 
	دوو پارچە جیھانی وێران … نەوزاد بەندی
ئەمە بانگەشەی  بێدەسەڵاتیی ڕەھای مرۆڤ نییە ،بەڵام ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە ئێمەی مرۆڤ ھەزاران جەبھەی چۆڵ و ھۆڵمان ھەیە کە یەک سەربازیشی تێدا نییە و لە ھەر ھەموویشیانەوە خوای گەورە  ئەتوانێ ھێرشمان بۆ بکات  ئەوەی کە سێکولارەکان پێی ئەڵێن سروشت یان تەبیعەت ..
جەبھەی  کارەساتە سروشتیەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو و زریان و ..کارەساتە دەسکردەکانی مرۆڤ وەک ئوتومبیل و چەکی کوشندە و جەنگ و ….جەبھەکانی نەخۆشییە جەستەییەکانی وەک شێرپەنجە و جەڵتەی دڵ و مێشک  و ..نەخۆشیە دەمارییەکانی وەک ئۆتیزم و  شیزۆڤرینیا و خەمۆکی و شێتی و ..چەندەھا جەبھەی دیار و نادیاری تر کە لەھەر چرکەیەکدا ڕێی تێ دەچێ   ھێرشمان بۆ بکرێ و  لەناو ببرێین یان بریندار و شپرزە بکرێین ..
گەلێ پیاوی دەوڵەمەند و  خاوەن ھێز و حیمایە و دەسەڵاتمان بینی کە پێش  مرۆڤە بێ دەسەڵات و ھەژارەکان فەوتان و ..ئەو ھەموو ملیار دۆلار و سەدان ھەزار سەرباز و پزیشک و زانا و دانایە نەیانتوانی فریایان بکەون و وایان لێ بکەن لە کاروانی ژیان بەردەوام بن ..
ئەوروپا کە بەھۆی پشت بەستن بە دەسەڵاتی تێکنۆکرات و تەکنۆلۆژیا و زانست ، بە حیسابی خۆی چارەسەری  بۆ ھەموو کێشەکان  دۆزیوەتەوە  و مرۆڤێکی بەختەوەری ڕەھای بەرھەم ھێناوە ،بێ  ئاگا لەوەی  لە جەبھەی خڕۆکە سپیەکانەوە و خڕۆکەی  تی لیمفۆسایتەوە کە سەرکردەی بڕیاردەری  بەرگریی لەشە ،ھێرشی بۆ دەکرێت لەلایەن ڤایرۆسێکەوە کە پێی دەووترێ ڤایرۆسی نەھێشتنی بەرگری HIV و ملیۆنەھا تاکی  ئەوروپی گرفتار ئەبن ..
بێ ئاگا لەوەی  کە لە جەبھەی دەمارە خانەکانەوە ھێرشی بۆ دەکرێت و ..دەیەھا نەخۆشی دەروونیی  سەرھەلدەدەن و خۆکوشتن دەبێتە دیاردەیەکی ئاشکرا و بێ چارەسەر لە کۆمەڵگای ئەوروپا و ئامریکادا ..
ئەمە بۆ ؟
ئەمە لەبەر پشت گوێخستنی بەھا ڕۆحیەکانی مرۆڤە و  ..سەرقاڵکردنی  مرۆڤە بە شێوەیەکی ڕەھا بەمادە و دەسکەوتە مادییەکانەوە ، بە بێ حیسانکردن بۆ  ئاین و دەروون  و شعور و ویژدان و ھیوا و دووربینی  و مەسەلەی دوای مەرگ  و پاداشت و  سزا  کە  زۆر لە مادە زیاتر قەبارەی  ھەست و    نەستی مرۆڤ داگیردەکەن..
پزیشکی خاوەن  خەڵاتی نۆبڵ ،ئەلێکسیس کاریل کە ووتی : مرۆڤی نوێ لە بواری ئەنسرۆپۆلۆجیدا ( مرۆڤزانیدا ) زۆر داماو و دەستەوسان و نەزانە ، شارستانیی نوێ تاوانباریان کرد  بە شێتی و تێکچوونی دەروونیی ،  کەم و زۆریش ئەو بیریار و زانا  دانایانەی کە قوڵبوونەتەوە و حیسابێکیان  بۆ بەھا ڕۆحی و  ئاینییەکان کردووە بە لەڕێلادراو و دەروون نەخۆش حیسابیان بۆ کردوون وەک تۆڵستۆی و ئیحسان تەبەری و نیکۆلای گۆگۆڵ و کۆستۆ و  ڕۆجێ گارودی و چەندانی تر..
بە ھەمان شێوە زۆربەی  ئەوانەی  کە پابەندن بە بەھا ڕۆحییەکانەوە ، دنیا و زانست و تەکنۆلۆژیایان  پشتگوێ خستووە و خۆیان بۆ بەھەشتی بێ کۆتا و پڕ لە حۆریی ئامادە کردووە ،ئەمەیش وایکرد جیھانێکی ئیسلامیی پڕ لە نەخۆشی و برسێتی و ھەژاری  و تەمەڵیی  بێتە دی ، کە بە تەمای خودای باڵادەستە کاروبارەکانی بۆ ڕاپەڕێنێ و فریشتەکان بێنرێ  مافە زەوتکراوەکانی بۆ وەربگرنەوە و دیکتاتۆرەکانی بۆ ڕیسوا بکەن و وەک تیمی پزیشکیش  چارەسەری دەرد و نەخۆشیەکانی  بکات ،  ئەم تەرزە بیرکردنەوەیەیش کۆمەڵگاگەلێکی  دواکەوتووی وای لێکەوتەوە کە لە جیھانە سێکولارەکە  زیاتر قوڕی کرد بەسەر بەھا ڕۆحی و ئاینییەکاندا و ..مرۆڤ و بەھاکانی     وێرانتر کرد
نەوزاد بەندی


 
			 
			 
			