Skip to Content

کوردستانی عێراق لەسایەی پارتیدا: بەرەوکوێ؟.. عەدنان کەریم

کوردستانی عێراق لەسایەی پارتیدا: بەرەوکوێ؟.. عەدنان کەریم

Closed
by شوبات 24, 2021 General, Opinion, Slider
                  


هیچ گومان لەوەدا نیە کە پارتی، وەکوو هێزێکی سیاسی و وەکوو حیزبێك، لەدێرزەمانەوە نوێنەرایەتیی ڕەوت و توێژە هەرە کۆنسێرڤاتیڤ و دواکەوتوەکانی کۆمەلگای کوردستان ئەکات. ئەم هێزە سیاسیە کوردستانیە لەبوارەکانی بیرو باوەڕ، بەرنامە، پراتیك، هاوپەیمانیەکانی لەئاستی کوردستانی وعێراقی وناوچەیی وجیهانی، کارو کردەوە ومێژووەکەی و ….، تاد، سەرجەم گەواهیدەری ئەو قسەیەی سەرەوەن.
پارتی نە حیزبی خەبات کردنە بۆ لابردنی ستەمی نەتەوەیی لەسەر کورد، نە تێئەکۆشێت بۆ مافی دیموکراتی وئازادیی گەلی کورد و نە بۆ خۆشگوزەرانی و باشبژیویی خەڵك. ئەم هێزە سیاسیە هەرچیشی گوتبێت سەبارەت بەو مەسەلانە ئەوا لە ناوەڕۆك دا و بەکردەوە شتێك نەبوون جگە لە مشتێ دروشم بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ویستەکانی خەڵك و فریودانی ئەوان یا دوانەکەوتن لەڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی ناو خەڵك و داخوازیەکانیان یاخود خۆگونجاندن و پێشبڕکێ لەگەڵ هێزە سیاسیە نەیارەکانی خۆی. بەکورتیەکەی پارتی دەیان سالە نەك نوێنەرایەتی هێچ دیاردەیەکی پرشنگدار یا ڕەوتێکی ڕوولەپێش ناکات لەکۆمەڵگای کوردستانیدا، بەڵکوو ڕێگر، دەست وپێگر، بەربەست و دوژمنی خوێنەخۆری هەر ئاڵوگۆڕێکە بەقازانجی خەڵک لەهەربوارێکدا بووبێت.
بێ ئەوەی بچمەسەر هەڵدانەوەی لاپەڕەکان و وێستگەکانی تەمەنی ئەم دیاردە سیاسیە پرلەخەمەی مێژووی ئێمە، ئەمەوێ تەنها زۆمی قسەکانم لەسەر یەك پرسی چارەنووسسازی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان ڕاگرم: ڕووگەی هەڵوێست و سیاسەتکردن و ئاراستەی ئێستای پارتی، بەو مێژووەیەوە، لە ئێستادا ڕووی لەکوێیە و سەرچاوەی ئەم هەڵپە و پەلەقاژە سیاسیەی ئەم قۆناغەی ئەم هێزە کۆنسێرڤاتیڤ بەڵام خاوەنی هێز و دەسەڵاتە زۆر و ترسناکەی کۆمەڵگای ئێمەی چیە و چۆنە؟
سەرکوت و دژی ئازادی بوون خەسڵەتی لەمێژینە و پایەداری پارتی دیموکراتی کوردستانە. بەشێکە لە شوناسی ئەو هێزە سیاسیە. لاپەڕەکانی مێژووی پارتی بەخوێن و چەواشەکاری نووسراون. هێزێك کە مێژووی ٧٥ ساڵەی تەمەنی پڕ لە تاوانی بەرانبەر هەر دەنگێكی ئازادیخواز و خەڵکپەروەر، لەلایەن کوڕ و باوکێکەوە سەرکردایەتی کرابێت و پاوان کرابێت لەسەر خێزانێك کە خاوەنی سادەترین ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری بن و خاڵی بن لەهەر بەهایەکی مەعریفی لەهەموو بوارەکاندا وهێشتا بەمەنتیقی خێڵ و بنەماڵە و تیرە بڕواننە هەموو کایەکانی ژیان و لەپیشیشیانەوە کایەی ئاڵۆز و کێشەهەڵگری سیاسەت لە دونیای مۆدریندا، ناتوانن ببن بە نوێنەری نوێگەرایی و ئازادیخوازی و مافدۆستی و مرۆڤپەروەری و دیموکراتی تەڵەبیی گەلێك بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا.
