ڕۆمانی كتێبفرۆش و چه‌ند سه‌رنجێكی ڕه‌خنه‌یی.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
گێڕانه‌وه، ڕه‌گه‌زێكی سه‌ركییه له ڕۆمانداو به‌شێكه له پێكهاته‌ی بینای هونه‌ری ده‌ق،هاوشێوه‌ی هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه له ڕۆمانداجیاده‌كاته‌وه له گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، ئه‌و به ئه‌ده‌بیكردنه‌یه كه فۆڕمی گێڕانه‌وه، له گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعی و ساده، ده‌كاته گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری جوان و سه‌رنج ڕاكێش، كه دواجار به هونه‌ری گێڕانه‌وه له ڕۆماندا، ناو ده‌برێت.له ڕۆماندا، چۆنییه‌تی گێڕانه‌وه، به‌شێكه له چێژی گێڕانه‌وه. ئێمه كاتێ یاداشتێك، یاخود بیره‌وه‌رییه‌ك ده‌خوێنینه‌وه، چییه‌تی گێڕانه‌وه‌مان لامه‌به‌سته له‌وه‌ی چۆنییه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان. چونكه‌لێره‌دا گه‌یشتن به كۆتایی ڕووداوه‌كان و چییه‌تی ڕوودانییان ده‌بێته جێی سه‌رنج، به‌ڵام له ڕۆماندا، گێڕانه‌وه ده‌بێته به‌شێك له چێژ و ئستایكا و هونه‌ركاریی زمان كه دواجار ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی باڵا، له بیره‌وه‌ری جیا ده‌كاته‌وه.بۆیه ئه‌گه‌ر ڕۆمان،هونه‌رێكی جوانی گێڕانه‌وه و ده‌رخستنی ڕووداوی تێدا نه‌بوو،بێگومان زمانی گێڕانه‌وه‌ی ده‌بێته به‌شێك له هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاسایی. ڕۆمانی (كتێبفرۆش) باس له گه‌نجێكی كتێبفرۆش ده‌كات به ناوی ئومێد ڕه‌شپۆش، كه له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له هه‌ولێر كاری كتێبفرۆشی ده‌كات، به‌ڵام كه‌سێكه به نهێنی كتێبه قه‌ده‌غه كراوه‌كان و ئه‌ده‌بیاتی شاخ، دێنێته شار‌و بڵاویده‌كاته‌وه. له پای ئه‌م كاره‌وه، ئاشكرا ده‌بێت و دوای زیندانیكردنی، به هۆی ئازارێكی زۆری جه‌سته‌ییه‌وه، له‌كرداریی جووتبوون وسێكسكردن ده‌كه‌وێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه خاتوونی خۆشه‌ویستی لێ جیا ده‌بێته‌وه. ئه‌م ڕووداوه، به شێوه‌یه‌ك ئومێد ده‌ڕووخێنێت، كه په‌نا بباته به‌ر خۆكوشتن و له‌و كاتانه‌شدا، بیره‌وه‌ری ده‌گه‌رێته‌وه ڕۆژانی ڕابردوو و باس له ژیانی خۆی و هاوڕێكانی و واقیعی سیاسی و كۆ مه‌ڵایه‌تی ئه‌وكات ده‌كات. ئه‌مه ناوه‌ڕۆكی ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆمانه بوو به كورتی. لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ند لایه‌نێكی هونه‌ری ڕۆمانه‌كه و چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كیش ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه به سه‌ر ڕۆماننووسدا تێپه‌ڕیون.
گێڕانه‌وه._
گێڕانه‌وه له‌و ڕۆمانه‌دا، له فۆڕمێكی واقیعی ساده دایه، كه پتر له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێكی ئاسایی نێو بازنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێت، له‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان بێت، بۆیه كه ڕووداوه‌كان ده‌خوێنینه‌وه،خوێنه‌ر هه‌ست به هیچ جۆره چێژ‌و جوانكارییه‌كی زمان ناكات . ئه‌م شێوازه له گێڕانه‌وه وایكردووه ڕۆمانه‌كه، هیچ شیعریه‌تێكی گێڕانه‌وه و هیچ هونه‌ركارییه‌كی زمانی له ئاستی ده‌ربڕین و گوزارشتكردندا تێدا نه‌بێت. ئه‌م جوره له گێڕانه‌وه، زۆرتر له گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری كه‌سێك ده‌چێت، به زمانێك كه زمانی گێڕانه‌وه و گه‌یاندن بێت، نه‌ك زمانی ڕۆمان كه هونه‌رێكی باڵایه و هونه‌ركارییه‌كی زۆری تێدایه. چونكه له‌م جۆره گێڕانه‌وه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی به‌لای خوێنه‌ره‌وه گرنگه، گه‌یشتنه به كۆتایی ڕووداوه‌كان، وه‌ك هه‌ر ڕووداوێكی دیكه‌ی ئاسایی كه گوێبیستی ده‌بیت. نه‌ك شێوزای گێڕانه‌وه. واقیعیه‌تی گێڕانه‌وه له‌و ڕۆمانه‌دا، له فۆڕمێكدایه، كه ڕۆمانه‌كه نزیك ده‌كاته‌وه له بیره‌وه‌ری كه‌سێك. واتا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه، سه‌ربورده‌ی ژیانی كه‌سێكی كتێبفرۆشه، كه چی له ژیانیدا ڕوویداوه. بۆیه كتێبه‌كه به بڕوای من، جۆرێكه له بیره‌وه‌ری نه‌ك ڕۆمان. ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری وه‌ك تیمه‌یه‌ك له ڕۆماندا بوونی هه‌یه، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌یان له‌و به ئه‌ده‌بیكردنه‌یه كه له ڕۆماندا هه‌یه.بۆنموونه: كه ئه‌زموون و یاد ده‌خوێنیته‌وه، یاخود ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هه‌ی هه‌مووان بوو، هه‌ست ناكه‌یت ئه‌مانه بیره‌وه‌رین، به‌ڵكو واهه‌ست ده‌كه‌ین ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه، كه زمانێكی باڵای هونه‌ری و ئستاتیكییان هه‌یه. به‌ڵام له كتێبفرۆشدا، ئه‌و ئستاتیكایه‌ی زمان ونه. ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تریش زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ناهونه‌ریتر كردووه،به‌داخه‌وه ئه‌و ڕێنووس و ڕێزمانه نامۆیه و سه‌قه‌ته‌یه، كه بۆ ڕۆمانه‌كه كراوه و بڕوام وایه سێ به‌شی هه‌ڵه‌كان په‌یوه‌ندی به‌و پێداچوونه زمانه‌وانییه‌وه هه‌یه كه بۆ ڕۆمانه‌كه كراوه. كه له زۆر كاتدا، مانای وشه‌ی شێواندوه‌وه‌له ده‌ره‌وه‌ی زمانی باوی نووسینی ڕۆمانه له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا. بۆنموونه: ئێمه ده‌ڵێین(ئێستا)ئیدی(وێسته) چ مانایه‌كی هه‌یه و چ جوانییه‌ك به زمانه‌كه ده‌دات؟!.یاخود له ڕۆمانه‌كه‌دا، هه‌موو وشه‌یه‌كی(ڕق) كراوه به(ڕك). له كاتێكدا ئه‌م دوو وشه‌یه، دوو وشه‌ی جیاوازن له ڕووی واتاوه. ڕق به مانای ڕق لێ بوونه‌وه، به‌ڵام ڕك به مانای سه‌خت، هه‌روازێكی سه‌خت، بۆیه له بنه‌ڕه‌تدا(ڕق و كینه‌یه) نه‌ك(رك و كینه). یاخود به درێژایی ڕۆمانه‌كه وشه‌ی(ڤاڵا)به‌گه‌لێك ده‌ربڕین ده‌بینین، له كاتێكدا زمانه‌وانی كتێبه‌كه نازانێت ڤاڵا یانی چی.چونكه هه‌ر جاره و بۆ مه‌به‌ستێك به كاری هێناوه.
هه‌ڵه له گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:_
له ڕۆمانه‌كه‌دا، چه‌ندین هه‌ڵه، له ڕووی گوزارشتكردن و ده‌ربڕینه‌وه ده‌بینرێت، كه لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_
- لا16نووسراوه:_(خۆشه‌ویستی منت فڕێ نه‌داوه).خۆشه‌ویستی فرێ نادرێت، به‌ڵكو كاڵ ده‌بێته‌وه، یاخود نامێنێت.
- لا16 نووسراوه:(من له نێوان چواردیوارو ژوور‌و بنمێچی ئه‌م خانووه‌دا). ته‌نها چوار دیوار، هێمایه بۆ هه‌موو ئاماژه‌كانی تر، ئیدی ئه‌و درێكردنه‌وه‌یه پێویست نییه. *لا18 نووسراوه:(چووك و ئه‌ندامی نێرینه). هه‌ردووكییان هاوواتان.
*لا28 نووسراوه:_(به سه‌ر رك و تووڕه‌یی خۆیدا زاڵ بێت). ڕقه، نه‌ك رك. - لا29 نووسراوه:(هه‌موو ئافره‌تێك پێویستی به دامڕكاندنه‌وه‌ی حه‌زه‌كانی ده‌كات و ده‌بێ پیاوێكیش هه‌بێت بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره). ڕسته‌كه جگه له‌وه‌ی له ڕووی ڕێزمانییه‌وه هه‌ڵه‌ی تێدایه، هاوكات له ڕووی بابه‌تیشه‌وه. هه‌موو ئافره‌تێك دروست نییه، به‌ڵكو ژن گونجاوتره. گریمان ئافره‌تێك شووی نه‌كردبوو، ئه‌و تێزه‌ی ڕۆماننووس ده‌یگرێته‌وه؟.پاشان سێكس غه‌ریزه‌یه، شه‌رمه پیاو وایببینێت كه ده‌بێ ئه‌و ئاگره بكوژێنێته‌وه. ئه‌مه خۆی له خۆیدا سووكایه‌تییه به ژن، كه ڕاسته و خۆ له ڕێی ئه‌و غه‌ریزه‌وه له كه‌سایه‌تییان ده‌دات. *لا30 نووسراوه:( ڕۆژی موبایه‌عه‌ی سه‌دام). له مێژووی عێراقدا، نه‌مزانیوه موبایه‌عه‌ی سه‌دام كرابێت له 16/11/1982.چونكه چوار ساڵ به‌رله‌و به‌رواره، له 17/7/1979 سه‌دام ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست.
- لا46 نووسراوه:_( مرۆڤ ده‌توانێت جارێكی دیكه گیانی خۆی زیندوو بكاته‌وه).ئایا مرۆڤ ده‌توانێت، ڕوح بێنێته‌وه به‌ری خۆی؟!.بۆیه هیوا گونجاوتر بوو.
- 47 نووسراوه:_(جارێكی تریش لێكدانه‌وه‌كانی دڵی پێی ده‌گوت). ئایا مرۆڤ به ئه‌قڵ یان به‌دڵ، لێكدانه‌وه بۆ شته‌كان ده‌كات؟!.
- لا 47 نووسراوه:_(سنوور تخووب).هه‌ردووكییان هاوواتان.
- 49 نووسراوه:_(براكه‌ی به دیاریی و به‌خشش ده‌مكوتی كردبوو). به دیاری، ده‌م شیرین ده‌كرێ و بێده‌نگ ده‌كرێ نه‌ك ده‌مكوت، كه گوزارشتێكی زۆری لێكردنه، به‌ده‌ر له خواستی كه‌سه‌كه.
- لا 52 نووسراوه:(تۆ جه‌سته و ئه‌ندامی مێیینه‌ت بۆ خه‌ڵكی بووه). ئه‌ندامی مێیینه‌ش به‌شێكه له جه‌سته. *لا 59 نووسراوه:(مێرده‌كه‌م پیاوه‌تی نه‌ماوه). پیاوه‌تی ئاوه‌ڵناوه، بۆیه توانای جووتبوونی نه‌ماوه دروسته.چونكه ڕسته‌ی یه‌كه‌م به مانای ئه‌وه دێت، كه كه‌سێك هیچ خاسییه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی پیاوه‌تی تێدا نه‌مابێت. بۆنموونه: وه‌ك به‌خشنده‌یی و سۆز‌و به ته‌نگه‌وه هاتن وئازایه‌تی و زۆر خاسیه‌تی دیكه‌ش.
- لا60 نووسراوه:_( ده‌بووایه ئومێد خانووه‌كه بۆ ڕێدار ڤاڵا بكات). ڤاڵا لێره به مه‌به‌ستی چۆڵكردن به‌كارهاتووه.
- 61 نووسراوه :_(هاوڕێ به نیوه مرۆڤ ئه‌ژمار ده‌كرا، چونكه ئیفلیح بوو). ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، ئه‌وانیش مرۆڤن. بۆیه نابێت له دنیابینی نووسه‌رێكی دیاری وه‌ك سابیرڕه‌شید، نیوه مرۆڤ بوونی هه‌بێت!.
- لا 64 نووسراوه :_( وه‌ك مردووێك له ئاوزینگدانێ دابێت). كه مرۆڤ مرد ئاوزینگدان نامێنێت، بۆیه سه‌ره مه‌رگ دروسته.
- لا74 نووسراوه:(یه‌كه‌م تیشكی ڕالێبوون) تیشكی ڕالێبوون چ مانایه‌كی هه‌یه؟!. *لا 85 نووسراوه:( له هێڕشێكی سوپای عێراق بۆ قه‌سری شیرین، خه‌ڵكه‌كه هه‌موو ئاواره بوو ته‌نها سه‌دا ده‌ی خه‌ڵك مایه‌وه). خه‌مڵاندنی سه‌دا ده، گوزراشتێكی بابه‌تی نییه له ڕۆماندا، چونكه ڕۆمان ئامار‌و سه‌رژمێریی نییه، تاكو به وردی ڕێژه‌ی دانیشتووان دیاری بكات.
- لا91 نووسراوه:_(ئه‌و كچێكی باڵابه‌رزو به‌ژن زراڤ بوو). چ جیاوازییه‌كییان هه‌یه هه‌ر كامێكییان بێت.
- لا94 نووسراوه:_(ئومێد چیتر نه‌یتوانی له هه‌ریر بمێنێته‌وه). ئه‌وه كاروان و كاوه‌ن، له‌كارگه‌ی شه‌رابی هه‌ریر بوونه نه‌ك ئومێد .
- 96 نووسراوه:_(وه‌ك زارۆكێك و كۆرپه‌یه‌كی خۆی). هه‌ردووكییان هاوواتان.
- لا125 نووسراوه:_(برنج و نیسكی له ژێر ده‌رگاوه، بۆ ئاودیوا ده‌كرا). كه ئاودیو كراوه، نازانم چۆن خواردنه‌كه نه‌ڕژاوه؟!.
- لا125 نووسراوه:_( بۆ ئاو ده‌ستیش له بیست و چوار كاتژمێردا ، ته‌نها پێنچ چركه بۆیان هه‌بوو داوای خۆڤالاكردن بكه‌ن). ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كتێبه‌كه كردووه، نازانێ ڤالا یانی چی، ده‌نا كه‌س له ئاوده‌ست خۆی ڤاڵا ده‌كات؟!دواتر پێنچ چڕكه به‌شی هیچ ده‌كات؟!!.
- 127 نووسراوه:_(ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب بوو). نه‌ته‌وه دروسته، نه‌ك ڕه‌گه‌ز.
- لا132 نووسراوه:( هه‌ردوولایان، واتا ئومێد و ئه‌نوه‌ر سه‌عید، به نهێنی كاره‌كه‌یان ده‌كردوو كه‌س به ئه‌ویتری نازانی و كاره‌كه‌یان له یه‌كتری ده‌شارده‌وه، چونكه ده‌بوو زۆر به نهێنی بێت له به‌ر به‌عس، هه‌ردوولایان پێیان وابوو ته‌نها خۆیانن لای سه‌ید عومه‌ر ئه‌و كاره نهێنییه ده‌كه‌ن). به‌ڵام پێشتر ڕۆماننووس له لاپه‌ڕه 114 دا ئه‌مه‌ی نووسیوه:(ئه‌و كاره نهێنییه‌ی ئومێد كردی بۆ شۆڕش(مه‌به‌ستی پێش ڕاپه‌ڕینه) ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌یزانیبێت، به‌ڵام خۆ ئه‌نوه‌ری سه‌عید عه‌وڵا ده‌یزانی؟). ئه‌مه‌ش پارادۆكس و هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه له ڕۆمانه‌كه‌دا.گریمان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ڕۆماننووس به زانینی كاره‌كه‌ی ئومێد، ئه‌و كاته بێت كه ئه‌نوه‌ر ده‌چێته شاخ و ده‌بێته پێشمه‌رگه، ئه‌مه‌شییان هه‌ر هه‌ڵه‌یه. چونكه له‌لایه‌كه‌وه ئه‌وان پێشتر هیچ یه‌كتر ناسینێكییان نه‌بووه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئاسان نه‌بوو متمانه به كه‌سێك بكه‌یت له كارێكی ڕێكخستنی و نهێنی ناو شاردا، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه نه‌ناسیت وجێگه‌ی بڕوادارییه‌كی قووڵ و پته‌و و هاوڕێیانه و مرۆییانه نه‌با.
- لا 137 نووسراوه:_( هه‌سته شاراوه‌كانی خۆی ڤه‌شارێت). كه شاردراوه بووه، چ پێویستی به ڤه‌شاردنه؟!.
- لا142 نووسراوه:(چیاد به هۆی ئومێده‌وه له ڕۆشنبیرییه‌كی سه‌ره‌تاییه‌وه فێری ڕۆشنبیرییه‌كی زۆر بوو). كه‌چی پێشتر له‌لا 139 دا ده‌ڵێت:( ده‌بووایه دائیره‌ی ئه‌من بیكاته ڕۆشنبیرو پێشتریش هه‌ر خۆی له‌ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت كه ده‌یان خول له‌لایه‌ن ئه‌منه‌وه بۆ چیاد كرابووه‌وه). ئیدی خوێنه‌ر نازانێت، كامه‌یان سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیریی چیاد بوونه، ئومێد یان دائیره‌ی ئه‌من؟!.
*لا143 نووسراوه:_( هه‌موو گیانی تێك قژقژا). ئه‌وه خه‌ڵكه تێكده‌قژێت، نه‌ك گیانی مرۆڤ. - لا143 نووسراوه:(ئومێد داوای له چیاد كرد ده‌ستی نه‌گێڕێته‌وه دواوه و بیكوژێت و له كۆڵ خه‌مه‌كانی دنیای بكاته‌وه). كه‌چی له لا 145دا ئه‌مجاره‌یان ئومێد ده‌ڵێت:(سه‌خته تۆ هه‌ست به‌وه بكه‌یت هه‌ر ده‌بێت بكوژرێیت، سه‌خته به جێهێشتنی ژیان وئه‌م ڕوحه شیرینه‌ی كه هه‌موومرۆڤێك حه‌ز به مانه‌وه‌ی ده‌كات). ئایا ئه‌م دوو هه‌ڵوێست و تێگه‌یشتنه‌ی ئومێد له‌گه‌ڵ یه‌كتری یه‌كده‌گرنه‌وه ؟.
- 146 نووسراوه:_( ڕووی ده‌مانجه‌ی ئاراسته‌ی سینگی كرد). ڕوو به مانای لایه‌كی ده‌مانجه‌كه، بۆیه لووله گونجاوتره.
- لا160 نووسراوه:_(هه‌ر ده‌ڕۆیشت و ده‌یویست خۆی له‌م ناوچه ترسناكه دوور بخاته‌وه، هه‌موو گیانی شه‌لالی ئاره‌قه بوو. دڵی به سستی لێی ده‌دا و هه‌ناسه بڕكێی بوو). ئه‌گه‌ر كه‌سێك ڕابكات و هه‌ناسه بڕكێی بێت، دڵی به سستی لێ ده‌دات یان به خێرایی؟!!.
- لا163 نووسراوه:_( ئه‌مجاره‌یان له ژوورێكی تاكه‌كه‌سی ئه‌من خۆی دۆزییه‌وه، ژووره‌كه شوێنی ئاوده‌ست بوو سیخناخ بوو،كردبوویانه شوێنی ئازاردانی زیندانییان). كه تاكه كه‌سی بووه، چۆن سیخناخ بووه؟.كه كراوه‌ته ژووری زیندانیش، واتا وه‌كو تواڵیت نه‌ماوه‌ته‌وه. له هه‌ردوو ده‌ربڕینه‌كه سیخناخ هه‌ڵه‌یه.
- لا 167 نووسراوه:_(باران و سه‌رما جه‌سته‌یان خاپوور كرد). سه‌رما جه‌سته خاپوور ناكات، به‌ڵكو ڕه‌قی ده‌كاته‌وه. كه‌س ناڵێت له سه‌رما خاپوور بووم، به‌ڵكو ده‌ڵێن: ڕه‌ق بووم.
- لا181 نووسیویه‌تی:( ئومێد‌و دوو زیندانییه‌كه‌ی تر، چاویان له هه‌موو شتێك ده‌كرد كاتێ بردرانه به‌غدا له‌لایه‌ن دائیره‌ی ئه‌منه‌وه). ده‌بوو ڕۆماننووس بزانێت، كه به‌عس هیچ زیندانییه‌كی بێ چاو به‌ستن نه‌ده‌برده هیچ شوێنێك. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و زیندانییه به تۆمه‌تی سیاسی گیرابا و ئه‌حكام خاسه بیگربایه‌ته‌وه. *لا 182نووسراوه:( ڕه‌وه چۆڵه‌كه و مه‌ل و ڕیشۆڵه و كۆتر‌و تیترواسك و ته‌یرو تواڵ). ته‌نها مه‌ل، یاخود ته‌یرو تواڵ به‌س بوو.
*لا 217 نووسراوه:_( تێنوه‌تی خۆی شكاند و خۆی ڤاڵا كرد). ڤالا لێره‌دا بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه به‌كار دێت.. - لا 209 و 212 نووسراوه:( جار جاره خاتوون و نه‌سرین و دلاوه‌ر ده‌هاته دیده‌نی ئومێد له زیندانی ئه‌بو غڕێب).واتا ته‌نها ئه‌مانه چوونه بۆ دیده‌نی .كه‌چی له‌لاپه‌ڕه 221 ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(چیتر خاتوون و نه‌سرین و دلاوه‌رو كاوه و خزم و كه‌س و كار‌و براده‌ره‌كانی ڕێی دووری به‌غدا نابڕن و ناچنه دیده‌نی ئومێد). ئه‌مه مانای وایه، هه‌ر ته‌نها ئه‌و سێ كه‌سه دیده‌نی ئه‌ویان نه‌كردووه له زیندان، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه و پارادۆكسی گێڕانه‌وه‌یه كه به سه‌ر هه‌ڵه‌بڕی كتێبه‌كه‌ش تێپه‌ڕیوه.
*لا 220 نووسراوه:(ئومێد دوای سێ ساڵ له زیندانیكردن له 6/9/1988 ئازاد كرا) واتا له ساڵی 1985 بردراوه‌ته ئه‌بو غرێب و زیندانیكراوه. به‌ڵام ڕۆماننووس له لا 185 دا، له سه‌رده‌می ئومێد ئه‌و كاته‌ی ده‌یبه‌ن بۆ زیندان باسی ئه‌نفال و كیمیاباران و ڕاگواستن ده‌كات، كه ئه‌و كاره‌ساتانه دوای ئه‌و ساڵه به سه‌ر ئێمه داهاتن، جگه له جینۆساییدی بارزانییه‌كان. *لا 232 نووسراوه:( به گه‌له‌كۆمه‌كێی خه‌ڵكی گوند خانووی بۆ چێكرا). لێره‌دا گه‌له‌كۆمه‌كێ به مانای هه‌ره‌وه‌زی به‌كار هاتووه، به‌ڵام ئه‌م دوو وشه‌یه ئاسمان و ڕێسمان جیان له یه‌كتری، چونكه گه‌له كۆمه‌كێ، ئه‌قڵێكی پیلانگێڕیی و نه‌یاری له پشته، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ره‌وه‌زی، كه مانای دۆستایه‌تی و گیانی هاوكاری ده‌گه‌یه‌نێت.
*لا 251 نووسراوه:( 13/2/1989ئه‌مه دوا لاپه‌ڕه‌ی یاداشته‌كه‌مه، چونكه كاتژمێر دوانزه ده‌بێ بچمه لای ئومێد به مه‌به‌ستی كوشتنی). به‌ڵام پێشتر ڕۆماننووس له‌لاپه‌ڕه(137)دا نووسیویه‌تی:( كاته‌كه نزیك نیوه‌ڕۆبوو) واتا نه‌بۆته نیوه‌ڕۆ، جگه له‌مه‌ش ڕۆمانووس ده‌ڵێت:( چه‌ند قوتابییه‌ك بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی به كه‌لۆریای شه‌شه‌می ئاماده‌یی، له غاباتی كوران سه‌عییان ده‌كرد و كه‌سی تری لێ نه‌بوو). به‌ڵام به پێی بیره‌وه‌رییه‌كانی چیاد بێت، ئه‌و له 13/2/1989 چووه بۆ كوشتنی ئومێد، كه ئه‌مه‌ش هاوكاتی تاقیكردنه‌وه‌ی به كه‌لۆریای پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی نییه .چونكه ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه له وه‌رزی هاوین و له سێی شه‌ش ده‌ستی پێ ده‌كردوو مانگی دوو پشووی قوتابخانه‌كان بوو. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌یه.
دووباره‌كردنه‌وه:_
بێگومان دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕووداوێك، ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ستی پێشهات و ڕووداوی تازه بێت و گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر به ڕۆمانه‌كه بدات، ئاساییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاوێژكردنه‌وه‌ی هه‌مان ڕووداو‌و ده‌ربڕینه‌كانی پێشووتر بێت، پێویست ناكات هێنده پاته بكرێته‌وه، چونكه هیچ سه‌رنجێكی خوێنه‌ر ڕاناكێشیت.له ڕۆمانی كتێب فرۆشیشدا، له چه‌ندین شوێن هه‌ست به دووباره كردنه‌وه‌ی هه‌مان بابه‌ت و ڕووداو ده‌كه‌ین: وه‌ك:_
*له لاپه‌ڕه‌كانی 136 و 141باسی عه‌باس سوڵتانی ده‌كات، كه ڕاسپێردراوه بۆ كوشتنی ئومێد.
*له ڵاپه‌رشه‌كانی 127 و 139باسی ئه‌وه ده‌كات، كه چه‌ندین خولیان بۆ چیاد كردۆته‌وه، تاكو شاره‌زای ئیشه‌كه‌ی بێت.
*له لاپه‌ڕه‌كانی 132 و115 باسی ئومێد‌و دلاوه‌ر ده‌كات كه ده‌چوونه به‌سته‌ستێن وبه نهێنی كتێبییان ده‌هێنا.
*له‌لاپه‌ڕه‌كانی 134 و 135 باسی مه‌ترسی ئومێد بۆ سه‌ر شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مموز ده‌كات. - له‌لاپه‌ڕه‌كانی 111و 124 باسی كارگه‌ی شیره‌مه‌نی و ماستی كانوون ده‌كات.
له‌گه‌لێك شوێنی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كشدا، دووباره كردنه‌وه ده‌بینین. وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌كات كه ئومێد كتێبفرۆش بووه.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ڕێنووسی هه‌ڵه‌له كتێبه‌كه‌دا:_
ئه‌م ڕۆمانه، گه‌رچی پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی بۆ كراوه، به‌ڵام به‌گشتی ڕێنووس و زمانی نووسینی كتێبه‌كه، چه‌ندین هه‌ڵه‌ی له ڕووی داڕشتن و ڕسته‌سازیی وكرداره‌كانی ڕێزمان تێدایه، كه مانای ده‌ربڕینه‌كانی شێواندووه. وه‌ك:_
*لا 16 نووسراوه:_(ئومێد كه یه‌كه‌مین جار به نه‌مانی مه‌یلی خۆشه‌ویستی خاتوونی زانی بۆ ئه‌و) لێره‌دا، مه‌به‌ست له ئومێده، كه خاتوون خۆشه‌ویستی بۆ نه‌ماوه.كه‌چی ته‌نها به دانانی جێناوی كه‌سی سێیه‌می تاك له ڕسته‌كه‌دا، چۆن سه‌رتاپای مانای ڕسته‌كه‌ی گۆڕیوه.
- لا 17نووسراوه:(ددان به‌وه‌دا بنێت).دان به‌وه دابنێت دروسته. *لا 33 نووسراوه:(هاواری ئاوی كرد ئاوم ده‌نێ خنكام). سه‌رنج له‌م جۆره داڕشتنه بده‌ن؟ مرۆڤ كه تێنووی بوو هاواری ئاو ده‌كات، یان داوای ئاو ده‌كات؟.
- لا124 نووسراوه:_(قووتویه‌ك ماستی بچووك). ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م داڕشتنه بێت، ده‌بێ ماستی گه‌وره‌ش هه‌بێت!!.
- لا138 نووسراوه:(نه‌یده‌توانی یه‌ك په‌یڤانیش بنووسێت). یه‌ك تاكه، په‌یڤان كۆیه. *لا 149 نووسراوه:( ده‌ستم ناچێته مامۆستاكه‌ی خۆم بكوژم). سه‌رنج له‌و داڕشتنه بده‌ن.
- لا169 نووسراوه:_(ورده ته‌كانی دایه هزرو مێشكی خۆی). ئایا ته‌كان ده‌درێته به‌ر هزرو مێشك؟.
- 171 نووسراوه:_(كوڕی گو دانی پێدا بنێ).كوڕی گوو،چ جوانییه‌كی زمانه‌وانی تێدایه؟.
- لا186 نووسراوه:_(هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادی چ تامێكی خۆشی هه‌یه). زۆر له نووسه‌رانی ئێمه، جیاوازی له نێوان تام و چێژ ناكه‌ن و پێیان وایه وه‌ك یه‌كن. تام به‌رجه‌سته‌یه و كردارێكه هه‌ستی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام چێژ نابه‌رجه‌سته‌یه. كه‌س ده‌ڵێ ئه‌و گۆرانییه ئه‌و هه‌وایه كه نه‌ده‌بینرێت و نه‌هه‌ستیشی پێ ده‌كرێت زۆر به‌تام بوو؟.
*لا 199 نووسراوه:-( له‌وێنده‌ر چه‌ند كه‌سێك زۆر سه‌رنجی ئومێدی ڕ‌اكێشا). سه‌رنج له كرداری تاك و كۆ بده‌ن له ڕسته‌كه. - لا217 نووسراوه:_( چۆن چاوه‌كانی تێر له بینینی تێر بكات).
- لا 218 نووسراوه:_( جگه له خه‌م و خه‌فه‌ت و ئاخ ڕشتن هیچی دیكه‌ی پێوه نه‌مابوو). بۆ نه‌مابووه‌وه دروسته!.
- لا232 نووسراوه:(كاتی خۆی، بابی ژنی له‌م گونده بۆی هێناوه). كورد وته‌نی، زمانه‌كه‌ی دووكه‌ڵ ده‌كات.! بێگومان دوای ئه‌وه‌ی چیاد بۆ كوشتنی ئومێد ده‌چێته غاباتی كوران، به‌ڵام ده‌ستی ناگرێت ئه‌و بكوژێت، ئیدی خۆی ده‌كوژێت. ئه‌م ڕووداوه به پێی گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانه‌كه بێت، ساڵی 1985 ده‌كات.چونكه له سه‌ر ئه‌و ڕووداوه، ئومێد ده‌گیرێت و سێ ساڵ زیندانی ده‌كرێت و دواتریش له 6/9/ 1988 ئازاد ده‌كرێت. دوای خۆكوشتنی چیاد، ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌كه‌وێته ده‌ست ئومێد و ئه‌ویش ده‌یپارێزێت تا ئه‌و ساته‌ی له زیندان ئازاد ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، كه چیاد چوار ساڵی دوای نه‌مانی، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه له ساڵی 1989.كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی زه‌قه. چونكه كه‌سێك كه له ژیان نه‌ما،چۆن بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌نووسێته‌وه؟! ڕه‌نگه ڕۆماننووس لێره‌دا مه‌به‌ستی جۆرێك له فه‌نتازییا و خه‌یاڵ سازیی بێت، به‌ڵام ئه‌مه لۆژیكی نییه. چونكه دواجار ئه‌و مێژوو ده‌گێڕێته‌وه، باسی سه‌رده‌مێكی سیاسی و تێكۆشانی چه‌ند كه‌سێك ده‌كات. بۆیه ده‌بێت زه‌مه‌ن و مێژووی ڕووداوه‌كان، یه‌كبگرنه‌وه له گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان. هاوكات هه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌دا، چه‌ند وشه‌یه‌كم كه‌وتنه به‌رچاوكه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه دێنه ناو فه‌رهه‌نگی كوردیی و به بڕوای من به‌رله ڕاپه‌ڕین بوونییان نه‌بووه. وه‌ك(دانوستاندن لا77/كواڵیت لا110/ كۆنتڕۆل لا131/تواناسازیی لا200/ تایفه‌گه‌ریی لا 200).دواجار به‌ڵامه‌وه وه‌ك خوێنه‌رێك مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردن بوو، كه چۆن ئه‌و هه‌ڵانه به سه‌ر نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه تێپه‌ڕیون، كه نووسه‌رێكی دیار‌و ئه‌زموونێكی زۆری نووسینی له‌و بواره هه‌یه. ڕه‌خنه‌ی یه‌كه‌میش له‌م ڕووه‌وه ئاراسته‌ی زمانه‌وانی كتێبه‌كه ده‌كرێت، چونكه دواجار ئه‌و وه‌ك فلته‌رێك ده‌بووایه ئه‌و هه‌ڵانه ڕاست بكاته‌وه، به تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ڕێنووس و زمانه‌وه هه‌یه. كه پێ ده‌چێت به‌رله چاپكردنی ڕۆمانه‌كه‌ی بینیبێت و پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردبێت چونكه من پێشتر وه‌ك خوێنه‌رێك، هیچ كتێبێكی ئه‌م نووسه‌ره‌م به‌و ڕێنووس و زمانه سه‌قه‌ته نه‌خوێندۆته‌وه!!.
—————————————————————————-
*په‌راوێز:_كتێبفرۆش، ڕۆمان، نووسینی:سابیر ڕه‌شید، ساڵی چاپ 2020.
*ئه‌م بابه‌ته له ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌كانی(1157-1158)ی ڕۆژانی 24و31/12/2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه…