Skip to Content

خانمێکی چاونەترسی کۆماریەکان: لیز چەینی.. ئاوات ئەسعەدی

خانمێکی چاونەترسی کۆماریەکان: لیز چەینی.. ئاوات ئەسعەدی

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2022 General


ساڵی بەر لەئێستەو لە 6 ئەم مانگەدا، دوژمنانی دیموکراتیەت و لایەنگرانی پارتێکی دۆڕاوی پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کردارێکی زۆر خەتەرناکیان ئەنجامدا. لەو هەڵبژاردنانەدا کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن، بێ چەندو چوون بە 81 ملیۆن دەنگ بەرامبەر بە 74 ملیۆن دەنگ هەڵبژرادنەکانی بردبوەوە. کەچی بە دنەدانی دۆنال ترەمپ، هەزاران کەسی کۆماریەکان و راسترەوانی ئەمریکا زۆر بێباکانە هەڵیانکوتایە سەر کاپیتۆل، بۆ بەرگرتن بە دان‌هێنان بەسەرئەنجامی فەرمی ئەو هەڵبژاردنانە.
پاش ئەو دەستدرێژیە ناڕەوایەی سەر کاپیتۆل، دڵی دیموکراتیەتی ئەمریکا، زۆر کەم بوون ئەو کۆماریانەی کە کردارەکانی ترەمپیان خستە بەر رێژنەی رەخنەوە. یەکێک لەو کەسایەتیانە خاتو لیز چەینی بوو. ئەم خانمە بوێرە، تاکو ئەمڕۆش نەک هەر کۆڵی نەداوە، بەڵکو پاش ساڵێک بەسەر ئەو کردارە توندوتیژیە، سوورە لەسەر هەڵوێستی بەئەمەکی لە پاراستنی دیموکراتیەت لە وڵاتەکەیا، سەرەڕای ئەو هەمووە دوژمنایەتیەی لە ڕیزەکانی پارتەکەیەوە رووربەروی دەبنەوە. هەربۆیەش لە مانگی حەوتی 2021 لە سەرۆکایەتی فراکسیۆنی کۆماریەکانا دەرکرا.
لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ABC بە ئاشکرا گومانی لەوە بوو، کە ترامپ، کە زۆر بەجدی هەوڵی گەڕانەوەی ئەدات، کەسێکی گونجاو بێت، بتوانێ جارێکی دیکە ئەمریکا بەڕێوە ببات. “هەر کەسێک هەڵکوتانێکی توندوتیژانە بۆسەر کاپیتۆل بهەژێنێت، بەمەبەست ڕاگرتن و دان نەهێنان بە ژماردنی دەنگی دەنگدەران، هەر کەسێک بڕوانێتە تەلەفزیۆن، چۆن خەڵک لە پۆلیس ئەدەن، لە کاتێکدا لایەنگرانی هەڵئەکۆتنە سەر کاپیتۆلی وڵاتە یەکگرتووەکان، بێگومان ئەو کەسە ئەوەی لە بارا نیە، لە ئایندە دەسەڵات بگرێتەوە دەست.” وتیشی ناشکرێت جارێکی دیکە ئەو کەسە نیزیکی کۆشکی سپی بکەوێتەوە.
ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوەی رووداوەکانی 6 ی کانونی دووەمی 2021 بۆ کاپیتۆل دانراوە، کە خاتو چەینی یەکێکە لە دوو ئەندامی کۆماریەکانا تیایا، گەلێ زانیاری گرنگی کۆکردۆتەوە، کە ترامپ زۆر بێباک بووە، لەو پەلاماردانەی سەر کاپیتۆل. تەنانەت کچەکەی، ئیڤانکا، بەلای کەمەوە دووجار بێهودە داوای لێکردووە، دوایی بەو کارە توندوتیژیەی لایەنگرانی بهێنێت. ئەمە سەرەڕای ژمارەیەک لە کۆماریەکان یان هاوکارەکانی ترامپ خۆی، کە پێکەوە لە کۆشکی سپی بوونە لەو کاتەدا.
خاتو چەینی بەلایەوە زۆر گرنگە، کە گەلی ئەمریکا دەرک بەوە بکات، کە ترامپ “چەند مەترسیدارە” بۆ دیموکراتیەتی ئەمریکا. بەڵام لە جیهانی سیاسەتی زۆرینەی پیاوانی هەلپەرستی کۆماریەکانا خانمانی دڵسۆزو بوێری وەک خاتو چەینی بێوچان دژایەتی دەکرێن، وەک ئەوەی روداوەکانی کاپیتۆل هیچ نەبووبن. لە دامێنی ئەم هەڵوێستە نالەبارەوە ئەبێت پێشبینی ئەوە بکرێت، کە مەترسی دووبارەبوونەوەی هەڵکوتانە سەر کاپیتۆل لە ساڵی 2024 شتێک نیە مەحاڵ بێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish