تۆ دڵۆپە شەونمێکی
بەسەر لێوی گوڵێکی شینەوە
شین دەچییەوە
زەردەخەنەی باخچەکانیش
بە تیشکی سەر ڕوخساری تۆ دەبریسکێنەوە
هەندێجاریش / نەرم نەرم
بەسەر ڕووی پەنجەرەیەک دێیتە خوارێ
کە بە پەردەیەکی شین داپۆشراوە
لە دیوی ژوورەوەش
نەوڕەسە ژنێکی ناموراد
بە ژێرکراسێکی تەنکەوە
لەسەر سیسەمەکەی ڕاکشاوە
مۆمێکی داگیرساندووە و شیعر دەخوێنێتەوە
تۆ تریفەی مانگێکی شینی
لە نێو تاریکی شەو و
بەسەر تاشەبەردەکانی تەمەنم
دەدرەوشێیەوە
بە بوونی تۆ
هەموو / شەونمە شادومانییەکانی شەو
نیگای سنەوبەرەکان / شەپۆلی دەریاکان
ڕەشماڵی بنارەکان / شین دەچنەوە
تۆ /
کتێبی خەونەکانمت پڕ بارانی شین و
دەفتەری شیعرەکانم پڕ شیعری شین و
بوخچەی ئارەزووەکانیشمت
پڕ وردە کانیاوی شین کردووە
لە شەوێکی شین شینی پاییزیش
وەکو شیلە
شل شل
دەڕژێیتە نێو پێدەشتی
خەیاڵە شینەکانی من
شەونمی شین و شەوی شین
تاڤگەی شین و توانەوەی شین
عەشقی شین و شیعری شین
شین و شین و شین
شین وەک دەریا
شین وەک ئاگر
شین وەک خودا
تۆ تەونێکی لە شەوە شینەکاندا
ڕۆحی ئەستێرە دوورەکان و
شەونمە ئیرۆسییەکان و
پەپوولە یاخییەکان
بە ڕۆحی من دەبەستییەوە
تۆ قەڵەمێکی
هەوری نێو شەوە شینەکانت
لەخۆت لوولداوە
بە مەرەکەبی بارانە شینەکانیش
شیعری عاشقانە
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان و دەریاکان
دەنووسییەوە
گوڵە گیانم
تۆ دڵۆپە شەونمێکی سەر گۆنای
خونچەیەکی شینی شەبەنگی
نێو تەمە سپییەکانیت
لەسەرەتای سەرەتاکانەوە هاتوویت
بەنێو کۆتایی کۆتاییەکانیش / تێپەڕیویت
کاتژمێرەکان بە هەناسەی تۆ بێدار دەبنەوە
زەمەنیش درێژە بە وەرز و سەدەکانی خۆیدەدات
تۆ سومبولێکی سەرمەدیت
دەبیت بە باران و تێکەڵ بەخاک دەبییەوە
دەبیت بەخاک و خۆت بۆ بەفر ڕووت دەکەیتەوە
هەموو بەرەبەیانێکیش
ئەوکاتانەی
پرشنگی خۆرەتاو
لێوی لە لێوە شینەکانت دەخشێنێ
وەرزە تاریکەکانی عەشق و
ئەشکەوتە تاریکەکانی تەنیایی و
بەهەشتە تاریکەکانی مردن
ڕووناک دەکەیتەوە
مەمکۆڵە گەرمەکانیشت
شەوە شینەکانی
نێو قەسیدە درێژەکانی غوربەتم
گەرم دەکەنەوە
وەک شلکە ڕێواسێکی ناسکیش
سەرگۆنای
زورگە وشکهەڵاتووەکانی خەیاڵم و
نێو دەمی
کێڵگەی ئارەزووەکانم / تەڕدەکەیتەوە …!
ئابی ٢٠١٨

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن )
- ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە
گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە .
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە .
- دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦
- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە .
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ )
- ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە .
- لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە .
- یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت .
- لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت .
- بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) .
- لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون .
( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون
١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر
٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر
٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩
٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر
٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر
٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان
٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە
٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە
٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر
١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە
چاپی ئەنتەرنێت .
١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە .
١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان .
١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن )
چاپی ئەنتەرنێت .
١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩
١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) .
١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە .
١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە .
١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر .
١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر .
٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر .
٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر .
٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ،
ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ .
١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە .
٢/ ( خەونی من ) .. شیعر
٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .