی بۆ نەهێشتن و دەستهەڵگرتنی لە قوتابخانە كردوە، ئەو لەو بڕوایەدایە كە (منی سرووشتی باشترە، پێویستە لەهەموو شتێك دوور بخرێتەوە كە تێكی بدات). ئەو بیردۆزەكەی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵچنیوە بەوەی سرووشت وا دەخوازێت منداڵەكان منداڵ بن بەر لەوەی وەكو پیاو ببیندرێن؛ بە پێچەوانەوە دەست بۆ میوەیەك دەبەین كە هێشتا پێنەگەییووە.

دوای ژان ژاك رۆسۆ چەندین نووسەر و توێژەری دیكە لەهەمان روانگەوە بانگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانەكان كرد و ئەوانیش داكۆكیان لە بیروباوەڕی رۆسۆ كردەوە كە بەپێی یاساكانی سرووشت؛ چاكسازی كۆمەڵایەتی لە چاككردنی تاكەوە سەرچاوە دەگرێت بێ‌ ئەوەی دامەزراوە پەروەردەیی و جڤاكییەكان دەست بخەنە نێو ئەو بابەتە، ئەوانیش چوونەوە سەر قسەكانی رۆسۆ و رایانگەیاند كە منداڵی ئازاد تەنها خوازیاری ئەنجامدانی ئەو كارەیە كە دەتوانێت بیكات و ئەوەی ئارەزووی بكات دەیكات, رۆسۆ نەیشاردۆتەوە كە بنچینەی سەرەكی بیركردنەوەكانی ئەو سەبارەت بە مەسەلەی پەروەردە بریتیە لە دوورخستنەوەی منداڵ لە قوتابخانە و لەمڕووە دەڵێت: (ئەو بنچینەیە بەسەر قۆناغی منداڵێتی دا بچەسپێنن؛ دواجار هەموو بنەماكانی پەروەردەتان دەست دەكەوێت).
رێبازی دژایەتی كردنی قوتابخانە بە رۆسۆوە كۆتایی نەهاتووە، لەدوای ئەو چەندین نووسەر و توێژەوانی وەكو (جۆن هۆڵت) بەردەوامیان بەو بیردۆزە دا، چەمكی (بێ‌ قوتابخانە لەلایەن (هۆڵت)ەوە داهێندرا و چەندان پەرتووك و گۆڤاری سەبارەت بەوە نووسی و لەچاپی دا لەوانە گۆڤاری (پێگەیاندنی بێ‌ قوتابخانە)، و دوای ئەویش (ئیڤان ئیلیتچ)ی نووسەری پەرتووكی (كۆمەڵگای بێ‌ قوتابخانە) و (ئیڤەرت ریمەر)ی نووسەری (پەرتووكی مەرگی قوتابخانە) بە درێژەپێدەری هەمان رەوت هەژمار دەكرێ.

جۆن هۆڵت لە سەرەتاكانی نیوەی دووەمی چەرخی بیست بە بزاڤی دژایەتیكردنی سیستەمی قوتابخانە حكوومیەكان دەستی بە بانگەشەكردن بۆ لابردنی قوتابخانە كرد، ئەو پێیوابوو كە لە دەرەنجامی بەدەمەوەهاتنی گۆڕانكارییە ئابوورییەكان لەدوای شۆڕشی پیشەسازی دا قوتابخانە دروست بوو، قوتابخانەكان لەسەر بنچینەی (تاكە پێوەرێك بۆ هەمووان) كرایەوە كە هەمووان لەڕووی تەمەنەوە هاوشێوەن و خرانە نێو هۆبەیەكی خوێندنەوە و یەك پرۆگرامی خوێندنیان خرایە بەردەم و رێگەیان پێنەدرا ئەوە هەڵبژێرن كە دەیانەوێ‌ فێری ببن. لەم سۆنگەشەوە هۆڵت دەڵێت: (یاسا و پەیڕەوی توند حەزی ئازادی لەلای تاكەكان دەكوژێت و دواتریش داهێنان… هەمووان دەبنە كۆپی یەكتری و جیاتاكی لەنێوانیاندا هەڵدەبزڕكێت).

وەكو جێگرەوە بۆ خوێندنی قوتابخانە هۆڵت دوو رێگەی باسكردووە كە یەكەمیان لە رێگەی پرۆگرامی خوێندن كە لەلایەن باوانیانەوە چاودێری و بەدواچوونیان بۆ بكرێ‌ و بە (فێركردنی ماڵ) ناوزەدی كرد، رێگای دووەمیش كە بەلای ئەوەوە ئازادی پتر دەڕەخسێنێت ئەوەیش (بێ‌ قوتابخانە) یان (ئان سكوڵینگ) بێ‌ بوونی هیچ جۆرە پرۆگرامێكی خوێندن و تەنها پاڵپشت بۆ فێربوون خواست و غەریزەی سرووشتی مرۆڤەكان بێت بۆ فێربوون.
جیا لەوە هۆڵت ئاماژە بە شتێكی دیكە دەكات و پێیوایە كە بوونی قوتابخانە تەنها خزمەت بە سیستەمی ئابووری جیهانی دەكات و ئەو بونیادە ئابوورییە زەبەڵاحەی جیهان پێویستی بە ملیۆنەها كرێكار و بەڕێوەبەر و ئەندازیار و پزیشكە و رۆڵی قوتابخانە هاوشان لەگەڵ شۆڕشی ئابووری ئەمریكا و ئەوروپا پەرەی پێدرا و بەپێی ئەو پۆلینكارییە ئابوورییە؛ بەهای مرۆڤ یەكسانە بەو رۆڵەی كە لە سیستەمەكەدا دەیگێڕێت. بەڵگەش بۆ ئەو لێكدانەوەیە دەهێنێتەوە كە هۆكارەكە ئەوەیە پزیشكان و ئەندازیاران بە چینی باڵا و رێزلێگیراوتر دەبیندرێن و كرێكارەكانیش بە خوارووتر لەوان؛ ئەو دەڵێت :(سیستەمی ئابووری ئەو چوارچێوەیەی بۆ مرۆڤەكان داتاشیوە).

جۆن هۆڵت هیچ پاساوێك بۆ خوێندنی پرۆگرامەكانی خوێندن نابینێت و بە تەنزەوە دەڵێت:(ئێمە نازانین لە پاشەڕۆژدا پێویستیمان بە چ جۆرە زانیارییەك دەبێت، بۆیە گەمژەییە پێشوەخت بیانخوێنین).
دوای هۆڵت؛ ئیڤان ئیلیتچ (نووسەری پەرتووكی كۆمەڵگای بێ‌ قوتابخانە)؛ كە فەیلەسوفێكی نەمساوی و لە بەناوبانگترین بیرمەندە هاوچەرخەكانی ئەو وڵاتەیە، رەخنەی لە بوونی قوتابخانە گرت و جەختی لە پەروەردەكردنی تاك لەسەر ئازادی كردەوە. ئەو خاوەنی ئەو گوتەیەیە كە دەڵێت: (ئەگەر زانست و زانیاری لەنێوانی دیواری قوتابخانەدا بێت؛ ئەوا پێویستە دیوارەكانی بڕوخێندرێن تاكو زانست و زانیارییەكان بڵاو ببێتەوە… ئەگەریش زانست لە دەرەوەی قوتابخانەكان بێت ئەوا دەبێت منداڵە زیندانیكراوەكانی نێو قوتابخانە ئازاد بكرێن و رێگایان بۆ بكرێتەوە تاكو بەدوایدا بگەڕێن … ئێمە لە قوتابخانەكاندا زۆر فێر دەبین بەڵام لە ژیانی رۆژانەماندا كەم سوودی لێ‌ دەبینین).

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish