ئه‌ده‌بی پۆلیسیی چییە ( کریمیناڵ).. ئەردەڵان عەبدوڵڵا
وتەیەک
ئەمڕۆ لە تەواوی جیهاندا ئەدەبی پۆلیسی بەتایبەتی رۆمان، زۆر برەوی هەیە و لەناو جۆرەکانی تری رۆمان‌دا، رۆمانی پۆلیسی لە هەموویان زیاتر خوێنەری هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرئاوادا تەنانەت فیلم و درامای پۆلیسیش زۆر رەواجی هەیە. لە لایەکی ترەوە ژنە نووسەری بەریتانیا ئاگاتا کریستی کە بە دایکی رۆمانی پۆلیسی ناسراوە، لەپاش کتێبی ئینجیل و کارەکانی شکسپیر، پڕ فرۆشترین کتێبی هەیە لە جیهاندا، هەتاوەکو ئێستا نزیکەی 2 ملیار نوسخە لە کتێبەکانی فرۆشراوە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئەم ئەدەبە لە جیهاندا برەوی زیاتر دەبێت و کاریگەری گەورەش بەسەر فیلم و درامای جیهانی داناوە.
ئێمە لەم دۆسێیە تایبەتەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر ئەم ژانرە گرنگەی ئەدەب و باس لە مێژووی سەرهەڵدان و بنەماکانی و جۆرەکانی، هەروەها تیشکێکی خێراش دەخەینە سەر ژیان و بەرهەمەکانی ژنە نووسەری بەریتانی ئاگاتا کریستی و کاریگەری بەسەر ئەم ئەدەبەوە دەخەینە روو. لە کۆتایشدا باس لەوە دەکەین کە بۆچی لەناو ئەدەبی کوردی‌دا ئەدەبی پۆلیسی گرنگی پێ نەدراوە. بەو هیوایەی لە رێگەی ئەم دۆسێیە تایبەتەوە، تیشک بخەینە سەر ئەم جۆرە جوانەی ئەدەب کە ئێستا گەشەی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.
سەرەتا
به‌دڵنیایه‌وه کاتێک باسی تاوان و تاوانکاران ده‌کرێت، هه‌موومان دژیان ده‌وه‌ستینه‌وه، یان قێزمان له کاره‌کانیان ده‌بێته‌وه. زۆرجاریش دێوه‌زمه‌ی ترس کاریگه‌ری زۆری بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان هه‌یه. ترس له تاوانکاران و کاره‌کانیان وامان لێده‌کات که هیچ کاتێک خۆمان له قه‌ره‌ی جیهانی تاوان نه‌ده‌ین. بەڵام ئه‌ده‌ب ده‌رباره‌ی ئەم جیهانە ترسناک و ناشیرینەی تاوان، بۆچوونێکی تری هه‌یه. ئه‌ده‌ب وه‌کو رۆژێکی پرشنگداره، تیشکه‌کانی ده‌چێته ناو تاریکترین شوێنی ژیانه‌وه. ئه‌وه تیشکی ئه‌ده‌به، ترسه‌کانمان له جیهانی تاوان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه و دە‌یشکێنێت. ئه‌ده‌ب به زمانێکی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاوان دا ده‌کات. هه‌ر ئه‌ویشه پێمان ده‌ڵێت، که دەکرێت سوود لەم جیهانە ترسناکە وەربگیرێت و بە زمانێکی ئەدەبی باسی تاوانکاران بکەین نەک بۆ ترس خستنە ناو دڵی خەڵکییەوە، بەڵکو بۆ ئاشنابوون لەو فرتوفێڵ و شێوازە ناشیرینانەی کە ئەوان لەتاوانەکانیاندا بەکاریدەهێنن.
ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بی پۆلیسی (کریمیناڵ) یه‌کێکه له به‌شه گرنگه‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانی، کاتێک گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا و که‌مێک به‌سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانیدا زاڵ بووم پێم سه‌یربوو، خه‌ڵکانێکی زۆر خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی پۆلیسی بوون. رۆمانی پۆلیسی له هه‌موو جۆره‌کانی تری رۆمان، ره‌واجی زیاتر بوو.
دیارە نەک لە ئەڵمانیا لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکاشدا، ئەم ژانرەی ئەدەب، برەویی زۆرە. دیاره ئه‌مه‌ش چه‌ندین هۆکاری خۆی هه‌یه. به‌داخه‌وه هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش، ئێمه‌ی کورد له‌م به‌شه گرنگ و خۆشه‌ی ئه‌ده‌ب بێ به‌شین، تا ئه‌مڕۆش لەم بوارەدا کتێبخانەی کوردی زۆر هەژارە، که ئه‌ویش هۆکاری خۆی هه‌یه، له‌دواییدا باسی لێوه ده‌که‌م.
من هەوڵدەدەم لەم وتارەدا باسی مێژووی سەرهەڵدانی ئەم ئەدەبە و بنەما و مەرجە سەرەکییەکانی و جۆرەکانی بکەم و هۆکاری پێشکەوتنی لە خۆرئاوادا دەردەخەم، لەکۆتایشدا هەوڵدەدەم هۆکاری لاوازی ئەدەبی کوردی لەمبارەیەوە بخەمەڕوو.
سه‌ره‌تای ئاشنابوونم به رۆمانی پۆلیسی
کاتێک گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا، زنجیره‌یه‌کی ته‌لەفزیۆنی هه‌بوو، به‌ناوی (کۆمیسار کۆلۆمبوس). که له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ری ناسراوی ئه‌مه‌ریکی Peter Michael Falk پیتەر میشایل فالک رۆڵی کۆمیسار کۆڵۆمبۆسی دەبینی. ئه‌و کۆمیساره به‌شێوازێکی ئێجگار تایبه‌ت و سه‌رنجڕاکێش به‌دوای تاوانباراندا ده‌گه‌ڕا. ئه‌مه‌ش وای لێکردم که خوولیای رۆمانی پۆلیسی بم. یه‌که‌مین رۆمانیش که ئاشنای ده‌ریای ئه‌ده‌بی پۆلیسی کردم، رۆمانێکی نووسه‌ری مه‌زنی ئینگلیزی ئاگاتا کریستی بوو، به‌ناوی:(Der Tod auf dem Nil مردن له‌سه‌ر نیل).
به راستی ئه‌م رۆمانه چێژێکی ئێجگار زۆری ئه‌ده‌بی هه‌بوو لام. ئاگاتا کرسیتی خاوه‌نی چه‌ندین رۆمانی پۆلیسیه. به‌شێکی زۆریشیان کراون به فیلم. ئه‌م رۆمانه‌ی ئاگاتا کرسیتی، باسی تاوانی کوشتنی ژنێک ده‌کات، له‌سه‌ر یه‌کێک له که‌شتیه‌کان له‌سه‌ر رووباری نیل. بەڵام ئه‌و به‌شێوازێکی ئێجگار تایبه‌ت، به‌ناخی تاوانباران و کۆمه‌ڵگەی ئینگلیزی‌دا ده‌ڕوات. ده‌توانم بڵێم ئه‌م رۆمانه بوو به به‌له‌مێک و به‌ره‌و ده‌ریای ئه‌ده‌بی پۆلیسی بردم. پاش ئه‌م رۆمانه نووسه‌ری مه‌زنی سوێدی هۆکان نه‌سرHakan Nesser نووسه‌ری ئیتاڵی Gianrico Carofiglio یم ناسی. دیاره ئه‌مان خاوه‌نی شێوازی تایبه‌تی خۆیانن که زۆر جیاوازه له شێوازی نووسینی ئاگاتا کرسیتی. له دواییدا باسی لێوه ده‌که‌م، هەموو ئەمانە بوونە سەرەتایەک بۆ ئەوەی بەدوای ئەم ژانرە جوانەی ئەدەبدا بگەڕێم. بەڵام با سەرەتا بزانین رۆمانی پۆلیسی مانای چییە و چۆنە؟.
رۆمانی پۆلیسی چییه؟
رۆمانی پۆلیسی ئه‌و جۆرە رۆمانەیە، که زیاتر گرنگی به مه‌سه‌له‌ی تاوان و تاوانکاران ده‌دات، هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ئەدەبی جوان، باسی تاوانێک بکات و بۆ خوێنەری دەگەڕێتەوەو لە کۆتایشدا بکوژەکە یان تاوانباراکە ئاشكرا دەکات و دەدرێتە دادگا.
له‌م جۆره رۆمانەدا باسی روودانی تاوانێک ده‌کرێت، له رێگەی (ئه‌فسه‌ری پشکنه‌ر، دیده‌کتیڤ، کۆمیسارێکه‌وه) هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و گرتنی تاوانباره‌که ده‌دات.
لەمبارەیەوە رۆمانووسی ئه‌ڵمانی Veit Heinichen ده‌ڵێت: (رۆمانی پۆلیسی بریتییه له چیرۆکێکی فه‌نتازی، که به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی، هه‌وڵده‌دات کۆمه‌ڵگەکەمان پێ بناسێنێت. له‌هه‌مانکاتیشدا، باسی چه‌ند گۆشه‌یه‌کی تاریکی ناو کۆمه‌ڵگە ده‌کات، که ئێمه نایناسین).
سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی
له‌بارەی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی رۆمانی پۆلیسی، کۆمه‌ڵێک راوبۆچوونی جیاواز هه‌یه. هه‌ندێک پێیان وایه سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ درامانووسی گه‌وره‌ی یۆنانی Sophokles. که له ساڵی 425 زاینی‌دا، چیرۆکی (مه‌لیک ئۆدیپۆس)ـی نووسی. هه‌ندێکی تر پێیان وایه سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمان شیله‌ر. کە له ساڵی 1786دا چیرۆکێکی به‌ناوی(Der Verbrecher aus verlorener Ehre، تاوانبارێک له خێزانێکی دۆڕاو)دا نووسی. هه‌ندێکیش رۆمانه مه‌زنه‌که‌ی(تاوان و سزا)ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی روسی دیستیۆفسکی، به سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی داده‌نێن.
به‌ڵام بۆیه‌که‌مین جار رۆمانێکی پۆلیسی نووسرا بێت، کە تەواوی بنەماکانی رۆمانی پۆلیسی تێدابێت، له لایه‌ن نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی Edgar Allan Poe وه‌یه. ئەو له ساڵی 1841 رۆمانێکی به‌ناوی (دوو کوشتن له‌شه‌قامی مۆرگێس) نووسی. ئه‌م رۆمانه به‌سه‌ره‌تای رۆمانی پۆلیسی داده‌نرێت، چونکه بۆیه‌که‌می نجار له‌م رۆمانه‌دا رۆڵیDetektiv ( ئه‌فسه‌ری پشکێنه‌ر، کۆمیسار) دیارده‌که‌وێت. که ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له مه‌رجه سه‌ره‌کیه‌کانی رۆمانی پۆلیسی.
