Skip to Content

پێشبینییەکانی دوای تۆپبارانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ… فازیل شــەوڕۆ

پێشبینییەکانی دوای تۆپبارانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ… فازیل شــەوڕۆ

Closed
by ته‌مموز 23, 2022 General


گەرچی تورکیا لە ساڵی (٢٠٠٣)وە، ڕشتر لە جاران، بە هەموو هێز و چەک و توانایەکی سەربازیی خۆیەوە بەردەوام بووە لە هێڕش و پەلاماردانی باشووری کوردستان و بە سەتان سڤیل و گەریلایەکانی پەکەکەی کردووەتە قوربانی، بەدرێژایی ئەو ساڵانە حکوومەتی بەغدا، لە سەرکۆنەکردنێکی شەرمنانەی تورکیا بەولاوە فزەی لێوە نەهاتووە، بەڵام کوشتارەکەی هەوارگەی پەرەخ، لە ٢٠/٧/٢٠٢٢ کە (٣٢) سڤیلی باشوور و ناوەندی عیراقی کردە قوربانی، گڕکانێک هەڵچوون و توڕەیی و هەڕەشە و چالاکی شەقام و ڕێکخراوە مەدەنی و حکومییەکانی بەدوای خویدا هێنا، کە بێنەزیر بووە لە حەماسەت و جۆش و خرۆش و کاردانەوەدا. ڕاستە، تا بڵێی کارەساتەکە، تاوانێکی کۆمەڵکۆژیی بە ئەنقەستی ژن و لاو و منداڵی بیگوناحن و هەموومان بۆیان بە پەرۆشین، بەڵام گرژی و توندی و حەماسەتی جەماوەری تۆڕە و گەفی تۆڵەسەندنەوە لە تاوانکارانی تورکیا، جێگەی سەرنجی هەموو کەسێکە و چەندان پرسیاری بێ وەڵام هێناوەتە ئاراوە. هەیە لێکدانەوەکەی لەو بازەیەدا چرکردۆتەوە، کە چونکە قوربانییەکان (عەرەب)ن ، شەقام و حکوومەت وا دەروێشانە کەوتوونەتە جەموجۆڵ و کارو کاردانەوە، خۆ ئەگەر ئەوان (کورد) بوونایە، وەک تاوانەکانی دیکەی تورکیا پەردەپۆش دەکرا و بێدەنگ دەپێچرایەوە.
بۆیە، حەقمانە بپرسین، تۆ بڵێی، ئەو توپبارانەی هەوارگەی پەرەخ، پیلان و نەخشەیەک نەبێ بە ئاگاداریی حکوومەتی عێراق و هەرێمی باشوور و تورکیا و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان ئەنجام درابێ؟
پێش ئەوەی من، بۆچوون و پێشبینییەکانی خۆمتان عەرزکەم و ئەو پرسیارە وەڵام بدەمەوە، با ئەم سەرەقەڵەمانەتان بە بیربێنمەوە:
یەک: ئەردۆگان، پێش شەش مانگێک، لە نێو هۆڵی پەرلەمانی تورکیا، مووژدەی ئەوەی دا کە لە مانگی (ئایار)ی ئەمساڵ، ئاڵای تورکیا لەسەر لووتکەی قەندیل هەڵدەکەن و ئەفسانەی پەکەکە، هەتا هەتا کۆتایی پێ دێ.
دوو: لە بەیاننامەی لوتکەی جددە، لە نێوان جۆون بایدن و سەرانی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی میسر و ئوردن و عێراق، دەربارەی هەرێم هەر ئەوەندە گوترا:” ئەمن و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی خەڵکی عێراق ئاواتی هەمووانە، هەمان شتیش بۆ هەرێمی کوردستان”
سێ: لە بەیاننامەی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و ئێران و ڕۆسیا، بە عەلەنی هەر یەک ڕستە ناوی کورد هاتووە، دەڵێ”ڕێگرتن لە سەربزێویی کوردەکان لەو ناوچەیەدا، بەرژەوەندیی هاوبەشی تورکیا و ئێرانە، بۆ سەرکووتکردنیان ئەوان درێغی ناکەن.”
چوار: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی تۆپبارانەکەی هەوارگەی پەرەخ، یەکسەر حکوومەتی عێراقی و شەقامی باشوور و ناوەند و بەغدا، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە نێو داواکاری و درووشمەکانیانیدا ئەو (٣) داخوازییە بە گەرمی جەختی لەسەر کرایەوە: ١) کشانەوەی هێزی سەربازیی تورکیا لە باشوور، ٢) وەدەرنانی پەکەکە لەو ناوچەیەدا، ٣) گەڕانەوەی هیز و سوپای عێراقی بۆ خاڵە سنوورییەکانی باشوور.
پێنج: بۆ یەکەمینجار، ڕاستەوخۆ، بەبێ پەردە و پێچ و پەنا حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە ئەندامانی باڵای پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە)، زوو، بە دەنگێکی بەرز گوتیان:”تورکیا هەوارگەی پەرەخی تۆپباران کردووە و ئەو خەڵکە سڤیلەی کردووەتە قوربانی”.
شەش: تا ئەمساتە وەختە، تورکیا ئینکاریی دەکات و دەڵێ تیڕۆڕستانی پەکەکە، تاوانەکەیان ئەنجام داوە. بەهیچ شێوەیەکیش گلەیی لە (دۆستەکانی) ناکات کە چۆن، ئەو تاوانە دەدەنە پاڵ تورکیای بێ گوناح.
ئێستا، من وای بۆ دەچم، کە لە کۆبوونەوەکانی جددە و تاران، بە تایبەتی لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق ــ بە ئاگاداریی حکوومەتی هەرێم، ئەو نەخشەیە داڕێژرابێ:
((تورکیا ناتوانی بە هێزی سەربازیی کۆتایی بە پەکەکە بێنێ و دوایین شاڵاوی بۆ دەڤەری بادینان، تەواو شەکستی هێناوە و ساڵی دادێش هەڵبژاردنەکان لە تورکیا ئەنجام دەدەرێن، جا باشترین چارە ئەوەیە، بە هەمووان ،(تورکیا و عێراق و ئێران و هەرێم)، کارێک بکەن، پەکەکە، وەک چەکدارانی موجاهیدی خەڵقی ئێرانی، لە ناوچەکە دوورخەنەوە یان چەکیان پێدابنێن، بە ئاشتییانە بێ یان بە هەر ڕێگەیەکی دیکەی گونجا. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ سوپای عێراق بچێتە هەموو خاڵە سنووریەکانی نێوان کوردستانی باشوور و تورکیا و ئێران. بەوەش سوپای ئەردۆگان بە ڕووڕەشی ناگەڕێتەوە ناو تورکیا و دەڵێن، سنوورمان ڕادەستی هێزەکانی بەغدا کردووە. بەرامبەر ئەوە، حکوومەتی بەغدا بە پشتیووانی ئێران و ئەمەریکا، بەڵێن بە حکوومەتی باشوور دەدەن، کە کێشەکانیان لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکەن و ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ عێراق و کوردستان و ناوچەکە.
تورکیا بۆیە ئینکاری تۆپبارانەکە دەکات، تا شانۆگەرییەکە کۆتای نەیەت و پەردەی دووەم دەست پێبکات، ئەوەیش هاتنی سوپای عێراقە بۆ سەر سنووری کوردستان. خۆ ئەگەر تورکیا عزووربخوازێتەوە ئەوا شانۆگەرییەکە کۆتایی پێ دێ.
ئیمڕۆ، حکوومەتی هەرێمیش درکی بەوەکردوە، کە کێشەی پەکەکە بە شەڕ چارەناکرێ و ئەو هەموو خەڵک و گوند و زەوی و زارو ئاوایی و ڕەز و باخە، نابێ هەتا هەتایە، هەر لەناو دۆزەخ دابن. پەکەکەش ڕەنگ بێ ئامادەبێ ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەکان ڕێکەوێت.. باری ناوخۆی هەرێمیش پێویستی بە ئاشتی و ژیاننەوە و خۆشی هەیە و خەڵک پر گلەییە.
ئەمە لێکدانەوەی منە، تۆپبارانکردنی هەوارگەی پەرەخ، بۆ جولاندنی کێشەکانە. لە ساڵی (١٩٧٣) میسر هێڕشی کردە سەر ئیسرائیل، نەک بۆ ئازارکردنی فەلەستین، بەڵکو بۆ جولاندنی مەسەلەکە… هەرواش دەرچوو، بووە دانووساندان و پێکهاتن.
من لە وتار و گوتاری سەرکردەکان، ڕاستەوخۆ یان لە نێو دێڕەکان، ئەو پێشبینییانە دەبینم کە لەسەرەوە باسم کردن.
بەومەرجەی لە عێراق کارەسات و ڕووداوێک سەرهەڵنەدا، ڕیسەکە بکاتەوە خووری، وەک دووبار بوونەوەی بۆمبەکەی ڕەفیق حەریری لە لوبنان. یان درووست بوون کێشەیەک لە تورکیا یان ئێران.

فازیل شــەوڕۆ ــ دوبلن

Previous
Next
Kurdish