بەڵام هەنگاوەکان و ئاراستە سیاسیەکانی ئێستای پارتی بەتەنها بە مێژووی ئەوان و سروشتی خێڵەکی ودژە ئازادیی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە و بەتایبەتی ماڵی بارزانی لێکنادرێنەوە. ئەو میتۆدە بۆ ناسینی کاروکردەوەکانی ئێستای ئەم هێزە سیاسیە ڕەنگبێ تووشی گومڕاییشمان بکات.
ئێمە بەدیاریکراوی لێرەدا قسە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئەکەین بەو باکگراوەندەوە بەڵام لەسەروبەندی ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستویەکدا. لەسەردەمی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەکوردستان و دەسەڵاتدارەتیی ئەو هێزە ناوبراوە لەژێر دەمامکی پەرلەمان و شەرعیەتی هەڵبژاردن و دیموکراتی و لەژێردروشمی یەكڕیزی ناوماڵی کورد. لەسەردەمێکدا کە ١٨ ساڵە ڕژێمی بەعس ڕووخاوە و٢٩ ساڵ تیپەڕ ئەبێ بەسەر دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.
ڕەوتی تا ئێستای دەسەڵاتدارەتیی پارتی و هاوپەیمانیەتیی ئەو لەگەڵ یەکێتی و پاشان لەگەڵ گۆڕان و هەرەوەها هاوپەیمانیی دورودریژیان لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکانی ناوخۆدا، پارتیی گەیاندووە بەئاستانەی قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە کوردستاندا کە لەبەرانبەریدا تا هاتووە ڕێگە کۆنەکانی لەبەرانبەر ئەم هێزەدا تەسکتر کردۆتەوە.
نموونەکانی ئەم قەیرانەی پارتی دەرگیری بووە بەمجۆرەیە:
١/ جگە لە توێژی کادر و سەرکردە و مفتەخۆرەکانی حیزب، پارتی ئیعتیبار و پایگای لەناو جەماوەری بەرینی خەڵکدا بەتەواوی لەق بووە.
نەوتاری کوردایەتیی پڕبریق و باق، نە شین و شەپۆڕی ڕیفراندۆم و هەوڵی گوێزانەوەی ئاکامە شوومەکانی ئەو پیلانە بۆ ئەستۆی یەکێتی بەتەنها و نە هەوڵی دەمەزەردکردنەوەی گوتاری کوردایەتی لەڕێگەی قووڵکردنەوەی ئەنقەستی کێشەی مووچە و مەلەفی نەوت لەگەڵ بەغدا، هیچیان تا ئێستا نەیانتوانیوە فریای سەرکردایەتیی پارتی بکەون بۆ ژیاندنەوەی شین و شەپۆڕی کوردایەتی و گومڕاکردنی خەڵك و بەرهەمهێنانەوەی هەژموونیی خۆیان و شەرعیەتدان بەهەڵوێستی پارتی لەو بوارانەی پێشوودا.
٢/ گەر تا ٤ ساڵ لەوەوبەر پارتی شانازیی بەوەوە ئەکرد کە بۆ پێکهێنانی هەر کابینەیەك لەبەغدا ئەبوایە سەرانی هێزە سیاسیەکانی شیعە و سوونە سەرەتا بهاتنایە بۆ سەری ڕەش بۆ وەرگرتنی مۆری پشتیوانی، ئێستا بە پێچەوانەوە پارتی لای نزیکترین دۆستەکانی جارانی لە عێراقدا ئیعتیبار و بڕوا و متمانەی پێناکرێت.
٣/ لەئاستی هەرێمدا هاوپەیمانیی پارتی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کە جەلال تاڵەبانی بە فەلتەی بەدەسهێنانی پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق بردیە ئاستێکی ستراتیجی، ئەمڕۆ شۆڕبۆتەوە بۆ ئاستێکی پڕ لەکێشەی دابەشکردنی نفووز و دەسەڵات وپارە و وابەستەیی ناوچەیی جیاوازی ئەم دوو جەمسەرەی دەسەڵات.
لەدوای لێدان لە باڵی پرۆپارتیی ناو سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆنگرەی چوارەوە و گەیشتنی باڵی لاهوور تاڵەبانی بە ترۆپکی دەسەڵات، پارتی زەربەیەکی کاریگەری خوارد و ئەو تابووری پێنجەمەی جارانیان لەناو لووتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا، کەنارخران.
لێرە بەدواوە ئاستەنگی زۆر بۆ نفووزی پارتی لە زۆنی سەوز پەیدابوو و ئەوەش یەکڕیزیی ناو دەسەڵاتی لەرزۆك کرد و تواناکانی پارتیی شلۆق کردەوە لەبەرانبەر سەرجەم فایلەکانی سیاسەتی چەواشەکارانە و هەژموونگەرایی بەناوی یەکڕیزی ناو ماڵی کوردەوە.
ئێستا پارتی ناتوانێ وەك جاران وەکوو نوێنەری گەلی کورد و حکوومەتی هەرێم لە بوارەکانی دیبلۆماسیی دەرەکی و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوت بکا و ئەوەش بواری مانۆرسازیی لێ سەندۆتەوە.
٣/ لەسەر بناغەی خاڵی پێشووش ئیتر پارتی ناتوانێ بێ کێشە وەکوو جاران پەرلەمان بکا بەسەکۆی تێپەڕاندنی مەرام و سیاسەتەکانی بەو شێوەیەی کە خۆی ئەیەوێت. ئێستا ئیتر گۆڕان و ئیسلامیەکانیش لەترسی ڕسوایی زیاتر و نەبوونی یەکدەستی لەناو خۆیان وترسی لەتوپەتبووندا، ناتوانن بەئاسانی تەسلیم ببن بەهەموو خواستەکانی پارتی و ئەوە ڕیسکێکی مەترسیدارە بۆ ئەوان بەتایبەتی لەوسەروبەندانەدا کە ناڕەزایەتی و هۆشیاریی خەڵك ڕوولەسەرەوە ئەکات.
٤/ پاراتی لە ئاستی هەرێمی و لای ئەوروپا و ئەمریکاش وەکوو هێزێکی گوماناوی وبەچاوی ناباوەڕی و بێ متمانەیی چاوی لێئەکرێت.
سەرباری ساڵەها خۆش خزمەتی و ناردنی دەیان پەیام بۆ ئێران و دەستەمۆکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕامکردنیان وخامۆشکردنی بەرەی کوردستان ئێران لەبواری چالاکیی چەکداریی هێزە سیاسیەکانیان لە سنووری هەرێم – ئێران، هێشتا ئێران پارتیی خستۆتە ژێر دەیان جۆر لەفشاری سیاسی و دیبلۆماسی و میدیایی و لەڕێگە هاوپەیمانە شیعیەکانیەوە لە عێراقدا تەنگی زیاتر بە پارتی هەڵئەچنێت.
٥/ لەبواری زۆربەی مەلەفەکانی تری وەکوو ئاسایش، ئیدارەدانی مەلەفی نەوت، گوزەرانی خەڵك و مووچە و خزمەتگوزاریەکان، پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندی لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەنووسان، سیستمی ئیدارەدانی خۆجێی و دەیان فایلی تردا، پارتی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی قەیران بۆتەوە لەکوردستاندا کە نموونەی لە ١٥ ساڵی ڕابووردوودا کەمە.
سەرجەم ئەو ئاڵنگاریانە بەرۆکیان بە دەسەڵاتی هەرێم گرتووە و پارتیش وەکوو سووکان بەدەستی ئەو دەسەڵاتە بۆتە جێی زۆرترین ناڕەزایەتی لەناو زۆربەی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.
ئێستا جۆرێك لەکەشوهەوای سیاسی زاڵە بەسەر کوردستاندا کە تیایدا نە هێزی یەکەمی دەسەڵاتدار کە پارتیە ئەتوانێت بەبێ سەرئیشە درێژە بە ملهوڕیی سیاسیی خۆی بدات بێ ئەوەی بکەوێتە بەرنەفرەتی شەقامی کوردستانی و نەخەڵکیش ئامادەیی لەوەزیاتریان هەیە بۆ ملکەچکردن بۆ ئەو شێوازە لە حوکمڕانیی تا ئێستا و گەر تا ئێستاش ملیان دابێت ئەوە لەبەر بێتواناییان بووە لەبەرانبەر لەشکری سەرکوت و کوشتاری د ەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێمدا.
تەرازووی هێزی سیاسیی نێوان خەڵك و دەسەڵات لە ئێستادا بەقازانجی دەسەڵات لاسەنگە ئەویش بەهۆی ئاستی نزمی ناڕەزایەتی خەباتی خەڵک و پەرش و بڵاوی و قەتیس مانەوەی ناڕەزایەتیەکان لە زۆنی پەرش و بڵاو و خامۆشیی هەندێ ناوچەی تر وزۆر فاکتەری دەرەکی و ناوخۆیی تر. بەڵام ئەوەی گومانی تیا نیە ئەو ڕاستیەیە کە چیتر زۆربەی خەڵك ئەم دەسەڵاتە نەك بە هی خۆی و بەرهەمی خەبات و قوربانیی خۆی ناژمێرێت بەڵکوو تینووی ئەوەیە کە لەیەکەمین وەرچەرخان و فرسەتدا و لەگەڵ هاتنەدیی ئاڵوگۆڕێکی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدا هەڵبکوتێتە سەر ئەم دەسەڵاتە و تۆڵەی ٢٩ ساڵ تەفرەدان و چەوسانەوە و دزینی سەرخان و ژێرخانی وڵاتیان لێ بکاتەوە.
ئێستا لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە ئەم وڵاتە دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا:
یەکەمیان : بەرەی دەسەڵات و حیزبەکانیان و دەزگاکانی پاراستن و ئاسایش و سەرکوت و کۆمپانیا و هێزە مشەخۆرەکانی دەوروبەریان کە پارتی کاپتنی کەشتیی ئەم بەرەیەیە.
بەرەی دووەمیش پێکهاتووە لە ملیۆنەها خەڵکی کوردستان کە بەدەست دەیان کێشەی وەکوو هەژاری و بێکاری و بێدەرەتانی و نەبوونی مووچەوە ئەناڵێنن و لەکاتی دەربڕینی هەر ناڕەزایەتیەك و داواکردنی سادەترین مافیشیاندا ئەبن بە نیچیری دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی پارتی و حزبەکانی تری بەشدار لەدەسەڵاتی وەکوو یەکێتی و پاکانە هێنانەوەکانی گۆڕان و درۆ ودەلەسەکانیان سەبارەت بە چاکسازی و خواستی تێکنەدانی یەکڕیزیی نیشتیمانی و دەیان جۆر دروشمی فریوکارانەی تری لەو چەشنە.
پارتی وەکوو هێزی یەکەمی دەسەڵاتدار خۆی بۆ قۆناغێکی تری دەسەڵاتی تاکلایەنە ئامادە ئەکات کە پێ ئەچێ سیما سەرەکیەکانی بەم شێوەیە بێت:
یەکەم: بۆ درێژەدان بە تاڵان و بڕۆی سامانی وڵات و گەر بەغدا بەدەنگی داواکاریەکانیەوە نەیات سەبارەت بە مەلەفی نەوت و مووچە، پارتی زەمینە خۆش ئەکات بۆ گەڕانەوە بۆ بژاردەی بەناو ” سەربەخۆیی ئابووری “.
پێ ئەچێت ئەوە پلانی هاوبەشی پارتی – تورکیا بێت چونکە پارتی کۆنترۆڵی بەسەر فایلی نەوتدا نەماوە و تورکیا بڕیاردەری سەرەکیی ئەو فایلەیە و پارتی دێوجامەیەکە کە تورکیا و کۆمپانیا نەوتیەکانی هاوبەشی پارتی بەکاری دێنن لە دژی عێراق.
ئەم بژاردەیە جگە لەوەی ڕێگە بۆ پارتی واڵا ئەکا کە درێژە بەتاڵانی داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت بدات و پەردەکانی سەرئەو فایلە پڕ لەگومانە ئەستوورتر بکات بەناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە، لەهەمان کاتدا دەرفەتی فریودانی زیاتری بۆ ئەڕەخسێ بەناوی بەرگری لە بژیو و مووچەی خەڵک لەبەرانبەر بەغدا و دیسانەوە دروشمە بۆش و فووتێکراوەکانی کوردایەتی وبەرگری لە چارەنووسی کورد دەمەزەرد ئەکاتەوە.
دووەم: بژاردەی پێشوو لەبەر ڕسوابوونی لای خەڵك و لەئەگەری شکستی پارتی بۆ گردکردنەوەی یەکێتی و گۆڕان لەدەوری، پێویستی بە ئاڵوگۆڕێك ئەبێ لەخەریتەی دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان زۆنی سەوز و زەرددا و هەروەها بردنەسەری ئاستی تاکڕەویی دەسەڵاتی پارتی و گوێنەدانی زیاتر بەو هاوپەیمانانەی.
سێیەمیش: ئەنجامدانی ئەم سیاسەتە نوێیەی پارتی هێندەی تر ناکۆکیەکانی لەگەڵ زۆربەی خەڵکدا ئەباتە ئاستێکی تووندتر و هەموو پردەکان لەو بوارەدا ئەپسێنێت چونکە ئیتر تەفرەدان و چەواشەکاری لەژێر دروشمی نەتەوەیی وبەرگری لە هەرێمەکە و چی و چی کاراییان نامێنێت.
چوارەم: بەوجۆرە و لەسایەی دیمەنێکی سیاسیی لەوجۆرە و گۆشەگیر بوونی پارتی لە ئاستی خەڵک و هێزە سیاسیە هاوپەیمانەکانی، تەنیا بژاردەی سەرکوت و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی پاراستن و ئیرهابی سیاسیی ڕاستەوخۆی بۆ ئەمێنێتەوە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆی و بەرگری لەوهەموو ئیمتیازاتە داراییانەی ژێر دەستی.
زیادکردنی نفووزی تورکیا و گێچەڵ بە پەکەکە و سەرکوتی تووند وتیژی هەموو دەنگێکی ئازاد و سەربەخۆ لەهەموو کوردستان و بەتایبەتی لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی، کە تازەترینیان دادگاییە مەهزەلەکەی هەولێر و ڕەوانەکردنی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی بۆ کونجی زیندان و سەرجەم کەمپەینە سیاسی و میدیاییەکانی پارتی، هەنگاوەکانی یەکەمن بۆ تەداروکی پێویستیەکانی فەرمانڕەواییەکی تۆتالیتاریی ئاشکرا و دەسەڵاتی ئەمنیی بێپەردە.
پارتی چەند شانسی سەرکەوتنی لەو بژاردەیەدا هەیە هێندەش دەست ئەبات بۆ قومارێکی گەورە کە ڕەنگ بێ سەری خۆشی تیادابنێت.

عەدنان کەریم/ سیدنی
شوباتی ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish