
سەرناگرێ.. کەریم قادر
“بەلای ئێمەوە ئێرانێکی خودان چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی جدییە”. ئەمە قسەی مۆشە یالۆن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری ستراتیژی حکومەتی نەتەنیاهۆیە و لە (١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٩) لە دیدارێکی ڕیکۆردکراودا لەگەڵ د. جێرۆم کۆریس نووسەری پەرتوکی (بۆ ئیسرائیل ناتوانێ چاوەڕوان بێت، شەڕی دادێی نێوان ئیسرائیل و ئێران) کردوویەتی و لەلایەن گشت بەرپرسانی حکومەتی ئەوکات دووپاتی لێکراوەتەوە.
بە پێی ئەو پەرتووکە بێت، لە مێژە ئیسرائیل بڕیاری داوە مل دەبەر ملی ئێران بنێ؛ لەبەرئەوەی بە هەڕەشەی دەیبینێ.
کەواتە؛ ئەگەر لەو ڕوانگەوە لەو ئاگربەستە بڕوانین کە هەریەک لە ئەمریکا و قەتەر مێزەکەیان دروست کرد، پێناچێت بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کە بەشداری حکومەتە پێی ڕازی نییە، تەنانەت هەڕەشە دەکات؛ ئەگەر حکومەت سەوداکەی غەزە قەبوڵ بکات دەست لەکار دەکێشێتەوە. هەر بۆ زانین ئیسرائیل ئامادە نییە بۆ خاتری دەرفەتدان بە گروپێکی تیرۆریستی قوربانی بە ئاشتی ناوخۆی بدات.
پێشتریش هەریەک لە مایکل ساین و ماتیۆ لیڤت لە پەیماناگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بەناونیشانی (تاکە ڕێگەی وەستانی حەماس ڕاگرتنی ئێرانە لە دووبارە بونیادنانەوەی حەماس) بە دووقۆڵی وتارێکیان نووسیوە و هۆشداری بە واشنتۆن و هاوبەشەکانی دەدەن، پێویستە دەستی ئێران ببەستنەوە، چونکە تاران لە توانایدایە گرووپەکە زیندوو بکاتەوە، یان گرووپی دیکەی بەدیل دروست بکات. واتە ئەو ئاگربەستەی بایدن بەلایەوە گرنگ بوو بەر لە ماڵئاوایی کردن لە کۆشکی سپی ئیمزا بکرێ، لە خزمەت ئاسایشی ئیسرائیل نییە، بەڵکو ڕوح وەبەردانەوەیە بەئێران، تا لەڕێگەی ئەوەی ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەوە، لەگەمەکانی خۆی لەناوچەکە بەردەوام بێت.
بەکورتی؛ ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ کۆتایهێنانە بە حەماس، نەک خوڵقاندنی دەرفەت بۆ خۆکۆکردنەوە. ڕەنگە حکومەتیش ئەوەی پێ ناخۆش نەبێت، چونکە چەندجارێک نەتەنیاهۆ دووپاتی لەوە کردۆتەوە، نابێت حەماس بمێنێ و بەگفتوگۆکردن لەگەڵیدا خەڵات بکرێ. بەواتایەکی دیکە ئاگربەستەکەی حزبوڵا چەند سەری گرت، ئەوەش هەر هەندە درێژەدەکێشێ، ئیدی یەکدی تۆمەتبارکرد دەست پێدەکات، واتە دەبێت ئیسرائیل بگەڕێتەوە سەر بۆچوونەکانی ساڵی ٢٠٠٩ و ئەوەی نەیدەتوانی چاوەڕوان بکات، دوای هەڵتەکاندنی ژێرخانی هێزی چەکی حەماس و حزبوڵا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەرفەتی دەست پێکردنی لەبارە.