له نێوان (چنوور)ی قوتبه‌دین سادقی و(میدیا)ی محه‌مه‌د جه‌میل دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
له چوارچیوه‌ی دووه‌م فیستیڤاڵی مۆنۆدرامای هه‌ولێر وا ڕێكه‌وت هه‌ردوو نمایشی (قوتبه‌دین سادقی )و(محه‌مه‌د جه‌میل)له رۆژێكا ببینم،ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو ده‌رهێنه‌ر جیاوازییه‌كی زۆریان له نێوان دا هه‌یه له رووی نه‌وه و ئه‌زموون و ته‌مه‌ن و ستایل وته‌كنیكی شانۆیی،به‌ڵام له رووی بابه‌تی نمایشه‌كانیان لێك نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر هه‌بوو،هه‌ردوكییان موخاته‌به‌ی مردووه ئازیزه‌كانی خۆیانیان ده‌كرد له گۆڕه‌كانیاندا،به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له‌وان به ته‌كنیك و فۆرمێكی جیاواز له‌وی تریان.
قوتبه‌دین سادقی ده‌رهێنه‌رێكی پڕ له ئه‌زموونه‌و ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌كاری شانۆیییدا هه‌یه،ستایلێكی تایبه‌تی خۆشی هه‌یه‌و هه‌میشه پشت به دوو مه‌تریالی سه‌ره‌كی ده‌به‌ستێت له به‌رجه‌سته كردنی كاره‌كانیدا،كه یه‌كێكییان تێكسته و ئه‌وی تریان ئه‌كته‌ره .
له رووی تێكسته‌وه هه‌میشه قوتبه‌دین سادقی خۆی تێكسته‌كانی بۆ شانۆگه‌ریه‌كانی خۆی ده‌نووسێ چونكه وه‌ك چۆن ده‌رهێنه‌رێكی لێهاتووه،له هه‌مان كاتێشدا نووسه‌رێكی باڵا ده‌سته له نووسینی تێكستی شانۆییدا،تێكسته‌كانی فۆرمێكی ئه‌ده‌بی رۆمان ئامێز ده‌گرنه خۆیان و پڕن له روداو‌و به‌سه‌رهات و دیالۆگی درێژ،ئه‌و پێی وایه شانۆ وه‌ك هونه‌ره له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌ده‌بیشه‌و ته‌ژییه له‌گوزارشتی فانتازیایی و هه‌ر تێكستێك سه‌ربورده‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه،له توێ ی ئه‌و سه‌ربوردانه وێنه درامیی و دیالۆگه‌كان له نمایشدا داده‌ڕێژێ،كه زۆر جاران بینه‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌دا پێویستی زؤری به ئه‌تمۆسفیرو ئاماده‌باشییه‌كی ده‌روونی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێكسته‌كه وه‌ك خۆی وه‌ربگرێت،خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ریشی نه‌گرێت قورساییه‌كی زۆر له سه‌ر باری ده‌روونی دا دروست ده‌كات و له نمایشه‌كه‌ی داده‌بڕێنێ.
له راستیدا زۆرینه‌ی ئه‌و جۆره تێكستانه پێویستییان به ئاماده كردن هه‌یه،بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر له هؤڵێكی تهسكو تریسك و خنكاوی چه‌شنی هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانؤ،دووچاری ته‌نگه‌تاوییه‌كی ده‌روونی نه‌یه‌ت،كه حه‌وسه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی نه‌بێت و به ناچاری له شانۆدا دابڕێ،جگه له‌وه ئه‌و چه‌شنه تێكستانه هه‌ر ته‌نها قورسایی ناخه‌نه سه‌ر بیری بینه‌ر،بگره ئه‌كته‌ریش گیروده‌ی ئاسته‌نگ ده‌كه‌نه‌وه‌و زۆر جاریش له سه‌ر حیسابی نمایش و ئه‌كشن و ئه‌دای ئه‌كته‌ر هه‌ڵده‌كه‌ونه‌وه،چونكه چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش بینه‌ر تامه‌زرۆی دیالۆگی كورت و درامییه،ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌كته‌ر پێویستی پێیه‌تی بۆ بژارده‌كردنی ریتمی جه‌سته‌و ئه‌دای جوان”
دیاره سه‌رچاوه‌ی هه‌ره بنه‌ڕه‌تی وه‌رگرتنی بینه‌ر له شانۆدا (چاوه)زیاتر له‌وه‌نده‌ی گوێ بێت،هه‌ر هونه‌رێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریش ئامراز‌و زمان و مه‌تریالی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، ئێمه له شانۆدا زیاتر به‌دوای بینین دا ده‌گه ڕێین،هه‌موو هه‌سته‌كانی خۆمان له چاودا كۆ ده‌كه‌ینه‌وه،له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به‌و ئامرازانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی دایه بتوانێت ئێمه بوروژێنێ،به‌ڵام له هه‌ندێ نمایشی وه‌ك (چنوور) ئه‌گه‌ر ئه‌وه له به‌رچاو نه‌گرین كه ئه‌و به‌رهه‌مه به‌رهه‌می قوتبه‌دین سادقیه و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌رئاستی به‌رهه‌م دا بۆ بكه‌ین،ئه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین تا دوا دیمه‌نی نمایشه‌كه‌چاومان به برسیه‌تی به جێ ده‌مێنێ، شتێ نیه بمانوروژێنێ! چواردیوار و فه‌زایه‌كی ره‌ش كه ته‌نها دره‌ختێكی تێدایه،بلاجكتۆرێكی له سه‌ر جێگیر كراوه” ئیدی نه سینۆگرافیایه‌ك” نه‌موزیك و ریتمێك،جگه‌له ته‌كنیكێكی ته‌قلیدی نه‌بێت كه بریتیه له دوو ته‌خته‌ی مردووی بێ وه‌زیفه..
هه‌موو فه‌زای شانۆگه‌ریه‌كه له مه‌رگ ده چێت،به‌ڵام مه‌رگێك كه جوانیه‌كت پێ نه‌به‌خشێت و هه‌ستت ناجولێنێ .
له‌و نێوه‌نده‌دا بینه‌ر له شانۆدا هیچی بۆ نامێنێته‌وه جگه له ئه‌كته‌ر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ست ئه‌و فۆرمه كلاسیكیه‌ی ده‌رهێنان رزگاری بكات،به‌ڵام ئاخۆ ئه‌كته‌ر له شانۆدا هه‌موو شتێكه؟
ئه‌كته‌ری (نمایشی چنور ــ فه‌رشیدگه‌ویڵی)ئه‌كته‌رێكی به توانایه،له سه‌ر شانۆدا ماندوو بونێكی زۆری پێوه دیاره،نزیكه‌ی یه‌ك كاژێر له‌نێو كۆمه‌ڵێ ئه‌كشنی بێ ده‌لاله‌ت وهێما وه‌ك حیكایه‌ك خوانێك تێكستی بۆ ده‌خوێندینه‌وه،بێ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر ببێته ئه‌لته‌رناتیف و بۆشاییه‌كانی سینۆگرافیا پڕكاته‌وه،وه‌ك هه‌ندێ جار سینۆگرافیا توانستی ئه‌كته‌ر له سه‌ر شانۆدا داده‌پۆشێ .
ده‌رهێنه‌ر كه هه‌موو پشت به‌ستنێكی به تێكست و ئه‌كته‌ره،ناتوانێت هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌و دوو توخمه سه‌ره‌كییه‌دا دروست بكات،خۆ ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌وه له سه‌ر شانۆیه رۆح بخاته به‌ر تێكست و وێنه‌كانت بۆ به‌رجه‌سته بكات و كاراكته‌ره‌كانت نیشان بدات،نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قت بۆ بخوێنێته‌وه.
كاتێك ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگی له ده‌ست ده‌دات،كه نه‌توانێت ریتمی جه‌سته و ریتمی دیالۆگ هاوسه‌نگ بكات و ئه‌و هارمۆنیایه له نمایشدا دروست بكات كه بینه‌ر چاوه‌ڕوانی ده‌كات ..ره‌نگه بینه‌ر ده‌لالاته‌كانی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رت به ته‌نیا لێ وه‌ربگرێ،به‌ڵام ئاماده نیه دیالۆگی بێ ده‌لالاتی جه‌سته‌یی قه‌بوڵ بكات،چونكه ئه‌و له‌و له‌و له‌حزه‌یه‌ی له شانۆ دانیشتووه(بینه‌ره) نه‌ك(خوێنه‌ر)
زۆر جاران ده‌رهێنه‌ر نه‌ك به له ده‌ست دانی هاوسه‌نگ بوون ریتمی نمایش له ده‌ست ده‌دات و بینه‌ر ناچاری باوێشك دان ده‌كات،له هه‌مان كاتیش‌دا گڕو تینی نمایش لای ئه‌كته‌ریش ده‌كوژێ و ئه‌و بواره‌ی بۆ به جێ ناهێڵێ كه به دوای جوانترین ئه‌دادا بگه‌ڕێـت،ئه‌وه‌نده‌ی بیری لای دیالۆگی دوور‌و درێژه ئه‌وه‌نده بیری لای ئه‌دای نواندنی خۆی نیه.
ده‌رهێنه‌ریش به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌كته‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پانتاییه به‌رفره‌وانی تێكستی نابێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانكات به وێنه‌ی شانۆیی،بۆیه ناچاری ئه‌وه‌ده‌بێت تێكست به گێڕانه‌وه له كۆڵ خۆی بكاته‌وه،بۆیه كه‌متر ده‌توانێت دراما له جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو وێنه‌ی شانۆیی دا نیشانی بینه‌ر بدات …ئه‌وه‌تا ده‌رهێنه‌ر هه‌ندێ كرده‌ی بێ پاساو به ئه‌كته‌ر ده‌كات بۆ شڵه‌قاندنی ئه‌تمۆسفیریی شانۆ،كه هیچ ده‌لالاتێكیان نیه وه‌ك وه‌رگڕاندنی كورسیه‌كان و هه‌ندێ په‌لاماری تر كه هیچ كاریگه‌رییه‌كی درامییان پێوه دیار نیه جگه له ده‌سته‌پاچه‌یی نه‌بێت بۆیه من پێم وایه هه‌ڵبژاردنی گه‌وێڵی به باشترین ئه‌كته‌ری پیاوی فیستیڤاڵ ره‌نگه له سه‌ر بنچینه‌ی كۆمه‌ڵێ ئیعتیباراتی لابه‌لایی بێت، وه‌ك رێز لێنانی شانۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌و فیستیڤاڵه‌و قه در راگرتنی قوتبه‌دین سادقی،ئه‌گه‌رنا ئه‌كته ری دیكه‌مان هه‌بوو له فه‌رشیدی زێتر شایه‌سته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته بوون.
ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌رهێنه‌ر له(چنوور)دا دوا دیمه‌نی كۆتایی بوو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی درامیانه‌ی نمایشه‌كه‌و سه‌رتاپای دیمه‌نه په‌راوێزه‌كانی تر له پێناوی گه‌یشتن به‌و دیمه‌نه دروست كرابوون،ته‌نها دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه بوو كاتێ كاراكته‌ره‌كه ده‌خزێته شوێنی گۆڕه‌كه‌و چه‌پكه گوڵه سپیه‌كه له‌سه‌ر گۆڕی خۆی داده‌نێ و مۆمه‌كه‌ش له سه‌ر كێله‌كه‌ی خۆیدا داده‌گیرسێنێ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه‌كه بۆ هه‌میشه رووناكی ببه‌خشێت .
به‌ڵام محه‌مه‌د جه‌میل له‌نمایشی(میدیا) دا تێكستێكی زمان ساكاری هه‌یه،به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌و ئایدیایێكی چڕ به خۆیانه‌وه هه‌ڵده‌گرن ده‌رباره‌ی مه‌رگ و ئازاره‌كانی ته‌نیایی .
ئه‌و دیالۆگه سادانه،كه زۆربه‌یان گوزارشتێكی مرۆیی و سایكۆلۆژی ده‌به‌خشن،بۆ كه‌سێك كه ژیان له سه‌ر دنیادا بۆ ئه‌و له‌گۆڕی ئازیزه‌كه‌ی ته‌سكتره”له رووی نمایشه‌وه بارگرانییه‌كی نه‌خستۆته سه‌ر ئه‌كته‌ر،به‌ڵكو یاریده‌ی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی ئه‌و دیالۆگانه له ناو نمایشدا بتاوێنێته‌وه.
ده‌رهێنه‌ر ستایلێكی ته‌عبیری هه‌یه و به دیكۆرێكی هێمادار له وه‌ره‌قه‌كانی قومارو ئامێره ره‌نگ سپییه‌كانی ته‌له‌فون و جۆلانه‌و په‌یكه‌رێكی دروست كرا‌و له دار‌و تا‌بوتێك كه له ناوه‌ڕاستی شانۆ راكیێشراوه،كۆمه‌ڵێ ده‌لالاتی فه‌لسه‌فی و سایكۆلۆژیت پێ ده‌به‌خشێت و بینه‌ر ناچاری ئه‌وه ده‌كات كه به دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وهێمایانه‌دا بگه‌ڕێت كه په‌یوه‌ستن به ئه‌تمۆسفیری روداوه‌كان و شوناسی كاراكته‌ره‌كانی .
ده‌رهێنه‌ر به سینۆگرافیا هه‌م جوانیه‌ك به نمایش و فه‌زای شانۆیی ده‌به‌خشێت بۆ به‌رجه‌سته بوون،هه‌م ئامرازه‌كانی ده‌كات به فاكته‌رێكی دیكه‌ی گوزارشت كردن،ئه‌گه‌ر توانی رۆڵێك به سینۆگرافیا ببه‌خشێت و بۆ خزمه‌تی نمایش به‌رجه‌سته‌ی كرد.
ئه‌م سینۆگرافیا هێمادارانه ی نمایشی (میدیا) له (چنوور)دا كه‌متر ده‌بیندرێـت..بۆیه كاریگه‌رییه فه‌لسه‌فی و ده‌روونییه‌كانی نمایش به سه‌ر بینه‌ردا لاوازتر ده‌بێت .
ده‌رهێنه‌ر محه‌مه‌د جه‌میل وه‌ك چۆن به فۆرمێكی هاوسه‌نگ تێكست و سینۆگرافیای به‌كارهێناوه،هه‌ردوكیانی بۆخزمه‌تی ئه‌كته‌ر به‌رجه‌سته كردووه،ئه‌كته‌رێكی كچ (رۆزانا فه‌رهاد) كه هه‌م بۆته داینه‌مۆی راگرتنی ریتمی نمایش”هه‌م ستاتیكایێكی سروشتی به وێنه درامیه‌كان به‌خشیووه.
وه‌زیفه‌ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌یه بتوانێت سه‌رچاوه‌كانی وروژاندن له جه‌سته‌ی ئهكتهردا بۆ دروست كردنی وێنه‌ی درامی ته‌وزیف بكات،ره‌نگه به‌رجه‌سته بوونی دیمه‌نی وروژێنه‌ریش زێتر له جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ری ئافره‌تدا كاریگه‌رتربن .
بۆیه ده‌رهێنه‌ر توانیویه‌تی بوێری و چاو نه‌ترسی(رۆزانه) بقۆزته‌وه بۆ دروست كردنی دیمه‌نه وروژێنه‌ره‌كان كه هه‌ندێ جار له تابلۆیه‌كی دراماتیكی جوان ده‌چوون و گه‌شه‌یان به ریتمی تمایش ده‌دا،ئه‌گه‌رچی له‌هه‌ندێ دیمه‌نیش دا بینه‌ر ده‌گه‌یشته ئه‌و بڕوایه كه ئاستی هونه‌ری دروست كردنی دیمه‌نه‌كان وه‌ك یه‌ك نین،هه‌ندێ دیمه‌نی لاوازی ئه‌وتۆ هه‌بوون كه نمایشه‌كه‌یان ده‌خسته ژێر مه‌ترسی روخانی بونیاتی درامی و هه‌ره‌س هێنان …
به گشتی رۆزانا فه‌رهادــ ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی هونه‌ریی كورته‌و له ده‌ستپێكی ئه‌زموونه‌كانیه‌تی له گه‌ڵ شانۆدا” به‌ڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا ده‌رهێنه‌ر توانی توانسته‌كانی به ده‌رخاوئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ بكات له رووی نواندنه‌وه،به شێوه‌یه‌ك ئه‌دای جوان جوانی له نمایشه‌كه‌دا نیشان داین” به تایبه‌ت له سه‌ر جۆلانه‌كه،له راكردن له ترس،له پچڕاندنی كفن،له راكێشانی تابووته‌كه،له ریتمی جوانی پێكه‌نینه‌كه‌و زۆر وێنه‌ی تردا،بۆیه من پێم وابوو ده‌كرا ئه‌و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌تی له گه‌ڵ رووبار ئه‌حمه‌د دابه‌ش كردایه.
له شانۆدا سه‌ختترین ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌وه دایه كه چۆن چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ نمایش دابنێت،چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی نمایشه‌كه‌ی به‌و فۆرمه هونه‌رییه بێت كه بینه‌ر له ژێر كاریگه‌رییه‌كانی نمایش نغرۆ بكا،ئه‌وه‌بوو جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان هه‌ردوو نمایش دا هه‌بوو بۆئه‌و راده‌ست كردنه درامیه ئه‌وه‌تا له(میدیا)دا ده‌رهێنه‌ر نمایشه‌كه‌ی به‌ئاراسته‌یه‌كی خیتابی دهباو كۆتایی نمایشه‌كه‌ی به كۆمه‌ڵێ دروشمی لاواز هێنا” ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌تی زۆر له بارتر هه‌بوون بۆ كۆتاییه‌كی به‌هێزتر له‌وه‌ی بینیمان.
به پێچه‌وانه‌ی نمایشه‌كه‌ی قوتبه‌دین سادقی كه كۆتاییه‌كی رۆمانسی پر له ستاتیكای درامی بوو،كاتێ كاراكته‌ره‌كه ده‌چێته ناو گۆڕی یه‌كه‌م و به ده‌ستی خۆی چه‌پكه گوڵه سپیه‌كه له سه‌ر سینگی خۆی داده‌نێ و مۆمه‌كه‌ش ده‌خاته سه‌ر سه‌رینی … به‌مه زۆر له بۆشاییه‌كانی نمایشی به‌و كۆتاییه هێماداره پڕ كرده‌وه،كه بینه‌ر به ئاسانی ئه‌و وێنه درامیه‌ی له زه‌هندا دا كاڵ نه‌بێته‌وه .