جیهانیبوونی ئه‌ده‌بی كوردی … د.فوئاد ره‌شید
له‌نێوه‌ندی رۆشنبیری كوردیدا، زیاتریش له‌میانی چاوپێكه‌وتنه رۆژنامه‌وانییه‌كاندا و له‌رێگای پرسیاركردن له نووسه‌رو رۆشنبیرانی كورده‌وه، زۆرجار قسه له‌چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی جیهانیبوون و نه‌بوونی ئه‌ده‌بی كوردی كراوه و ده‌كرێت و ئه‌م جۆره پرسیارانه ده‌ورووژێنرێت:
ـ ئایا شیعری كوردی یا چیرۆكی كوردی گه‌یشتۆته ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانی؟
ـ ئایا ده‌قی كوردی بۆچی نه‌یتوانیوه (به‌پێی پێویست) سنووری نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی بپه‌ڕێنێت و جێگایه‌ك بۆخۆی له‌نێو خوێنه‌رانی میلله‌تانی دیكه‌دا بكاته‌وه؟
ـ ئه‌ده‌بی كوردی به به‌راورد له‌گه‌ڵا ئه‌ده‌بیاتی جیهاندا له‌چی ئاستێكدایه؟
ئه‌م پرسیارانه‌و هاوشێوه‌كانی به‌ده‌ربڕین و له‌ڕوانینی جیاوازه‌وه وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه و زۆرجاریش وه‌ڵامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نێگه‌تیڤییانه بووه، به‌تایبه‌تی كاتێك تایبه‌تمه‌ندێتی ژین و ژینگه‌ی نووسه‌ری كورد له‌لایه‌ك و تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی ده‌قی كوردی له‌لایه‌كی دی، ره‌چاو ناكرێت و به‌چاوێكی كه‌م ته‌ماشای ده‌قی خۆماڵی ده‌كرێت و چه‌ند تێكستێكی بیانی ده‌كرێته نموونه‌ی باڵا‌و پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن.
ئێمه لێره‌دا به‌نیازنین ئه‌م وه‌ڵامه جیاوازانه پۆلێن بكه‌ین و هه‌ڵیانبسه‌نگێنین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت جه‌خت له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌بی جیهانی رابگرین و پرسیار له‌چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی جیهانیبوون و نه‌بوونی بكه‌ین، پێویسته بزانین مه‌به‌ست و ماناكانی چه‌مك و زاراوه‌كانی (ئه‌ده‌بی جیهانی) و (ئاستی جیهان) و (جیهانیبوون، عاله‌مییه‌ت) چین؟ زانینی ئه‌م زاراوانه به‌گرنگ ده‌زانین، چونكه له‌لایه‌ك ئه‌م چه‌مك و زاراوانه به‌ماناو مه‌به‌ستی جیاواز به‌كارهێنراون و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دیاریكردنی ورد‌و بابه‌تیانه‌ی هه‌ر چه‌مك و زاراوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت له‌چۆنێتی وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك له‌و پرسیارانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا.
* ئه‌ده‌بی جیهانی:
له‌ژێده‌رو سه‌رچاوه‌كانی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریدا، به‌چه‌ند مه‌به‌ستێكی جیا قسه له‌سه‌ر چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) كراوه:
+ شاعیر و فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (گۆتێ 1749 – 1832) زاراوه‌ی (ئه‌ده‌بی جیهانی) به‌و مانایه به‌كارهێناوه كه رۆژێك له‌رۆژان ئه‌ده‌به جیاوازه‌كانی هه‌موو جیهان ـ له‌ڕووی هونه‌ریی و به‌های مرۆڤایه‌تییه‌وه ـ ببنه یه‌ك ئه‌ده‌ب. به‌و مانایه‌ی جیاوازی زمانی لێ بترازێت، ئیدی له‌هه‌موو شتێك‌دا هاوشێوه‌بن و هه‌موو میلله‌تانی دونیاش به‌شداری له‌داڕشتن و داهێنانی بكه‌ن(1).
دیاره به‌دیهاتنی ئه‌ده‌بێكی له‌م شێوه‌یه ـ هه‌ر وه‌ك (گۆتێ) خۆشی ئاماژه‌ی پێداوه كارێكی دژوار‌و ئه‌سته‌مه، چونكه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و ژینگه‌و میلله‌تێك تاڕاده‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، خودی تێكستی ئه‌ده‌بیش به‌ر له‌هه‌موو شتێك سیما‌و مۆركی ناوخۆیی بنكه‌و لانكه‌ی واری خۆی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌مه زێده‌باری ئه‌وه‌ی كه هه‌ر نووسه‌رێكیش شێواز‌و جیهانبینی خۆی هه‌یه.
+ رێنێی وێڵك و ئۆستن وارین:
هه‌ندێجار زاراوه‌ی (ئه‌ده‌بی جیهانی) بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیانه به‌كاردێت، كه وه‌كو شاكارێكی ئه‌ده‌بی له ئاستێكی جیهانیدا ناسراوه و ناوبانگی ده‌ركردووه. (رێنیێ وێڵك) و (ئۆستن وارین) پێیانوایه زاراوه‌ی (ئه‌ده‌بی جیهانی) پتر ئه‌م مه‌به‌سته ده‌گرێته‌وه و له‌میانه‌شدا ئاماژه به به‌رهه‌می شاعیر و نووسه‌رانی وه‌ك (دانتی و شكسپیر و گۆتێ) ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كرێت كه ئه‌مجۆره به‌رهه‌مانه له‌خۆڕاو هه‌ڕه‌مه‌كییانه به‌و پله‌و پایه‌یه نه‌گه‌یشتوون، به‌ڵكو به‌های ئیستاتیكی و ره‌هه‌نده مرۆییه‌كانی ناوه‌ڕۆكه‌كانیان رێگایان بۆ شاكاربوونیان خۆشكردووه(2).
+ ئه‌له‌سكه‌نده‌ر دیما:
(ئه‌له‌سكه‌نده‌ر دیما) له‌كتێبه‌كه‌ی خۆیدا (شه‌نگسته‌كانی زانستی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری) به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) كردووه.
جارێك ئاماژه به‌وه ده‌كات كه چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) ته‌نها ئه‌ده‌بیاتی میلله‌ته مه‌زن و پێشكه‌وتووه‌كان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه بچووكه‌كانیش ده‌گرێته‌وه. جارێكیش ئاماژه به‌جیاوازیی و هاوبه‌شی چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) له‌گه‌ڵا (زانستی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری) ده‌كات و جارێكی دیكه‌ش ئه‌دگاره‌كانی (ئه‌ده‌بی جیهانی) دیاریده‌كات و له‌میانه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌ده‌بی جیهانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌خۆ گرتووه كه ئاراسته‌یه‌كی فیكریی باڵا‌و ره‌خنه‌یه‌كی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تییان تێدایه(3).
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (دیما) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه باڵایی ئه‌ده‌بی جیهانی له‌سه‌ر به‌های هونه‌ریی ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی راده‌وه‌ستێت(4).
ده‌كرێت كۆی بیروبۆچوونه جیاوازه‌كان سه‌باره‌ت به چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) له‌سێ ئاراسته‌دا كورت بكرێته‌وه(5):
1ـ ئاڕاسته‌یه‌ك چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) بۆ تێكڕا ئه‌ده‌بیانی میلله‌تانی سه‌ر ڕووی.
زه‌وی به‌كارده‌هێنێت، به‌م پێیه‌ش ئه‌ده‌بی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌شێكه له‌مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانی.
2ـ هه‌ندێكجار چه‌مكی (ئه‌ده‌بی جیهانی) بۆ چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی به‌هێزی هه‌ڵبژارده‌ی نێو ئه‌ده‌بیاتی جیا جیا به‌كارده‌هێنرێت.
3ـ هه‌ندێكجاریش (ئه‌ده‌بی جیهانی به‌و مانایه به‌كاردێت كه كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ده‌گرێته‌وه كه له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه هاوبه‌شن و پێكه‌وه گرێدراون و نموونه‌ی ئه‌مجۆره به‌رهه‌مانه‌ش له‌ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی میلله‌تاندا به‌رچاوده‌كه‌وێت.
* (جیهانیبوون = عاله‌مییه‌ت)ی ئه‌ده‌ب**:
له‌سه‌رچاوه‌كانی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریدا، چه‌مكی (جیهانیبوونی ئه‌ده‌ب) پتر به‌دوو مانا به‌كارهێنراوه:
1ـ به‌و مانایه‌ی كه ئه‌ده‌بێك له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری نه‌ته‌وایه‌تی خۆی كۆمه‌ڵێك شێواز‌و به‌های هونه‌ریی و نوێ بهێنێته نێو خۆیه‌وه، به‌مه‌به‌ستی پتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردن گه‌شه‌پێدانی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی(6). لێره‌دا مۆركێكی جیهانی به‌ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌به‌خشرێت له‌رێگای كاریگه‌ربوون به‌فۆرم و بابه‌تی میلله‌تانی دیكه‌وه.
2ـ جیهانیبوونی ئه‌ده‌ب: به‌و مانایه‌ش به‌كاردێت كه ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، له‌به‌ر به‌پێزی و به‌هێزیی لایه‌نه جیاوازه‌كانی، سنووری ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی بپه‌ڕێنێت و خۆی بگه‌یه‌نێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌رانی میلله‌تانی دیكه(7).
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م سنوور تێپه‌ڕاندنه، چه‌ند هۆكارێك رێگای بۆ خۆشده‌كات، هه‌ندێكی دیكه‌ش ئاسته‌نگی بۆ دروست ده‌كات:
(ئه‌له‌كسه‌نده‌ر دیما) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ناوه‌رۆكێكی سه‌رنجڕاكێشی به‌پێزو زمان و شێوازێكی سروش ئامێز‌و نوێكارییه‌كی هونه‌رییانه‌ی به‌هێز(8)، ئه‌مانه زه‌مینه‌سازیی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی به‌ناو وڵاتانی جیهاندا بڵاوبێته‌وه.
هه‌رچی رهخنهگرو توێژه‌ری هه‌نگاریی (لاسلۆكاردۆش)ه له‌ده‌ره‌وه‌ی خودی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه ئاماژه به‌چه‌ند هۆكارێك ده‌كات كه رۆلێكی كاریگه‌ر ده‌بینن له‌رێگادان و نه‌دان به‌جیهانیبوونی ده‌ق، ئه‌م هۆكارانه‌ش وه‌ك (بوون و نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و رۆڵا و كاریگه‌ریی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و به‌هێزی و لاوازیی بزاڤی وه‌رگێڕان و كه‌م و زۆریی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات و راده‌ی به‌ربڵاویی زمانی ده‌ق)(9).
* ئه‌ده‌بی كوردی و جیهانیبوون:
ئاشكرایه ئه‌ده‌بی كوردی له‌ڕووی ناوبانگی و ناسراوی و به‌ربڵاوییه‌وه، له ئاستێكی جیهانیدا ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نییه، بۆچی؟
ئایا له‌به‌ر نزمی ئاستی هونه‌ری و بابه‌تییانه‌ی ده‌قی كوردییه، یان به‌ر له‌م هۆكاره، چه‌ند هۆكارێكی ده‌ره‌كی دی ـ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه ـ له‌پشته‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌وه‌یه‌ن؟
بێگومان ئه‌ده‌بی كوردی خاڵیی نییه له شاكارو به‌رهه‌می جوان و سه‌رنجراكێش و داهێنه‌رانه، ئه‌وانه‌ی سه‌رنجی شیعری كلاسیكی كوردی‌یان داوه، دركیان به‌هه‌بوونی ده‌قی جوان و شاعیری داهێنه‌ر كردووه، بۆ نموونه له‌میانه‌یه‌دا (د. مارف خه‌زنه‌دار) ده‌ڵێت: (مینۆڕسكی به‌چاوێكی به‌رز ته‌ماشای ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كات، به‌ڕاستی ده‌گاته هه‌ندێ تێبینی، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه له ئه‌ده‌بی كوردی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی نرخی ته‌واوی دیاری نه‌كرێت، هه‌روه‌ها بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وری ئه‌ده‌بی كوردی له ئه‌ده‌بیاتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست روون نه‌بێت..)(10).
كه‌واته ئه‌ده‌بی كوردی به‌پێی پێویست و وه‌كو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه له ئاستێكی جیهانیدا نییه و میلله‌تانی دی ـ به‌راده‌یه‌كی زۆر ـ پێی ئاشنانین. هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه كه ده‌قێكی جوانمان نییه كه له‌توانایدا بێت ببێته جێگای سه‌رنجی خوێنه‌رانی میلله‌تێكی دی، نه‌خێر، به‌ڵكو چه‌ند هۆكارێكی ده‌ره‌كی ـ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه ـ بوونه‌ته ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌قی كوردی و ناسینی وه‌كو شاكارێكی ئه‌ده‌بی له ئاستێكی جیهانیدا.
