
سووکە لەنگەر/ پێشێلکردنی تایبەتمەندی كۆچکردووان.. فەریق عوسمان
ماددەی ١٢ ی مافی مرۆڤی جیهانی جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەموو مرۆڤێك و بڵاونەکردنەوەی بێ ڕەزامەندی خۆی، هەروەها دەبێت بزانرێت چۆن زانیارییەکان کۆ دەکرێنەوەو چۆن بەکار دێن(١٥،٥)، وێڕای ئەوەی یاسای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی ژمارە ٨ داکۆکی دەکات لەسەر ڕێزگرتنی ژیانی تایبەتی هەموو مرۆڤێك لە ڕووەکانی خێزانی و نشینگەو نامەگۆڕینەوەکانیشیەوە.
لێ داخم ناچێ دەیان ساڵە ئێمەی کورد نەك لە مێژوودا، بەڵکو لەدەرەوەی مێژوودا دەژین و لە ڕەوتی ژیاریی مرۆڤایەتی هاوچەرخ و مافە ماددی و مەعنەویەکانی مرۆڤ بێبەشین و دابڕێنراوین، بەرەنجام ئاسانترین و بێ لێپرسینەوەترین کار تەنانەت لای هاوڵاتییەکی سادە بریتییە لە پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی تاکەکانی مرۆڤی کوردو زۆر ئەم کارە کە تەنانەت بووە بە (خوو) بە ئاسایی وەردەگیرێت و وەکو پێشینانیش گوتویانە: گەورە ئاو دەڕێژێ و بچوك پێی تێ دەنێت، نموونەش بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە بزانێت گەر کەمێك بەدواداچوونی سۆشیال میدیا بکات دەزانێت چ نەهامەتییەك بەرپابووە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەسەری بدوێم ئەو نامە تایبەتەی ڕەوانشاد شاعیر (موحەمەد عومەر عوسمان)ه کە لەگۆڤارێکدا لەم ماوەیەی دوایدا بێ ڕەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێکی پاراستنی تایبەتمەندییەکانی تاکە کەسیی، دوای چل ساڵ لە نووسینی و بێ ڕەزامەندی خۆی و ئەندامانی ماڵباتەکەی بڵاوکراوەتەوە، ئەو لەسەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بوو کاتێك ئەو نامە شەخسییەی نووسی و هەرگیز ئەو بەمەبەستی بڵاوکردنەوە نەنووسیبووی و نەناردبووی، ڕەنگە ئێستا گەر لە ژیانیشیدا بووایە زۆر پەشیمان بوایەتەوەو هەرگیز نامەی وای نەنووسیبا، ئەو داوای لەکەسی نامە بۆ نێردراو کردووە (بەپێی ڕەشنوسی نامەکە) گەر بتوانێت ئاوڕێك لە شیعرەکانی بداتەوە، نەكو هەڵەی ڕێنووسی ناو نامەکەی بۆ ڕاستبکرێتەوەو دەقی نامەکە بڵاوبکرێتەوە! مەگەر ئاوا پاێزگاری لە ئەمانەت و ڕاسپاردە دەکرێت؟ خۆ ڕاسپاردە تەنیا پارەو نەختینە نییە لای کەسێك دابنرێت، تەنانەت وتەش هەر ئەمانەتە، چ جای نامەی شەخسی؟ بە ناوی ئەرشیف وکاری ڕۆژنامەنووسییەوە پێشێلی تایبەتمەندی نێرەر بکرێت و بڵاوبکرێتەوە! ئیدی نازانین چ مەبەستێکی لەپشتە؟ ئایا بۆ تیشكخستنە سەر بایەخی کەسی نامە بۆ نێردراوە کە لەلایەن شاعیرەوە داوای لێ کراوە شتێك لەسەر شیعرەکانی بنووسێت؟ یان شانازیکردن و خۆ بە چەقکردن و دەمڕاستکردنی نووسەران و قەڵەم بەدەستانە؟
جگە لەمەش خاڵێکی گرنگی تر کە دەبێت باس بکرێت ئەوەیە کە لە دنیای ڕۆژنامەگەریی ئەمڕۆدا هیچ بەهایەكی زانستی بۆ بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنی کۆچکردووان دانانرێت، چونکە جێی متمانە نییەو چەندان پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ وەك ئەوەی ئایا بۆ تا لەژیاندا بوو بڵاونەکرایەوە؟ ئەی ئایا کێ ناڕاستی گوتەکانی نێو چاوپێکەوتنەکە ڕاست دەکاتەوەو دەستنیشان دەکات گەر دەسکاری کرابێت؟….
