( سه‌رابی ڕۆح )- ده‌قێك ئاوێزانی پریاسكه‌كانی خه‌م … سه‌ردار جاف
ئه‌و ده‌مانه‌ی مرۆڤ جه‌نجاڵییه‌كانی ژیانی تێدا تۆخ ده‌بێته‌وه و دۆراندۆری ده‌دات، ئیدی هه‌ر یه‌كه و به جۆرێك تێیدا قاڵ ده‌بێت و به شێواز و دید و تێڕوانینی تایبه‌ت به خود په‌نا بۆ ده‌ربڕینی ده‌با، ئیدی ئه‌و مرۆڤانه‌ی خولیا و ئیلهامه‌كانیان له نێو ئه‌ده‌بدا قوڵ بۆته‌وه له بیر و هزریاندا په‌نگ ده‌خواته‌وه و دواتر له دووتوێی ده‌قێكی سه‌رنج ڕاكێش دیدی خوێنه‌ری پێ تێر ده‌كه‌ن و چێژێكی تایبه‌تی پێ ده‌به‌خشن هاوكات حه‌سره‌ته‌كانیشی هه‌ڵڕشتووه و ئیستاتیكای بۆ كردۆته میلۆدی سه‌ما و ڕمبازێنی ئه‌م بواره‌ی پێ تاو ده‌دات، جا نه‌مازه ئازادییه‌ك به‌و وشه جوانانه‌ی زهن بدا و له زیندانی ئاوه‌زدا قوتاریان بكا، فیراقێكیشی له گه‌ڵ خه‌مه‌كان به ده‌سته‌وه دابێ، كاسه‌ی سه‌ر له جه‌نجاڵ بوونی خود به جۆرێك خاڵی ده‌بێته‌وه خوێنه‌ر پێی ده‌گات و هه‌ست به ئازاره‌كانی ده‌كات، هه‌موو مرۆڤه‌كان ناتوانن به یه‌ك جۆر ده‌ربڕینه‌كان بخه‌نه ڕوو كه‌سانێك سه‌وادی ئه‌لف و بێیان نییه كه‌چی له گێڕانه‌وه‌دا جوانكاری ده‌نه‌خشێنن لێ لای كه‌سی خوێنه‌واری نا ئه‌دیب كه‌م د‌رك به‌و سه‌لیقه‌ییه ده‌كرێ چونكه كه‌م تا زۆر له شێوازی ئاخاوتن په‌یوه‌ست بوونێكی هونه‌ریانه‌ی ئاخاوتنی د‌رك پێ ده‌كا، بۆیه لای ڕۆشنبیر و خوێنه‌وار زیاتر شاعیره‌كان جوانتر ده‌خرێنه ڕوو، ده‌زانن ئیستاتیكی پێ بده‌ن و به‌رامبه‌ر خه‌مبار بكه‌ن، هه‌موو شاعیرێكیش زمانی ده‌سته‌بژێری له بوخچه‌ی عه‌قڵ گێنگڵ نه‌داوه، هه‌ن په‌خشان و كورته چیرۆك و چیرۆك و نۆڤێلت و ڕۆمان ده‌نوسێته‌وه كه‌چی لوغزه‌كانی هێنده په‌نهانن ته‌نها ده‌سته‌بژێر په‌ی به كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی دال و مه‌دلووله‌كانی ده‌بات، جا نه‌خاسمه ئه‌وه ده‌قێكی شیعری بێت كه زۆر سه‌ختتره له‌و بوارانه‌ی باسمان كردن، شیعر یه‌كێكه له‌و شێوازه قورس و سه‌ختانه‌ی هه‌موو جۆره وێنایه‌كی تێدا به په‌نهانی تێدا ده‌كێشرێ، نه‌مازه شاعیر له خانه‌ی نوێخوازیدا و سه‌رده‌می مۆدێرنێته و پۆست مۆدێرنێته‌دا مه‌له‌زانێكی كارامه و سه‌رده‌ركردوو بێ، ئه‌و ده‌مانه گوزاره‌كانی چه‌ندین دیوی خوێندنه‌وه‌ی ده‌بێ به جۆرێ ده‌قێك چه‌ندین وێنا و شرۆڤه به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، ئه‌م شاعیرانه قالبه‌ندێتی سنووره‌كه‌یان تێ په‌ڕاندووه و مه‌غزایش ته‌نها له هزری ده‌سته‌بژێره‌كان ده‌خولێته‌وه و كه‌سی ئاسایی نه‌ك به زه‌حمه‌ت بگره هه‌ر په‌ی به جێ و ڕێگاكانی وشه و وێنا‌و هارمۆنیه‌ت و هونه‌ر و ته‌كنیك و ئیستاتیكا و فۆرمه‌له‌ی ده‌ق و …… تاد نابات.
شیعر چه‌ندین به‌شی زانستی قوڵ و سه‌خت له خۆ ده‌گرێ، له‌وانه : زانستی كێش و عه‌رووز ، زانستی به‌یت و سه‌روا ، زانستی نامۆیی و زمان ، زانستی واتا‌و مه‌به‌ست ، زانستی باش و خراپ، ئێمه لێره و له‌م ده‌قه‌ی شاعیر خاتوو شه‌ونم زه‌ندی دوو زانستی كۆتاییان شه‌ن و كه‌وی ده‌كه‌ین یانی ، زانستی واتا و مه‌به‌ست و زانستی باش و خراپی ده‌قه‌كه.
خانمه شاعیری دیاری شاری هه‌ولێر و ونبوو خاتوو شه‌ونم زه‌ندی له گه‌ڕه‌كی ڕووناكی شاری هه‌ولێری پایته‌خت هاتۆته دونیاوه و ده‌چووی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ساڵی 1998 – 1999 ، له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه، خودان سه‌لیقه‌یه‌كی باشی شیعر نوسینه، قاڵبووی نێو بۆته‌ی شیعر و ده‌قی جواننووسی ئه‌ده‌بییه ، خوێنه‌ر گه‌ر به وردی بڕوانێته ده‌قه‌كانی ئه‌م خانمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه د‌رك به شه‌رمنی و ترس و دڵه‌ڕاوكێی شاعیر ده‌كات، ده‌شێ داكۆكیكارێكی ئازادبوونی مێ بێ، لێ ئه‌وه كه‌متر له ده‌قه شیعرییه‌كانی به‌رچاو ده‌كه‌ون واتا ئیشق و ئه‌وین و ده‌سله‌ملانێی دیداری ئاشقان هێشتا جورئه‌تی پێ نه‌به‌خشیوه نه‌یتوانیوه خۆ بخه‌مڵێنێ، بۆیه زێتر له نێو ده‌قه‌كانی خۆشه‌ویستی و ئاشقبوونی خاك و نیشتیمان و نه‌ته‌وه و تراژیدیاكانیدا ده‌خولێته‌وه، له هه‌ندێ شیعریشدا ئیشقی كردۆته سه‌رقافڵه‌ی كاروانی ڕێی وه‌لێ به‌و ئه‌ندازه نییه جورئه‌تی ته‌واوی پێ به‌خشی بێت، حه‌یف كچه شاعیرێكی ونبوو و بنگۆمی مه‌نگی بواری ئه‌ده‌بی شاره‌كه‌ی خۆی و نیشتیمانیشه، تا ئێستا ڕخنه‌گری خودی شاره‌كه‌ی خۆی شرۆڤه‌كاریان بۆ ده‌قه‌كانی نه‌كردووه ئه‌گه‌ر به دیوه نیگه‌تیڤه‌كه‌یشی بوو بێت باشتر ده‌بوو ، لێ ئه‌و به خۆدا چوونه‌وه‌ی ده‌كرد و ڕاست بوونه‌وه‌ی ڕێ ده‌بوو و به‌ره‌و ترۆپك و هه‌وراز هه‌ڵده‌زنا، كه بۆ خۆی كه‌سێكی ئه‌كادیمیست و زانستییه.
خاتوو شه‌ونم خودان نۆبه‌ره و تاقانه‌یه‌كی به‌رهه‌می شیعری خۆیه و كاتی خۆی ده‌زگای ئاراس هه‌ر له شاری هه‌ولێر بۆی چاپكردووه، ئێمه هێنده‌ی مه‌به‌ستمانه له سه‌ر ده‌قێكی شاعیر بنووسین هێنده مه‌به‌ستمان نییه له سه‌ر خودی شاعیره‌كه و شاعیربوونی بدوێین چونكه شه‌ونم ئه‌و قاڵبه‌ی تێپه‌ڕاندووه و له ئه‌لف و بێی نوسین و گرتنه به‌ری رێی شیعر سه‌رده‌ركردووه و زۆر ده‌مێكه ده‌نوسێت جا به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆخۆی ده‌رچووی كۆلێژی په‌روه‌رده به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی بێت و خولیایه‌كیش له هزریدا چه‌قبه‌ستوو بێ، ئیدی سه‌ركه‌وتوانه په‌نجه‌ی خستۆته سه‌ر پیته‌كانی شیعر.
( سه‌رابی ڕۆح ) ده‌قێكه سه‌رنجی ئێمه‌ی ڕاكێشاوه په‌نجه له سه‌ر خاڵه پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌كان دابنێین هه‌موو ده‌قێك له‌م دوو حاڵه‌ته كه‌م نییه و وه‌لێ چاكتره وردی بكه‌ینه‌وه ئاشنای لای خوێنه‌ری ئاسایی بكه‌ینه‌وه، هاوكات لای ئه‌وانه‌یشی كه تازه قه‌ڵه‌م ده‌گرنه ده‌سته‌وه بزانن شیعر هه‌روا سانا و گاڵته‌جاڕی نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نییه و هه‌ریه‌كه به مه‌یل و ئاره‌زووی خۆی به پێی خاوسی تێی بكه‌وێ و وشه ڕیز بكات، له شه‌ن و كه‌وی كردنی ده‌قی ( سه‌رابی ڕۆح ) شرۆڤه‌یه‌كی سپێدان ده‌كه‌ینه خوێندنه‌وه‌ی ده‌م عه‌سره‌قاوه‌یه‌كی كۆڕ و كووبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیان، ئه‌م ده‌قه خۆی له خۆیدا جاڕ ده‌دات و مه‌به‌سته‌كه زوو به ده‌سته‌وه ده‌دات، ئه‌وه لای ئێمه وایه ده‌شێ خودی شاعیر به‌دیوێكی دیكه مه‌به‌ستی بوو بێت، كاتێك به‌ر له ناونیشانی قه‌سیده‌كه ڕسته‌یه‌ك هه‌ڵوێسته‌مان بۆ دێنێ ئیدی ئێمه له‌و سۆنگه‌وه ده‌ڕوانینه ورده‌كاری وشه و به‌یته‌كانی ده‌قه‌كه، ( بۆ ئه‌و تروسكانه‌ی بیابان له وه‌رده لم دایپۆشین) شاعیر به‌م ڕسته‌یه، ده‌قه‌كه له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال له قاڵب ده‌دات، مرۆڤه بێتاوانه‌كان بوونه قوربانی ئینتیمابوونی نه‌ته‌وه‌یی و ئینتیمابوون بۆ خاك ، هه‌ر ئه‌مه‌یش وای له ئێمه كرد سه‌رنجی بده‌ینێ چونكی ئه‌وه كاره‌ساتێكه ناكرێ نوسه‌ر و رۆشنبیر و بیرمه‌ند و شرۆڤه‌كاری كورد لێی بێ ده‌نگ بێ، ئێمه نامانه‌وێ به ڕسته‌یه‌یش لێكدانه‌وه‌ی خۆمان بسه‌پێنین، یان وا بكه‌ین ئیدی خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گریش زیتر له‌م چوارچێوه‌یه بخولینه‌وه، ده‌شێ دوور و نزیكیش ئه‌م لێكدانه‌وه ڕاست نه‌بێ، وه‌لێ ئه‌وه ورده‌كاری وشه‌كان بۆمان ساغ ده‌كاته‌وه.
شه‌ونمی شاعیر ئه‌م ده‌قه شیعرییه‌ی له چوار وێنادا خستۆته به‌ر دیدی خوێنه‌ر ، ئێمه به جیا له سه‌ر هه‌ر یه‌ك له وێناكان هه‌ڵوێسته‌ی ورد ده‌كه‌ین، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یڵێین شاعیر هه‌مان ده‌قی به شێوازی هێڵكاری و خولانه‌وه به دۆراندۆری خۆر بڵاوكردۆته‌وه كه له پاش و له كۆتاییدا شتێكی له سه‌ر ده‌ڵێین. نمایشكردنی ئه‌و هێڵكارییه‌ی ده‌ق جۆرێكه له شاره‌زایی و له كارزانی بۆ ئاڵۆسكاندنی هزری خوێنه‌ر، وه‌لی ئه‌و ڕسته‌ی به‌رایی مه‌به‌سته‌كه‌ی بڕاندۆته‌وه‌كه نه‌ده‌با شاعیر به‌و جۆره خۆی به ده‌سته‌وه بدات و خاڵبه‌ندی بكات و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر دێڕ، یانیش مه‌به‌ستی بووه هه‌ر زوو جاڕدانی ناوه‌ڕۆك بدا، باشتره لێره‌دا هه‌ر وێنایه‌ك و به ژماره ناوی بنێین ……
یه‌كه‌م :
ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر به وردبینی و عه‌قڵانیه‌ت له ناوه‌ڕۆكی واتاداری هه‌ر چوار وێنای ( سه‌رابی ڕۆح ) بڕوانێ و شرۆڤه‌ی بۆ بكات، هه‌ست به جۆرێك له پاش و پێش بوونی وێنای یه‌كه‌م و ئه‌وانی دی ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌لاله‌ت بن بۆ قۆناغه‌كانی سوسیولۆجی مرۆڤ یان ساڵ یاخو هه‌ر مه‌به‌ست و كرده‌یه‌كی دیكه‌ی له پشته‌وه بێ، وه‌ك گوتمان ئێمه ئه‌م ژه‌قه ئه‌و ڕسته‌ی به‌رایی بۆی ساغ كردووینه‌ته‌وه و هه‌ست پاكی و جوانی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی به‌دی ده‌كرێ گرێدانێكی به ته‌وژمیش له نێوان هه‌ر چوار وێناكه‌دا هه‌یه، بۆیه ناكرێ دۆزینه‌وه یاخود ساغبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ بكه‌وێته پێش قۆناغ یا وێناكانی دی، ( نوسینه‌وه و چرپاندن و سپاردن ) ده‌كه‌نه پێش دۆزینه‌وه به هه‌مان زنجیره، وانا ده‌بوایه نوسه‌ر وێنای یه‌كه‌می له كۆتا وێنا ڕه‌نگ بكردبا و نیشانی ئێمه‌ی بدابا، هه‌موو خاڵێك له نوسینه‌وه ده‌ست پێده‌كات ئه‌گه‌ر به ژیانیشی بشوبهێنین هه‌ر نوسینه‌وه یه‌كه‌م وێنا ده‌بێ، پاشان چرپه چرپ و دواندنی یه‌كدی و به‌ر له دوماهیش سپاردنی كاره‌كه دێت، پاشان دۆزینه‌وه ، دۆزینه‌وه خۆی له خۆیدا ده‌لاله‌ته بۆ به ده‌ستهێنان و به ئامانج گه‌یشتن، با له وێنای یه‌كه‌مه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین كه به‌بڕوای ئێمه ده‌بوا وێنه‌ی چواره‌م بێت ، كه ده‌ڵێ : ….
له موناجاتی حوزنه‌وه
به دوای پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌كان كه‌وتم
له سۆنگه‌ی ئه‌وه ! په‌نجه‌ی شایه‌تمانی قرتێندراوی خۆمم
دۆزییه‌وه…..
سه‌راب ، یا تراویلكه‌یی جه‌سته ونبووی ئه‌و مرۆڤانه‌ن له تراژیدیایه‌كدا ون بوون و له بیابانه‌كاندا له نێو هه‌رده لمدا داپۆشراون و ئیدی شاعیر عه‌وداڵ و له سۆراغیاندایه، له ده‌مودوو خه‌ماویه‌كانی ناخه‌وه به دووی ئه‌و پرسیارانه‌دا وێڵه كه بوون به ئاسته‌نگ و خولیای بێ بڕانه‌وه‌ی كه‌سانێكی زۆر و زه‌وه‌ند، ئه‌وه‌یش پرسیارگه‌لێكن له زهنی هه‌ر تاكێكدا گینگڵ ده‌خوات و له هه‌ڵپه و هه‌ڵوه‌دای ساغ بوونه‌وه‌ین، مان یان نه‌مان، ڕه‌ش و سپی ، بڵند و نه‌وی، ڕۆشنایی و تاریكی ، واتا دیدی سێیه‌م ونه‌و له‌و قاڵبه‌دا ده‌خولێته‌وه، زۆر شتیش وای كردووه كه ته‌نها سۆراغكردن له نێو ئه‌و دوو بازنه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی به ئێمه ده‌ڵی و لوغز و واتایه‌كی قورسی هه‌ڵگرتووه لێكدانه‌وه‌ی وا بكه‌ین، قرتێندراوی په‌نجه‌ی شاتمانه، هاوكات ئه‌م وێنای یه‌كه‌مه له چوارچێوه‌ی دوو مه‌غزا ده‌خولێته‌وه كه دوو دیون، دیوی یه‌كه‌م، گه‌ڕان به دووی ساغبوونه‌وه‌ی ونبوه‌كان كه له پرسیاره بێوه‌ڵامه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه، دیوی دووه‌م دۆزینه‌وه‌ی خود و پۆلینكردن، له یه‌كه‌م چاره نووسی ئه‌نفالكراوه‌كان و له دووه‌میش منی كورد له كوێی ئیسلام.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م بابه‌ته گه‌لێك قووڵه و هه‌ویرێكه ئاو زۆر ده‌بات په‌لمان بۆ زۆر لایه‌نی پۆله‌تیك ده‌با جگه له ئینتیما بوونه ئاینییه‌كه‌ی كورد كه سه‌راپا وڵاتانی ئیسلامی له كاتی ئه‌و پرۆسه به‌دناوه‌دا كۆك بوون له سه‌ر ئیسلام نه‌بوونی كورد، بۆیه من داماڵدراوم له ئیسلام، ئالێره‌دا په‌رده‌ی له سه‌ر لایه‌نه شاراوه‌كه‌ی لاداوه و دۆزینه‌وه‌كه‌ی خۆی ڕاگه‌یاندووه.
قرتاندنی په‌نجه لای هه‌ر نه‌ته‌وه و تیره و گروپێك به جۆرێك له جۆره‌كان لێك ده‌درێته‌وه، ئیدی ئه‌گه‌ر قرتاندن له خه‌وندا بێ هه‌ر پێنجی چ مه‌غزایه‌ك ده‌دا، یان ناوه‌نده‌كانیان یانیش په‌نجه‌كانی دی به جیا، ئه‌مه له خه‌وندا، له پراكتیكیشدا له شوێن و جێگه‌ی دی پێڕه‌و ده‌كرێ، بۆنمونه، لای تیره‌ی ( دوگوم دانی – dugum dani ) له غینیای تازه و ده‌ڤه‌ری بابوا له ئه‌ندۆنیسیا كه‌سێكیان بمرێ ، په‌نجه‌ی هه‌موو كچانی خێزانه‌كه ده‌بڕنه‌وه، جا خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رۆكی تیره‌كه مرد ئه‌وا په‌نجه‌یه‌كی كچانی هه‌موو تیره‌كه ده‌بڕنه‌وه، ئه‌وه‌یش ده‌لاله‌تی ونبوونی كه‌سێك، لای هه‌ندێ له تیره‌ی كه‌ناره ئاوییه‌كانی ئه‌فریكا ئه‌و ژنانه‌ی ڕاوه ماسی بكه‌ن په‌نجه‌ی خۆ ده‌كرتێنن و ده‌رخواردی ماسیه‌كانی ده‌ده‌ن تا ماسییه‌كان بزانن ئه‌و ژنانه چاوه‌ڕوانیان ده‌كه‌ن، ئه‌مو ز زۆر نمونه‌ی سه‌یرت له كرتاندنی په‌نجه‌دا هه‌یه، ده‌شێ په‌نجه كرتاندن لای شاعیر به‌ری‌و بوونی كورد بێ له‌و ئایینه، لێكدانه‌وه‌ی شاعیر له دید و بۆچوونی ئێمه ده‌شێ زۆر جیاواز تر بێت.
دووه‌م :
شه‌ونم له تابلۆ یاخود بڵێین وێنای دووه‌م كات و شوێن ڕه‌نگڕێژ ده‌كات و له سۆراغ و عه‌وداڵیاندایه، ئاوێته بوون یان په‌یوه‌ستبوونێكی گرێ‌دراو له نێوان هه‌ردووشوناسدا ده‌خوڵقێنێ، له یه‌كه‌م وێستگه‌ی كاتدا په‌ڕاگه‌نده‌یی خود جاڕ ده‌دا، گه‌ره‌كێتی به‌ر له‌و ڕووداوانه بگرێ كه ده‌بنه مایه‌ی په‌راگه‌نده‌بوون یا خوڵقاندنی تراژیدیایه‌كئیدی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه، كه به‌لای ئێمه‌وه لێره‌دا خود بریتییه له خاڵێكی دیاریكراو كه‌ئه‌ویش نه‌ته‌وه و خاك و ئینتمابوونیش ده‌گه‌یه‌نێت، تووشاربوونی نه‌ته‌وه‌یش به ئه‌و تراژیدیا حه‌تمیه‌تێكه قورتاربوونی نییه، هۆكاریش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ شوێن نه‌بوونی شوێنێك ئه‌و نه‌ته‌وه یا خود تیایدا ئاكنجی بێ، ئه‌وه‌یش له به‌ر د‌رك نه‌بردن به شوێنێك ڕوایه‌تی پێ بدات و نیشتیمانی بێ، په‌نا بۆ به‌ر وه‌هم ده‌بات، سه‌ر مانگ و شه‌پۆلی ده‌ریا ده‌كاته زێد و نیشتمانی خود، و بانگ و سه‌ڵای بۆ ده‌دات. ته‌ماشا له وێنای دووه‌م چی ده‌ڵێ : …
هه‌وڵی زۆرم دا… پێش ڕووداو بكه‌وم
یاخود له ڕووداو گه‌وره‌تر بم
هه‌ر نه‌متوانی
ئیتر ته‌نایی خۆمم
له سه‌ر ڕووی مانگ و
شه‌پۆلی ده‌ریا
نوسییه‌وه….
كات خۆی له خۆیدا په‌یوه‌ستبوونێكی قوڵی له گه‌ڵ ده‌قدا هه‌یه، جا ئه‌و تێكسته سه‌ر به هه‌ر لایه‌نێكی ئه‌ده‌بی بێ، ئه‌وه‌یش پێكهاته‌یه‌كی ته‌واوی بونیادنه‌رانه له نێوان شاعیر و فه‌زای ده‌ره‌وه به ده‌سته‌وه ده‌دا، كه لێره‌دا شه‌ونمی شاعیر ئه‌وه‌ی دروست كردووه و لێزانانه به نێو ورده‌كاری ده‌قه‌كه‌یدا پیاسه ده‌كا، له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و په‌یوه‌ست بوونه‌ی له نێوان شاعیر و بوونی تۆڕه هێمایه‌ك كه له فه‌زای ده‌ره‌وه‌یدایه بونیادنراوه، داڕشتنی نوسینی تێكسته‌كه و كه‌ره‌سته‌كانی ناوه‌وه‌ی كه لایه‌نی فیكری و سۆزداری له خۆ گرێ، پانتاییه‌كی به‌رفره‌ی لای شه‌ونم خان دروست كردووه و لێره‌دا ئه‌و هه‌ست و سۆزه كاریگه‌ری زۆری به سه‌ره‌وه كردووه و بۆته مایه‌ی هاوێربوونی ئه‌م ده‌قه‌ی، ئینتیمابوونه‌كه‌ی سۆز زاڵ بووه به‌سه‌ریدا و له ڕووی فیكریشه‌وه له‌و دیفاكتۆ تاڵه هه‌لدێ و ڕووه و شوێن له بونیادی ده‌قدا هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێ. گوزاره و چه‌مكه‌كانی ده‌ق، ئاراسته‌یه‌كی خودی و ژانری په‌یوه‌ست به هه‌ردوو دیوی ده‌روونی و ڕۆشنبیری د‌رك پێ ده‌كرێ، به واتایه‌كی دیكه بوونی ده‌لاله‌تی شیعری ده‌خوازێ قۆناغی توانه‌وه‌ی بۆ په‌نهانی و نادیاره‌كانی نێوخۆیی هه‌بێ، بۆیه به ده‌سته‌وه نه‌گرتن یا نه‌گه‌یشتن به ئامانج له زه‌مه‌ن یان كاتدا و پێش ڕووداوكه‌وتن كه به هه‌ست و سۆزێكی ورده‌وه شۆڕبۆته‌وه ناو ده‌قه‌كه، له حه‌ژمه‌تا هه‌ڵدێ كه نه‌توانێ پێش مێژوو بكه‌وێ، به‌ره‌و بونیادنانی نیشتیمان كه ئه‌ویش ئافاتێكی قورستره له پێ‌گرتن له ڕووداوه‌كان و چنگی ناكه‌وێت، بۆیه ئه‌و وڵاته له سه‌ر مانگ و شه‌پۆلی ده‌ریا بونیاد ده‌نێ، كه ئه‌مه‌یش جگه له وه‌هم بوون و بێهێوایی هیچی دیكه به ده‌سته‌وه نادات‌و له نێو ئه‌ندێشه‌كانی دا گینگڵ ده‌خوات.
( خودی جوگرافیا شوناسی مرۆڤ و ڕه‌گه‌زی دیاری ده‌كا، هه‌ر جوگرافیایش ئاراسته و ماوه‌كانی كاروانچی و گه‌شتیاران و نیشتیمان و موڵكدارێتیشی ده‌ستنیشان و دیاری ده‌كا، جوگرافیا تا ئه‌و په‌ڕی سنوور ڕۆ چۆته نێو ژیانمانه‌وه). له‌م ڕوانگه‌وه بێ ئه‌وه‌ی شاعیر هه‌ستی به‌م لایه‌نه كرد بێ پێگه‌ی نیشتیمانی یان بوونی شوێن له ناو ئه‌م تێكسته له ( نوسینه‌وه ) ده‌ستی پێكردووه و به‌ره‌و باڵابوون هه‌ڵده‌زنێ، هه‌ڵزنانیش به‌ره‌و لوتكه هه‌م پێویستی به خۆ ڕێكخستنه‌وه و ده‌م و دوو و چرپاندن هه‌یه هه‌میش له‌وێدا به كۆتا ناگات و ده‌ریچه‌ی دیكه‌ی ده‌وێ، كه له وێنای سێیه‌م كه ده‌بوو دووه‌م بێ باس له چرپاندن ده‌كات و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و به خه‌می ده‌زانێ.
سێ یه‌م :
لێره‌دا شه‌ونم خانی شاعیر ده‌قێكی مه‌جازی ده‌خاته ڕوو له تابلۆ یان وێنا سێیه‌مدا كه‌مێك ڕۆچۆته نێو قوڵایی و واتا و مه‌به‌سته‌كان و زیره‌كانه كاری تێدا كردووه و ده‌زانی مه‌به‌ست و مه‌رامه‌كانی به باشی بپێكێ، هه‌ر له به‌راییه‌وه به نێو سه‌رابێكماندا ده‌كا كه‌مێك قورتار بوون لێی سه‌خته، وه‌ك ئاماژه‌یشمان پێدا له قاڵبدانی ئه‌و ده‌قه به دید و تێڕامانێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه زێتر شیعره‌كه ده‌خاته بن پرسیاری شرۆڤه‌كاری ورد، سه‌راب بۆ خۆی له بنه‌چه‌دا وته‌یه‌كی عاره‌بییه و كوردیه‌كه‌ی تراویلكه‌یه به داخه‌وه كه‌م شاعیری كورد كوردیه‌كو به كار دێنن و هه‌موو سه‌رابیان كورداندووه، شاعیرانی كۆن به زۆری له بری فرت و فێڵ و په‌رده‌پۆشكردن ئه‌م وشه‌یان به‌كارهێناوه، واتای وشه‌كه‌یش بۆ خۆی به‌و گۆمه مه‌نگ و درۆینه ده‌گوترێ له كاتی هاوین و له گه‌رمادا و له دوور ڕا وه‌ك ئاوێك به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ ، ئه‌مه‌یش مرۆڤی تینیوی پێ هومێددار ده‌كات و دواتر فریوی ده‌دا، شاعیرانیش له‌م ڕوانگه‌وه بۆ ده‌لاله‌تی فریودان به‌كاری دێنن، شه‌ونم خان وا پرسه‌كه‌ی لێره‌دا ئاڵۆزكردووه له نێو بۆته‌ی خه‌ونه‌وه په‌لاماری مه‌مله‌كه‌تی سه‌راب ده‌دا، یان ئه‌و خه‌ونه‌یش به سه‌راب ده‌شوبهێنێ، خه‌ون خۆی له خۆیدا ده‌لاله‌ته بۆ ئه‌و هیوا و ئاوات و ئامانجانه هه‌ندێ جار خه‌ون هه‌مان سه‌رابه، شاعیر ئه‌و مه‌به‌ستانه له مه‌مله‌كه‌تی خه‌ونێ كۆ ده‌كاته‌وه كه مرۆڤی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه پێی ناگات، دیقه‌تێ بده‌ن له تابلۆی سێیه‌م ده‌ڵێ چی :…..
له دوا سۆراغی ئیشقه‌وه
خه‌ون : سه‌رابستانێك بوو
هه‌ڵكردنی گه‌رمه‌ی بای بیابان بوو
سیمفۆنیای
ناهومێدی
به گوێچكه‌ی
نه‌وره‌سه بێ ئۆقره‌كان
ده‌چرپاند ……..
(( ڕه‌مزییه‌ت هه‌وڵ ده‌دا بیرۆكه په‌رده‌یه‌كی ڕه‌های فۆرمی هه‌ستی بدا به‌سه‌ردا ، فۆرم نه‌ك مه‌به‌ست له خۆ بگرێ به‌ڵكو ئامانج ده‌ربڕینی بیركردنه‌وه بێ، هاوكات وه‌ك ژانرێكی خۆی بیهێڵێته‌وه)). ئه‌و كۆپله‌ی سه‌ره‌وه زێتر ڕمزیه‌ت وه‌ك چارۆكه‌یه‌ك به به‌ریدا كراوه، نه‌وره‌س لای شاعیران خودای كۆچ و ئاره‌زوو و یه‌كبوون به ده‌سته‌وه ده‌دا، لای شه‌ونمخان ڕه‌مزێكه بۆ كۆچ هاتۆته بوون و یاری ده‌كا و ده‌فڕێ به سه‌ر ئه‌و ده‌ریایه‌ی پێی مه‌سته، باڵه‌كانی هاوتای نه‌وره‌س هه‌زارانجار له شه‌ققه ده‌ده‌ن بۆ ئاكنجی بوون له نیشتیمانێكی ئارام و هێمن، شاعیر له سۆراغی ئیشقێكه‌وه ده‌شێ وه‌ك نه‌وڕه‌سه‌كان بۆ گه‌یشتن به مه‌یل و یه‌كبوون بێ، ئیدی ئه‌و یه‌كگه‌یشتنه بۆ زێد بێ یا ئاشقبوون یاخود ته‌مه‌ن و ساڵ ، لای ئێمه جوڵه و بزۆزییه‌كی ئه‌ویندارانه بۆ خاك و نه‌ته‌وه ، ئیدی سۆراغی له خه‌ونێك ده‌گیرسێته‌وه له مه‌مله‌كه‌تی سه‌رابدایه، واتا نه‌ته‌وه بێ خاك و كیانێكی ده‌وڵه‌تمه‌داریانه ده‌خولێته‌وه، كه خه‌ون ده‌بێته سه‌راب ، سه‌رابیش واتا فرتوفێڵ ده‌كارێ بێژین واتا هیچ و ئه‌وه‌ی تا نهایش ده‌س به‌ته‌اڵ و له خه‌ون و سه‌رابی ده‌وڵه‌تدا ده‌ژی كورده، ئه‌م هۆكاره تێكۆشانی گه‌ره‌ك بووه له ژانری چرپاندندا ئه‌و مه‌به‌سته‌كه ده‌داته ده‌سته‌وه.
شاعیر ده‌یه‌وێ له‌م تابلۆیه‌دا پێمان بڵێ هیوا و هومێده‌كان له خانه‌ی وه‌هم و فرت و فێلدان، هه‌ڵكردنی ئه‌و ئه‌و باگڕه‌ی بیابان ده‌بنه تراژیدیایه‌كی سه‌ركێشانه وه‌لێ بۆ به‌رامبه‌ریش پڕ له ناهۆمێدی، ئا ئه‌وه ده‌چرپێنێ ، ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌سته‌كه‌مان شرۆڤه‌كردووه كه پرۆسه‌یه‌كی ئه‌نفالی به‌دناوه دژ به نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه‌له چرپاندن واتا خه‌بات و كۆڵه‌ندان سڵی نه‌كردووه و به‌رده‌وام بووه، ده‌رئه‌نجامی چرپاندنیش ده‌بێته سپاردن له تابلۆی چواره‌م كه ده‌بوایه سێیه‌م بێ باش له سپاردن به خاك سپاردنی ئه‌مانه‌تێك به كه‌سێك سپاردنی ته‌مه‌ن سپاردنی ……
چواره‌م :
له شیعری كۆن و كلاسیك‌دا پێشتر هێنده‌ی بایه‌خ به كێشی عه‌رووز دراوه هێنده چه‌مك و ده‌لاله‌ته‌كان جێبایه‌خ نه‌بوون، له زه‌مه‌نی نوێخوازی و بونیادگه‌رایی شاعیران به‌رده‌وام په‌نایان بۆ چه‌مكی هێما ره‌مزه‌كان بردووه، لێره‌وه شیعر له بۆ جه‌ماوه‌ر نوسینه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ ده‌سته‌بژێر، ده‌كرێ ئاماژه به‌وه بده‌ین ئه‌و پێشنه جه‌ختكردنه‌وه‌ی كێشی عه‌رووز كه كۆنترۆلكرابوو نها گواستراوه‌ته‌وه بۆ بونیادی ده‌لاله و پێداگیری كردن له سه‌ر واتاكان له ڕێگا جۆراوجۆره‌كانی نمایشكردنه‌وه ، هونه‌ری فۆرمه‌له به ده‌سته‌وه ده‌دا، له ته‌واوی ئه‌م ده‌قه‌یدا خاتوو شه‌ونم ئه‌و كاره‌ی كردووه‌هاوكات زمانێكی شیعری جوانی به‌كارهێنراوه له زمانی په‌خشان دوور كه‌وتۆته‌وه و سه‌رده‌ركردووانه پانتایی هونه‌ری شیعری به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه پێڕه‌و كردووه‌و له نێو زمانی شیعریش پانتاییه‌كی باشی قۆرخكردووه.
خه‌ون گردبوونه‌وه‌ی ورده لمی غوبارستان بوو
پۆرترێتی تابلۆی كوژرانی ئه‌ستێره‌و
سوتانی گۆڵ و
شه‌هیدبوونی
ئه‌شقی ده‌نه‌خشاند
منیش له گه‌ڵ كیرانی چاوه ماندووه‌كان
سه‌ری كاسم
به تنۆكی پیته‌كانی
په‌یڤی ئه‌شك
س پ ا ر د
خه‌ون له شیعری شاعیرانی كورددا هه‌روه شاعیرانی دی پانتاییه‌كی به‌رقره‌ی له ئه‌ندێشه و خولیاكانیان كردووه، خه‌ون ونبوونی جاویدانی جاڕ ده‌دات، لێره ئه‌و خه‌ونه ته‌لیسمێكی شكاندووه كه خۆی له گردبوونه‌وه‌ی وه‌هم ده‌بینی كه هه‌ردوو حاڵه‌ته نه‌بوونی خۆیان له دیفاكتوبووندا به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و ئه‌مه‌یش ڕه‌شبینی شاعیری له ده‌قه‌كه‌دا قووڵتر كردۆته‌وه، به‌وه‌نده‌یش ناوه‌ستێته‌وه پاشان تابلۆ و پۆرترێتێكی كوشتنی ئه‌ستێره‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌ستێره ئه‌و ته‌نه بازنه‌ییه پرشنگداره‌یه به هۆی ڕه‌ونه‌قی و بریسكه‌كانییه‌وه شه‌وانه‌جێی سه‌رنجی هه‌موو تاكێكی ئاساییه ، هه‌ر ئه‌م شێوه جوانه‌ی وای كردووه شاعیران وه‌ك ئیستاتیكای ده‌ق په‌نای بۆ به‌رن و ده‌قه‌گكانیان به چه‌شنی ئه‌ستێره ڕه‌نگاڵیی بداته‌وه به‌ر دیدی خوێنه‌ر و ببێته سونبولی جه‌مالیه‌تی ده‌ق، كه‌چی لێره خاتوو شه‌ونم ئه‌ستێره‌م بۆ ده‌خنكێنێ ، ئه‌گه‌ر ئه‌ستێره و به‌و شرۆڤه‌كاریه‌ی باسمان لێوه كرد به‌رجه‌سته ببێ ، یان مه‌ردوم بۆ ناسراوێتی كه‌سه‌كان به‌كاری بێنن، ئه‌وا شاعیر لێره‌دا هه‌م ناخی پڕ ته‌ماوی و خه‌می خۆیمان بۆ نمایش ده‌كات هه‌م جوانیه‌كی دیقه‌كه‌ی به ده‌قه‌كه‌ی به‌خشیوه، ڕاسته هه‌موو كوشتن و ڕۆحكێشانێك قێزی لێده‌كرێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌تا لێره‌دا وه‌ك پۆرترێتی نمایش ده‌كات و وێنایه‌كی جوانی شیعری به ده‌سته‌وه ده‌دات، ئه‌م حاڵه‌ته ئه‌گه‌ر نیگاركێشێ به فڵچه‌كه‌ی بۆمان ڕه‌نگڕێژ بكات ئه‌وا ده‌لاله‌ته جوانیه‌كان له‌م وێنا شیعرییه جوانتر ده‌بن، ئه‌م وێنایه دووباره‌ی كردۆته‌وه له سوتاندنی گوڵدا، پێكرا له شه‌هیدبوونی عیشقێكدا ده‌شێ لێردا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخی دووره په‌رێزبوونی بێت له سوتاندن و كوژران و شه‌هیدبوون، كوژران هیمایه بۆ خیانه‌ت له جوانیه‌كانی دونیا، سوتان ئاماژه‌یه‌كه بۆ پیاو سالاری یان كه‌م بایه‌خی ژن یا ڕه‌گه‌زی مێ له كۆمه‌ڵ ، شه‌هیدبوونیش ده‌ربڕی مقاوه‌مه‌ت و به‌رخودانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، هه‌موو ئه‌و حاڵه‌ته سێجمگییه له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا بوونی هه‌یه، كه‌چی هه‌ر بۆخۆیشی ئه‌سرین و فرمێسك و خه‌مڕیشتنی بۆته بار و چاوه‌كانی ماندووی گریانن بۆیه له سپاردنی فرمیسك نه‌بێ بۆ ئه‌م ده‌قه هیچی دی لێناخوێندرێته‌وه.
لێردا ئه‌وه ده‌سه‌لمێ ئه‌گه كۆپله‌ی یان تابلۆی یه‌كه‌م دوای ئه‌م گریانه بهاتبا ئه‌وا دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوی خه‌م و ئه‌شك و گریانه‌كانی ده‌دۆزییه‌وه، به‌ڵام تها هه‌رۆ وێڵ و عه‌وداڵ و له سۆراغدایه.
پوخته : …….
پێشتر ئاماژه‌یه‌كمان به‌وه‌دا كه ئێمه له‌م شرۆڤه‌كارییه‌دا په‌نا بۆ دوو زانستی بونیادی شیعری ده‌به‌ین ، ئه‌وانیش زانستی مانا و ده‌لاله‌ت و زانستی چاك و خراپی، سه‌باره‌ت به خاڵی دوو، ئه‌گه‌ر لایه‌نی زمانی و فۆرمی ده‌ق و هونه‌ری ده‌ق به وردی دیقه‌تی بده‌ینێ ده‌بینین خاتوو شه‌ونم زیره‌كانه توانیویه‌تی حاڵه‌ته ئه‌رێنییه‌كه واتا باشی و له كارزانییه‌كه‌ی خۆی ده‌قه‌كه‌دا به‌یان بكات، ڕه‌تگه لێره و له‌وێ ورده‌كارییه‌كی سه‌رپێیانه له ئاوتدانی ده‌قدا به ده‌ی بكه‌ین وه‌ك روونمان كرده‌وه ئه‌وه ناكاته ئه‌وه‌ی هێڵی ڕاست و چه‌پ به سه‌ر تێكسته‌كه‌یدا بێنین، نه‌خێر ده‌كارێ بێژین زۆر زیره‌كانه له‌م ڕووه‌وه سه‌ركه‌وتوو و سه‌رده‌ركردووه.
هێما به‌و پێیه‌ی ئاراسته‌یه‌كی هونه‌ری هه‌یه و له داهێنانی شیعری هاوچه‌رخدا سه‌ریهه‌ڵداوه، به سه‌ر بوونییه دیارده‌كانی ماتریالیدا هه‌ڵده‌زنێ و په‌رش و بڵاویشن به‌سه‌ر دیفاكتۆی هه‌ستی هومێد و خه‌ونه ئاماژه پێدراوه‌كان له جیهانی ئایدیالی، له‌م حاڵه‌تانه‌دا په‌نا بۆ هێماكان ده‌بردرێتبه‌و پێیه‌ی مكووڕ بوونێكه له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دووجیهانه، هه‌تا په‌خش بێ به سه‌ر ئه‌و هه‌سته نغرۆبووانه‌ی له لێكچوونی نێوان خودی كه‌ره‌سته‌كاندایه، هۆنینه‌وه‌یش له سه‌ر ریتمی رَێبازی بازنه‌ییدا به‌رده‌وام ده‌بێ له ئاشكراكردنی ڕایه‌ڵه شاراوه‌كانی پشت دیارده ماتریالییه‌كان، ئه‌مه‌یش له ڕێگای پیاهه‌ڵدان و دیدگای تایبه‌تی شاعیری خودان هێمادار بونیادی ده‌نێ و وا ده‌كات له ڕێگای ئه‌و هێمایانه‌وه سه‌ر پێ بكه‌وێ له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و شێوازی هێمابه‌كارهاتووانه‌دا، به گرتنه به‌ری ئه‌و په‌ری له‌كارزانی داهێنه‌رانه له بونیادی ده‌قدا بۆ هه‌ردوو حاڵه‌تی وێنای ده‌لاقه و ده‌روازه فره پانتاییه‌كان یاخود خوازه بێ نه‌واكان ده‌كارێ بڵێین ساویلكه‌كان، ئه‌م شێوازه لای ( ئۆستن دارین و ڕێنێ وێلیك ) له كتێبی تیۆری ئه‌ده‌بی كه هه‌ردوو پێكه‌وه نوسیویانه په‌نایان بۆ بردووه وده‌ڵێن : ..(( هێما ژانرێكه ئاماژه به ژانرێكی دیكه ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێدایه‌كه له باره ، چونكه هه‌روه‌ها وریایی ده‌خوازێ ، بۆ خودی خۆی به‌و پێیه‌ی شتێكی خستنه ڕووه )).
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاتوو شه‌ونم توانیوێتی له ڕووی ده‌لاله‌ت و هێما سه‌ركه‌وتووانه ده‌قه‌كه‌ی جوانی پێ ببه‌خشێ ، هاوكات له ڕووی ناوه‌خن و قوڵایی ده‌قه‌كه‌وه ته‌واو ته‌واو له ڕه‌شبینی ئاڵاوه : (( سه‌راب ، خه‌ون ، وڕێنه ، ناهومێدی ، گیرانی چاوه ماندووه‌كان، سوتان ، كوژران، شه‌هیدبوون، ئه‌شك….. تاد )) گه‌لێ وشه‌ن هێنده ڕشبینی ئه‌وكی قۆرخكردووه به هیچ كلۆجێ گه‌شبینی لێبه‌دی ناكرێ، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی شاعیر ئه‌وه‌م بیردێنێته‌وه كه نه‌ته‌وه‌ی كورد له باشوور به‌رده‌وام له ڕه‌شبینیدا ده‌ژین، هرگیز نه‌خشه‌ی دادێ نازانێ دابڕێژێت، ئه‌گه‌ر هیچ تراژیدیا و كاره‌سات و ئافاتی ده‌سكردی مرۆیی نه‌بینێ كه ده‌بنه مایه‌ی ڕه‌شبینیان، ئه‌وا ڕووداوه سروشتییه‌كان ده‌كه‌نه پاساوی ڕه‌شبینی، یانیش نه‌خۆشییه كتوپڕه‌كان ده‌بنه بڕوبیانوی بیركردنه‌وه له ڕه‌شبینی، خاتوو شه‌ونمیش له‌م نه‌ته‌وه به ده‌ر نییه و له‌و ڕوانگه‌وه بیری به لای ڕه‌شبینیدا ده‌چێت.
سۆرین كیركیگارد_ sopen Kierkegaard بیرمه‌ندی دانیماركی ، ده‌ڵێ : مرۆڤێك له سه‌ر ڕووی زه‌وی به دی ناكه‌ی له ناهومێدی به‌تاڵ بووبێته‌وه، مرۆڤێكیش نییه كانیاوی ڕشبینی نه‌بێ به جۆرێك له جۆره‌كان، بوونه‌وه‌رێكی مرۆیی نییه ناخی به‌تاڵ بێ له پچڕان و بێزاری و ژاوه‌ژاو و ڕه‌شبینی یاخود دابڕانی پارچه‌یه‌ك یان هه‌ر جۆرێك له جۆره پچڕاوه‌كانی ناوه‌وه‌ی، هه‌ر مرۆڤێك له ناخی خۆیدا ڤایرۆسێكی نه‌خۆشی ده‌روونی له ناخیدا هه‌یه، به‌م جۆره‌یش بێت ڕه‌شبینی نه‌خۆشییه‌كی رۆحه. هه‌ر هه‌مان بیرمه‌ند ده‌ڵێ : وه‌ڕسبوون و بێ ئارامی بنه‌مای هه‌موو خراپه‌كارییه‌كه، هێزی ڕه‌شكردنه‌وه‌ی ڕه‌شبینی ئه‌وه‌یه كه خودی خۆیشت پێی قایل و ڕه‌زامه‌ند بیت.
سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا
• قطع الأصابع في ثقافات الشعوب – حسين سالم عبشل – اليمن.
• الزمن وبنية النص الشعري/ أسحاق الخنجري – مجلة نزوى العمانية ليوم 4 / 2 / 2019.
• التحليل الجغرافي للأدب- محمد جهاد أسماعيل_ نظرية جديدة في قراء’ النصوص الأدبية _ جغرافيا _ جريدة البناء العدد 1686 في 12 / 7 / 2019 .
• بحث مفصل عن طائر النورس / ميرفت عبدالمنعم – 2018 .
• الرمزية والدلالة عند مالك القلاف في قصة ( تماثيل ) _ جعفر حسن _ جريدة الشرق العدد 885 في 7 / 5 / 2014 ,
• الرمزية للشعر المعاصر / فالح الحجية – جريدة الزمان العدد 8803 في 17 / 9 / 2014 .
• الأمل على الجانب الآخر من اليأس نزيف الحلم في الشعر العربي الحميدي أمين دراويشة / جلايدة الحدث 22 / 4 / 2019 .