Skip to Content

سووتان … ن/جەلال قادر

سووتان … ن/جەلال قادر

Closed
by شوبات 20, 2020 General, Literature

سەرەتا پێیان گووتم نەخۆشە و زوو بگەرە فریای. بەلام دەمزانی درۆم لەگەل دەکەن، هەستمکردبوو ئەو کەسەی خۆشمویست و بەشێک بوو لەژیانم بەجێیهێشتم.
هەرچەندە لەسەرکارەکەم، تا نەخۆشخانە چارەگە ڕێگەیەک دەبوو، بەلام خۆزگەم دەخواست، ڕێگاکە دوورودرێژتربێت و نەبڕێتەوە. مێشکم خەریکبوو بتەقێت، دڵم خەبەری دابوو، ئەو دیارییە جوانەی خوا پێیبەخشیم، ئێستا لێی وەرگرتمەوە.
نزیک بە دەرگەی نەخۆشخانەکە کەوتم، یەک دوو برادەر باوەشیان پێماکرد و گووتیان: لەژێر نەشتەرگەرییە و کاتژمێرێکیتر دەیهێننە دەرەوە.
برادەرێکم تووند دەستی گووشیم و بەدووی خەتێکی شین کەوتین. لەدەست گووشین و بێدەنگی برادەرەکانم تێگەیشتم جگەرگۆشەکەم ماڵئاوایی لێکردووم.
بەرچاوم تاریک بوو،نەختۆکەک هەست و هۆشم لای خۆم مابوو. بیرم لەوەدەکردەوە، ئیتر دەبێت بەشێوەیەکیتر بژێم، پارچەیەک لە لەشم جوودا بوەتەوە و بە جەرگ سوووتاویی سەردەنێمەوە.
سواری دەستگیرێکیان کردم، خێرا گەیاندمیانە سەر قەلەوێرەیەک. پەرستارێک دەرزیەکی لێدام.
کەمێک هاتمەوە هۆش خۆم. هاوسەرەکەم بەدیارسەرمەوە دانیشتبوو، بەخووڕ دەگریا.
لێمپرسی : چیبووە، ڕاستیەکەم پێبڵێ…

  • ڕۆیشت بە یەکجارییییییییییی…
    لەبەر گریان، نەیتوانی قسەی تەواوکات، باوەشی پێماکرد. دەستێکم بەسەریدا هێنا. گوێم لەهەنسکی گریانی گرت. ئاگر لەجەرگی بەربووبوو.
  • ژنەکە…هیچ چارێکمان نییە، دەبێت ڕاست بیینەوە، ئەگەر بەدرۆش بێت، دووبارە بژێینەوە.
  • تووبڵێی بتوانین…
  • من و تۆ، یەکەم کەس نین جەرگمان دەسووتێت، هەڵسە بابڕۆین تەرمەکەی ببینین، سەروماچێکی بکەین،لەباوەشی بگرین و وابزانین سەفەردەکات بۆ شوێنیکی دوور و نایبینینەوە.
  • نا …من ناتوانم، تەرمی جەرگەکەم ببینم. تۆ بڕۆ بیبینە و لەجیاتی منیش ماچی بکە.
  • پێکەوە دەچین….لەبیرت نەچێت ئێمەش مردنێکمان لەپێشە.

لەگەل میوانەکان بەرەو ژووری ماتەمینی چووین. تەرمی جەرگەکەم لەسەر قەلەوێرەیەک دانرابوو.
خۆم و هاوسەرەکەم سەرییمان هەلدایەوە رووخساریمان ماچکرد. زۆر سوپاسی ئەو خۆشەویستیەمانکرد کە بە ئێمەی بەخشی بوو.
هاوسەرەکەم یەک دووجار تەرمەکەی کردە باوەش و بەمیوانەکانی گووت : سەیرکەن بە مردوویەتیش هەر جوانە.
لەگەل مامۆستای ئایینی نزامان لەسەرخوێند. چەند پەرستارێک هاتن و تەرمەکەیان بردە دەرەوە.
خۆم و هاوسەرەکەم باوەشمان بەیەکتردا کرد. میوانەکانش ئێمەیان لەئامێزگرت.
داوام لە میوانەکانکرد گەردنی ئازادکەن، چیتر نایبینینەوە.
لەنەخۆشخانەکە هاتینە دەرەوە، من و هاوسەرەکەم لەپشتی ئۆتۆمبیڵی برادەرێک دانیشتبووین. شوفێرەکە گووتی : دەچین بۆ ماڵی ئێمە و پرسەش لەوێ دادەنیین.
گووتم : نەخێر…

  • نابێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆتان، چونکە هێشتا ماڵەکەتان بۆنی جگەرگۆشەکەتانی لێدێت.
  • کێ دەلێت، جارێکیتر دەگەڕێینەوە بۆ ماڵ.
  • ئەی بۆ کوێ دەچن؟
    هەناسەیەکی پڕ لەخەمم هەڵکێشا و هاوسەرەکەم تووند لەباوەش گرت، هەستم بە خرمەی ناو هەناوی دەکرد. گووتم : تکایە …لێخووڕە…بۆ شوێنێکی دوور کەس نەمانبینێتەوە.
    فرمێسک بەچاوەکانی شوفێرەکە هاتە خوار و گووتی : خۆزگە هیچ دایک و باوکێک، مەرگی منداڵەکانیان نەدەبینی تا ئەو ڕۆژەی دەمرن.
    سەیرێکی دەرەوەم کرد و سەرم هەڵبڕی، بینیم ئاسمان زەرد هەڵگەڕاوە، باڵندەیەکش وەک خۆر دەسووتا و دەفڕی.
Previous
Next
Kurdish