پەتای هەڵگیرسانەوەی جەنگ .. مارف عومەر گوڵ
بەرد هەڵناسێتە سەر پێ
هەرچی گیاندارە ڕایانکردوە
هەرچی بێ گیانە کەوتونەتە خۆیان
چۆن بە گژ ئەم ڕەشەبایەدا بچینەوە !
ئەم نیشتیمانە گویێ بۆ دەنگی باران هەڵخستوە
زەوی وشکهەڵاتوو لە پێشوازیدایە ،
هەرچی گیاندارە وا ئەم ناوە چۆڵ دەکات
بەرد هەڵناسێتە سەر پێ
بەگژ ئەم ڕەشەبایەدا بچێتەوە
دار و درەخت چەماوەتەوە
کەس ناتوانێت سەر هەڵبڕێت
ئیتر بە چاوی کوێرەوە
باسی جوانیەکانی ناشیرینی دەکەن
لەسەدەی بیست و یەکەمی ژیاننامەی مرۆڤدا
دەبێ هیچ شتێک بە ناوی خۆیەوە
بانگ نەکرێت !
دەبێ بە نێرگزە جاڕ بووترێ کێڵگەی تلیاک
بە چیمەن و گوێ ئاو بڵێن باروتبەند و قەدەغە
بەزیندان بڵێن شوێنی حەوانەوە
بە ژیانیش بڵین ، بازاڕی چەوسانەوە .
چۆن هەناسە بدەین لە سایەی
دەوڵەتدار و حوکمدار و فەرماندار و
قەمەی دەستی ژەندرمەدا ؟
چۆن هەناسە بدەین لە سایەی
شڵەژان و بازاڕدار و
چی دار و ، دارو.. داردا
لە بەرامبەر سێبەر و هەتاو و بەهاردا
دونیا بۆتە پەتا ..
پەتای پەتا.. پەتای پیلان
پەتای هەڵگێڕانەوەی فەرهەنگی زمان
پەتای هەڵگیرسانەوەی
جەنگی دڵرەشە تێرنەخۆرەکان !!
سلێمانی
٢٨/٤/٢٠٢٠