
شیعری مناڵان\ پــیــاوی بــەفــر.. محەمەد بەرزی
ئەمڕۆ بەفر باریوە
ساردە دەستم تەزیوە
دەستکێشم بۆ لە دەستکرد
پیاوی بەفرم دروستکرد
کڵاوم کردە سەری
پاڵتۆکەم کردە بەری
لووتیم کرد بە گێزەرێ
خۆزگە دەمبردە ژورێ
سمۆرەیەکی وریا
سوڕایەوە بە دەوریا
برسی بوو منی نەدی
لووتی ڕفان و خواردی
١ / ١ / ٢٠٢٣
تێبینی : بەڕێزان لە لاپەڕە ( ٣٠٢ ) ی فەرهەنگی خاڵدا بۆ مانای شێرەبەفرینە نووسراوە : ( شێرێکی گەورەیە دروست دەکرێ لە بەفر ) . واتە ئەگەر : پیاوێک ، ژنێک ، مناڵێک ، بەرخێک دروست بکەین ، ناوی شێرە بەفرینەیان بۆ گونجاو نییە . خۆ ئەگەر کەسێکی بیانی مناڵێک ببینێ کە لە بەفر دروستکرابێت و پێی بڵێیت ئەمە شێرە بەفرینەیە ، دڵنیام بەلایەوە سەیر دەبێت .. هەر بۆیە لەم هۆنراوەیەدا پیاوی بەفرم بەکارهێناوە ، واتە ئەو پیاوەی لە بەفر دروستکراوە ، لەم نموونانەشمان زۆرە وەک : بازنی ئاڵتون ، گوارەی زیو ، کراسی ئاوریشم ، قاپی شووشە ، دەرگای ئاسن و … هتد . پاشان پیاوی بەفر ڕێک بەرامبەر ناوە ئینگلیزییەکەیە ، کە بە ( snowman) ناوی دەبەن .