حزبی كوشنده … به‌ختیار محه‌مه‌د
كوشنده‌ترین شت له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا حزبایه‌تیكردنه؛ چونكه تۆ زۆر جار به ڕاستی ده‌ڵێی درۆ و به درۆش ده‌ڵێی ڕاستی (به تایبه‌تیش له‌ناو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره ته‌قلیدییه‌كاندا).
ئیلتیزامی حزبایه‌تی وا ده‌كا، كه تۆ (چ له‌به‌ر خۆشه‌ویستی سه‌رۆكه‌كه‌ت بێ، یان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حزب و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆت بێ) هه‌ڵه و تاوانی خۆت (حزبه‌كه‌ت، سه‌ركرده‌كه‌ت، خودی خۆت) نه‌بینی و حاشای لێ بكه‌ی و پاساو و بیانووی بۆ بهێنیته‌وه و هه‌وڵ ده‌ی وه‌ك ڕاستی و مافی ڕه‌ها نیشانی خه‌ڵكی بده‌ی، كه‌چی كه‌س و لایه‌نی ڕاست و مافخوراو به هه‌ڵه و ناحه‌ق وه‌سف بكه‌ی و هێرشی بێ بنه‌ما و ناڕه‌وایان بكه‌یته سه‌ر و ڕاستی ئه‌وان بكه‌یته درۆ و درۆكانی خۆشت بكه‌یته ڕاستی.
حزبایه‌تی له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕك و كینه‌یه، نه‌ك سیاسه‌تكردن؛ ڕك و كینه‌یه‌ك هه‌موو شتێك ناشیرین ده‌كا و هه‌نگاو به‌ره‌و دیكتاتۆرایه‌تی هه‌ڵده‌نێ. من پێشتریش زۆر جار گوتوومه، هه‌میشه (قاعیده) ی حزب ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێ له به دیكتاتۆریكردنی سه‌ركردایه‌تی هه‌ر حزبێك و هه‌ر سیستم و ده‌سه‌ڵاتێك. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی هۆشیارییه حزبییه كوشنده‌كه‌ی پاساوان (به هه‌ر ناوێك بێ) بۆ تاوانی حزبه‌كه‌ی (له ناعه‌داله‌تی و له سته‌م و له تیرۆركردن) ده‌هێنێته‌وه، ئه‌وه ئه‌م جه‌ماوه‌ره به خۆشحاڵییه‌وه ئیجازه‌ی به پرۆسه‌ی تاوانكاریی حزبه‌كه‌ی داوه و خۆشحاڵه، كه نه‌یاره‌كانی حزبه‌كه‌ی بكوژرێن و تیرۆر بكرێن و له‌ناو ببردرێن. ئه‌م ڕك و كینه‌یه جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی فاشیاتی (فاشیزم) پێك ده‌هێنێ.
ڕاسته سه‌ركرده‌ی كاریزمای دیكتاتۆر هه‌میشه جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر ملكه‌چی و خۆشه‌ویستی ڕه‌ها بۆ كه‌سایه‌تی خۆی و بۆ حزبه‌كه‌ی ڕادێنێ و په‌روه‌رده ده‌كا، به‌ڵام سه‌ركرده هه‌میشه بێ ئیراده‌یی و خۆشه‌ویستییه‌كی كوێرانه (هه‌ر له سه‌ره‌تاوه) له جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌بینێ و به‌دی ده‌كا؛ بۆیه ئه‌ویش (له ڕێگه‌ی ده‌زگا حزبیه‌كانییه‌وه) ئیش له‌سه‌ر قووڵتركردنه‌وه‌ی ئه‌م بێ ئیراده‌ییه و ئه‌م خۆشه‌ویستییه ڕه‌هایه كوێرانه‌یه ده‌كا.
ده‌بێ له‌بیر نه‌كه‌ین، هه‌موو دیكتاتۆرایه‌تییه‌ك به‌های (سیفه‌تی) پیرۆزیی و پرۆسه‌ی ده‌روونیی پیرۆزكردنی له پشته‌وه‌یه. هه‌موومان له‌م ڕۆژانه گوێمان له بڕیاره سه‌یر و سه‌مه‌ره (له جه‌وهه‌ردا ئایینییه‌كه‌ی) سه‌رۆكه دیكتاتۆره ڕه‌هاكه‌ی كۆریای باكوور بوو، كه ئاهه‌نگی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی قه‌ده‌غه كرد و داوای په‌رستنی داپیری خۆی كرد (ئه‌مه له ئیمپراتۆره كۆنه‌كان ده‌چێ، كه داوایان له خه‌ڵك ده‌كرد بیانپه‌رستن). له‌م نموونه‌یه‌دا حاڵه‌تی پیرۆزكردن ده‌گاته چڵه‌پۆپه‌ی خۆی. ئایا له پشت هه‌موو پیرۆزكردنێكه‌وه ترساندن و تۆقاندنیش نییه؟ هه‌موو كه‌سێك ده‌بێ له سه‌ركرده‌ی دیكتاتۆر بتۆقێ. لێره خۆشه‌ویستی و تۆقاندن تێكه‌ڵی یه‌كدی ده‌بن، به‌ڵام له ئاكامدا تۆقاندن به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا زاڵ ده‌بێ. به نموونه: له ئه‌ڵمانیای هیتله‌ر و له ڕوسیای ستالین و له عێراقی سه‌ددام و له كۆریای باكووری (كیم جۆنگ ئۆن) و باب و باپیرانی، ئه‌م ترس و تۆقاندنه پیرۆزه ڕه‌هایه به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا زاڵ بووه و زاڵه.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌م نموونانه له جیهانی هاوچه‌رخدا ماندێللا و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فه‌ریكای باشووره. ماندێللای مرۆڤدۆست و دیموكراسیخواز، نه‌ك هه‌ر نه‌بووه ڕه‌مزێكی پیرۆزی دیكتاتۆر، به‌ڵكو هه‌موو بته‌كانی پیرۆزایه‌تی سیستمی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی (ئه‌پارتایدی) ئه‌وسای ئه‌فه‌ریكای باشووری تێك شكاند و ئه‌و بووه هێمای خۆشه‌ویستی و دیموكراسی و به‌های لێبوورده‌یی و دڵنیایی له‌م كۆمه‌ڵگه شڵه‌ژاو و پڕ له سته‌م و دواكه‌وتووه. پێده‌چوو، نه جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ماندێللا ویستیان وه‌ك خوا بیپه‌رستن، نه ئه‌ویش هه‌رگیز بڕوای به پیرۆزكردن و به پیرۆزكردنی خۆی هه‌بوو. له‌مه‌وه ئه‌و مێژوویه‌كی نوێی له لێبوورده‌یی و ئاشتی و پێكه‌وه ژیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕه‌گه‌زپه‌رست به‌دی هێنا و بووه هێمای خۆشه‌ویستی و ئازادی هه‌موو جیهان.
ماندێللا هه‌موو خه‌ڵك خۆشیان ده‌وێ، به‌ڵام دیكتاتۆران هه‌موو خه‌ڵك لێیان ده‌ترسن. ئا ئه‌مه‌یه جیاوازی جه‌وهه‌ری و سه‌ره‌كی نێوان سه‌ركرده‌ی كاریزمای دیموكراسیخواز و سه‌ركرده‌ی كاریزمای دیكتاتۆر.