Skip to Content

نامەی پەریدۆخت، بۆ سەید مەحموود…نووسین: حامید عەسکەری وەرگێڕان: دادیار ئازاد

نامەی پەریدۆخت، بۆ سەید مەحموود…نووسین: حامید عەسکەری وەرگێڕان: دادیار ئازاد

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2020 General, Literature

بە ناوی گوڵـاوی خۆشەویستییەوە

لەدەورت گەڕێم.
دەردت لە گیانم بکەوێ.
مردم و ژیامەوە، تا نامەکەت گەیشت.
ئەم دوورییە بێ دین و ئامانە، هەر بەجارێک ماڵی وێران کردووم!
ژن کاری نێوماڵ و چێشتلێنان و گسکدان و پاکردنەوە و هەڵگرە و دانێش، نەیکوژێت، ئەم بێهاودەمی و دوورییە هەر دەیکوژێت.

لە نامەکەتدا گوتبووت: دە بەندێ کراویت.
ڕاست بەندی دڵم پسا!
دەک پەریدۆختت دەبەر بمرێ. مێردی کەوتۆتە دەست پۆلیسان و ئەویش بێخەبەر بووە و لە ژوورەکەیدا قژی هۆنیوەتەوە!
ئەوەی گیانی من و تۆی بەدەستە، خۆی شایەدە و ئاگای لێیە،
کە حاڵوباڵی دڵی منیش، هیچی لە ژوورەکەی زیندانی تۆ کەمتر نەبووە.

بارودۆخی وڵـات هیچ باش نییە.
مەشروتەچی، کۆڵـان بە کۆڵـان وەک پرتەقاڵە چرچ و داوەریوەکان، بەسەر درەخت و دارەڕاکانی شاردا هەڵتۆقیون.
وەڵـامی ئازدایخوازان ئاگر و ئاسنە، شاربەدەرکردن و دارکاری و فەلـاقەیە!
ئەم ڕۆژانە دڵم هەر بەو شووشە گوڵـاوە خۆشە، کە لە ئەوڕوپا بۆت ڕەوانەکردووم.
شەوانە لە بسک و کەزیمی هەڵدەسووم.

سەید مەحموود گیان…
بوومەتە ماینێکی سەرکێش و بزێو.
نە قامچی، نە تانەوتەشەری باوکم دەستەمۆم دەکات،
نە گفتولفت و دڵدانەوەی دادەشم.
ئارەقەی شینومۆرم پێ کردوون و بە کەسیشیان ڕکێف ناکرێم.
سەرباری ئەوەی خۆشم هیلـاکم و هۆنهۆن ئارەقە دەردەدەم.

سەید گیان دەزانیت:
ژن کە پێگەیشت،
دەبێت دڵی بە کەسێک خۆشبێت و هاودەمێکی هەبێت.
دڵی بێهاودەم هەر زوو؛
لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە.
سیس دەبێت.
بۆگەن دەبێت.
دادەڕزێت.
دڵ ناسکە، ڕێک دەڵێی ئاوریشمە!

نە دەست و دڵم دەچێتە ئەوەی؛ بە دارچین سەر حەڵوا و شلەزەرد بنەخشێنم،
نە شەوق و زەوقی وەسمە و سوراو و سپیاوم هەیە.
دوێنی دادەم دەیگوت، برۆکانت دەڵێی پێچکی بزنن.
حەقی ئەوە وا دەڵێت؛ مادام بە برۆ ناچن.
چ جیاوازییێکی هەیە، لە پشتی چاوم دوو پێچکەبزن هەبن، یانیش کلکەمشک و تاڵە زێڕ!
بە قەولی باوکم: چاو هەر بەکەڵکی ئەوە دێت، “دلبەر”ی پێ ببینیت.

تۆ لێرە نیت، کوپەی ئەسکەنەجەبینی قەزوینی؛ کە زۆرت پێ خۆشبوو. لە ژێرزەمینی چێشتخانەدا بمێنێتەوە و نەبێتە ژەقنەبوت، ئەدی ئەمە کاری خوا نییە!
جا چلەشی بەسەردا تێپەڕیوە.
هەروها بەسەر دڵی منیش.

تەمەنم بێتە سەر تەمەنتان ئاغا سەید.
بە سەری پێغەمبەری باپیرەگەورەتان،
نیازی بێڕوویی و پرتەوبۆڵەم نییە، بەڵـام بە خوا سەبرم نەما!
گومانم هەیە، لە کۆلێژی پزیشکیی پاریسدا، بەشی ئەوە فێرە پزیشکی بووبیت، کە لە چارەی دەردی دووری و دابڕان تێبگەیت! بەسە بیبڕەوە.
سەرێک لە “یەزد” بدەوە و بە هاواری دڵم بگە.
برینانم ساڕێژ بکە و دواتر بگەڕێوە ئەوێ.

سەبوریی من هەر ئەو نامەیە بوو، کە بەدرەنگەوە گەیشتە دەستم، لەگەڵ ئەو شووشە گوڵاوەی؛ کە خەریکە وا تەواودەبێت.

کە دەڵێن ژن (ناقسیول عەقڵ)ە،
ڕاست دەکەن، وایە!
ئەگەر عەقڵم هەبووایە؛ کراسەکەتم بەسەر سەرینەکەدا نەدەکێشا، کەزییەکانیشم بکەمەوە و سەری پێدا بکەم!
ئەوەنییە تۆ پیاویت!
ئێوە کە عەقڵتان تەواوە و بێـعەیبـە.
ئێوە کە ئەوڕوپاتان بینوە و پزیشکیتان خوێندووە.
بفەرموو وەڵـامم لێ بگێڕەوە: بزانم ئەو “زەعیفە” و “ناقیسول عەقڵ”ە قوڕی کوێ بە سەری خۆیدا بکات!

بەڵاگێڕت پەریدۆخت.
ماچێکیشم ڕەگەڵ داوە.

نووسین: حامید عەسکەری
وەرگێڕان: دادیار ئازاد

کتێبی (پریدوخت، مراسلات پاریس/ طهران)، بریتییە لە (٤٠) نامەی ئەدەبی و عاشقانەی نێوان دوو کەسی خەیاڵی.
(پەریدۆخت) کە لە ئێرانە و، (سەید مەحموود) کە بۆ خوێندنی پزیشکی لە فەڕەنسایە.
بنووسی کتێبەکە (حامید عەسکەری)ـیە. کە نامەکان زادەی خەیاڵ و هەستی ئەون، بە شێوە و سەبکی زمان و ئەدەبی سەردەمی قاجارەکان نووسراون.
لەپاڵ هەستی خۆشەویستیی ژنومێردانە و دەردی دووری و دابڕانیان، هەندێک بابەتی سیاسی و کۆمەڵـایەتیی ئەو ڕۆژگاریشمان بۆ دەخاتەڕوو.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish