Skip to Content

بیرەوەری جەلاد و ڕاوێژکار … ئاسۆکمال

بیرەوەری جەلاد و ڕاوێژکار … ئاسۆکمال

Closed
by ئه‌یلول 24, 2020 General, Opinion


مەلا بەختیار لە کتێبی “لەبری بیرەوەری”دا دوکارەکتەری یەکێتی زەق کردۆتەوە کە یەکێکیان نەوشیروان مستەفایە وەک جەلادی کۆمۆنیست و نەیارەکانی خۆی ، وە دووەمیان شەخسی مەلا بەختیارە وەک چەپێک وئازادیخوازێکی ناو یەکێتی. بێگومان لە ناساندنی کارەکتەری یەکەمیاندا سەرکەوتوو بوە چونکە نەوشیروان وتە و کردارەکانی لە کاتی ژیانیدا هیچ نەشاردۆتەوە و خۆی شانازی بەو دەوری جەلادیەوە کردوە لە ژێر ناوی شۆڕشدا. بەڵام مەلا بەختیار لە ناساندنی کارەکتەری خۆیدا مێژووی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ئاڵای شۆڕشی بەکارهێناوە بۆ داپۆشینی دەورێکی ڕاستەقینە کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداری یەکێتیدا ئەو وەک ڕاوێژکارێکی جەلادەکان دەوری گێڕاوە.
ئێمە، خەسرەو سایە و من، لە نامیلکەیەکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک مەلا بەختیار بانگەوازی گەڕانەوەی چەپەکانی دەکرد تا لەگەڵیدا بچنە ناو یەکێتی نیشتمانیەوە، پێمان وت کە تۆ جگە لە بونە ڕاویژکارێکی تاڵەبانی و حزبە سەرکوتگەرەکەی هیچی تر ناکەیت.
کارەکتەرەکان و کارەکانیان هەرچەند گرنگ بن لە ناساندنی مێژوودا بەڵام ئەوە خەباتی چینەکان و ململانێ سیاسیەکانیانە کە پێناسی دەور و جێگەی تاکەکان دەکا. دەوری ئەم کارەکتەرانەی یەکێتی دەبێ لە جەرگەی ئەو خەباتە چینایەتیەی کوردستان و دەوری یەکێتی نیشتمانی لەوێدا دیاری بکرێ.
کۆمۆنیزم لە کوردستان وەک بەشێک لە سیستمی سەرمایەداری جیهانی، وە وەک باقی شوێنەکانی تری جیهان، لە ژێرکاریگەری سۆڤیەت و چیندا گروپە سیاسی و ڕۆشنبیریەکانی شیوعی و ماوی تیایدا دەرکەوتن. کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستانیش وەک بەشێک لەم واقعیەتە پێکهات لە هێزی ڕادیکال و کۆمۆنیستی ڕۆشنبیران و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دژی حکومەتی بەعس و ناکۆک بە دەسەڵاتی عەشیرەتی و بنەماڵەیەیی بارزانی و دژی ڕێبازی ٦٦ی جەلالی و هاوکات ڕەخنەگر لە دۆستایەتی و بەرەی حزبی شیوعی لەگەڵ بەعس و پاشکۆیەتی بۆ سۆڤیەت بوون.
بەڵگەکانی ئەم نوسەرە باسی چۆنیەتی زاڵبوونی باڵی جەلالی و نەوشیروان دەکا بەسەر کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا و سوود وەرگرتنی ئەم سەرکردە ناسیونالیستی و بورژوایانەی لەم هێزە ڕادیکاڵەی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی دەکا. بێگومان بەرنامەی بەرەی ناسیونالسیتی و پۆپۆلیستی کۆمەڵە بوە زەمینەی ئەوەی بورژوازی کورد بتوانێ کە ئەم هێزە نوێی یە شۆڕشگێڕە بخاتە ناو چوارچیوەی حزبێکی بورژوازی ناسیونالیستی خۆیەوە لە ڕێگەی پاکتاوکردن و زیندانی کردن و سەرکوتکردنەکانەوە.
لە کاتێکدا شۆڕشی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی سازمانی کوردستانی ئەو حزبە لەسەرەتای هەشتاکانەوە کاریگەریان لەسەر چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستانی عێراق دانا جیابونەوەی زۆربەی کۆمۆنیستەکان لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ڕویدا و گروپە کۆمۆنیستیە جۆراوجۆرەکان دروست بوون. ئەم واقعیەتە کاریگەری لەسەر کەسانی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵی شاخ و پێشمەرگایەتی ناو یەکێتیدا دانا و “ئاڵای شۆڕش”یش لە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەدا دروست بوو . خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی شارەکانی سلێمانی و کەرکوک و هەولێردا کۆمۆنیستەکان وەک کەسانی چالاک دەرکەوتن لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤دا، پەردە لەسەر ڕووی سیاسەتی سەرکردایەتی بورژوازی کورد زیاتر هەڵماڵرا بەتایبەت لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی خەریکی گفتوگۆبوو لەگەڵ بەعس. یەکێتی نیشتمانی لەو کاتەوە دژ بەم کۆمۆنیزمە تاقم و تفەنگی بەست بوو و هەرچیەک بۆنی ئەم کۆمۆنیزمە و ئۆپۆزسیۆن بوونی دەسەڵاتەکەی لێ بهاتایە بێ ئەملا و ئەولا و بێ سڵەمینەوە سەرکوتی دەکرد. ئەوەی لە شاخ بە “ئاڵای شۆڕش” ی کرد لە شاریش بە شوراکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کرد.
بەڵام مەلا بەختیار، کە جگە لەم خەمخۆریە بۆ پۆست لە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری کوردیدا هیچ ئامانجێکی تری نیە، ئەو لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ەوە کەوتە هەڵپە بۆ وەرگرتنی پۆستێک وەک ڕاویژکارێکی تاڵەبانی. ئەو ئەمڕۆش کە گلەیی و ڕەخنەکانی دەبیستین جگە لە نیگەرانی لە پۆستە خانەنشینیەی “ئەنجومەنی باڵای سیاسی” هیچی تری مەبەست نیە. ئەوسا و ئێستاش ڕەخنە و کێشەکانی هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی وماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان ، وە یاخود بەو مێژووەوە نیە کە چەپ و کۆمۆنیزم لە کۆمەڵەی مارکسی – لینینی یەوە تا ئێستا هەیبوە.
لەم ٣٠ ساڵەدا ئەم کارەکتەرە کە بوەتەوە بە ڕاوێژکاری تاڵەبانی و کارگێڕی یەکێتی بوە بوەتە بەشێک لەو دەسەڵاتەی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان دەڕوتێنێتەوە و دەچەوسێنێتەوە و ئیتر هیچ ئیدعایەکی کۆنی ئەم کەسە تاوانی ئەم ٣٠ ساڵەی سەرکوت و شەڕ و کۆنەپەرستیە داناپۆشێ.
کاردانەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەرامبەر بە مێژووی تاوانەکانی سەرکردەکەیان جێگای سەرسوڕمان نیە چونکە میراتگری کەلتووری پیرۆزکردنی تاوانکاریە بەرامبەر بە ئازادی سیاسی ڕوو بە نەیارەکانی و هەر ئەمەش کردویەتیە دەستە خوشکی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی.
ڕاستیەکانی مێژووی خەباتی خەڵکی زەحمەتکێش وئازادیخوازی کوردستان لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا پێویستە لە بیرەوەری ئەو کەسانەدا بەدوایدا بگەڕێین کە دوورن لەوەی دەوری جەلاد و ڕاویژکارەکانی دەسەڵاتی کوردایەتیان بینیبێت. ئەم مێژوو و بیرەوەریە شۆڕشگێڕانانە پێویستە لە لایەن شۆڕشگێڕانی خەباتی چینایەتی دژی دەسەڵاتی حزبە سەرمایەدارەکانی کوردستانەوە بنوسرێتەوە تاببێتە هوشیاریەکی زیندووی هەڵسوڕاوان و خەباتکارانی ئازادی و یەکسانی لە کوردستاندا.

ئاسۆکمال

Previous
Next
Kurdish