بەهەرحاڵ هەنە لە هەموو چاخ و زەمانێکدا هەر دەیانەوێت لە بڵندایی بمێننەوە، بۆ نموونە گەر بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتییەك بێت لە زەمەنی پێشوودا یان بەرپرسی گۆڤارێك لە زەمەنی ئێستاو داهاتوودا، بێ ئەوەی پرسیار لە سەرچاوەی داهاتی چاپکردنی گۆڤارەکە بکرێت لەکوێوە دێت و لە بەرانبەر ئەو بەخشینەدا دەبێت چی بکرێت؟ هزرمەند و ڕۆشنبیرو ئەدیب و هونەرمەندی ڕاستەقینە، تەنانەت گەر بە بێکەسی و تەنیاییش سەر بنێتەوە؛ عەزیز گەردی ئاسا هەموو ئەو پرسیارانە دەکات و خۆی بەدوور دەگرێت لەو دنیایەی لای کاڵفامانی قەڵەم بەدەستان لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمێك لەو بڵاوکراوانەدا خۆیان دەبیننەوە،.
مەخابن زۆرینە ئەوانەی خۆیان بە قەڵەم بەدەست و خاوەن بەهرە و هزرمەند دەزانن ڕاستییەکان دەزانن و نایانەوێ خۆیان بدەن لەو بابەتگەل و پرسیارانە، چونکە نووسین لایان پرەنسیپ نییە، چونکە خاوەنی پاشخانی مەعریفی دروست ودنیابینی نین. ئەمەش گەورەترین کێشەی وڵاتانی جیهانی سێیەمە کە هزرمەندو خامە بەدەستەکانیان لە قەیرانی جەوهەریدا دەناڵێنن و تا پرسیار دەگاتە ئەوەی ئایا بەکێ بڵێین ڕۆشنبیری ڕاستەقینە؟
ڕەنگە ئەم خاڵانەی باسمان کردن شتێکی کەم بن لەو پێوەرە جیهاناینەی وای کردووە تەنانەت بڕوانامەی زانکۆکانیشمان ئەو ڕەواج وڕەوایەتییەی نەبێت لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئیدی لە بچوکترین شتەوە بیگرە کە ژیانی تاکەکەسییە تا دەگاتە ئاستی گروپ و دەستەو ناوچەکان، چ پێشبینییەك دەکرێت بۆ پێشکەوتن کە هێشتا تاك وەكو مرۆڤ مافە سەرەتاییەکانی زامن نین و تەنانەت مافی پارێزگاری تایبەتمەندییەکانی خۆی نەبێت و بگرە تەنانەت بە ئەنقەست و بۆ لەکەدارکردنی لە جێگاگەلێك کامێرای شاردراوەی بۆ دابنرێت! یاخود دروستکردنی سیناریۆ بە فۆتۆشۆپ و زیرەکی دەسکردو…. ئیدی ئاساییە لە کۆمەڵگایەکی وادا زۆر هەبن بڵێن جا قەیدی چییە شاعیرێك چل ساڵ پێش ئێستا نامەیەکی بۆ کەسێکی تر نووسیوە با بڵاوبکرێتەوە بێ پرسپێکردنی و مۆڵەت لێ وەرگرتنی، چونکە وەفاتی کردووەو لەژیاندا نەماوە!
دەمەوێت بە وتەیەكی جۆرج بەرنارد شۆ کۆتایی بەم وتارە بهێنم کە دەڵێت: ئاگادار بن! بانگەوازکردنی مەعریفەو ڕۆشنبێرێتی زۆر مەترسیدارترە لە خودی نەزانیی.
فەریق عوسمان