
كتێبی كوردی … نه‌ژاد عزیز سورمێ
ئاستی ڕۆشنبیریی ، ته‌كنیكی چاپ ، بازاڕی بڵاوكردنه‌وه ،
جوگرافیای خوێندنه‌وه و پێویستی ڕۆژگار
(1)
(( ئینجا كێ زه‌وقی هه‌یه كتێب بخوێنێته‌وه )) ئه‌مه قسه‌ی گه‌نجێكی چاخی ئه‌نته‌رنێت و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و ئه‌وه‌ی ناوی لێنراوه (ماسمیدیا) یه ..،
هه‌رچه‌نده ناتوانین ئه‌م حاڵه‌ته وێنه‌یه‌كی گشتی بده‌ینێ ، به‌ڵام خاڵیش نییه له ڕاستی ..
زۆر به ساده‌یی وه‌چه‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌شته لاوه‌كیه‌كان ده‌دا ، ئه‌وه‌نده له‌ڕاست شته جه‌وهه‌رییه‌كان كه مانایه‌ك به‌ژیان ده‌ده‌ن گه‌رم نییه .
( كتێب) ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی كه له سه‌ره‌تادا قوڕ بووه و ده‌سنووس ، پاشان (ئینجا به هه‌ر هۆیه‌ك بووبێ ) ورده ورده له پێستی ئاژه‌ڵ و داری خۆشكراو نووسراوه‌ته‌وه تا به‌و حاڵه‌ی ئێستای گه‌یشتووه كه به‌هۆی ته‌كنیكی سه‌رده‌م چاپ ده‌كرێ ، بریتییه له‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێكه‌وه نووساو به قه‌باره و زمان و ڕووپێوێكی دیاریكراو بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تێكی تێدا ده‌خرێته ڕوو به مه‌به‌ستێكی ئه‌بستمی بۆ وه‌چه‌ی ئێستا و هێشتنه‌وه‌ی له زاكیره‌ی مێژوودا بۆ وه‌چه‌كانی ئاینده و پێكهێنانی بزاڤی زانیاری له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌یدا له به‌ره‌یه‌كه‌وه بۆ به‌ره‌یه‌كی تر‌و كه‌ڵه‌كه پێكردنی مه‌عریفه‌ت …
كتێب: ئاوده‌نگێكی دڵسۆزی زه‌مانی ته‌نیایی ، زه‌مانه ئه‌نگوست له چاوه‌كان و ڕۆژگاره غه‌در لێكراوه‌كان .. كتێب هاوڕێ و هاوده‌می ئازادی له سه‌رده‌می كۆیلایه‌تیدا له كه‌ش وهه‌وای نیگه‌رانی له‌ناخی دڵه‌ڕاوكێ و ڕه‌شبینیدا ئومێد و دڵنیاییمان ده‌داتێ ..
تۆ بڵێی دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ته‌كنۆلۆژییه‌ی هۆیه‌كانی پێكگه‌یشتن ، ئه‌ویش سایلی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو كه‌وتبێته به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی..
بڵێی ئه‌و چرایه گه‌شه‌ی شارستانیه‌ت له ناو ژاوه‌ژاوی بێسه‌روبه‌ری سه‌رده‌مدا به‌ره‌و كزبوون و كوژانه‌وه بچێ ؟
ئه‌ی بۆ ئێمه هێشتا كتێبخانه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌مان نییه پشتی لێ بكه‌ینه‌وه و ئاسووده لێی پاڵ كه‌وین.. داخۆ ته‌كلیفمان چی ده‌بێ و چۆن ده‌بێ ، ئه‌گه‌ر له‌و ئاستانه‌ی هیواوه نزیك ببینه‌وه و ( به هه‌ر ئه‌گه‌رێك هه‌یه ) خۆری چه‌ندین ساڵه‌ی ئاوا بوومان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبێته‌وه؟
ئه‌م پرسیارانه و زۆری دیش پێشه‌كی له ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ده‌كرێ له‌وه‌ی ده‌چێته‌وه ناو بازنه‌ی په‌روه‌رده و كلتوورییه‌وه .
(2)
دیاره ئامارێكی باوڕپێكراوی كتێبی كوردیمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه بتوانین چاكی له‌ئاسایی و به‌ره‌ژێرتر جیا بكه‌ینه‌وه و ئاستی ڕۆشنبیری و مه‌عریفی و گرینگ وگرنگتر و گرینگ‌ترینیان دیاری بكه‌ین ، له‌وه‌ی زیاتر كه كاتی خۆی خوالێخۆشبوو مامۆستا مسته‌فا نه‌ریمان چاپی كردووه هه‌روه‌ها ڕهنگڕێژێكی ئه‌و كتێبانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین چاپكراون .
ئه‌م سه‌ر قه‌ڵه‌مه له‌و ئاقارانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ :
پێش ڕاپه‌ڕین كه ده‌وڵه‌تی عیراق ته‌واوی ڕۆشنبیری و كولتووری كوردی خستبووه ژێر ڕكێفی گه‌مارۆی سانسۆره‌وه به‌ڵام دیسان لێره‌و له‌وێ ، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بوو ، به‌تایبه‌تیش به هه‌وڵ و كۆششی نووسه‌رانی كورد و هه‌ندێ له‌و به‌رپرسه كورده حكوومه‌تییانه‌ی كه ویژدانێكیان تێدا مابوو… كتێب بڵاوده‌كرانه‌وه… له‌و سه‌ریشه‌وه خوێنه‌ری كورد هه‌بوو ، جگه له‌وه‌ی ئه‌نگیزه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه دا ، ڕاده‌ی خوێنه‌ری له ئاستێكی به‌رزدا نیشان ده‌دا كهكتێبی كوردی هه‌ڕمێن و بازاڕێكی گه‌رمی هه‌بوو .
ئه‌و كتێبانه‌ی له حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چاپ كراون ئه‌گه‌ر ڕێژه‌به‌ندی بۆ بكه‌ین ره‌نگه 60% ی كتێبی شایان و له جێی خۆیدا بووبن به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی به‌گشتی له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و كولتوور بوون ، چونكه بێگومان ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندار به‌بیروبۆچوون و فیكر و فه‌لسه‌فه و هوشیاركردنهوهوه به كوردی ، له لایه‌ك به هۆی مه‌قه‌ستی سانسۆر له له لایه‌كی دی به هۆی بێ ئیمكانییه‌تی ماددی نووسه‌ری كورد و له هه‌مان كاتدا به‌هه‌ند نه‌گرتنی یا هه‌ندێ جار پێ نه‌وه‌ستانی به‌م جۆره بوارانه ئه‌وسا مومكین نه‌بوو .
(3)
پێش ڕاپه‌ڕین كتێبی كوردی به‌و ڕه‌نگه بوو… پاش ڕاپه‌ڕین و سه‌رده‌می ئازادی كه به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك به‌سه‌رده‌می زێڕین داده‌نرێ له ڕووی( بڵاوكردنه‌وه) ، به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه كاڵا له قه‌د باڵا نه‌بووه و ئه‌وه نه‌بووه پێویستی ڕۆژگار ده‌یسه‌پێنێ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبیش دامه‌زرێنران له بڵاوكراوه‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێ پێ ناچێ به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێت یا هه‌بووبێت كه له‌پێویستی ڕۆژگار و كتێبخانه‌ی هه‌ژاری كوردییه‌وه به‌هره‌گر بووبن.. به‌ڵكۆ زیاتر بێ به‌رنامه‌یی و نزیك و دووری له‌فڵانه نووسه‌ر و فڵانه ده‌زگای پێوه دیاربووه ، جگه له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی سیاسه‌ت… هه‌ر چه‌نده ڕۆڵی هه‌ندێ له‌و ده‌زگایانه نادیده‌ش نه‌بن .
ئه‌وه‌ی بڵاوكراوهتهوهش له ده‌زگا حزبی و حكوومیه‌كان بووه ، لێره‌شدا كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێوه دیار نه‌بووه ، (مه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا ).
ئه‌و كتێبانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین چاپكراون به‌گوێره‌ی ساڵانی حوكمڕانی به‌غدا له‌ڕووی چه‌ندایه‌تیه‌وه كه‌م نین ، به‌ڵام له ڕووی ئه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی كوردی چی پێویسته بۆی بكرێ ناتوانین بڵێین شتێكمان كردووه له كه‌ش و هه‌وای ڕاپه‌ڕین و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی بوه‌شێته‌وه ، به‌تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه تا ئێستاش كه‌لێنن له كتێبخانه‌ی كوردی دا ، به‌نموونه:
كلاسیكیایهتی جیهان له‌وێنه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیات و مێژوو و ئاركیۆلۆژیا و كۆمه‌ڵناسی و سایكۆلۆژیا و زانسته په‌تیه‌كانی دیكه‌ی له وێنه‌ی فیزیا و كیمیا‌و زینده‌وه‌رزانی و ئه‌ندازه‌و ماتماتیك و تاد ..
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر بازاڕیش كتێبی كوردی ئه‌و بازاڕه بهههڕمێنهی نه‌بووه و نه‌ماوه ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ، ته‌نانه‌ت له‌چاو ئه‌وان ڕۆژانه‌شدا ، سه‌رده‌می حوكمی ئه‌وسای به‌غدا ، كه كتێب ڕه‌نگه به ئه‌نگیزه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه بازاڕی په‌یدا كردبوو… دیاره بازاڕیش كه‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به جوغرافیای بڵاو كردنه‌وه هه‌یه… له‌وه‌شدا جوغرافیای بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی كوردی هێشتا له‌چاو خۆی سنوردار و پابه‌ندی چه‌ندین ئه‌گه‌ری سیاسیشه له هه‌مان كاتدا نه‌گه‌یشتووه به‌و ئاسته‌ی قازانجێكی بێ سه‌ر ئێشه‌ی به‌دواوه بێت تا وه‌ك چه‌ندین كاڵای تر به قاچاخی ئه‌و سنوور ئه‌م سنوور ببه‌زێنێ و ڕووبه‌ری بازاڕی فراوانتر بكا (كه ئه‌وه له هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووكهم و زۆر
هه‌بووه ) ئه‌مه‌ش له گرفته له‌پێشینه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێب و ڕۆژنامه‌ی كوردییه كه ئێستاش هه‌ر ماوه .
ئێمه له باسی ئاستی ڕۆشتبیری كتێبی كوردیدا كه پێداویستی سه‌رده‌م سه‌پاندوویه‌تی ، گوتمان كتێبخانه‌ی كوردی له زۆر لایه‌نی گرنگی كولتووری و شارستانیه‌تی دنیادا هه‌ژاره .. لێره‌دا دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌ك بگره چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به وه‌رگێڕان پێویستیه‌كی سه‌رده‌مه، به‌وه‌ی هێشتا بزاڤی وه‌رگێڕان له كولتووری كوردیدا له كۆششی تاكه‌كه‌س تێنه‌په‌ڕیوه كه پێویسته به پێی چه‌ند دامه‌زراوه‌ێكی ڕێكخراو و به‌رنامه بۆ داڕێژراو بێت… به‌تایبه‌تی له ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ كه ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م هه‌موو بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه…
وه‌رگێڕانیش وه‌ك له تاقیكردنه‌وه‌ی میلله‌تاندا ده‌ركه‌وتووه پردێكی به هێزو گرنگه له پێك به‌ستنه‌وه و ئاڵوگۆڕی كولتووری مرۆڤایه‌تی و هۆیه‌كی له پێشیشه له په‌ره‌پێدان و نوێكردنه‌وه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی خودی زمانه‌كه‌مان .
ئێمه پێویستمان به وه‌رگێڕی وا هه‌یه وه‌رگێڕان بكاته پیشه‌ی سه‌ره‌كی خۆی ، پێویستمان به ره‌نگڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی وه‌رگێڕان هه‌یه به ناونیشانێكی له‌وێنه‌ی ( هه‌زار كتێبی وه‌رگێڕدراو) سه‌ره‌تای ده‌سپێك بێت و بایه‌خی تایبه‌تی له‌ڕووی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه به وه‌رگێڕ بدرێ ، ئه‌م ڕه‌وته‌ش ڕێی خۆی وه‌رناگرێ ئه‌گه‌ر كه‌رتی تایبه‌تی به‌شدارییه‌كی جیدی تێدا نه‌كا .
به‌ڵام كه‌رتی تایبه‌تیش له كوردستان به‌داخه‌وه هێشتا نه‌گه‌یشتووه به‌و ئاسته فه‌رهه‌نگییه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئینتیمای نیشتمانیی پاڵی پێوه‌بنێ به‌شداری له پڕۆسه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی له‌و چه‌شنه بكا… كه‌واته دیسان ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كه‌رتی گشتی كه له حكوومه‌تی هه‌رێمدا خۆی ده‌نوێنێ ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هه‌قه حكوومه‌ت ڕێگاچاره‌یه‌ك دابنێ ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كه به‌شێكی گرنگ و مێژوویی له هه‌ستانه‌وه و په‌ره‌پێدانی كولتووری نه‌ته‌وایه‌تیمان پێك دێنێ… دامه‌زراندنی ده‌زگای تایبه‌ت به وه‌رگێڕان بۆ كوردی ، ده‌زگایه‌كی فراوانی باوه‌ڕپێكراو كه ده‌وڵه‌ت پشتیوانییه‌كی جیددی بكا و به مه‌سه‌له‌یه‌كی به بایه‌خ و ستراتیژییه‌وه لێی بڕوانێ .
ده‌زگای له‌م جۆره ڕێگه چاره‌یه‌كیش ده‌بێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی ئه‌گه‌رێكی كارایشه له فه‌راهه‌م كردنی سه‌رچاوه و ژێده‌ری پێویست بۆ قوتابی و خوێندكاران و كارێكی بێ وێنه‌ش له په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌ی زمانه‌كه‌مان ده‌كا ..
گومانی تێدا نیه ئه‌وه‌ی ده‌زگای له‌و چه‌شنه دابمه‌زرێنێ حكوومه‌ت بێ یان كه‌رتی تایبه‌ت له دواڕۆژدا گره‌و ده‌باته‌وه ، به‌وه‌ی پێشكه‌وتن و لهگهڵهاتنهوهی شارستانیه‌ت به‌بێ پرۆژه‌یه‌كی به‌ربڵاو و هه‌مه‌لایه‌نی وه‌رگێڕان شتێكه نزیك له مه‌حاڵ .
له ڕووی هونه‌ری ده‌رهێنانیشه‌وه ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی كتێبخانه‌ی كوردی بده‌ین ته‌ماشا ده‌كه‌ین، هونه‌ری ده‌رهێنان و ته‌كنیكی چاپ به‌هه‌مان ئه‌و هه‌وراز و نشێوانه‌دا تێپه‌ڕیوه ، بواره‌كانی دیكه‌ی كولتووری پێداچووه…
جارێ پێشه‌كی چاپخانه سه‌باره‌ت به زۆر ئه‌گه‌ره‌وه ، له پێشه‌وه‌شیان دواكه‌وتوویی وڵات به‌دره‌نگه‌وه هاتۆته عێراق
وه‌ك (د. خلیل سابات) یش له كتێبه‌كه‌یدا مێژووی چاپ له ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌ب ئاماژه‌ی پێده‌دا بایه‌خ نه‌دانی داگیركاری تورك له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بهكوولتوورهوه هه‌یه و ڕێگاگرتنی له‌هاتنی هه‌موو هه‌وایه‌كی شارستانیه‌تی نوێ …
به‌م پێیه كوردستانیش كه له‌دواییدا به‌شێكی گرنگی به عێراقه‌وه لكێنرا له‌و گه‌مارۆیه كولتووریه بێبه‌ش نه‌بووه ، درێژهیشی كێشا تا به‌رپابوونی بزاڤه یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی كوردستان ، له پێشه‌وه‌شیان شۆڕشی ئهیلوول… له‌م هاتووچوویه و كه‌ین و به‌ینه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌رۆك مه‌به‌ست بووه ئه‌وه‌نده شێوه و ته‌كنیكی چاپ له‌كتێبی كوردیدا مه‌به‌ست نه‌بووه ، مه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌و كتێبانه نه‌بێ كه‌له هه‌نده‌ران له چاپدراون ..
(4)
سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان بۆ كتێبی كوردی ده‌توانین له زۆر لایه‌نه‌وه به ده‌سپێكێك بژمێرین به تایبه‌تیش له ڕووی
چاپ و هونه‌ری چاپكردنه‌وه… چونكه توانای چاپخانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو… كه سه‌ره‌تا پیتڕیزكردن به‌ده‌ست بوو ، چاپیش به‌هۆی ڕێگای پرێس كه هه‌م له چاپدا له‌سه‌رخۆ بوو هه‌م زۆر جار ده‌بووه هۆی دڕاندنی كاغه‌زه‌كه… جگه له‌وه‌ی خێرایی هه‌ڵمشتنی مهرهكهبیشی به‌و ڕاده‌یه نه‌بوو بتوانرێ ده‌ستبه‌جێ بخوێنرێته‌وه ، یاخود له سه‌ریه‌ك كه‌ڵه‌كه بكرێ و لاپه‌ره‌كان یه‌كتر پیس نه‌كه‌ن…
له ڕووی ده‌رهێنانیشه‌وه كتێبی كوردی ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ وێنه و تایپۆگرافیای به‌شێوه‌ی كۆڵینی تێدا به‌كارهاتووه ، به‌ڵام ده‌رهێنانی هونه‌ری تێدا خاكهڕاو هه‌روایی بووه…
به‌رگیش به‌هه‌مان شێوه ، ساده و له ڕووی هونه‌رییه‌وه هه‌ژار بوو ، ئه‌م حاڵه واده‌ڕوا تاوه‌كو سه‌ره‌تای حه‌فتاكان و ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 .. ئه‌گه‌رچی تاك و ته‌را له‌م لاو له‌ولا لهدوادواكانی ساڵانی شه‌ستیش هه‌ندێ كتێب ده‌رچووبن له ڕووی ته‌كنیكی چاپ و هونه‌ری ده‌رهێنان و به‌رگه‌وه ڕووی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بێنه ناو كتێبان ، به‌ڵام له 1970ـه‌وه‌و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامێری چنینی لاینۆ و ئه‌نته‌رتایپ و پاشانیش په‌یدابوونی چاپی ئۆفسێت، ئیتر كتێبی كوردی له ڕووی ته‌كنیكی چاپه‌وه هاته قۆناخێكی تر .
به‌م جۆره له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ڕێگاكانی چاپ كتێبی كوردیش له ڕووی هونه‌ری ده‌رهێنان و ته‌كنیكی چاپ پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆوه دی به‌تایبه‌تیش ئه‌و كتێبانه‌ی له چاپخانه‌كانی به‌غدا له چاپ ده‌دران .
ڕاپه‌ڕینیش وه‌ك وه‌چه‌رخانێك بوو بۆ كتێبی كوردی به تایبه‌تیش له ڕووی هونه‌ری چاپكردنه‌وه…
ئێستا ئه‌و كتێبانه‌ی له كوردستان له‌چاپ ده‌درێن هیچیان كه‌متر نیه چ وه‌ك ده‌رهێنان یاخود چاپ له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبانه‌ی له ده‌زگاكانی هه‌نده‌ران به‌نوێترین ڕیگای كۆمپیوته‌ری چاپ ده‌بن ،
ته‌نانه‌ت ئێستا به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵیین هونه‌ری ده‌رهێنان و چاپی ڕۆژنامه و گۆڤار و كتێبی كوردی له كوردستان له پێشتره له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق .. ئه‌مه‌ش بێگومان به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی كورد هه‌ر وه‌ختێ بواری بۆ بڕه‌خسێ ده‌سته‌وه‌ستان نییه و ده‌توانێ له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه جیهانبینی خۆی هه‌بێ و لاسهنگیهكان ببێنێ و هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌یان بدا و له پارسه‌نگی هاوكێشه‌كان بگات .
(5)
ئه‌مڕۆ كتێبی كوردی به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ران له پێشه‌وه‌شیان به‌هه‌ند نه‌گرتنی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كه له ده‌زگاو دامه‌زراوه به‌رپرسه‌كانی تایبه‌ت به پرۆسه‌یه‌كی ئاوه‌هاوه و كه به ئاشكرا ماكینه‌ی میدیایه‌كی قه‌تیس له بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدای له‌پێشتر گرتووه هه‌روه‌ها كاڵ بوونه‌وه‌ی ده‌وری جارانی نووسه‌رانی كورد له‌و ڕاسته‌دا ( به گه‌لێك هۆوه كه له مووقه‌ڵێشان ون نین ) و ئاماده‌یی به‌رفراوان و به‌ر به‌ڕه‌ڵای ( ئه‌فیونی ماسمیدیا ) له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی بهرههمنههێن و به‌كاربه‌ری وه‌ك هی ئێمه و كورتهێنانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن تا ڕاده‌یه‌كی نكۆلیلێنهكراو و بێسه‌روبه‌ری به‌رنامه و نه‌خشه‌كانی ، كتێبی كوردی داوه‌ته پاشه‌وه و له قاوخێكی تاك ڕه‌هه‌ندیدا گیری كردووه به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی جێی قسه و باسانه یا ژانرێكی دیاریكراوه یاخود ئه‌و كتێبانه‌ن كه ڕووكه‌شن و لانی كه‌می مه‌عریفه و پێویستی سه‌رده‌میان تێدا نییه .. جوگرافیای بڵاوكردنه‌وه‌ش له‌و لاوه بوه‌ستێ ، كه وای لێ هاتووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌ران كتێب به تیراژێكی زۆر كه‌م ( كه ئه‌ویش گرفتێكی دیكه‌یه ) له حسابی خۆیان له چاپ بده‌ن ، بڵاوكردنهوهیشیان له‌سه‌ر خۆیانه و تا ئێستا ده‌زگایه‌كی دابه‌ش كردنی گشتیی ( بۆ هه‌مووان نییه) ، كتێبخانه‌كانیش كه هه‌میشه ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی قازانج و زه‌ره‌ریان له پێش هه‌موو ئیعتوبارێكی دی داناوه ( كه هه‌قی خۆیانه ) ، به‌ڵام سه‌یرایه‌تییه‌كه له‌وه دایه ئه‌گه‌ر كتێبیشت لێ وه‌ر بگرێ ،فلسی ئه‌حمه‌ڕت ناداته‌وه و هه‌ر جاره‌ی به بیانوویه‌ك به عاله‌می ئاشكرا حه‌قت ده‌خوا ( نۆشی گیانیان بێ ) ، هه‌ر بۆیه‌شه كه ئێستا بووه به باو نووسه‌ران كتێبه‌كانیان به خۆڕایی له كۆبوونه‌وه و ئاهه‌نگان دابه‌ش ده‌كه‌ن ، ئه‌وانیش هه‌قی خۆیانه ئه‌دی چی بكه‌ن و چۆنی بگه‌یێننه خوێنده‌واران ، هه‌ر چه‌نده من وه‌كو خۆم لایه‌نگیری ئه‌م به خۆڕایی دابه‌شكردنه نیم .ئا ئه‌مه‌یه حاڵی ئێستای كتێبی كوردی .. تۆ بڵێی هه‌بن بیرێكی لێ بكه‌نه‌وه و
به هه‌ندی بگرن و خه‌مێكی لێ بخۆن ؟؟
———————————————————-
ئاماژه
- دیاره ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته كوردستانی به عیراقه‌وه لكێنراوه ،
چونكه بێگومان هه‌ر پارچه‌یه‌ك تایبه‌تایه‌تی و مێژوو و گرفتی خۆی له‌م ڕووه‌وه هه‌یه . - ئه‌م سه‌ره‌قه‌ڵامانه ساڵی 2005 له ڕۆژنامه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه .