مرۆڤی نامۆ … هیوا سه‌عید
زۆر سەیرە مرۆڤ نامەی مردنی دایکی پێ بگا کەچی دوای خوێندنەوەی بێ هیچ شڵەژان و نیگەرانییەک بە کەمتەرخەمییه‌وه بڵێ کێ ناڵێ دوێنێ یان پێرێ مردووە، خوا دەزانێ!
یان لەکاتی ناشتنی تەرمی دایکی دەوروبەرەکەی هەمووی خەریکی شین و گریان بن ئەویش لەودەمە بەشوێن لەزەتی خۆی بێ و بیرلەوە بکاتەوە لەکوێ قاوەیەکی دەستبکەوێ و سیگارێکی لەگەڵ داگیرسینێ!
یان لە نێوان دوو کەسی بەشەڕهاتودا بێئەوەی کێشەکە پەیوەندییەکی بە ئەوەوە هەبێ لەخۆیەوە یەکێکیان بداتە بەرگوللە و بیکوژێ!
یان لە هۆڵی دادگاییدا دادوەر لێی بپرسێ بۆچی ئەو مرۆڤەت کوشت، بڵێ له‌به‌رئه‌وه‌ی تیشکی خۆرەکە لە چاومی دا!
یان بە تۆمەتی کوشتن لە زیندان بێ و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبێ و سبەی وادەی لە سیدارەدانەکه‌ی بێ، بەر لە مردن قەشە لێی بپرسێ باوەڕت بەخوا هەیە، لەو دۆخە لاوازەش هێشتا بڵێ ئەو پرسیارە جێی بایەخی من نییە!
لێرەدا ئەوەی دەبێتە شایانی تێرامان، ئایا بەڕاستی ئەو جۆرە بونەوەرە نامۆ و بێهەست و خوێنسارد و لەمرۆڤکەوتوە بونی هەیە یان هەر کارەکتەرێکی ناو چیرۆک و ڕۆمانەکانە و بەرهەمی خەیاڵ و فەنتازیای هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌رێکی وه‌ک کامۆیه به ته‌نیا؟
چاڕلی چاپڵن لە شاکاره جوانه‌که‌ی به‌ناوی سەردەمی مۆدێرن که ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی چاپڵن وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌ک له مۆدێرنه ته‌ماشا ده‌کرێ به تایبه‌ت له په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و ماشێن. لە دیمەنێک ڕۆڵی کرێکارێک نمایش دەکا ڕۆژانە لەسەریەک و بە چه‌ندباره‌یی سەرقاڵی بەستنی بورغییە لە کارگەکەی. بەهۆی ئەو کارەوە ئاگای لە هیچی دەوری خۆی نییە و هه‌موو هه‌ست و سەرنجی لەسەر ئەو ماشێنەیە بورغییەکانی تێدا ده‌به‌ستێ. لە کۆتایی دیمەنەکە بەوە تەواو دەبێ کرێکارەکە دەکەوێتە ناو ماشێنەکە و وەکئەوەی ئەویش ببێ بە بورغییەک یان بە پارچەیەک لە ماشێنەکە.
دیارە کۆی ئەو دیمەنە دەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێ مرۆڤ لەناو ژیانی هەمیشە وەکیەک و دوبارەییەکی بێزارکەردا نامۆ دەبێ و دەبێتە ئاسن. بۆ ئەوەشی مرۆڤ لە نامۆیی ڕزگاری ببێ پێویستە لەناو یەکجۆرە ژیان نەخولێتەوە، به‌ڵکو ژیان بکاتە پڕۆژەیەک و دەستکاری و داهێنانی تێدا بکا، واتا هونەرمەندانە بژی. ژیانی هونه‌رمه‌ندانه‌ش به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و هونه‌ره نییه لەناو کارگە و قالبەکانەوە کلتوری بازاڕی دروست ده‌کا و جارێکی تر وەکیەکی بەرهەم دێنێتەوە. ژیانی هونه‌رمه‌ندانه ئەوەیە لە بەرهەمهێنانی ئێستای نوێ نه‌که‌وێ. وه‌ک چۆن شیعر له دۆزینه‌وه‌ی ئێستای نوێ ناکه‌وێ.
که‌واته بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ژیانه پڕ له ئێستای نوێیه ده‌بێ شیعر وه‌ک هونه‌رێک کۆمه‌کمان بکات، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین شیعر چییە، مەبەست لەوەیە شیعر وێنەیه‌یه‌که له خەیاڵه‌وه یان هه‌ر وشەیە، یان ئه‌گه‌ر شیعر وێنە بێ ئەو وێنەیە بۆ، یان ئەگەرهاتوو وشە بێ ئەوکاتە ئیشی شیعر دەبێتە چی؟
لە کن هیندۆئەوروپییەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دانانی کاریگەری لەسەر هەستی مرۆڤ چاو ئەو پردە سەرەکییەیە پەیامەکانی دەرەوەی لێوە دەپەڕێتەوە بۆ ناوەوە. وەک نمونەی پەیکەری بودا و وێنەی خوایەکانی هیندۆسی. به‌مانای ئه‌وه‌ی کاردانانه‌که به ڕێگای دیمەن و چاویش وه‌ک سه‌نته‌رێکی سه‌ره‌کی په‌یام و کاریگه‌رییه‌کانی پێ ده‌گوازرێته‌وه. بە پێچەوانەوە بە نەریتی گەلانی سامی بە دیاریکراوی لە ئایینەکانی ئەو گەلانە پەیکەر و وێنە جۆرێکە لە حەرام (هەرچەندە لە ئایینزای شیعە ڕێگەدان بە وێنەی ئیمامی عەلی لەپێناو پاراستنی شوناس و هەڵگەڕانەوەیە لە مەزهەبی سەردەستە، یان پەیکەری لە خاچدانی مەسیح و تابلۆی مریەمی پاکیزە بۆ دروستکردنی جیاوازی و خۆجیاکردنەوەیە لە ئایینی جولەکە)، لەبری چاو گوێ ئەو هێڵی گواستنەوەیەیە بۆ ئه‌و په‌یامانه‌ی لە دەرەوە دێن و بە دەنگ و بە ڕێی گوێ به ناوەوە ده‌گه‌ن. وەک نمونەی خوێندنەوە و تیلاوەی قورئان لە ئایینی ئیسلام.
هەر لەو ڕوانگەیەوە مامەڵه‌یان لەگەڵ شیعر مامەڵەیەکە شیعر به‌س وەک وشە دەبینێ و پێیوایە شیعر قسەیه‌که و ده‌بێ ئەو قسەیە کاری پێ بکرێت ئەگەرنا دەبێتە قسەیەکی پوچ و درۆ. بێ‌ئاگا له‌وه‌ی کاتێک شیعر دەبێتە کردەوە و کاری پێ دەکرێ جگە لەوەی دەق و کەس تێکەڵ دەبێ و دەبن بە یەک دواجار شیعریش شیعربوونی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا و دەبێتە هوتاف و دروشم، ده‌بێته هەڵوێست.
کاتێکیش شیعر ده‌بێته کێشانی وێنە بە وشە و کاری وشه‌ش ده‌بێته هۆکارێک بۆ گواستنەوەی خەیاڵ ئەوکاتە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له شاعیر وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک ناکرێ قسە بگۆڕێ و بیکا بە کردار چونکە ئەو به‌رله‌وه بانگەشەی شتێکی دیکە دەکا و هەوڵی داهێنانی دیمەنێکی تر بە خەیاڵ لەپاڵ دیمەنە وەکیەک و دوبارەکانی واقیع دەدا، ئەوەش له‌پێناو هونه‌ر وه‌ک ته‌کنیک و فه‌نتازیا له هه‌مان کات بۆ چێژ و ڕەواندنەوەی بێزاری و بەخشینی مانایە بە ژیان. لێره‌وه‌یه شیعر ئه‌مجاره‌یان لەباتی هەڵوێست دەبێتە داهێنان.