جێگەی ئاماژەیە ئادگار ئالا پۆ ” کە لە ساڵی 1809 لەدایک بووەو ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە” ئەو لە یەککاتدا رەخنەگر و شاعیر و رۆژنامەوان و چیرۆکنووسێکی بەتوانا بوو، رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لە پێشخستنی رەوتی رۆمانسیەت لە ئەمریکادا، بە باوکی ئەدەبی پۆلیسیش دادەنرێت.
مه‌رجه‌کانی رۆمانی پۆلیسی
دیاره رۆمانی پۆلیسی، کۆمه‌ڵێک یاسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. که تاڕاده‌یه‌کی زۆر جیاوازه له رۆمانه‌کانی تر. نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانیUlrich Schulz پێی وایه ده‌بێت له رۆمانی پۆلیسدا ئاگاداری سێ خاڵ بین کە ئەوانیش بریتین لە:
یه‌که‌م: بوونی کۆمیسار Detektiv.
دووه‌م: بوونی تاوانبار.
سێیه‌م: بوونی قوربانی.
ئه‌م سێ خاڵه بە مه‌رجی سه‌ره‌کی هه‌موو رۆمانێکی پۆلیسی دادەنرێت و هەر رۆمانێکیش ئەم سێ خاڵەی تێدا نەبێت، ناکرێت بە رۆمانی پۆلیسی دابنرێت، بگرە دەچێتە قاڵبی رۆمانی ترەوە.
دێتێکتیڤ یان کۆمسیار
کۆمیسار یان Detektiv رۆڵی سه‌ره‌کی لە هه‌موو رۆمانێکی پۆلیسییدا دەگێڕێت. کۆمیسار رۆڵی رۆژ ده‌بینێت، هه‌موو رووداو و پاڵه‌وانه‌کانی تر، به ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه. به واتایه‌کی تر، هیچ رۆمانێک ناتوانین ناوی پۆلیسی لێ بنێین، ئەگه‌رDetektiv یان کۆمیساری تێدا نه‌بێت. لێرەدا کۆمیسار رۆڵی ئەو کەسە دەگێڕێت کە تەواوی رۆمانەکەی لەسەرشانە و بەبێ بوونی ئەم کۆمیسارە، رۆمانەکە نوقسان دەبێت. هەربۆیە هەرکەسێک بیەوێت رۆمانێکی پۆلیسی بنووسێت دەبێت زۆر بە جوانی بزانێت رۆڵی کۆمیسار دابڕێژێت، چونکە ئەو دەتوانێت دەزووی رۆمانەکە بکاتەوەو دایبخات. دیارە مەرجیش نییە پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکەش بێت، بەڵام گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە هەر دەبێت کەسێک هەبێت رۆڵی کۆمیسار بگێڕێت.
تاوانبار
هەمیشە کەسی تاوانباریش رۆڵی گەورەی هەیە لە رۆمانی پۆلیسیدا، دەبێت نووسەر زۆر بە باشی بزانێت چۆن باسی هەست و نەست و هۆکاری تاوانەکە بخاتە روو، جگە لەوەش دەبێت نووسەر زۆر بە وریاییەوە، ئەو جیاوازیانە دەربخات کە لە نێوان کەسی تاوانبار و کەسی ئاسایی‌دا هەیە. باسکردنی رۆڵی تاوانباریش، بنەمایەکی سەرەکی تری ئەمجۆرە رۆمانەیە، گەر نووسەر سەرکەوتوو نەبێت لە باسکردن و داڕشتنی کەسایەتی تاوانبار، ئەوا سەرکەوتوو نابێت. لەهەمانکاتیشدا گەڕان و پشکنین بەدوای تاوانباردا، کارێکی تری نووسەرە کە لەمەشدا دەبێت نووسەر زۆر بە سەلیقەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. هەروەها دەبێت لە کۆتایی رۆمانەکەدا کەسی تاوانبار بدۆزرێتەوە، دەنا ناچێتە قاڵبی رۆمانی پۆلیسییەوە. لەلایەکی ترەوە زۆرجار لەیەک رۆمان‌دا تەنها یەک کەس تاوانبار نییە، بگرە لەوانەیە تاوانبار چەند کەسێک بێت، بۆ نموونە لە رۆمانی ” کوشتن لە شەمەندەفەری خۆرهەڵاتدا” لە نووسینی ئاگاتا کریستی، لەکۆتاییدا کۆمیسار هیرکل بوار‌و دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، 13 کەس تاوانبارن لە کوشتنی راتشیتی قوربانی، کە هەر هەموویان چەقۆیان کردووە بە جەستەیدا.
قوربانی
هەروەک چۆن داڕشتنی کەسایەتی تاوانبار گرنگە، بەهەمانشێوەش داڕشتنی کەسایەتی قوربانیش زۆر گرنگە. دەبێت نووسەر لە رۆمانەکەدا ئەوە بۆ خوێنەر شیبکاتەوە ئەو کەسە چۆن بووە بە قوربانی؟! هەروەها بۆچیش بووە بە قوربانی؟ جێگەی ئاماژەیە زۆرجاریش لە یەک رۆمان‌دا چەند قوربانییەک دەبینین، بەتایبەتی کاتێک باسی کەسایەتییەکی سادیی بکرێت کە زۆر حەزی لە کوشتنی خەڵکی ئاسایی بێت.
چەند رەگەزێکی تر
جگە لەم سێ خاڵە، چەندین رەگەزی تریش هەن کە رۆڵی گەورە دەگێڕن لە رۆمانی پۆلیسیدا بەتایبەتی “زمان، شوێن، دیالۆگ، گرێ” بەتایبەتی گرێ رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
گرێ
هیچ رۆمانێکی پۆلیسی به‌بێ ( گرێ) نابێت. هه‌موو کاتێک نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات له رێگەی (گرێ)ـوه، خوێنه‌ر بۆ ناو رۆمانه‌که په‌لکێش بکات. (گرێ)ش له رۆمانی پۆلیسیدا، واته دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌که‌یه. زۆرجار له کۆتایی رۆمانه‌که‌دا، به‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌که له‌لایه‌ن Detektiv وه، گرێی رۆمانه‌که ده‌کرێته‌وه. دەبێت نووسەر زۆر بە جوانیی و وریاییەوە ئەم گرێیە بکاتەوە، بگرە دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو مەرجانەی کە سەرکەوتویی رۆمانەکە دیاری دەکەن، چونکە نووسەر سەرکەوتوو نابێت لە شیکردنەوەی دەزووی گرێی رۆمانەکەی، رۆمانەکەی لای خوێنەر مایەی گرنگی نابێت و نایخوێنێتەوە.
زمان
زمان له‌م جۆره رۆمانه‌دا شێوه‌یه‌کی ئاسان و ساکاری هه‌یه، چونکه رۆمانی پۆلیسی زیاتر بۆ خه‌ڵکی ئاسایی ده‌نووسرێت و زیاتر ئه‌وان تالیبی ئه‌و جۆره رۆمانانه‌ن. هه‌ربۆیه زمانی رۆمانی پۆلیسی، خۆی له ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فی و قورس لاده‌دات. هه‌وڵده‌دات به زمانێکی ئاسایی باسی رووداوه‌کان بکات. هەروەها دەبێت نووسەر ئاگاداری شێوازی قسەکردن و رەفتاری تاوانکاران بێت کە زۆرجار کەمێک تایبەتە.
شوێن
شوێن له رۆمانی پۆلیسیدا، جێگایه‌کی گرنگ و تایبه‌تی هه‌یه. شوێنی رووداوه‌که یان تاوانه‌که، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار جوان وه‌سف بکرێت. هه‌موو کاتێکیش نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، له ده‌وری ئه‌و شوێنه‌ی که تاوانه‌که‌ی تێدا رووداوه، بکاته شوێنی سه‌ره‌کی له رۆمانه‌که‌یدا.
جۆڕه‌کانی رۆمانی پۆلیسی
دیاره رۆمانی پۆلیسی چه‌ندین جۆری هه‌یه، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌کی زۆر تایبه‌تمه‌ندیه‌کی زۆری داوه به‌م جۆره‌ی رۆمان.
رۆمانی پۆلیسی کۆمیدی
له‌م جۆره رۆمانه‌دا، نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، له رێگەی کۆمیدیه‌وه بچێته ناو رۆمانه‌که‌وه. زۆرجار له رێگەی Detektiv وه هه‌وڵده‌دات شێوازێكی کۆمیدی بداته پاڵه‌وانه‌کانی. دیاره چه‌ندین نووسه‌ر پشتیان به‌م جۆره به‌ستووه، له‌سه‌ر و هه‌مووشیانه‌وه ژنه نووسه‌ری مه‌زنی ئینگلیزی Agatha Christieئاگاتا کریستی. که به‌شێکی زۆری رۆمانه‌کانی، له رێگەی کۆمیدیه‌وه باسی تاوانه‌کان ده‌کات. هه‌روه‌ها چه‌ندین نووسه‌ری تریش هه‌ن، که پشت به هونه‌ری کۆمیدی ده‌به‌ستن له‌وانه Charlotte MacLeod, Donna Leon, Anne Chaplet, Christopher Stahl
رۆمانی پۆلیسی مێژوویی
له‌م جۆره‌دا نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات باسی تاوانێک بکات، که له چه‌رخه کۆنه‌کاندا روویداوه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌وڵده‌دات، له رێگەی رۆمانه‌که‌وه، باسی شارستانی ئه‌و شوێنه بۆ خوێنه‌ر بکات. له‌وانه رۆمانی Rachende Geister، Agatha Christie، که باسی مێژووی شارستانی میسری کۆن ده‌کات. دیارە ئەمجۆرەی رۆمانی پۆلیسی زۆر قورسە، دەبێت نووسەر شارەزاییەکی ئێجگار باشی هەبێت لە بارەی مێژووی ئەو رووداوەی کە باسی دەکات، دەبێت لە هەموو روویەکەوە، پاڵەوانەکانی بەو شێوەیە دابڕێژێت، کە لەو سەردەمەدا ژیاون.
Thriller هەستبزوێن
ئه‌میش جۆرێکی تره له رۆمانی پۆلیسی. هیچ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت، که له‌م جۆره‌دا ره‌گه‌زی (باش و خراپ) به ئاشکرایی ده‌رده‌که‌وێت. نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات مه‌سه‌له‌ی (چاکه و خراپه) به ته‌واوی ده‌ربخات. Detek کۆمیسار ده‌بێته پاڵه‌وانی (چاکه) و دژی تاوانبار (خراپه) ده‌جه‌نگێت. له کۆتایشدا ده‌بێت(چاکه) سه‌ربکه‌وێت به‌سه‌ر خراپه‌دا. دیاره Thriller له سینه‌مادا زیاتر به‌کاردێت. به‌شی زۆری فیلمه‌کانیش، له‌و رۆمانانه وه‌رده‌گیرێن، که له‌سه‌ر ئه‌م جۆره نووسراون.
رۆمانی سایکۆلۆژی پۆلیسی
تاوانبار لێره‌دا که‌سێکه، نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه. هه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش ده‌بێته هۆکاری سه‌ره‌کی تاوانه‌که‌ی. بۆ نموونه له رۆمانه مه‌زنه‌که‌ی (تاوان و سزای) دیستۆیفسکی، راسکۆلنیکۆڤ گه‌نجێکی خوێندکاره، نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌که‌ی وای لێده‌کات، که تاوانێکی گه‌وره‌ی کوشتن ئه‌نجام بدات. به واتایه‌کی تر نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات، باری ده‌روونی که‌سێک شیبکاته‌وه و چۆن ئه‌م باره ده‌روونیه‌ش، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که‌سێک تاوانێک ئه‌نجام بدات، له حاڵه‌تێکدا ئه‌م که‌سه تاوانبار نییه، به‌ڵکو نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه. له‌م جۆره رۆمانه‌دا، ده‌بێت نووسه‌ر شاره‌زایه‌کی زۆر باشی لە زانستی سایکۆلۆژی هەبێت. گه‌ر نووسه‌ر زاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م زانسته‌دا، ناتوانێت رۆمانه‌که‌ی به‌باشی بنووسێت.
رۆمانی پۆلیسی ره‌خنه‌گرانه یان کۆمه‌ڵایه‌تی
له‌م جۆره‌دا نووسه‌ر هه‌وڵده‌دات له رێگەی تاوانێکه‌وه، ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگە بکات. لێره‌دا نووسه‌ر په‌ل ده‌هاوژێت بۆ ناو هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌ڵگەوه، به‌چاوێکی ره‌خنه‌گرانه ده‌ڕوانێته (ئایین، سیاسه‌ت، نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی) ناو کۆمه‌ڵگە. دیاره ئه‌م جۆره رۆمانه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌ویش زیاتر له رێگەی نووسه‌ره سوێدیه‌کانه‌وه بوو به‌تایبه‌ت هه‌ردوو نووسه‌ری مه‌زن (Henning Mankell ,Hakan Nesser,). به‌ش به‌حاڵی خۆم زیاتر حه‌زم له‌م جۆره‌ی رۆمانی پۆلیسیه. پێش ماوه‌یه‌ک رۆمانێکی ,Hakan Nesser خوێنده‌وه به‌ناوی Münsters Fall . ئه‌وه یه‌که‌مین رۆمانی ئه‌و نووسه‌ره بوو خوێندمه‌وه. به‌ڕاستی زۆر شاره‌زاییانه باسی(ته‌نهایی، پیری، شانس) کردووه. Hakan Nesser ئێجگار به‌توانایه، له وه‌سفکردنی تاوانباران، ئێجگار شاره‌زایانه ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگەی سوێدی ده‌کات.
نووسه‌رێکی تری ئیتاڵیش هه‌یه، به‌ناوی Gianrico Carofiglio، دیاره جگه له‌وه‌ی نووسه‌رێکی گه‌وره‌یه، حاکمێکی ناسراوه له دژایه‌تی مافیا له ئیتاڵیا. هه‌روه‌ها ماوەیەکیش سیناتۆر بوو له په‌رله‌مانی ئیتاڵیا. ئه‌م نووسه‌ره‌ش له رێگەی رۆمانی پۆلیسیه‌وه، توانیوویه‌تی ره‌خنه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگەی ئیتاڵیا بکات. یه‌که‌م جار رۆمانی Reise in die Nacht م خوێنده‌وه. که باسی کوشتنی منداڵێک ده‌کات له شاری باری. له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ش، بە ناڕەوا کۆچەرێکی سەنیگالی ده‌ستگیر دەکرێت. هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و تاوانبار ده‌که‌ن، به‌ڵام دوایی ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌و بێ تاوانه. هه‌ر لێره‌دا نووسه‌ر زۆر به جوانی وه‌سفی هه‌ستی فاشیستانه و راسیزستانه‌ی ئیتاڵیه‌کان ده‌کات، به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی بێگانه. له رۆمانێکی تریشیدا به ناوی In Freiem Fall ، باسی کێشه‌ی ژنێک ده‌کات، که به منداڵی باوکی په‌لاماری سێکسی داوه. هه‌ر ئه‌م کاره‌ش ته‌واوی ژیانی ئه‌و کچه تێکده‌دات. له‌م جۆره رۆمانه‌دا، ده‌بێت نووسه‌ر شاره‌زایی باشی هه‌بێت، له زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان. ده‌بێت زۆر شاره‌زاییانه ره‌خنه‌کانی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگە بکات و لە چۆنێتی داڕشتنی رووداوەکان و پاڵەوانەکاندا زۆر شارەزا بێت. دیارە لە ئێستادا زیاتر ئەم جۆرەی رۆمانی پۆلیسی برەویی هەیە بەتایبەتی لە ئەوروپادا.
بۆچی رۆمانی پۆلیسی گەشەی سەند؟
له پاش ساڵه‌کانی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابروودودا، رۆمانی پۆلیسی به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار زۆر، له ئه‌وروپا و ئه‌مریکای باکوور گه‌شه‌ی سه‌ند. به‌ته‌واوی بوو به ئه‌ده‌بی میللی (شه‌عبی)، چونکه هه‌موو که‌سێک رووی له‌م جۆره رۆمانانه کرد. دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی رۆڵیان هەیە، لێرەدا هەوڵدەدەین باسی هەندێکیان بکەین.
ئەدەبی سەرکێشی
هەندێک رەخنەگر پێیان وایە کە رۆمانی پۆلیسی، درێژکەرەوەی رۆمانەکانی سەدەی پێشووە بەتایبەتی ئەوانەی دەچنە قاڵبی ئەدەبی”سەرکێشی، مغامرات”ـەوە. هەر لەم بارەیەوە ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی Ulrich Schutz ده‌ڵێت:(هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌بوو که رۆمانی پۆلیسی درێژکه‌ره‌وه‌ی رۆمان یان ئه‌ده‌بی(Abenteuer، مغامرات) بوو. له‌م رۆمانانه‌شدا خوێنه‌ر حه‌ز به سەرکێشیی”مجازه‌فه” و شێتیه‌کانی پاڵه‌وانی رۆمانه‌کان ده‌کات).
دوورکەوتنەوە لە سیاسەت
له‌لایه‌کی تریشه‌وه له‌و ساڵانه‌دا جه‌نگی ساردی نێوان بلۆکی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، خه‌ڵکی تووشی بێزاری کردبوو، هه‌ربۆیه خه‌ڵکی زیاتر به دوای جۆره رۆمانێک ده‌گه‌ڕان، که دووریان بخاته‌وه له‌و ژیانه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه جه‌نجاڵه‌ی ئه‌و کات.
حەزی گەڕان و پشكنین
له هه‌مانکاتیشدا رۆمانی پۆلیسی جۆره تایبه‌تمه‌ندیه‌کی تێدایه، که هه‌ستی (فضولیه‌ت) لای خوێنه‌ر ده‌وروژێنێت. خوێنه‌ر زیاتر حه‌ز ده‌کات به‌دوای رووداوه‌کانه‌وه بێت و کەسی تاوانبار بدۆزێتەوەو لە هۆکاری تاوانەکە ئاگاداربێت.
رۆڵی سینه‌ما و تیڤی له پێشکه‌وتنی رۆمانی پۆلیسی
یه‌کێک له هۆکاره‌کانی تری پێشکه‌وتن و گەشەی خێرای رۆمانی پۆلیسی، سینه‌ما و تیڤیه. له پاش ساڵانی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا، رۆمانی پۆلیسی ره‌واجێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له سینه‌ما و تیڤیدا په‌یداکرد. به‌تایبه‌تی هۆلیود، گرنگییه‌کی زۆری به‌م جۆره رۆمانانه ده‌دا. ئه‌مڕۆ لە وڵاتانی خۆرئاوادا فیلمی پۆلیسی یان زنجیره‌ی درامای ته‌له‌ڤزیۆنی پۆلیسی، هه‌موو که‌ناڵه‌کانی تیڤی گرتۆته‌وه. وای لێهاتووه هه‌موو شه‌وێک فیلمێک یان زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی پۆلیسی پێشکه‌ش ده‌کرێت. دیاره ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که ئه‌م جۆره فیلمانه سه‌رنجی بینه‌ر زیاتر بۆلای خۆ راده‌کێشێت. هه‌ربۆیه ئه‌وانیش زیاتر خه‌ریکی ئه‌م جۆره کارانانه‌ن. ده‌توانم بڵێم، ئه‌مڕۆ فیلمی پۆلیسی جێگای فیلمی کاوبۆی یان (Western,عه‌صابه)ی کۆنی گرتۆته‌وه.
دیاره ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر، رۆمانی پۆلیسی پێشخست، چونکه به‌شی زۆری ئه‌و فیلمانه، له رۆمانه پۆلیسیه‌کانه‌وه وه‌رده‌گیرێت. به‌واتایه‌کی تر، ئه‌مڕۆ سینه‌ما و تیڤی ، گه‌وره‌ترین هۆکارن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره‌ی رۆمان.
زۆربوونی تاوان
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، تاوانیش زیادیکردووە، هەرئەمەش وایکردووە کە ئێمە رۆژانە گوێمان لە تاوانێک بێت، هەر تاوانێکیش چیرۆکێکی دڵتەزێنی لە پشتەوەیەتی، خەڵکیش وایانلێهاتووە کە بە دوای چیرۆکی تاوانەکاندا بگەڕێن و لە هۆکاری تاوانەکە بکۆڵنەوە. هەروەها بوونی تاوانی زۆریش.
نووسەرانی بواری ئەدەبی پۆلیسی
دیارە لەم ژانرەی ئەدەبیشدا کۆمەڵێک نووسەر لە جیهاندا ناوبانگیان دەرکردووە لەوانە: Charlotte MacLeod, Donna Leon, Anne Chaplet, Christopher Stahl،,Hakan Nesser Gianrico Carofiglio. Henning Mankell بەڵام ئەوەی کە لە تەواوی جیهاندا بەم ئەدەبە ناسراوە، ژنە نووسەری بەریتانی ئاگاتا کریستییە، کە پێش چەند ساڵێك گۆڤاری ” ڤێڵت دێر فراون” ئەڵمانی بە ” شاژنی کریمی” ناوی بردووە.
ئاگاتا کریستی و دایکی رۆمانی پۆلیسی
ئاگاتا کریستی لە 15 سێپتەبەری 1890 لە باشووری بەریتانیا لەدایک بووەو لە 12 کانوونی دووەمی ساڵی 1976 کۆچی دوایی کردووە. هیچ ژنە نووسەرێکی بەریتانی و جیهانیش هێندەی ئاگاتا کریستی لە جیهاندا ناسراو نییە. لە پاش کتێبی ئینجیل و کارەکانی شکسپیر، کتێبەکانی ئاگاتا کریستی دێن کە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان بوون، هەتاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیارد نوسخە لە کتێبەکانی لە جیهاندا فرۆشراون. ئەم ژنە لە تەمەنیدا 66 رۆمانی پۆلیسی و 23 شانۆ و کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسیوە، جگە لەوەش بەناوی خوازراویشەوە چەند کتێبێکی چاپ کردووە. بەشێکی زۆری رۆمانەکانیش کراون بە فیلمی سینەمایی، تاوەکو ئێستا22 فیلمی سینەمایی و 76 فیلمی تەلەفزیۆنی لە رۆمانەکانی ئاگاتا کریستی بەرهەمهێنراوە. جگە لەوەش رۆمانەکانی وەرگێڕاون بۆ سەر 104 زمانی جیهانی و رۆمانیAnd Then There Were None لە جیهاندا زیاتر لە 100 ملیۆن نوسخەی لێفرۆشراوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەم کتێبە ببێت بە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان.
ئاگاتا کریستی خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسین بوو، بەشێوەیەکی ئەدەبی زۆر جوان، هەوڵیداوە بەدوای تاوانباراندا بگەڕێت و تاوانەکانیان ئاشكرا بکات. ئەوەی مایەی سەرنجە کە ئاگاتا کریستی لە ژیانی شەخسیدا زۆر دووربووە لە بواری ئەدەبی پۆلیسی، ئەو لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا، پەرستار بووەو لە نەخۆشخانەکاندا یارمەتی سەربازە بریندارەکانی داوە، وەکو خۆشی دەڵێت، ئەو ماوەیە سوودی زۆری لەو چیرۆکانە وەرگرتووە کە سەربازە بریندارەکان بۆیان گێڕاوەتەوە، زۆرجار خۆشی هەوڵیداوە چیرۆک بۆ سەربازە بریندارەکان بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ئازار و برینەکانیان لەبیر بچێتەوە. لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا، وەکو یاریدەدەری پزیشكی لە یەکێک لە دەرمانخانەکاندا کاریکردووە، لەو کاتەشدا جەنگ بووە، وەکو خۆشی دواتر دەڵێت: ئەو ماوەیەش زانیاریی زۆری لە بارەی ماددەی ژەهرەوە وەرگرتووە، کە لە بەشێک لە رۆمانەکانیدا باسی ئەو تاوانبارانە دەکات کە بە ژەهر قوربانییەکانیان دەکوژن.
بە گشتی ئاگاتا کریستی زۆرێک لە مێژوونوسان و ئەدیبانی جیهان، ئەو بە دایکی گەورەی ئەدەبی پۆلیسی دادەنێن، ئەو چ لە رووی شێواز و ناوەڕۆکیشەوە، شۆڕشێكی گەورەی بە سەر ئەدەبی پۆلیسیدا کردووەو دواتریش بۆتە مامۆستایەک بۆ زۆر نووسەری تر. هەر بۆیە کاتێک باسی ئەدەبی پۆلیسیمان کرد، ناچارین کە باسی ئاگاتا کریستیش بکەین، کەسێکیش بیەوێت لە ئەدەبی پۆلیسیدا شارەزا بێت، ئەوا هەر دەبێت کار و بەرهەمەکانی ئاگاتا کریستی بخوێنێتەوە.
ئێمه و رۆمانی پۆلیسی
به‌داخه‌وه هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش ئێمه‌ی کورد، چ لە رووی رۆمان یان چیرۆک ته‌نانه‌ت ڵێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیشمان له‌سه‌ر رۆمانی پۆلیسی زۆر کەمە. که به بڕوای من ئه‌مه‌ش خه‌وشێکی گه‌وره‌یه. کاتێک سه‌یر ده‌که‌یت، ئه‌مڕۆ له ته‌واوی جیهاندا گرنگی و بایه‌خێکی ئێجگار زۆر ده‌درێت به‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب. ساڵانه چه‌ندین خه‌ڵاتی جۆراجۆر بۆ رۆمانی پۆلیسی هه‌یه. بۆ نموونه له ئه‌ڵمانیا خه‌ڵاتێکی تایبه‌تیان هه‌یه به‌ناویDeutsche Krimi Preis ، که تایبه‌ته به نووسه‌رانی رۆمانی پۆلیسی. هه‌روه‌ها له فه‌ره‌نساش رۆمانی پۆلیسی بایه‌خی زۆری هه‌یه، هه‌ربۆیه خه‌ڵاتێکی ساڵانه به‌ناوی Grand prix de littérature policière بۆ رۆماننووسانی پۆلیسی داناوه.
بۆچی ئێمه رۆمانی پۆلیسیمان نییه؟
دیاره ئه‌م پرسیاره‌ش زۆر گرنگه ئێمه له خۆمانی بکه‌ین، بۆچی تاوه‌کو ئێستا ئێمه زۆر کەم رۆمان یان چیرۆکی پۆلیسمان کەمە؟ یان بۆچی نووسه‌ران هیچ بایه‌خ و گرنگیه‌ک به‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب ناده‌ن؟ به بڕوای من کۆمه‌ڵێک هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌م پرسه‌ش، که ده‌توانم له چه‌ند خاڵێک یان هۆکارێک کۆیبکه‌مه‌وه.
- ئێمه به گشتی زۆر دره‌نگ به کاروانی ئه‌ده‌بی جیهان گه‌یشتین، به‌تایبه‌ت زۆر دره‌نگ (رۆمان)مان ناسی. هه‌مووی پەنچا ساڵێکه رۆماننووسمان هه‌یه. ئەگه‌ر هێنده دره‌نگ ئێمه به ژانری (رۆمان) ئاشنا بووبێتین، ده‌بێت زۆر ئاسایی بێت لامان، که هێشتا شاره‌زاییمان له هه‌موو جۆره‌کانی (رۆمان) نه‌بێت.
- زاڵبوون و داگیرکردنی هونه‌ری (شیعر) به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردی‌دا.
که ئه‌مه‌ش گورزێکی باشی له ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب داوه. به‌گشتی نووسه‌رانی کورد لە سەدەی پێشوودا زیاتر خۆیان به هونه‌ری (شیعر) خه‌ریک کردووه. که ئه‌مه‌ش ته‌رازووی ئه‌ده‌بیمانی لاواز کردووه. - نه‌بوونی دادگای سه‌ربه‌خۆ و ناشاره‌زایی له زانستی گه‌ڕان به‌دوای تاوانباراندا.
دیاره به حوکمی ئه‌وه‌ی هێشتا له وڵاتی ئێمه حوکمی یاسا به‌رقه‌رار نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه گه‌ڕان به‌دوای تاوانباران و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، کارێکی زەحمەتە. به‌شێکی زۆری رۆمانه پۆلیسیه‌کانیش، سوود له پۆلیسخانە و دادگاکان وه‌رده‌گرن بۆ ئەوەی چیرۆکی تاوانبارنیان دەستبکەوێت. هەمیشە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، سەرچاوەی سەرەکی رۆمانووسانی پۆلیسی بوون، لە رێگەی چیرۆکی تاوانبارانەوە، توانیویانە رۆمانی پۆلیسی زۆر جوان بەرهەم بهێنن، بەچەندین شێوەش هاوکاری ئەو نووسەرانە کراوە کە خەریکی نووسینی رۆمانی پۆلیسی بوون و کار ئاسانیان لەلایەن ئەو دەزگایانەوە بۆ کراوە. - باروودۆخی سیاسی گه‌لی کورد، دیاره به حوکمی ئه‌وه‌ی ئێمه هێشتا له قۆناغی خه‌باتی رزگاریداین، زیاتر نووسه‌ران هه‌وڵیان داوه، له رێگەی ئه‌ده‌به‌وه، ئازار و مه‌ینته‌کانی گه‌له‌که‌مان بخه‌نه روو. ژیانه ئاڵۆز‌و زه‌حمه‌ته‌که‌ی کورد، وایخواستووه که نووسه‌ران زیاتر خه‌ریکی رۆمانی (سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی) بن و خۆیان بە ئەدەبی پۆلیسییەوە خەریک نەکەن.
- سه‌یرکردنی رۆمانی پۆلیس به چاوێکی نزم و بێ بایه‌خ، به‌داخه‌وه هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به‌شێکی زۆری نووسه‌رانمان، جۆره هه‌ستێکی هه‌ڵه‌یان هه‌یه، که به چاوێکی نێگه‌تیڤه‌وه سه‌یری ئه‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ن دیاره ئه‌مه‌ش به بڕوای من هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ نه شاره‌زایی بوونیان له‌م جۆره رۆمانه. به گشتی کاتێک باسی رۆمانی پۆلیس ده‌کرێت، واده‌زانن که رۆمانی پۆلیسی، بە شتێکی بێ بایه‌خ و نزم سه‌یر ده‌کرێت. له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌مڕۆ رۆمانی پۆلیسی، هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه.
دوا قسە
ئێستا لە تەواوی جیهاندا، رۆمانی پۆلیسی لە چاو جۆرەکانی تری رۆمان‌دا لە گەشەیەکی بەردەوامدایە و لەناو خوێنەرانیشدا، رەواجی زۆری هەیە. بەداخەوە لە کوردستاندا بەو شێوەیە نییە.
دیاره بۆ قسه‌کردن له‌بارەی ئەدەبی پۆلیسی زۆری ده‌وێت. گه‌ر بته‌وێت به‌شیوه‌یه‌کی باش شاره‌زایی له‌سه‌ر ئەدەبی پۆلیسی وه‌ربگریت، ده‌بێت چه‌ندین کتێب و وتار بنووسین. هیوادارم من توانیبێتم، له رێگەی ئه‌م لێکۆڵینەوەیەوە، که‌مێک زانیاری به خوێنه‌ری کورد بگه‌یه‌نم. له‌هه‌مانکاتیشدا تیشکێکی بچووک بخه‌مه سه‌ر ئه‌م ژانره گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب کە لە جیهاندا گرنگی زۆری پێدەدرێت.
——————
سه‌رچاوه‌کان :
1..Der Tod auf dem Nil. Scherz Verlag. München.1978. Agatha Christie
- Interview mit Veit Heinichen www.krimi-couch.de
3.محمد یوسف. من هي اجاتا کریستی. سایتی الباحثون المصریون. https://egyresmag.com/ - Aktuelle Formen und Tendenzen des Kriminalromans. Ulrich schutz
Institut für Romanistik. . Hamburg.2008.5 - رۆمانی تاوان سزا. دیستۆفسکی. وه‌رگێرانی ره‌ئووف بێگه‌رد. چاپخانه‌ی ڕه‌نج. سلێمانی.2007.6
6..btb Verlag.München.2008.Hakan Nesser.Münsters Fall
Reise in die Nacht .Goldman Verlag.München.2008.7.. Gianrico Carofiglio - In freiem Fall .Goldman Verlag.München.2008.. Gianrico Carofiglio
- Aktuelle Formen und Tendenzen des Kriminalromans.
Institut für Romanistik. . Hamburg.2008
10… . www.welt-der-frauen.atAgatha Christie: Die Königin des Kriminalromans