شیعر له په‌راوێزی كتێبی ڕاوه مه‌حاڵدا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
شیعر چییه؟ یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی به درێژایی مێژوو، وه‌ڵامێكی لۆژیكی و بابه‌تی و ماناداری نییه. به‌و پێیه‌ی هه‌میشه شیعر وه‌ك ژانرێك له ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌كردن ده‌بینرێت. ته‌نانه‌ت خودی شاعیرانیش له ئه‌زموونی شیعرییانه‌ی خۆیاندا، هه‌میشه خۆیان له‌و پرسیاره ده‌بوێرن. ژان كۆكتۆی شاعیر و هونه‌رمه‌ندی ئینگلیز، دوای ساڵانێك له نووسینی شیعر دواجار گوتی:( شیعر پێداویستییه‌كه خۆزگه ده‌مزانی بۆ) گه‌لێك جار پێناسه‌ی په‌خشان ئامێز و ڕازانه‌وه‌ی زمانه‌وانی بۆ شیعر و دنیای شیعر ده‌كرێت، كه هه‌ندێك به ئیلهام و هه‌ندێك به ڕامان و دیتن و به‌ركه‌وتن و كاریگه‌ریه‌تی سۆز و خه‌یاڵ و گه‌لێك ناونیشانی دیكه‌ش ده‌یناسێنن. به‌ڵام دواجار شیعر له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره پێناسه‌یه‌كه. نووسه‌ری كتێبی (ڕاوه مه‌حاڵ) یش، هه‌وڵده‌دات پێناسه‌یه‌ك بۆ شیعر دابتاشێت، له كاتێكدا شیعر ناچێته نێو چوارچێوه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌كه‌وه، به تایبه‌تیش ئه‌و پێناسه ساده و بێ مانایانه‌ی ئه‌و بۆ شیعر له‌و كتێبه‌دا كردوونی. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه، له چه‌ند وتارێك پێكهاتووه له باره‌ی ڕاڤه‌كردنی شیعر و هه‌وڵدان بۆ پێناسه‌كردنی و دواتریش باسكردن له شیعری هاوچه‌رخ و دنیابینی شاعیران به گشتی. به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌كرێ بڵێین، زمانی دوان له شیعر له‌و كتێبه‌دا، زمانێكی هێنده ساده و نا لۆژیكی و نا هونه‌ری و نا بابه‌تییه، كه خوێنه‌ر سه‌یری پێ دێت ئه‌م جۆره پێناسانه بۆ شیعر بكرێن كه تا ئێستاش نه‌توانراوه شیعر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه پێناسه بكرێت. كه‌چی نووسه‌ری كتێبه‌كه، به هه‌ندێك ده‌ربڕینی نامۆ و گوازرشتی نا ئه‌ده‌بییه‌وه، ده‌یه‌وێت شیعر پێناسه بكات.
بۆ نموونه ده‌نووسێت:(شاعیر ده‌بێ كێردێكی تیژ تیژ بێ ڕه‌حمانه به ناو زامی مرۆڤدا بگێڕێت و توێ توێ خوێی پێوه بكات، ئه‌مه شیعرییه‌تی ڕاسته‌قینه به شیعری كوردی ده‌به‌خشێ و بێ باكانه به ئه‌فسانه‌ی ده‌سپێرێ و ده‌ق له خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵیش ده‌پارێزێت. لا58) ئه‌م جۆره وه‌سفانه‌ی شیعر، له دنیای شیعری ئه‌مڕۆدا جێگه‌یان نابێته‌وه. ئه‌م جۆره ناساندنه، له‌وه ده‌چێت كه چۆن شێفێك خه‌ڵكی فێری به چێژترین و خۆشترین چێژ لێنان ده‌كات. مانای چییه شاعیر كێردی تیژی پێ بێت، ئایا شاعیر گۆشتفرۆشه؟ ئێمه ده‌زانین مه‌به‌ستی له زمان و گوتاری شیعرییانه‌ی شاعیره، به‌ڵام ئایا به‌م جۆره پێناسه نامۆ و كۆمێدییانه، وه‌سفی شاعیر ده‌كرێت؟ وتاره‌كانی ئه‌م كتێبه، هێنده‌ی له وتاری ڕۆژ و ڕاگوزه‌ر و دیدی ڕۆژنامه‌نووسێكی بێ ئه‌زموون ده‌چن، هێنده به‌رهه‌می دنیابینی نووسه‌رێك نییه، كه ته‌مه‌نێكی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب بردبێته سه‌ر.
ئه‌م جۆره ڕوانینه بۆ شیعر، به بڕوای من به پله‌ی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه نووسه‌ری كتێبه‌كه چیڕۆكنووسه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به دنیای شیعره‌وه نییه. كه‌سێكیش له بوارێك شاره‌زایی نه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه ناساندن و پێناسه‌كردنیشی ڕه‌نگداه‌وه‌ی ئه‌و ناشاره‌زاییه ده‌بێت. ئه‌مه به‌و مانایه نییا كه نه‌توانێت له شیعر بدوێت، به پێچه‌وانه‌وه، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ناكرێت به‌و شێوه‌یه له شیعر بڕوانێت كه تیایدا هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی شیعر له چه‌ند دیدگایه‌كی ساده و بێ ئه‌رزش كۆده‌كاته‌وه. وتاره‌كان جگه له‌وه‌ی هیچ ڕایه‌ڵێكی بابه‌تی به یه‌كه‌وه‌یان نا به‌ستێته‌وه، هاوكات له‌گه‌لێك شوێنی كتێبه‌كه‌ش دووباره ده‌بنه‌وه. بێگومان ڕاڤه‌كردنی شیعر به كۆی گشتی و به بێ له به‌رچاوگرتنی قۆناغ و مێژووی شیعریی، ڕاڤه‌كردنێكی نا ته‌واو ده‌بێت. ئه‌زموونی شیعریی، به‌رمه‌بنای سه‌رده‌م و قۆناعێكی دیاریكراوه و دواتر ئه‌زموونی دیكه دێنه ئاراوه. ئه‌م هه‌مه چه‌شنییه له ئه‌زموونی شیعریدا، پێویستی به ڕوانگه‌ی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌بێت. كه چی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه، هه‌وڵده‌دات ئه‌زموونی شیعری به كۆی فۆڕم و دنیابینی جیاوازه‌وه، بخاته نێو یه‌ك شوناس و پێناسه‌وه. ئه‌م پێناسه و ناساندنه‌ی نووسه‌ر بۆ دنیای شیعر و نوێخوازی شیعر و گه‌لێك چه‌مكی دیكه‌ی ده‌كات، له دنیای شیعردا نه باوی ماوه، نه گوزارشتكردنێكی بابه‌تی و لۆژیكیانه‌شه بۆ شیعر. بۆ نموونه نووسه‌ر له باره‌ی شاعیری گه‌وره و شاعیری بچووك ده‌نووسێت:(جیاوازی شاعیری گه‌وره و بچووك ئه‌وه‌یه، كه بچووك كاتێ گوزارشت ده‌كات ته‌نیا گوزارشت له خۆی ده‌كات، به‌ڵام گه‌وره كه گوزارشت ده‌كات ئه‌وا گوزارشت له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كه‌ی ده‌كات.لا13) له ڕاستیدا، ده‌سته‌واژه‌ی شاعیری گه‌وره و شاعیری بچووك له دنیای ئه‌ده‌بدا، پۆلێنكردنێكی نا لۆژییكی و نا شیعرییه، نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك شاعیری گه‌وره و هه‌ڵكه‌وتووی نه‌بێت وه‌ك (شێركۆ بێكه‌س له كورد و ده‌روێش له عه‌ره‌به‌كان) به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه نووسه‌ری ئه‌و كتێبه دیاریكردوه بۆ لێك جیاكردنه‌وه‌ی شاعیری گه‌وره و بچووك. هه‌تا ئێستا، تێڕوانینی هێنده نامۆ و سه‌یرم بۆ شیعری كوردی، له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌دا نه‌بینیوه. چونكه شاعیری گه‌وره و بچووك به‌وه له یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ئه‌زموونی شیعری كوردی به گشتی، ده‌بێته ئه‌زموونێكی خودگه‌رایی و تاكه‌كه‌سی و چیتر بابه‌تی نابێت. ئه‌گه‌ر له ڕابردووی شیعری كوردیدا، چه‌مكه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، به‌رگریی و ئازادی و گوزارشتكردن له تراژیدیای نه‌ته‌وه‌یی، ڕووبه‌ری شیعری كوردی پێك بهێنن، ئه‌وا له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌و گوتاره له شیعری كوردی نامێنێت. ته‌نانه‌ت (شێركۆ بێكه‌س) كه به هه‌ڵگری ڕوحی تراژیدی و مێژووی برینداری كورد له شیعری كوردیدا ده‌ناسرێت، دنیابینی له ده‌قی (ئێستا كچێك نیشتمانمه) به ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه بێت، ده‌بێ شێركۆ بێكه‌س له لوتكه‌ی شیعری كوردییه‌وه دابه‌زیبێته بنار، چونكه چیتر گوزارشت له سه‌رده‌مه‌كه و واقیعی گشتی ناكات. ئایا ئه‌مه ڕوانینێكی بابه‌تییه بۆ شاعیری گه‌وره و بچووك؟ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ی حه‌مه كه‌ریم عارف، بڕوانینه شاعیری گه‌وره و بچووك، ئه‌وا له ئێستادا یه‌ك شاعیرمان نییه گه‌وره بێت و هه‌موویان بچووكن. چونكه هیچ شاعیرێك نییه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌زموونێكی خودگه‌رایی له شیعردا به‌رجه‌سته نه‌كات. شیعری ئێستا كه به شیعری سه‌رده‌می مۆدێرنه ده‌ناسرێت، به جۆرێك ساده و خودی بۆته‌وه، كه شاعیرانێك ئه‌زموونه زۆر تایبه‌تی و كه‌سی و بگره قسه ڕۆژانه‌ییه‌كانی ژیانی خۆشیان ده‌كه‌نه شیعر. ئیدی كه شاعیرێك له بابه‌ت و واقیعه گشتییه‌كه دابڕا، مانای وانییه شاعیرێكی بچووكه. بۆ نموونه: كه‌س ده‌توانێ به سه‌باح ڕه‌نجده‌ر بڵێت شاعیرێكی بچووك چونكه ئه‌زموونی شیعری تا ئه‌وپه‌ڕی كه‌سی و خودی و تایبه‌تییه؟ له كاتێكدا ئێستا یه‌كێكه له ده‌نگه جیاواز و تایبه‌تییه‌كانی شیعر؟ بۆیه ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ شاعیری گه‌وره و بچووك، ته‌نها لای نووسه‌ری ئه‌م كتێبه بوونی هه‌یه و له دنیای شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا، خه‌وشێكی گه‌وره‌یه به‌م شێوه‌یه ئه‌زموونی شاعیران ڕاڤه بكرێت.
له باره‌ی نوێخوازی شیعرییه‌وه، كه بێگومان نوێخوازی به ته‌نها لایه‌نێكی هونه‌ری شیعر ناگرێته‌وه، به‌ڵكو هیچ نوێكارییه‌ك نییه له شیعردا ئه‌گه‌ر زمان و دنیابینی و فۆڕمی شیعری نوێ نه‌بێت، نووسه‌ری ئه‌م كتێبه ده‌نووسێت: (نوێخوازی نه‌یاری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه، جا شاعیری نوێخواز له سایه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سه‌ركوتكاریدا ناتوانێ ئه‌م ڕه‌فز و ڕه‌فزكارییه‌ی خۆی به ئاشكرا ده‌رببرێت و دژایه‌تی خۆی بۆ ده‌سه‌ڵات به ڕاشكاوی ده‌رببرێت.لا23 ) له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ئاراسته‌یه‌ك هاتۆته نێو ڕه‌خنه به گشتی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه ڕه‌خنه‌كردنی هه‌موو كایه‌یه‌كی ژیان ده‌به‌ستنه‌وه به سیاسه‌ت، سیاسه‌تیش له حزبایه‌تی كورت ده‌كه‌نه‌وه، حزبایه‌تیش له پارتی و یه‌كێتی ده‌بینن. ئه‌م ئاراسته‌یه كه به داخه‌وه ڕه‌هه‌ندییه‌كان داهێنه‌ری بوون، به جۆرێك له ڕه‌خنه ده‌ڕوانێ، كه هه‌موو ڕه‌خنه‌گرتنێك دواجار ده‌بێ به ڕه‌خنه‌كردن و سه‌رزه‌نشتكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كۆتایی بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ش كه‌وتۆته ژێر هه‌مان ڕوانین و هه‌مان هه‌ڵه كه سێ ده‌یه‌یه كاوێژ ده‌كرێته‌وه. به‌ڵام با پرسین نوێخوازی ته‌نها له دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدایه؟ ئایا گۆران كه شیعری كوردی نوێكرده‌وه، دژایه‌تی كام ده‌سه‌ڵاتی كرد؟ ته‌نانه‌ت ده‌یان شیعری بۆ چه‌پ و شیوعی و شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز نه‌نووسی؟ له ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، ده‌یان شاعیر هه‌ن كه دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتییان كرد، به‌ڵام نوێخوازو نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعر نین؟ به پێچه‌وانه‌وه‌ش چه‌ندین شاعیر له سه‌ر ئاستی دنیادا شاعیری نوێخوازبوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕژێمی فاشی و نازی دابوون. گوتاری شیعری كوردی له دوای هه‌ره‌سی شۆڕشه‌وه تاكو ڕاپه‌ڕین، گوتارێكی به‌رگریكارانه و ئه‌وپه‌ڕی دژایه‌تییه بۆ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام چه‌ند شاعیری نوێخواز له‌و سه‌رده‌مه ده‌ركه‌وتن؟ ئه‌گه‌ر نوێخوازی له شیعردا ببه‌ستینه‌وه به دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هه‌موو شاعیرانی كورد نوێخوازن. چونكه تیایاندا نییه شیعری له دژی ده‌سه‌ڵات و له پێناو ئازادی نه‌نووسیبێت.
ئه‌گه‌ر نوێخوزای ببه‌ستینه‌وه به ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه له دنیادا هێنده‌ی كورد شاعیری نوێخوازی هه‌بێت. هه‌ر له درێژه‌ی باسه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌دا، ئه‌مجاره‌یان نووسه‌ر ڕایه‌كی سه‌یرتر له‌وانی پێشووی ده‌رده‌بڕێت و ده‌نووسێت:(شیعر دیارده‌یه‌كی ڕوحییه تا دیارده‌یه‌كی ئه‌قڵانی بێت. لا 33) به‌ڵام ئایا شیعر په‌یوه‌ندی به ئه‌قڵه‌وه نییه؟ مه‌گه‌ر شیعر وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی شاعیر نییه و ئه‌و دنیابینیه‌ش به‌شێك نییه له هزر و ڕوانینی ئه‌قڵییانه‌ی مرۆڤ بۆ ژیان و ده‌وروبه‌رو ژینگه‌ی سرووشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییانه‌ی مرۆڤ به گشتی؟ شیعر چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ڕوحه‌وه هه‌یه؟ گریمان ئه‌گه‌ر شاعیر له خرۆشانێكی گه‌وره‌ی ڕوحی وده‌روونی و سۆزیش دابێت، ئه‌م هه‌ڵومه‌رجه سایكۆلۆژییه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر بیركردنه‌وه و دنیابینی دانانێت و سه‌ره‌نجام ئه‌م دنیابینییه له ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه. نه‌ك شیعر، هه‌موو تێكستێك، به‌رمه‌مبنای به‌ركه‌وتنی هزری مرۆڤه به ژیان و ده‌وروبه‌ر. شیعر به‌رهه‌می هزره، به‌رهه‌می دنیابینی و تێگه‌یشتنی تایبه‌تییانه‌ی شاعیره بۆ ڕووداوه‌كان نه‌ك دیارده‌یه‌كی ڕوحی بێت. ئه‌گه‌ر به ڕوحگه‌ریه‌تی بڕوانینه نووسینی شیعر، ئه‌وا سۆفییزمه‌كان هه‌موویان شاعیر ده‌بوون.
نووسه‌ر هه‌رله باره‌ی شیعره‌وه ده‌نووسێت:(مه‌به‌ستی شیعری تازه ئه‌وه‌یه كه بگاته دیتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته دیتن، بیستنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته بیستن، گوتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته گوتن، گرتنی ئه‌وانه‌ی نایه‌ته گرتن، بۆنكردنی ئه‌وه‌ی نایه‌ته بۆنكردن، فه‌تحی نادیاره‌كان. لا 73) كورتكردنه‌وه‌ی شیعری تازه و نوێ، به‌و هه‌موو ڕه‌گه‌زه هونه‌ریی و پێكهاته هونه‌رییه‌ی بینای هونه‌ری ده‌قه‌وه، له‌و قسه سه‌یر و سه‌مه‌رانه، خۆی له خۆیدا بێ ئاگایه له شیعر به گشتی و شیعری نوێش به تایبه‌تی. چ جای ئه‌وه‌ی نووسه‌ر پێناسه‌ی شیعری نوێ بكات. ئه‌م ده‌ربڕینانه، له كوێدا له گه‌ڵ ڕه‌وتی نوێخوازانه‌ی شیعر یه‌كده‌گرنه‌وه؟ دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، كه ئه‌گه‌ر چی نووسه‌ر له سه‌ر به‌رگی پێشه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی نووسیویه‌تی:_( چه‌ند په‌یفێك ده‌رباره‌ی شیعر‌و شاعیری) به‌ڵام له نێو كتێبه‌كه‌دا، ته‌نها سه‌د لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخانه بۆ شیعر، سه‌د و سی لاپه‌ڕه‌كه‌ی تری، تایبه‌ت كردووه به‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراون و ئاخنیویه‌ته كتێبه‌كه‌ی. به‌مه‌ش خوێنه‌ر چه‌واشه ده‌كات و فریوی ده‌دا. چونكه كه ناونیشانی كتێبه‌كه ده‌بینێت، وا ده‌زانێت هه‌مووی له باره‌ی شیعره، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه‌یه. هیوادارم نووسه‌رانی ئێمه، واز له‌و نه‌ریته خراپه بێنن، كه بیانه‌وێت به به‌ردێك چه‌ند چێشتكه‌یه‌ك بپێكن. چونكه بۆ ناوبانگی خۆیان باش نییه.
*په‌راوێز: ناوی كتێب: ڕاوه مه‌حاڵ، نووسینی: حه‌مه‌كه‌ریم عارف، بڵاوكراوه‌ی: سه‌نته‌ری سارا، سلێمانی_ 2020
*له ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره (1162) ڕۆژی 28/1/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.