(مینۆڕسكی)یش ده‌ركی به‌م مه‌سه‌له‌یه كردووه، بۆیه له باسكردنی پایه‌ی ئه‌ده‌بی
كوردیدا، به ئاماژه‌یه‌كی كورت ده‌ڵێت (هۆی ده‌رنه‌كه‌وتنی نرخی راسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌می له‌ژێر ده‌ستدا نییه، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واویش له‌زمانی كوردیدا نه‌كراوه(11)).
كه‌واته ئه‌و بارودۆخه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه دژواره‌ی كه میلله‌تی كوردی تێدا ژیاوه، له‌چه‌ندین لاوه كاریگه‌رییه‌كی خراپی كردووه‌ته سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ئه‌ده‌بی كوردی، چونكه له‌ناوچوون و فه‌وتانی به‌رهه‌م، نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له‌كات و ساتی خۆیدا، هه‌موو ئه‌مانه پێوه‌ندن به‌نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی سه‌ربه‌خۆوه.
ئه‌گه‌ر بۆ نموونه قسه له‌سه‌ر هۆكاری (زمان) بكه‌ین، ده‌بینین شاره‌زایان له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه ئاماژه‌یان به‌گرنگیی (زمان) كردووه.
ئه‌وه‌تا (مینۆڕسكی) نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر زمانی كوردی، به‌هۆكاری ده‌رنه‌كه‌وتنی پایه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی داده‌نێت.
(لاسلوكاردوش) راده‌ی به‌ربڵاوی هه‌ر زمانێك به‌هۆكارێكی گرنگ ده‌زانێت له‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی سه‌ر به‌و زمانه، وه‌كو ئه‌ده‌بێكی جیهانیی له‌قه‌ڵه‌م بدرێن و خۆیان به‌جیهان بناسێنن(12).
ناله‌باریی باری سیاسی میلله‌تی كورد، نه‌ك هه‌ر رێگای له‌به‌رده‌م بڵاوبوونه‌وه‌ی زمانی كوردی گرتووه، به‌ڵكو له‌چه‌ندین لایه‌نه‌وه كێشه‌ی بۆ خوڵقاندووه، وه‌ك نه‌بوونی زمانێكی ئه‌ده‌بیی یه‌كگرتوو، نه‌بوونی رێنووسێكی یه‌كگرتوو، له‌مه‌ش زیاتر زمانی كوردی له‌چوارچێوه‌یه‌كی وادا سنووربه‌ند كردووه، تا ئه‌و راده‌یه‌ی به‌لای هه‌ندێكه‌وه به‌یه‌كێك له‌و زمانانه دابنرێت كه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌نێوچووندان***.
جا ئه‌گه‌ر شاره‌زایانی بواری ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی ئاماژه به‌گرنگی به‌ربڵاوی زمان و كاریگه‌ریی پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ر وڵاتێك بكه‌ن، له‌وه‌ی كه ئه‌ده‌به‌كه‌ی سنووری ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی ببه‌زێنێت و به‌نێو وڵاتانی جیهانیدا بڵاوبێته‌وه و خوێنه‌رانی میلله‌تانی دی پتر ئاشنای بن، ئه‌وا سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه‌و شتێكی چاوه‌ڕوانكراویشه كه ئه‌ده‌بی كوردی له‌م جیهانیبوونه، بێبه‌ش بێت.
كه‌واته دژواریی باری سیاسی و رۆشنبیریی كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی كردووه‌ته‌سه‌ر پرۆسه‌ی (عالهمییهتی) ئه‌ده‌بی كوردی، ئه‌م قسه‌یه‌شمان مانای ئه‌وه نییه كه تێكڕای ده‌قه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی شاكارو چڵه‌پۆپه‌ی داهێنانن و سیاسه‌ت و مێژوو غه‌دری لێكردوون، نه‌خێر، به‌ڵام هێنده هه‌یه ئه‌ده‌به‌كه‌مان چ كۆنی و چ نوێیه‌كه‌ی، ده‌قی وای تێدایه رووی مه‌جلیسی ئه‌ده‌بی میلله‌تانی دیكه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌لیڤه‌ی ئاماده‌بوونی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ نه‌ڕه‌خساوه.
له‌سه‌رێكی دیكه‌شه‌وه، راست نییه له‌سۆنگه‌ی گرێی هه‌ست بهكهمییكردن و په‌رستنی رۆژئاواوه، هه‌رچی ئه‌ده‌بیاتی خۆمانه به (ساكار) و هه‌موو به‌رهه‌می ئه‌وانیش به (شاكار) بزانین، چونكه له‌راستیدا به‌رهه‌مه‌كانی رۆژئاواش هه‌موویان به‌و شێوه‌یه نین.
پوخته‌ی قسه‌كان ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له‌جیهانیبوون، ناسراوی و ناوبانگیی نێوده‌وڵه‌تی بێت، ئه‌وا دیاره ئه‌ده‌بی كوردی نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌م پله‌و پایه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له (جیهانیبوون) ئه‌و بنه‌ماو ئه‌دگاره ئیستاتیكی و به‌ها مرۆییانه‌ی ده‌ق بێت، كه مۆركێكی مرۆڤایهتییانهی به‌رفراوانی هه‌یه‌و هه‌ر ئه‌م خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش ـ گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بێت ـ رێگا بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی له ئاستێكی جیهانیدا خۆش ده‌كه‌ن، ئه‌وا به‌م مانایه ئه‌ده‌به‌كه‌مان چ كلاسیك و چ نوێ و چ هاوچه‌رخه‌كه‌ی ده‌قی وای تێدایه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له‌خۆ گرتبێت.
————————
په‌راوێزه‌كان:
* بیرۆكه‌ی ئه‌م نووسینه‌و ناونیشانه‌كه‌شی له پرسیارێكی (د. مارف خه‌زنه‌دار)هو سه‌رچاوه‌ی گرتووه، پرسیاره‌كه‌شی له‌میانی ئه‌زموونی كۆتایی كۆرسی دووه‌می خوێندنی دكتۆرا (2000 – 2001) بوو، له‌بابه‌تی (ئه‌ده‌بی بیانی)دا.
1ـ اوستن وارین، رینیه ویلك، نڤریه الادب، ت: محی ا‌لدین صبحی، ص60.
جێی ئاماژه‌یه زاراوه‌ی (ئه‌ده‌بی جیهانی) زاراوه‌یه‌كه له‌لایه‌ن (گۆتێ)وه داڕێژراوه.
2ـ د. جمیل نصیف التكریتی، د. داود سلوم، الادب المقارن، ص 26 – 27.
3ـ الكساندر دیما، مابدئ علم الادب المقارن، ت د. محمد یونس، ص 17 – 21.
4ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل 19.
5ـ د. جمیل نصیف، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 23.
**ـ ئه‌م چه‌مكه جیاوازه له‌چه‌مكی جیهانگه‌رایی ئه‌ده‌بی (العولمه الادبیه) كه ئه‌مه‌یان زیاتر نزیكه له چه‌مكی ئه‌ده‌بی جیهانی به بۆچوونه‌كه‌ی گۆتێ.
6ـ د. محمد غنیمی هلال، دور الادب المقارن، ص 27.
7ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ص 28.
8ـ د. جمیل نصیف، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 23.
9ـ لاسلوكاردوش، الادب العلمی مفهومه وقچایاه، ت: جودت بلال اسماعیل، مجله (الادب المعاصر)، العدد (22 – 23) 1977، ص 7 – 9.
10ـ د. مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م، ل 102.
11ـ هه‌مان سه‌رچاوه و لاپه‌ڕه.
12ـ لاسلۆكاردوش، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 11.
**ـ ئه‌وه‌تا له‌سه‌رده‌می بیست و یه‌كدا (سه‌نته‌ری لێكۆلینه‌وه‌ی ئیتنیكی جۆراوجۆر) له‌چوارچێوه‌ی (زنجیره‌ی ئه‌و زمان و كلتوورانهی مه‌ترسی له‌ناوچوونیان هه‌یه) كتێبێكی له‌سه‌ر شیعری كوردی بڵاوكردۆته‌وه، بڕوانه: گۆڤاری (ئاینده)، ژ (68)، 2006، ل 209.