
شانۆکاری کورد و وەهمەکانی.. نیهاد جامی
دەرگاکردنەوە لەناوەوەی خۆمان، داخستنی وەهمگەلێکە کەسانێک پێش خۆمان بۆیان درووست کردین، ئێمە ناتوانین خۆمان بین بەبێ ئەوەی کەسانێک نەیەن درۆمان بۆ نەکەن، کاتێک لەناو کولتورو زمانەکانیتردا دەبین تێدەگەین، تازەگەریەک کە ئێمەی فریووداوە تازەگەریەکی کۆنە، بۆیە بەلامانەوە نابێت سەیر بێت تازەگەری خۆرئاوایی بۆ ئێمە واتە شانۆی نیو سەدە پێش ئێستا، پەنجا سال رابردووی شانۆی خۆرئاوا کەسمان نایانناسین، نیو سەدە لەناو نائاگاییداین، شانۆنووس و دەرهێنەرەکانی کێن؟ تیۆرەکان چین؟ هێشتا وەهمی شانۆی ئەزمونگەری بەری نەداوین، لەکاتێکدا پەنجا سالی رابردوو نێژراوە، بە کورتی با ئاماژە بۆ ئەو ئیشکالیەتە بکەین، تۆ یاخود خەریکی شانۆیت یان پێرفۆرمانس، هەر نمایشێک لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە پێرفۆرمانسە، ئیتر گەر بەوە شاگەشکە دەبیت کە شانۆی ئەزموونگەریە، شتێکی وا لەئێستای دنیادا بوونی نیە.
پرسیارێک هەمیشە ڕووبەرومان دەبێتەوە: شانۆی ئەوروپی ئێستا لە چ ئاستێکە؟
ئەو پرسیارە بوونی ڕەوایەتی نیە، بەڵام چونکە ئێمە تێنووی ئەوەین بزانین خۆرئاوا چی دەکات، بۆیە لەم جۆرە پرسیارانە دەکەین، کارە پێرفۆرمانسیەکان کاری گروپی بچووک و دەستەبژێرین، کارە شانۆییەکانیش زیاتر بە دوو ئاراستە ئیش دەکەن، یەکێکیان گەرانەوەیە بۆ ناو شاکارە ئەدەبیەکانی شانۆ، ئاراستەکەیتریش قسەکردنە لەکێشەکانی ئەمڕۆی دنیا، ئەو دوو ئاراستەیە رۆلێکی گرنگیابن هەیە لەئێستای شانۆ.
رووکردنە نووسینی شانۆنامە بە ئاستێکی بەربڵاو کتێبە شانۆییەکان داگیر دەکات، چونکە سەرچاوەی سەرەکی کاری شانۆیین، بەپێچەوانەی شانۆی ئێمە کە زیاتر قسە لە رەخنە و وتارە، لەکاتێکدا شانۆ خۆی بوونی نیە، تا ڕەخنە و وتار ئەو ڕووبەرە داگیر بکەن، گرفتی ئێمە ئەوەیە هێشتا دەمانەوێت لەناو تیۆرەکانی ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە قسە لەشانۆ بکەین، شانۆکارانێک کە لەخۆرئاوان بەشێکی دیاری ئەو خراپی گواستنەوەیە دەکەوێتە ئەستۆیان، لە پۆلینکاری فێستڤاڵە شانۆییەکان لەئاستی پلە چوار بەشدار دەبن و وای دەردەخەن لەتەک داهێنەرە گەورەکانی شانۆن، ئەوە بەکردەوە لەناو ئەرشیفی ناوەندی فێستڤاڵە شانۆییەکان بینیومانە.
گرفتێکی تری شانۆکاری کورد وەهمی بە جیهانی بوونە، خەونێکە یۆتۆپیایەکە، پێی وایە بۆ ئەوەی شانۆکەی جیهانی بێت دەبێت وەک تیۆریزانەکانی پەنجا ساڵ پێش ئێستا نمایشی شانۆیی دروست بکات، بۆ ئەوەی شانۆکەت جیهانی بێت گەڕانەوە بۆ میتۆدە کۆنەکانی خۆرئاوا کە تا ئێستا بۆ کوردستان نوێن، ناتکەن بە دەرهێنەری داهێنەر، بانگەشەکارانی ئەو بوارە پێویستە ڕوونی بکەنەوە، ئەوان پێرفۆرمانیسیان لەژورێک ئەنجام داوەو پێویست ناکات چیتر کەس فریوو بدەن.
جیهانی بوون گەرانەوە نیە بۆ شانۆنامە کلاسیکیەکان، هێندەی ئیشکردنەوەیە لەتەک کێشە کولتوریەکانی خۆت، بەڵام گرنگ لەوەدا ئەوەیە: بە چ زمانێک نمایش بکرێت، ئەو شوێنەی تیای نمایشی دەکەیت لە چیرۆکەکەت تێبگات، کەس بە شاکارە کلاسیکیەکان و تیۆری دەرهێنەرەکانی خۆرئاوا نابێت بە جیهانی، وەهمێک کەسانێکی کوردی لەخۆرئاوا بۆ ناو گەنجانی کوردستان درووستیان کردووە، بۆ ئەوەی کەس زوویر نەکەین باس لە خۆمان دەکەین، بەهۆی ئەوەی لە شانۆی پۆلەندی لەتەک دیارترین پێرفۆرمێری ئەو شانۆیە دوو پێرفۆرمانسمان نمایش کرد، ئاخۆ من شانۆکارێکی جیهانیم؟ ئایا من ناوێکی گرنگم لە شانۆی ئەو وڵاتە؟ ئاخر ئەوانە پرسیار نین، هەر کاتێک وا بیرم کردەوە، تووشی نەخۆشی دەروونی بوومە، تۆ سەیرکە من لە فەرەنسا بە فەرەنسی نواندنم کرد، ئایا من لەشانۆی فەرەنسی کاریگەری خۆم هەیە؟ جا ئەو پرسیارە تەرجەمە بکە بۆ قسەی ئەو شانۆکارانەیتر ، ئەوسا تێدەگەیت ئێمە خاوەنی گێڕانەوەی گریاناویترین نوکتەی شانۆی دنیاین.
کاتێک پێت وا بوو ئەوان گرنگن، پێویستە سەرەتا باوەر بەوە بهێنیت تۆ حەزت بە فریودانی خۆتە، پێتخۆشە هەڵتبخەڵەتێنن درۆت بۆ بکەن، درۆکردن لێرەوە بۆ کوردستان ئاسانترین کارێکە و هیچ تەکنیکێکی پێویست نیە، کاری منیش ئەوە نیە درۆتان بۆ بکەم، بەڵکو دەمەوێت بە ئاگابێنەوە لەو خۆشباوەڕیەی چیتر بە درۆی، شوێنگەی ئێمە لەشانۆی دنیا خۆتان فریوو نەدەن.
کۆی ئەو ڕوانینە بۆ خۆی بریتیە لەقسەکردنی وەهمێک کە شانۆی ئێمەی خواردووە، تیۆرەکان نایەڵن کار بکەین، بەرلەکارکردن دەمانەوێت تازەگەر بین، بەڵام بەڕاست بۆ تازەگەر بین؟ تازەگەری چیە؟ گەر شاکارێکی کلاسیکمان وەک خۆی خسوتە سەر شانۆ ئێمە شانۆکاری کۆنەپەرستین؟ بەلام کە باسی جەستەمان کرد تازەگەرین ؟ بێئاگا لەوەی تازەگەریەکەمان کۆن بووە و کۆنەپەرستیەکەمان گەڕانەوەیە بۆ بنەما ڕاستەقینەکانی شانۆ، ڕەنگە گەنج بوون و ئارەزوی خوێنگەرمیت وات لێبکات بە نائومێدیەوە بڕوانیت لە من، بە ئومێدەوە بڕوانیتە ئەوانەی فریووت دەدەن، بەڵام کاتێک کتێبی شانۆیی بەزمانیتر دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت هەمیشە دەبێت دوو وێنە ببینین، تیۆریستانی شانۆ وەک خۆیان وێنەیەکن و وێنەی دووەمیان وێنە بارگاویکراوەکەی ئێمەیە، کە هیچ پەیوەندیان بە وێنەی یەکەمەوە نیە، بۆیە کاتێک نەتوانین ئاشنای کولتورو زمانەکانیان بین، سەختە بتوانین قسە لەشانۆکانیان بکەین، چۆن دەکرێت من تەنیا کۆرسێکی سەرەتایی زمانیی ئەڵمانیم خوێندووەو سالێک لەوێ ژیاوم ئێستا بێم خۆم بە پسپۆری ئەو شانۆیە بزانم، بەڵام گرفتی مرۆڤگەلێک ئەوەیە خۆی بە پسپۆری کۆ میتۆدی شانۆیی دەزانێت، سەرەنجام هەموو قسەکان لەماوەی پەنجا سالی رابردووی شانۆی ئێمە بریتی بووە لە گرۆتۆڤسکی و پیتەربروک و گۆردن گریک و ئاڕتۆ و … بێ ئەوەی ئەرشیفی ڤیدیۆی شانۆی ئەوان و کتێبەکانیانی بە زمانی سەرەکی خوێندبێتەوە، ناکرێت تۆ کۆبەرهەمی ئارتۆت نەخوێندبێتەوەو بۆ گرۆتۆڤسکی باس لەو هەموو وێرانە وەرگێڕانە عەرەبیەی ناکەم بۆ کتێبی “شانۆی هەژار” کە بەدوای خوێندنەوەی دەستنووسە پۆلەندیەکە ڕووبەرووی دەبیتەوە، بەلام بەبێ دوو کتێبیتری گرۆتۆڤسکی یەکێکیان بەناوی “ئیلهامبەخشیەکانم لەشانۆدا”کە بە دوو بەرگ چاپکراوە، کتێبێکیتریش گفتوگۆیەکی فراوانە لەبارەی جەستە و ئەزموونی شانۆیی کە زبیگنیڤ ئۆشینیسکی لەگەلیدا سازیداوە، لەژێر ناونیشانی “دیدار لەگەڵ گرۆتۆڤسکی” بێیت قسە لەگرۆتۆڤسکی بکەیت، وەک گرۆتۆڤسکی ناس، لەکاتێکدا وێنەکەی تۆ بریتیە لەوێنەیەکی رووکەش بۆ ئەو دەرهێنەرە.
ئەو کورتە وتارە زادەی ئەو وەهمە ترسناکەیە لەرابردوو ئێمە ڕووبەرووی ببوینەوە، لەئێستاشدا بەبەردەوام شانۆکارانێک گەنجانی شانۆی پێدەخەڵەتێنن، بۆیە قسەکردن لەهەندێک دەرەنجام و خەوشەکان کردەیەکی ئەخلاقیە، دەنا لەبنەرەتدا پێویست و چاوەروانی ستایشی کەس نین، من سوپاسگوزارم کە هاتنە دەرەوەم وایکرد لە یۆتۆپیاو وەهمەکان دەربچم، ئەویش زادەی ئەو ساڵانە بوو لە پۆلەندا ژیام، وەک خوێندکار لە خوێندنگای دراماتۆرگی، لەپاڵ کۆرسە بەردەوامەکانی شانۆی زیگمۆند هۆبنەرو فێربونی زمانی پۆلەندی ئەو ئاسۆیەی لەبەردەمم کردەوە کە لەناو نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی شانۆیی هەنگاو بنێم.
نیهاد جامی